#چل_پەیام_بۆئافرەتان: 37 بەشەرم خۆت بڕازێنەوە شەرم ئەو ئاكارە جوانەیە كە لە هەموو گوفتار وكردارێكی ناشیرین دەتپارێزێت، شەرم بریتییە لە دڵ توندبوونی تۆ لە شتێك نەوەك ببێتە مایەی لۆمە وناشیرین بوونی كەسایەتیت. شەرم خۆی لە خۆیدا ئاكارێكە دەبێتە مایەی دووركەوتنەوە لە هەموو گوفتار و كردارێكی ناشاییستە وڕێگریشە لە كەمتەرخەمی بەرانبەر هەر كەسێك كە مافێكی لەسەرت هەبێت. بە كورتی وەكو زانایان فەرموویانە شەرم و حەیا ویقار و سەنگینییە بۆ كەسایەتی مرۆڤ تەنها بەو مەرجەی سەر بۆ لاوازی كەسایەتی وبێ دەسەڵاتی وبێ هەڵوێستی نەكێشێت. شەرم دوو جۆرە، یەكەمیان لە فیترەت و ناخی مرۆڤەكاندا بوونی هەیە، بۆ نموونە شەرم لە دەركەوتنی عەورەت وئەندامەكانی جەستە، هەركێ فیترەتی سەلامەت بێت لەو حالەتە شەرم دەكات، هەركێیش فیترەتی تێك بچێت ئاسایی دەبێت بەلایەوە عەورەت و ئەندامەكانی جەستەی بەدەروە بێت. وەكو الله تعالی دەربارەی ئادەم وحەوا علیهما السلام فەرمویەتی: (فَأَكَلَا مِنْهَا فَبَدَتْ لَهُمَا سَوْآتُهُمَا وَطَفِقَا يَخْصِفَانِ عَلَيْهِمَا مِن وَرَقِ الْجَنَّةِ ۚ) گه: 121. واتە كاتێك جەستەیان كەوتەدەر لەشەرمدا بە گەڵای دارودرەختەكان خۆیان دادەپۆشی. لە فەرموودەشدا هاتووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بە كەسێكی فەرمووە: تۆ دوو خەسڵەتت تێدایە الله و پێغەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم خۆشیان دەوێت: لەسەر خۆیی و شەرم. جۆری دووەمیش لەشەرم هۆكاری درووستبوونی باوەر و ئیمانە و دەبێتە ڕێگریش لەوەی كەسی ئیماندار تاوان ئەنجام بدات، جا پێغەمبەرمان صلی الله علیه و سلم كە مامۆستا و ڕێپیشاندەری ئێمەیە، هەردوو جۆرە شەرمەكەی تێدا بوو، لەشەرمە فیترییەكەدا لە كچێكی ڕەوشت جوان بەشەرمتر بوو، لەو جۆرەكەشدا لە چڵەپۆپەی شەرم كردندا بوو. .الباري فتح، 10/522-523. لە ئیسلامدا شەرم بە گشتی و شەرم كردنی ئافرەت بەتایبەتی گەلێك گرنگی پێدراوەو لە قورئان و لە سونەتدا وەسف وسەنای زۆر كراوە، قورئانی پیرۆز لە سوڕەتی (القصص) لە ئایەتەكانی 23-25 دا نموونەی ئەو دوو كچە بە حەیا وبەشەرمەی ئەو پیاو چاكەمان بۆ دەگێڕێتەوە كە نموونەی پەروەردەی جوان و خێزانی بەخشندە و ئاكار بەرز بوونە ودەبێت هەموو ئافرەتێكی موسوڵمانیش ئەوان بكاتە پێشەنگ و مامۆستای خۆی كە وانەی شەرم و شكۆیان لێ فێر ببێت. لە نیشانەكانی بایەخدانی شەریعەتی ئیسلامیش بە لایەنی شەرم لە كچاندا ئەوەیە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بێ دەنگ بوونی كچی لە كاتی خوازبێنی كردنیدا بە نیشانەی ڕازیبوون داناوە وەكو رەچاوكردنێك بۆ ئەو حاڵەتی شەرمەی كە لەوانەیە ڕێگر بێت