العربیة
/وەڵامی پرسیارەکانتان/
ئایا تا و سەرئێشە نیشانەی ئیماندارانە؟
: 326
2022-07-03
    #وەڵامی_پرسیارەكانتان : 60 ئایا تا و سەرئێشە نیشانەی ئیماندارانە؟ السلام علیکم مامۆستا گیان باشن الحمداللە ماموستا گیان پرسیارێکم هەبوو ، شتی وا هەیە؟ سەرئێشە و شەقیقە لە نیشانەی ئەهلی ئیمان و ئەهلی بەهەشتە (ابن رجب لطأائف المعارف 105؟ وەڵام/ وعلیكم السلام ورحمة الله وبركاته..بەلێ ابن رجب لە هەندێ لە كتێبەكانیدا ئەو قسەی كردووە و پشتی بە فەرمودەیەك بەستووە كە فەرموودەناسان هەم دەربارەی سەنەدەكەی و هەم دەربارەی حەقیقەتی واتا و مەبەستەكەی ناكۆكن، فەرموودەكە پێشەوا أحمد لە موسنەدەكەیدا و غەیری ئەویش دەیگێڕێنەوە و بریتییە لە: عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ: " أَنَّ رَسُولَ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ لِأَعْرَابِيٍّ: هَلْ أَخَذَتْكَ أُمُّ مِلْدَمٍ؟ قَالَ: يَا رَسُولَ اللهِ! وَمَا أُمُّ مِلْدَمٍ؟ قَالَ: حَرٌّ يَكُونُ بَيْنَ الْجِلْدِ وَالدَّمِ . قَالَ: يَا رَسُولَ اللهِ! مَا وَجَدْتُ هَذَا. قَالَ: يَا أَعْرَابِيُّ هَلْ أَخْذَكَ هَذَا الصُّدَاعُ؟ قَالَ: يَا رَسُولَ اللهِ! وَمَا الصُّدَاعُ؟ قَالَ: عُرُوقٌ تَضْرِبُ عَلَى الْإِنْسَانِ فِي رَأْسِهِ . قَالَ: مَا وَجَدْتُ هَذَا. فَلَمَّا وَلَّى قَالَ رَسُولُ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: مَنْ أَحَبَّ أَنْ يَنْظُرَ إِلَى رَجُلٍ مِنْ أَهْلِ النَّارِ فَلْيَنْظُرْ إِلَى هَذَا". رواه الإمام أحمد في "المسند" (14 / 123)، والبخاري في "الأدب المفرد" (495)، والنسائي في "السنن الكبرى" (7 / 50)، پوختەی واتاكەی ئەوەیە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بە عەرەبێكی بیابان نشینی فەرمووە توشی سەرئێشەو تا دەبیت؟ ئەویش وتوویەتی هەرگیز تووشیان نەبوومە، ئیتر پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرمویەتی: ئەگەر دەتانەوێت تەماشای كەسێكی ئەهلی دۆزەخ بكەن تەماشای ئەو ئەعرابییە بكەن! ئەم فەرموودە هەندێك لە ئەهلی عیلم سەرەڕای ئەوەی كە فەرموودەیەكی لاوازە بەڵام لە ڕێگەكانی بەهێزكردنی فەرموودەوە بە فەرموودەیەكی (حسن) یان زانیوە و وتوویانە فەرموودەكە وەرەگیردرێت، بەلام هەندێكیان وەكو ابن حبان فەرموویانە ئەو ئەعرابییە كە ئەهلی ئاگرە لەبەر ئەوە نییە كە تووشی تا و سەرئێشە نەدەبوو، بەڵكو الله تعالی زانستی بە حاڵی ئەو بووە و پێغەمبەرەكەی لێی ئاگادار كردووەتەوە واتە سەرئێشە نەگرتنەكە و چوونە دۆزەخەكەی دوو مەسەلەی جیاوازن. جگە لەوەی لە ڕێگەیەكی تری فەرموودەكەدا باسی چوونە دۆزەخی تێدا نییە ، بە كورتی هیچ لەوانەی كە باسی ئەم فەرموودەیان كردووە نەیان فەرمووە كە تەندرووستی باش و نەخۆش نەكەوتن نیشانەی بێ ئیمانییە! بەڵام دەكرێت لە فەرموودەكە وا تێبگەین كە سەرئێشەو تا دەبێتە كەفارەت بۆ كەسی ئیماندار نەك بۆ هەموو كەسێك و هەرچەند حاڵەتێكی ناخۆشە بۆ مرۆڤەكان بەڵام لەڕووی ئەوەی كە دەبێتە