#چل_پەیام_بۆئافرەتان:31 چەند حوكمێكی فیقهی دەربارەی ئافرەتان 1- لە خەسڵەتەكانی فیترەت، ئافرەت داوای لێكراوە هەموو ئەوەی دەبێتە مایەی پاك وخاوێنی ئەنجامی بدات، وەكو: نینۆك كردن و وڕێ وشوێنە هاوشێوەكانی تر لە خۆپاككردنەوەی جەستە كە تاكو بتوانێت هەفتانە ئەنجامی بدات باشترە. سەبارەت بە نینیۆكی دەستكرد (صناعي) زانایانی ئەم سەردەمە خیلافیان هەیە دەربارەی هەندیكیان بە حەرامیان زانیوە و وتوویانە هەمان حوكمی نینۆكی ڕاستەقینەی هەیە، هەندێكیشیان وتوویانە مەبەست لە نینۆك گرتن دەستەبەر كردنی پاك و خاوێنییە بۆ خاوەنەكەی، نینۆكی دەستكردیش ڕێگر نییە لەو پاك و خاوێنییە. بەڵام ئەوەی لەگەڵ بەڵگە شەرعییەكاندا دیتەوەو واقیعیش هەر ئەوە دەخوازێت ئەوەیە: حوكمی دانانی ئەو جۆرە نینۆكانە لە دو حاڵەت بەدەر نییە وەكو هەندێك لەزانایان فەرموویانە: یەكەم: ئەگەر دانانی هۆكارێكی هەبێت وەكو ئەوەی كەسەكە لەبەر هۆكارێك نینۆكی نەمابێت ئەوە درووستە و بەڵگەی لەسەر لە فەرموودەدا، كاتیك پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بەو كەسەی كە لووتی لە جەنگێكدا دەپێكرێت فەرمانی پێ دەكات بە ئاڵتوون چاكی بكات و ڕێكی بكاتەوە لەبەر ئەوەی حاڵەتیكی ناچاری بووە. دووەم: ئەوەیە بەبی هیچ هۆكارێكی ناچاری ئەو كارە بكات و تەنها بە مەبەستی جوانكاری بیت ئەوەیان دروست نییە وفەرموویانە دەچیتە بابی گۆڕینی درووستكراوی الله تعالی و بەر لەعنەتەكە دەكەوێت. 2- شەرع داوای لە ئافرەت كردووە قژی بهێڵێتەوەو حەرامی كردووە بیتاشێت، مەگەر بۆ حاڵەتێكی پێویست وناچاری نەبێت، وەكو ئەوەی نەتوانێت بایەخی پێویستی بدات و نەتوانێت بەئەركی خاوێن ڕاگرتنی هەڵبسێت، لەو حاڵەتەدا دەكرێت كورتی بكاتەوە، ئەویش بە مەرجێك مەبەستی تەقلید و خۆچواندن نەبێت بە ئافرەتانی ناموسوڵمان. هەروەها حەرامە ئافرەت قژی تر بخاتە سەر قژی خۆی، ئەوەی كە پێی دەوترێت (ئێكستێنشن)، چونكە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وەكو لە هەردوو صحیح ی بوخاری وموسلیمدا هاتووە ،فەرموویەتی: (لعن الله الواصلة والمستوصلة). الواصلة: مەبەست لەو ئافرەتەیە قژی ئافرەتی تر دەداتە دەم قژی خۆیەوە كە وەكو قژی خۆی دەربكەوێت. المستوصلة: ئەو كەسەیە كە ئەو كارەی بۆ دەكرێت. هەندێ لە زانایان باروكەش ئەگەرچی قژێكی دەستكردە بەڵام زۆرێك لە زانایان بە حەرامیان زانیوە وڕێگەیان نەداوە بەكار بێت، مەگەر بۆ حاڵەتێكی ناچاری وەكو ئەوەی ئافرەتێك قژی وەریبێت یان لەبەر هەر هۆكارێك قژی پێوە نەمابێت ئەوە ڕێگە پێدراوە.. هەندیكیش لە زانا گەورەكان بە هەندی مەرجەوە ڕێگەیان بە باروكە داوە و بە مكروه یان زانیوە و خیلافێك لەسەر ئەم مەسەلە هەیە. بەڵام بێگومان نەكردنی بۆ سەلامەتی دین باشترە، جگە لە ناچاری نەبێت. دانانی برۆی دەستكردیش وەكو زۆر لە زانایان فەرمویانە هەمان حوكمی زیادكردنی قژی هەیە بۆ سەر قژی ئافرەت و درووست نییە ئەنجام بدرێت، مەسەلەیەكی تری گرنگیش لەم بارەوە ئەوەیە، سەرتاشینی ئافرەت قەدەغەیە و حەرامە، لە فەرموودەدا هاتووە: (نهی رسول الله صلی الله علیه و سلم أن تحلق المرأة شعرها)، زانایان فەرموویانە لە ڕووی هەیبەت و جوانییەوە، قژی درێژ بۆ ئافرەتان، وەكو ڕیشە بۆ پیاوان. 