لەوەی بە ڕاشكاوی ڕەزامەندی لەسەر خوازبێنیكار نیشان بدات. لە ڕاستیدا سیفەتی شەرم بۆ ئافرەت سودو چاكەی گەلێك زۆرن، هەموو كاتیكیش هەر بە خێرو شكۆ و سەنگینی بەسەر خاوەنەكەیدا دەشكێتەوە، هەر شەرمە ڕێگری لێ دەكات لەوەی جوانییەكانی جەستەی بۆ پیاوانی نامەحرەم دەربخات وخۆی دابپۆشێت، هەر شەرمە دەبێتە ڕێگر لە تیكەڵ بوونی لەگەڵ پیاواندا و كەسایەتی ئیسلامی و سەنگینی خۆی بپارێزیت. پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (الحیاء لا یأتي إلا بخیر) البخاري ومسلم. واتە: شەرم وحەیا تەنها خێری لی چاوەروان دەكرێت. ابن قیم الجوزیة بە ڕەحمەت بێت فەرموویەتی: خەسڵەتی شەرم كردن لە مەزنترین و بە سوودترین وجوانترین ڕەوشتەكانی مرۆڤە، هەركێیش لەو سیفەتە بێ بەش بێت هیچ خێرو چاكەیەكی بۆ خۆی نەهێشتووەتەوە، ئەگەر سیفەتی شەرم نەبوایە زۆرێك لە سیفەتە چاكەكانی تر بوونیان نەدەبوو، نە خەڵكیش خۆیان لە ڕەوشتە خراپەكان بە دوور دەگرت ودەپاراست. بەڵكو شەرم بەشێكە لە ئیمان وەكو لە هەندێك فەرموودەی سەحیحدا هاتووە. ئەو ئافرەتەی كە ڕوخساری خۆی بە شەرم پاراستووە لە ڕاستیدا وەكو گەوهەرێكە، هیچ كاتێكیش لەشەرم جوانتر و پەسەندتر نییە ئافرەت خۆی پێ بڕازێنێتەوە، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: " مَا كَانَ الفُحْشُ فِي شَيْءٍ إِلَّا شَانَهُ ، وَمَا كَانَ الحَيَاءُ فِي شَيْءٍ إِلَّا زَانَهُ " صحيح الجامع: 5655. واتە: بێ شەرمی لە هەرشتیكدا بێت ناشیرینی دەكات و شەرمیش دەیڕازێنێتەوە. شەرم كردن ڕەوشت و شەریعەتی هەموو پێغەمبەرانە علیهم السلام، ئەوان یەك لە دوای یەك جەختیان لەسەر گرنگی ئەو خەسڵەتە جوانە كردووەتەوە، بۆیە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرمویەتی: (إنَّ ممَّا أدْرَكَ النَّاسُ مِن كَلامِ النُّبُوَّةِ، إذا لَمْ تَسْتَحْيِ فافْعَلْ ما شِئْتَ.) البخاري/ 3483. ئەگەر شەرم سیفەتێكی جوان وباش بێت بۆ پیاوان، ئەوا بۆ ئافرەتان جوانتر و باشترە، چۆنكە شەرم ئافرەت دەڕازێنیتەوەو لەلای دەروبەر سەنگین وخۆشەویستی دەكات، شەرم لە ئافەرتدا نیشانەی خێرە و ڕووداری وبێ شەرمی نیشانەی شەڕ و خراپەیە، شەرم پارێزەرو پاسەوانی ئافرەتە. سەرپۆش و پۆشتەیی ئافرەت نیشانە و بەڵگەی سەلمێنەری بوونی شەرمە و پارێزەری خەسڵەتە جوانەكانی ئافرەتە، شەرم و پۆشتەیی هاوتا و هاوواتان و لەیەكتر جیا نابنەوە، مەیلی ئافرەت بۆ داپۆشینی خۆی مەیلێكە لە ناخیدا وەكو فیترەت بوونی هەیە. دایكمان عائیشە الله لێی ڕازی بێت دەفەرموێت جاری وابوو دەچوومە ئەو ژوورەی كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم و ئەبو بەكری لێ نێژرابوون و لەوانەیە سەرپۆشم نەكردایە، دەموت ئەو مێردمە و ئەوەش باوكمە، بەڵام كاتێك عومەر الله لێی ڕازی بێت كوژرا و لەگەڵیاندا لەو ژوورەدا نێژرا . عائیشە دەفەرموێت سوێند بە الله دوای ئەوە ئیتر بەتەواوی پۆشتەییەوە سەردانی قەبرەكانیانم دەكرد مەبەستی ئەوەیە عومەر الله لێی ڕازی بێت نامەحرەم بووە بۆی. تەنانەت لە كتێبەكانی ئەدەب و مێژوودا سەبارەت بە گرنگی شەرمی ئافرەت، باسی ئافرەتێك دەكرێت كە سەرپۆشەكەی بەبێ ویستی خۆی لەسەری دەكەویتە خوارەوەو ئەویش بۆ ئەوەی سەرو روخساری بۆ پیاوان دەرنەكەوێت تاكو سەرپۆشەكەی هەڵدەگرێتەوە بە دەستی دەموچاوی خۆی دەشارێتەوە و النابغةی شاعیریش لە دێڕە شیعرێكی بەناوبانگدا وەسفی كردووەو دەڵێت: سقط النصیف ولم ترد إسقاطه **** فتناولته واتقتنا بالید كەمی شەرم لە ئافرەتدا ڕێگای بە هیلاك چونێتی و دواجاریش ڕیگەی تاوان و سەرپێچی كردنی حوكمەكانی ئیسلامی بۆ خۆش دەكات و بەلایەوە ئاسایی دەبێتەوە. الله تعالی پۆشتەیی ئافرەتی لە قورئاندا بە نیشانەی تەقوا داناوەو بەسەرهاتەكەی ئادەم و حەوا علیهما السلام كاتێك جەستەیان دەركەوت هەوڵیاندا بە گەڵای دارەكان خۆیان داپۆشن، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە شەرم سیفەتێكی فیتری چەق بەستووە لە ناخی مرۆڤەكاندا. كەسە نەفس بەرز و مەزنەكان تەنانەت شەرم لە خۆیشیان دكەن، كاتێك بیانەویت كارێكی خراپ ئەنجام بدەن، خۆیانیان وەكو مناڵێك یان وەكو كەسێكی تر دێتە بەرچاو كە لە كاتی ئەنجامدانی ئەو خراپەدا تەماشایان دەكەن بۆیە شەرم لە خۆیان دەكەن و كارە ناشیرینەكە ئەنجام نادەن. هەروەها كەسانی بەڕێز و ئیماندار شەرمی الله و مەلائیكەتان و خەڵكی دەیانگرێت و دەبێتە مایەی پاراستنی سەنگینی خۆیان ودووركەوتنەوەیان لە تاوان و لەوەی الله تعالی پێی ناخۆشەو پێی ڕازی نابێت. پێوەری چاكێتی حەیا وشەرم ئەوەیە كە دەبێتە مایەی جوانی و پاكی و ڕازاوەیی و سەنگینی بۆ خاوەنەكەی، بەڵام ئەگەر بووە مایەی لاوازی كەسایەتی و شاردنەوەی حەق و ترس، ئەوە شەرمێكی باش نییە، كێشەش لە شەرمەكەدا نییە لەو حاڵەتەدا، بەڵكو لە تێگەیشتنی كەسەكەیە بۆ شەرم،. یان شەرمەكەی ببێتە مایەی ئەنجامدانی تاوان، ئەوەش شەرمێكی خراپە، بۆ نموونە پیاوێك بە مەبەستی تەوقە كردن دەست بۆ ئافرەتێك درێژ بكات و ئافرەتەكەش تەوقەی لەگەڵ بكات بڵێت شەرمم كرد لە ڕووم نەهات پەشیمانی بكەمەوە! جارێكیان پێشەوا أحمد بن حنبل بە پیاوێكی بەتەمەنی سەر سپی وت: بۆچی قژە سپییەكەت خەنە ناكەیت وڕەنگەكەی ناگۆڕیت؟ ئەویش وتی شەرم دەكەم، پێشەوا ئەحمەد پێی وت: سبحان الله! ئەوە سوننەتە ، لە سوننەتی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم چۆن شەرم دەكرێت. زۆر ئافرەت هەیە دەیانەوێت بە دەربڕینی بوێری و ئازایی، یان چالاكی جۆراوجۆر كەسایەتی خۆیان بسەلمێنن، بەڵام مەحاڵە هیچ لەوانە هێندەی شەرم جوان و بەهێزو خۆشەویستیان ناكات. كەم بوونی شەرم لە ئافرەتانی ئەم ڕۆژگارەدا هۆكاری داڕمانی كۆمەڵگایە، هۆكاری نەمانی شەرمیش تەنها لابردن و دوور خستنەوەی شەریعەتی ئیسلامە لە واقیعی ژیاندا، چی لە ئاستی ئەوانەی كە موسوڵمان نین و عەلمانیەتیان پی باشترە، چی ئەوانەش كە بەناوی ئیسلامی مۆدێرنەوە خویندنەوەی تازەو نامۆ بۆ دەقەكانی ئیسلام دەكەن و پێیان باشە ئافرەت بەدەنگ و ڕەنگ و جوانی خۆیەوە خۆی دەربخات و وەكو پیاو ئەویش بانگەواز بكات و چاوپێكەوتنی لەگەڵدا بكریت و وانە بڵێتەوە تەفسیری خەو بكات و وەكو ئەوەی ئەگەر كارەكە كە ئەنجامی ئەدات باش بیت ببێتە پاساو بۆ دەركەوتنی لە كەناڵەكان و لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان، بێ ئەوەی بزانێت، كاری شەرعی و چاكە دەبێت ڕێگای شەرعی و بەشەرم و حەیای بۆ هەڵبژێردرێت، ئەوەشی لەسەردەمی پێغەمبەردا حەرام بووە، تاكو ڕۆژی قیامەت هەر حەرام دەبێت. ئافرەتی موسوڵمان پێویستە خۆی لە هۆكارەكانی بێ شەرمی بەدوور بگرێت بۆ ئەوەی لەو خەسڵەتە ناشیرینە پارێزراو بێت، هۆكارەكان زۆرن لەوانە: ئەنجامدانی هەمو جۆرە تاوانێك دەبێتە مایەی كەم بوون و نەمانی شەرم. گوێگرتن لە گۆرانی و هاوشێوە ناشەرعییەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا. تێكەڵ بوون لەگەڵ پیاوانی نامەحرەمدا ئەگەر بەبەهانەی كاری ئیسلامی و بانگەوازیش بێت. هاوڕێتی كەسانی بێ شەرم و تەماشاكردنی فیلم و دراما وئەو گرتانەی كە نموونەی بێ شەرم یو ڕووداری وپێچەوانەی رەوشتن. زۆری دەرچوونی ئافرەت لە ماڵ بۆ هەموو ئیش و كارێك و مامەڵە كردنی هاوشێوەی پیاوان لەناو كۆمەڵگادا. بەداخەوە ئافرەتان لەكاتی جەژن و گەشت وبۆنە خۆشەكاندا، وەكو ئەوەی ئەو كاتانە جیاواز بێت و تاوان و سەرپیچی ڕێگە پێراو بێت، دەبینرێت ئافرەتان ڕێژەی شەرمیان كەم دەكات وڕیگە بە خۆیان دەدەن لە شێوازی ڕەفتا و لە مەسەلەی جل و بەرگ و شێوازی قسەكردن وپێكەنیندا جۆرێك لە بێ شەرمییان پێوە دیار بێت. ئافرەتی موسوڵمان لە هەموو حاڵەتێكدا هەر وابەستەیە بە شەرعی رب العالمین و بە هیچ بەهانە و پاساویك ڕێگە بەخۆی نادات كاری ناشەرعی و نەشیاو لەگەڵ ئاكاری ئافرەتی موسوڵماندا ئەنجام بدات. یەكێكی تریش لەو دیاردە خراپانەی كە زێدەڕەوی زۆری تێدا كراوەو ئافرەتان ڕێگە بەخۆیان دەدەن تێیدا بێ شەرم بن، مەسەلەی سەردانی كردنی پزیشكی پیاوو سۆنار كردنە لەلای پزیشكی پیاو، بەڕاستی ئەوە دیاردەیەكی زۆر خراپە و دەرەنجامی خراپی بۆ دونیا و دواڕۆژی ئافرەت لێ دەكەوێتەوە! پەیامم