مایەی سڕینەوەی گوناه لەو ڕووەوە مایەی دڵخۆشی بێت، بەڵگەش لەسەر ئەوەی موسوڵمان هەر ئازار و ناڕەحەتی و نەخۆشییەكی تووش بێت گوناهی دەسڕێتەوە زۆرن كە بێگومان تا و سەرەئێشەش دەگرێتەوە. بەڵام نە نەخۆشكەوتن و تا و سەرئێشە بە ڕەهایی مەرجە لە هەموو حاڵەتێكدا نیشانەی كەسی ئیماندار بێت و نە سەلامەتی و نەخۆش نەكەوتنیش بە ڕەهایی مەرجە نیشانەی دین زەعیفی كەسە لەش ساغەكە بێت! ، خۆ موسوڵمان بەردەوام داوای سەلامەتی دین و جەستە و تەندروستی لە الله تعالی دەكات ودرووستیش نییە داوای بەڵاو نەخۆشی وتا و سەرئێشەی لێ بكات! ئینجا كە تەماشای واقیعی حاڵی خەڵكی دەكەیت لە سەردەمانی دێرینەوە تاكو ئێستا، زۆرجار هەیە كەسێكی بێ باوەڕ و لادەر لە دینی ئیسلام سەرئێشەی لێ نابڕێت و چەندین نەخۆشی لەگەڵە تا دەمرێت، بە پێچەوانەشەوە زۆر جار دەبینیت كەسانێكی دیندار و ڕەوشت جوان و ئەهلی عیبادەت تەندروستییەكی باش و لاشەیەكی سەلامەتیان هەیە بە ساڵ و دو ساڵ نەخۆش ناكەون، بۆیە بە شێوەیەكی ڕەها ئەو مەسەلە ناكرێتە پیوەر و بەڵگەكانی شەرعیش هەر وامان پی دەڵێن! فەرموودەكە لە هاوچەرخەكاندا أحمد شاكر و مصطفی العدوي و زۆری تر لە شارەزایانی فەرموودە پاش دیراسەكردنی سەنەدەكەی ڕەتیانكردووەتەوە و بەلاوازیان زانیوە، هاوكات وەكو وتم ئەوە ڕێگر نییە لەوەی تا و سەرئێشە و شەقیقە بۆ كەسی ئیماندار نەبێتە كەفارەت و ئەجرو پاداشت، چونكە چەندین فەرموودەی سەحیحمان لەو بارەوە هەیە كە نەخۆشیەكان دەبنە كەفارەت بۆ موسوڵمان وەكو: (ما يُصِيبُ المُسْلِمَ، مِن نَصَبٍ ولَا وصَبٍ، ولَا هَمٍّ ولَا حُزْنٍ ولَا أذًى ولَا غَمٍّ، حتَّى الشَّوْكَةِ يُشَاكُهَا، إلَّا كَفَّرَ اللَّهُ بهَا مِن خَطَايَاهُ) أخرجه البخاري (5642) واللفظ له، ومسلم (2573). یان : (إِنَّ عِظَمَ الجَزَاءِ مَعَ عِظَمِ البَلَاءِ، وَإِنَّ اللهَ إِذَا أَحَبَّ قَوْماً ابْتَلاهُمْ، فَمَنْ رَضِيَ فَلَهُ الرِّضَا، وَمَنْ سَخِطَ فَلَهُ السُّخْطُ) الترمذي/ 2396. وابن ماجة 4031. هەروەها لە سەحیحی بوخاریدا هاتووە: (مَا مِنْ مُصِيبَةٍ تُصِيبُ المُسْلِمَ إِلَّا كَفَّرَ اللَّهُ بِهَا عَنْهُ، حَتَّى الشَّوْكَةِ يُشَاكُهَا) واتە: هەر موسیبەت و ناخۆشییەك تووشی موسوڵمان دەبێت ئەبێتە كەفارەت بۆی، تەنانەت ئەگەر تووشی دڕكێكیش بێت. پوختەی وەڵامەكە ئەوەیە: ئەو فەرموودەی كە باس لەوە دەكات تا و سەرئێشە وشەقیقە نیشانەی ئیمانداران و چوونە بەهەشتە، ئەگەرچی زۆرێك لە زانایان وەریانگرتووە، بەڵام قسە و خیلاف لەسەر سەنەدەكەی هەیە و جێگیر نەبووە و وادەرناكەوێت كە صحیح بێت، بەڵام وەكو بنەمایەكی گشتی لە ئیسلامدا كەسی ئیماندار بە هەموو نەخۆشی و ناخۆشییەك كە تاو سەرئێشەش دەگرێتەوە بە مەرجێك ئارام بگرێت و لەسەری و سوپاسی الله تعالی بكات و قسەیەك نەكات نیشانەی توڕەبوون و ڕەخنەگرتنی بێت لە كاری الله تعالی، بە هۆیانەوە لە گوناهەكانی پاك دەبێتەوە و سوودی بۆ قیامەتی دەبێت. والله أعلم. إحسان برهان الدین 15 جمادى الأول 1443 2021-12-19