3- هەروەها حەرامە ئافرەتان برۆیان، یان بەشێك لە برۆیان، بە تاشین بێت یان بەهەر ڕێگەیەكی تر هەڵگرن و لای بدەن، چونكە لە فەرموودەی صحیح دا هاتووە: (لعن صلی الله علیه و سلم النامصە و المتنمصة). النامصة: ئەو كەسەیە كە هەلدەسێت بەلابردن یان هەلگرتنی برۆ ، یان بەشێك لەبرۆ بە مەبەستی جوانكاری. المتنمصە: ئەو كەسەیە كە ئەو كارەی بۆ دەكرێت. چونكە ئەو كارە دەچێتە بابەتی گۆڕینی درووستكراوی الله عزوجل كە فەرموویەتی: ( وَلَءَامُرَنَّهُمْ فَلَيُغَيِّرُنَّ خَلْقَ ٱللَّه) النساء:119. لەم بارەوە هەندێك لە زانایان فەرموویانە ئەگەر برۆی ئافرەت بە شێوەیەكی نائاسایی درێژ و ناشیرین بوو، دەتوانێت كورت وڕێكی بكاتەوە بۆ ئاستی ئاسایی، بە تاشین بێت یان بە مەقەس، نەك بە هەڵگرتن و هەڵكێشان، چونكە ئەوە (نمص)ە ودرووست نییە. مەسەلەیەكی تریش هەیە پەیوەندیدار بەم باسەوە، ئەویش تاتۆی برۆیە، كە بە مەوادی كیمیاوی ئەنجام بدرێت، ئەوەشیان زانایان باسیان كردووە و فەرموویانە، هەرچەند ئەو كارە بەدەرزی ئەنجام نادرێت، بەڵام هەمان حوكمی تاتۆی هەیە و حەرامە، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: لعن الله الواصلة والمستوصلة والواشمة والمستوشمة. رواه البخاري ومسلم. بەڵام ئەگەر بە كل و خەنە، بە شێوەیەكی كاتی دەستكاری بكات و ڕێكی بخات، بێ ئەوەی بۆ پیاوی نامەحرەم نمایشی بكات، ئەوەیان درووستە وحەرام نییە. 4- دەستكاری كردنی دانەكان بەوەی كە لە شەرعدا (تفلیج)ی پێ دەوترێت حەرامە، درووست نییە بە مەبەستی جوانكاری و بێ ئەوەی دانەكان هیچ عەیبێكیان هەبێت، بۆشاییەك لە نێوان دانەكاندا درووست بكرێت یان دەستكاری لەو شێوە، بەڵام وەكو زانایان فەرموویانە ئەگەر دانەكان لاری و خوارییەكی تێدا بوو ، كە ناشیرینی كردبوو ،بە شێوەیەكی سەرنج راكێش، یان ئازار و كێشەیەكی تەندروستی بۆ خاوەنەكەی دروستكردبوو، پێویستی بە ڕاستكردنەوە هەبوو، لەو حاڵەتەدا درووستە ئەو ڕاستكردنەوە بكات چونكە ئەوە چارەسەرە و جوانكاری زیادە نییە. سەبارەت بە سپیكردنەوەی دانەكان، ئەگەر زەرد بووبێت، یان كلس و پیسی گرتبێتی، درووستە و ڕێگرێكی شەرعی نییە لە سپیكردنەوەی، لە هەندێ فەرموودەشدا وەكو: (السواك مطهرة للفم) پێشەوا النووي یەكێك لە هۆكارەكانی بەكارهێنانی سیواكی بەوە داناوە كە ئەگەر دانەكان زەردبێتەوە. 5- حەرامە ئافرەت خاڵ (تاتۆ) ی لە هەر شوێنێكی جەستەیدا بۆ درووست بكرێت، چونكە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لەعنەتی لەو كەسە كردووە ئەو كارە بكات: (لعن الواشمة والمستوشمة) الواشمة: ئەو كەسەیە كە كوتانەكە دەكات. المستوشمة: ئەو كەسەیە كە بۆ دەكوترێت. لەبەر ئەوەش كە نەفرەت لە ئەنجامدەری ئەم كارە كراوە، بۆیە زانایان فەرموویانە تاوانێكە لە تاوانە گەورەو كەبیرەكان. ئەوانەی پێش ئەوەی بزانن تاتۆ حەرامە، یان زانیویانە و وەكو سەرپێچی ئەنجامیان داوە، وەكو زانایان دەفەرموون دەتوانن تەوبە بكەن و جارێكی تر ئەو كارە ئەنجام نەدەن. سەبارەت بە تاتۆی كاتی ئەوەی كە بۆ ماوەی شەش مانگ یان ساڵێك دەمێنیتەوە، ئەوەش - وەكو شیخ عبدالله بن جبرین - دەڵێت حەرامە و هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ دوو جۆرەكەی تردا نییە كە بەدەرزی، یان بە مەوادی كیمیاوی ئەنجام دەدرێت، چونكە دوای شەش مانگەكە دووبارەی دەكاتەوەو هەمان مەبەست دەپێكێت. بەڵام هەندی لە زانا هاوچەرخەكان - وەكو محمد صالح المنجد - ئەو جۆرە تانۆیە بە درووتسو ڕیگە پێدراو دەزانن بەڵام بە حەوت مەرج: یەكەم- تاتۆكە كات بیت و هەمیشەیی نەبێت. دووەم- ئەو نەخشانەی درووست دەكرێت نەخشی گیاندار نەبێت. سێیەم- ئەو جوانكارییە پیاوی نامەحرەم نەیبینێت. چوارەم- ئەو ڕەنگ و بۆیانە زیانی بۆ كەسەكە نەبێت. پێنجەم- تەقلید و خۆچواندنی بۆ ئافرەتە ڕەوشت خراپ و بێ دینەكان تێدا نەبێت. شەشەم- نەخشەكان دەربڕین نەبێت لە دروشمگەلێك دین و عەقیدەی نادرووست و گومڕا بەمەزن رابگرێت. حەوتەم- ئەو كەسەی بۆی درووست دەكات ئافرەت بێت و لە جێگای عەورەتیشدا درووستی نەكات. 6- درووستە بۆ ئافرەت خەنە بۆ دەست و پێی بەكار بهینێت و فەرموودەی لەسەر هاتووە، هەروەها دەتوانێت بۆ گۆڕینی قژی سپی خەنە یان مادەی تر بەكاربهێنێت. بەڵام ئەگەرچی درووستە و كارێكی شەرعییە ئافرەت خەنە لە دەستی بدات و بۆ جوانكاری خۆی بەكاری بهێنیت، بەڵام حەرامە دەستی بەخەنەوە بۆ پیاوانی نا مەحرەم دەریخات، چونكە ئەوە فەرمانی الله تعالی دەیگرێتەوە كە بەشێكە لەو جوانییەی دەبیت بشاردرێتەوە، الله تعالی فەرمویەتی: ( وَلا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلا لِبُعُولَتِهِنَّ ) النور:31. دەربارەی ڕەنگ كردنی قژ بە رەنگی رەش، خیلافێكی لە نێوان زانایاندا لەسەرە بۆ پیاوان، بە هۆی لاوازكردنی بەشێك لە فەرموودەناسان بۆ وشەی (وجنبوه السواد) و هەروەها تضعیف كردنی فەرموودەیەكی تر كە نەهی لە ڕەنگ كردنی قژ بە ڕەش دەكات لەلاین فەرموودەناسانەوە، هەروەها لەبەر ئەوەی جیگیر بووە هەندی لە هاوەڵان قژیان بەرەش ڕەنگ كردووە، بەڵام وەكو مصطفی العدوي دەڵێت ئەو خیلافە بۆ پیاوانە و باشترە بۆ دەرچوون لەو خیلافە بە رەنگی ڕەش قژو ڕیشیان بۆیاغ نەكەن، بەڵام ئەو حوكمە بۆ ئافرەتان نییە و ئەوان دەتوانن ڕەنگی ڕەش و هەر ڕەنگێكی تر بەكار بهێنن و ئەو كارە درووستە بۆیان بە مەرجێك بۆ نمایش كردن نەبێت بۆ پیاوانی نامەحرەم.. 7- درووستە بۆ ئافرەتان بە مەبەستی خۆ جوانكردنەوە ئاڵتوون، و زیو بەكاربهێنن، لە فەرمودەیەكدا هاتووە كە الترمذي دەیگێڕێتەوە: (حرم لباس الحرير والذهب على ذكور أمتي وأحل لإناثهم). واتە: واتە لەبەر كردن و پۆشینی ئاورێشم و زێڕ قەدەغەیە لەسەر پیاوانی ئومەتم و ڕێگەپێدراوە بۆ ئافرەتەكانی. بەڵام درووست نییە ئەو خشڵ و زێڕە نیشانی پیاوانی نامەحرەم بدەن، بەڵكو دەبێت بیشارێتەوە، بە تایبەت ئەو كاتەی لە ماڵ دەردەچێت، چونكە ئەوە جۆرێكە لە فیتنە و ڕاكێشانی سەرنجی پیاوان. الله عزوجل لە قورئانی پیرۆزدا ئەو كارەی قەدەغە كردووە لەسەر ئافرەتان كە بهێڵن دەنگی ئەو خشڵ و زێڕەی بەكاری دەهێنن بگاتە پیاوان و بیبیسن، (وَ لا يَضْرِبْنَ بِأَرْجُلِهِنَّ لِيُعْلَمَ ما يُخْفِينَ مِنْ زِينَتِهِنَّ) النور:31.