بۆ ئەو ئافرەتە بەڕێزانە ئەوەیە مەگەر هیچ ڕێگەیەكیان لەبەردەمدا نەمێنیت و چارەسەی حاڵەتەكەیان تەنها لەلای ئەو پزیشكە پیاوە بێت، ئەگینا بە هیچ شێوەیەك ئەو كارە درووست نییە و بەوەش خۆیان نەخەڵەتێنن كە پزیشكەكە موسوڵمانە و مولتەزیمە بەدینەوە، ئەگەر بیت و حالەتەكە لەو جۆرە نەبێت كە لە ئەوپەری ناچاریدا بیت، ئەگەر ئەو پزیشكە هەموو شەوێكی بەشەونوێژ بەسەر ببات و ڕۆژەكانیشی بەڕۆژوو بێت هەر درووست نییە بتبینێت و پیاوی نامەحرەم دیندار بێت و دیندار نەبێت لە ڕووی حەرامی سەیركردنی بۆ جەستەت هەر یەك حوكمی هەیە وجیاوازییان نییە! ئەو مەسەلە ڕێگەیەكە بۆ بڵاوبوونەوە بێ شەرمی و سنوور بەزاندنی ئافرەتان و ئەو پزیشكانەش بۆ شەرع، پەیامێكی تریشم بۆ باوك و مێرد و كەس و كاری ئەو ئافرەتانە ئەوەیە هەست بە لێپرسراوێتی بكەن و تا پێیان دەكرێت بەدوای پزیشكی ئافرەتدا بگەڕێن ئەگەر لە شارو شوێنی تریش بووە، كەمتەرخەمی لەو بوارەدا شوێنەورای زۆر خراپی هەیە وئێوەش لەسەر ئەو كەمتەرخەمییە تاوانبار دەبن. پەیامی كۆتاییشم بۆ ئەو پزیشكانەیە كە وابەستەی ئیسلامن و مەبەستیانە الله لە خۆیان رازی بكەن، چارەسەر كردنتان بۆ ئافرەتانی نامەحرەم بەو شێوە بەڕەهایی ڕێگەپێدراو نییە و ئیوە تساهل و شلییەكی بێ پاساوتان لەو بارەوە هەیە، بەدڵنییاییەوە ئەسڵ لەو مەسەلەدا ئەوەیە كە حەرامە و نادرووستە، خۆیشتان لە هەموو كەس باشتر دەزانن كامە حاڵەت ناچارییە و لەو حاڵەتەشدا هەر دەبێت هەموو ڕێوشوێنێكی شەرعی و دووركەوتنەوە لە گوناه بگرنە بەر، لە راستیدا زۆرێك لەو پزیشكانەی كە بە موسوڵمان و مولتەزیم ناسراون، بەشێوەیەكی زۆر بێ مەعنا و بێ پاساو بەڕەهایی و بەبێ سنوور هاوشێوەی بینین و چارەسەر كردنیان بۆ پیاوان چارەسەی ژنانیش دەكەن و تەماشای هەموو جەستەی دەكەن و مەسەلەكە هەر زۆر ئاسایی بووەتەوە لە لایان، بۆیە داواتان لێ دەكەم ترسی الله تان هەبێت و ئەگەر حاڵەتێك لە ئەوپەڕی ناچاریدا نەبێت نەخۆشی ئافرەت مەبینن و سنوورەكانی شەرع بپارێزن ومەیبەزێنن. لە كۆتاییدا پێویستە ئەوە بوترێت، لەم ڕۆژگارەدا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بووەنەتە هۆكارێكی كاریگەر بۆ نەهێشتنی شەرم لەلای ئافرەتان، بەداخەوە، بەهەندێ بەهانەی وەكو بانگەواز و وانەی قورئان و تەجوید و كاری ڕێكخراوەیی و حیزبی و هتد ئافرەت بە هەموو شێوەیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا -بەڵكو لە واقیعی ژیانی ڕۆژانەشدا - سنوورەكانی شەرع دەبەزێنێت و وێنە و ڤیدیۆی خۆی پۆست دەكات و جەستەی خۆی بەبەهانەی ئەوەی داپۆشراوە بۆ هەموو خەڵكی نمایش دەكات و لە گەڵ پیاواندا پێكەوە دادەنیشن و گفتوگۆ لەسەر باسە جیاجیاكان دەكەن وەكو ئەوەی كارێكی زۆر شەرعی و درووست تەماشای یەكتر دەكەن و بەتەنیشت یەكەوە دادەنیشن وەكو ئەوەی دوو مەلائیكەت بن پێكەوە نەك دو مرۆڤی لاواز كە تاوان و گوناه لە پێكهاتەو سروشتیاندا بوونی هەیە و ئامادەیی تاوانیان تێیدا هەیە! ئایەتەكانی قورئان و سوننەت دەیان وسەدان داواكاری و ئاراستەی ڕاشكاوانە و توندی لەو بارەوە تێدایە. لە ڕاستیدا حەرامە و ڕێگەپێدراو نییە بە هیچ شێوەیەك ئافرەت ڕەسم و ڤیدیۆی خۆی لە ڕاگەیاندن و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا پۆست بكات ئەوە جگە لە حەرامی سەر لەچەندین ناشەرعی و هەڵەی ترەوە دەردەكات وكورد واتەنی شەیتان نەخەوتووە. ئەمڕۆ زۆرێك لە كچان وئافرەتە بەناو مولتەزیمەكان لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا دەكرێت و خۆیشیان لە یوتیوب و فەیسبوك و تؤڕەكانی تردا موحازەرە و وانەی خۆیان بە وێنەو بە ڤیدیۆ ودەركەوتنێكی سەرنج راكێشەوە بڵاو دەكەنەوە، لەوانەش خراپتر ئەو ئافرەتانەن كە بەردەوام خۆیان جوان دەكەنەوە و لە تەلەفزیۆنە بەناو ئیسلامییەكاندا وەكو بێژەر و خوێنەری هەواڵ وپێشكەشكاری بەرنامەی جۆراوجۆر دەردەكەون، ئەوانە جگە لەوەی فیتەرەتیان تێك چووە و بەردەوام لەتاواندان، پێشەنگ و نموونەیەكی زۆر خراپیشن بۆ زۆرێك لەو كچ و ئافرەتانەی كە شوێن پێی ئەوان هەڵدەگرن وبەبەهانەی خزمەت كردن لە ڕاگەیاندنی ئیسلامیدا ناشیرینترین وینە بۆ ئافرەتی موسوڵمان پێشكەش دەكەن، دڵنیاشیان دەكەمەوە ئەوانەی كە فەتوای ئەو كارەیان بۆیان داوە لە ئەوپەڕی دین لاوازی و سەرپێچی كردنی شەریعەتدان ئەگەر هەركێ بن و هەر ناوو نازناوێكی زانستیان هەبێت، چونكە مەسەلەكە هەمووی تەنها خەڵك راكێشانە و هەوڵێكە بۆ مسۆگەر كردنی دەنگ بۆ كاتی هەڵبژاردن و زۆركردنی ئەندام لەسەر حیسابی بەزاندنی سنوورەكانی شەرعی ئیسلام، ئەم قسەش بەداخەوە لەسەر زۆرێك لە وڵاتانی عەرەب و موسوڵماناندا جێبەجی دەبێت هەموویشی بە هۆی ئەو موفتییە مۆدێرنانەیە كە بە زاری خۆن دەڵێن ئێمە دەمانەوێت دین ئاسان بكەین و سنوورەكانی حەرام تەسك بكەینەوە و خەڵكی بۆ خۆمان ڕابكێشین. دین بە تێكدان و شێواندنی دین چۆن ئاسان دەبێت!؟ دیاردەیكی تریش كە بەم دواییە سنوورەكانی شەرم و شەرعیشی تێدا بەزێندراوە، بەداخەوە سەنتەرەكانی لەبەر كردنی قورئان و فێربوونی تەجوید وپێشبڕكێی قورئانە، تێكەڵی تێدا درووست دەبێت و هەندێ جار بەتایبەتی لەو سەنتەرانەی كە تێگەیشتنی هاوچەرخانە و مۆدێرنیان بۆ ئیسلام هەیە، مامۆستا ئافرەتەكان لەگەڵ مامۆستا پیاوەكاندا دانیشن و پێكەوە داوەری دەكەن و لەسەر بابەتەكان لەگەڵ پیاوانی نامەحرەمدا قسەو باس و گفتوگۆ و شەن و كەوی مەسەلەكان دەكەن، هەموو ئەوانە حەرامە ولە قوتابخانەو وسەنتەرەكانی قورئان و زانستە شەرعییەكاندا، درووست نییە بۆ فێربوونی تەجوید و وەرگرتنی وانەی شەرعی تێكەڵی و بەركەوتن لە نێوان پیاوان و ژناندا هەبێت و مامۆستای پیاو درووست نییە ڕووبەڕوو وانەی شەرعی بە ئافرەتان بڵێتەوە و ئەوەی فەتوای گەورەترین زانایانی سەردەمی لەسەرە. ئەم سەردەمەی خۆمان بە هەمو واتایەك سەردەمی فیتنەو لە خشتەچوونە وڕێگاكانی لە خشتەچوونیش لە ڕاگەیاندن وتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە و وەكو ئاوو هەوا بەردەستە و بەخۆڕاوی دەگەیەنرێتە ماڵەكانمان، واجبە لەسەر ئافرەت هەست بەبەرپرسیارێتی بكات و شەرم بكاتە دروشمی ژیان و ڕێگەی بەختەوەری دونیا و دوا ڕۆژی، بە هیچ شیوەیەكیش ئاوڕ لەو بەناو زانا و اممۆستا و بانگخوازانە نەداتەوە كە دەیانەویت دینێكی شل و شێواو بۆ خەڵكی پێشكەش بكەن و ئەوانیش هاوشێوە عەلمانییەكان ئافرەت بكەنە ئامرازیك بۆ بانگ كردنی خەلكی بۆ ئیش و كارەكانیان كە ئەوەندەی بەڕواڵەت و بەدروشم ئیسلامییە بەناوەڕۆك و جەوهەر و ئاكار بەو شێوە نییە! چارەسەی شەرعیش بۆ ئەو حاڵەتانەی سەرەوە كە باسمان كرد ئەوەیە ژنان و پیاوان چی خویندكار بن، یان خویێدكار ومامۆستا بن، بەجیا و لە جێگەو كاتی جیاوازدا ئەو زانستانە بخوێنن. لە ڕاستیدا تەشەنەكردنی بێ شەرمی و كرداری حەرام لەناو خەڵكیدا وكۆك بوونیان لەسەر ئەنجامدانی ئەو كارە حەڵاڵ ناكات ومەعنای ئەوە نییە ئیتر ئەو كارە درووستە، ئەگەر هەزار فەتواشی بۆ درابێت، چونكە هیچ كاتێك موفنتی بۆی نییە حەرام حەڵاڵ بكات، ئەگەریش بەهەر بەهانەیەك بتوانیت خۆت بخەڵەتێنیت، ئەوا هەرگیز ئەو كارەت لەگەڵ الله تعالی دا پێ ناكرێت، چونكە حوكمەكانی قورئان و سوننەت ڕوون و ئاشكران سەبارەت بە سنورەكانی پەیوەندی لە نێوان ئافرەتان و پیاوانی نامەحرەمدا. بۆیە تەقوای الله عزوجل ت هەبێت و گوێ لەوانە مەگرە كە فەتوای شكاندنی سنوورەكانی شەرمت بۆ دەدەن وەكو ئەوەی دین وشەریعەت ماڵی باوكیان بێت هەر ڕۆژەی لە بەشێكی دادەبەزن و لە حوكمێكیدا گۆڕانكاری دەكەن و ماوەی جارێك حەرامێك دەكەنە حەڵاڵ ودینیان كردووەتە ئامرازێك بۆ ڕاكێشان و ڕازیكردنی خەڵكی لەسەر حیسابی توڕە كردنی پەروەردگاریان. بەر لەوەی دڵەكانتان بە هۆی بێ شەرمی و تاوانەوە بمرێت، پرسیاری لێ بكەن، دڵ هەندێك جار لە هەموو مامۆستا و زانایەك شارەزاترە وباشتر دەتوانێت پێت بڵێت ئەو كارەت حەرام و ناشیرینە و مەیكە. بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بە حوكمەكانی شەرم لە ڕووی شەرعییەوە بڕوانە: فقه الحیاء/ محمد اسماعیل المقدم. كە لە بەشێك لە سەرەتاكانی ئەم پۆستەدا سودم لێی بینیوە.