العربیة
/وەڵامی پرسیارەکانتان/
ئەرك و مافەكانی وەلی ئەمر چییە؟
: 514
2022-07-03
  #وەڵامی_پرسیارەكانتان : 57 ئەرك و مافەكانی وەلی ئەمر چییە؟ بێگومان گوێڕایەڵی كردنی وەلی ئەمری موسوڵمانان لە هەموو سەردەمێكدا واجبە و ئەركێكی گەورە و پیرۆزە لەسەر هەموو موسوڵمانێك، زانایان فەرمویانە وەلی ئەمری موسوڵمانان ئەو كەسەیە كە بە كاروباریان هەلدەسێت، كاروباریشیان بریتییە لە دینەكەیان كە دونیاشیان هەر بەشێكە لە دینەكەیان، واتە پێویستە وەلی ئەمر پێش هەموو شتێك و كاری سەرەكی خەمخواردنی بێت لە كاروباری موسوڵمانان و دینەكەیان. وەلی ئەمر لە ئیسلامدا ماف و ڕێزی زۆر گەورەی هەیە، الله تعالی دەربارەی فەرموویەتی: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَطِيعُوا اللَّهَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ وَأُولِي الْأَمْرِ مِنْكُمْ فَإِنْ تَنَازَعْتُمْ فِي شَيْءٍ فَرُدُّوهُ إِلَى اللَّهِ وَالرَّسُولِ إِنْ كُنْتُمْ تُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ ذَلِكَ خَيْرٌ وَأَحْسَنُ تَأْوِيلًا) النساء / 59. هەروەها پێغەمبەر صلی الله فەرموویەتی: (إن أمر عليكم عبد مجدع يقودكم بكتاب الله فاسمعوا له وأطيعوا ) رواه مسلم. واتە: ئەگەر كۆیلەیەكی ڕەچەڵەك نزم بوو بە وەلی ئەمر و سەركردەتان و بە قورئان ئێوەی بەڕێوەبرد گوێرایەڵی بن. ئایەت و فەرمودەش لەم بارەوە زۆرن. زانایان دوو مافی گەورەیان بۆ وەلی ئەمر دیاری كردووە، وەكو الماوردی لە :الأحكام السلطانية17-18 شیكردووەتەوە: یەكەم: گوێڕایەڵی كردنی لە فەرمانەكان و قەدەغەكراوەكانیدا، هەروەها حەرامیشە هیچ سەرپێچی وخروجێك لە فەرمانی بكرێت، بەڵام گوێڕایەڵی كردنی بە شێوەیەكی ڕەها نییە، بەڵكو مەرجدارە بەوەی لە فەرمانێكدا بێت لە چاكەدا بێت نەك لە خراپە، پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: "إنما الطاعة في المعروف" رواه البخاري ومسلم. واتە گوێڕایەڵی بۆ فەرمانێكە لە چاكەدا بێت و سەرپێچی شەرعی تێدا نەبێت، هەروەها فەرموویەتی: "لا طاعة في معصية الله" رواه مسلم. واتە: گوێڕایەڵی بۆ فەرمانێكی ناشەرعی و تاوان درووست نییە. دوەم: پشتگیری و بەرگری لێكردنی و هەروەها ئامۆژگاریكرنیشی بەشێكە لەو پشتگیرییە، هەروەها حەرامە قسەو سووكایەتی پێ بكرێت، یان یارمەتی ئەو كەسانە بدرێت كە لە دژی ئەو وەلی ئەمرە دەوەستنەوە، چونكە تاكو ئەو شەریعەتی ئیسلام جێبەجێ بكات و لەسەر دینی ئیسلام بێت و حوكمی پێ بكات كەس بۆی نییە ململانێی دەسەڵاتی لەگەڵدا بكات. بەڵام جێگیربوونی مافەكانی وەلی ئەمر لە سەر موسوڵمانان بە هۆی هەڵسانیەتی بە ئەركەكانی نەك لەبەر كەسایەتی خۆی، بۆیە خەلیفەی چوارەم علي بن أبي طالب رضي الله عنه وەكو لە تەفسیری القرطبي 5/259 دا هاتووە فەرموویەتی : (حق على الإمام أن يحكم بالعدل، ويؤدي الأمانة، فإذا فعل ذلك وجب على المسلمين أن يطيعوه، لأن الله تعالى أمرنا بأداء الأمانة والعدل، ثم أمر بطاعته). واتە: حەقە لەسەر پێشەوای موسوڵمانان بە دادگەری كاربكات و ئەمانەت بە جێگای خۆی بگەیەنێت، ئەگەر ئەوەی كرد گوێڕایەڵی كردنی دەبێتە ئەرك بەسەر موسوڵمانانەوە، چونكە الله تعالی بەو شێوە فەرمانی كردووە. ئەو ئەركانەی وەلی ئەمریش لەبەرانبەر گوێڕایەڵی موسوڵماناندا بۆ فەرمانەكانی لەسەرێتی ئەنجامیان بدات بریتین لە: 1- پاسەوانێتی ئیسلام و پارێزگاریكردن لە شەریعەتەكەی، كە ئەمە گەورەترین ئەركەكانێتی. واتە خۆی بە پاسەوان و بەرگریكار بزانێت لەسەر دینەكەی. 2- بەڕێوەبردنی كاروباری دونیایی موسوڵمانان و پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان و هەنگاوهەڵگرتنی بەردەوام بەو ئاراستەدا. 3- پاراستنی ئیسلام بە پێی بنەما جێگیرەكانی خۆی وەكو سەردەمی پێغەمبەرایەتی و هاوەڵان چۆن بووە بەبێ گۆرین و تێكدان و شێواندن. 4- جێبەجێكردنی حوكمەكانی شەریعەت لە كاتی ڕوودانی شەڕو ناكۆكی لەناو خەڵكیدا و لەهەر كاروبارێكی تردا كە پێویستی بە حوكم و یەكلاكردنەوە هەبێت. 5- پاراستنی سنوورەكانی الله تعالی و ڕیگەكردتن لە هەر سنووربەزاندنێك لە دژی ئیسلام و موسوڵمانان. 6 جێبەجێكردنی سزا شەرعییەكان(إقامة الحدود) لەسەر ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانەی لە ئیسلامدا سزایان بۆ دیاری كراوە. 7- بەرگری كردن لە ئیسلام بەرانبەر نەیارانی و كۆكردنەوەی زەكات و سەدەقە و خەرج كردنی داهاتەكان لە خزمەتی خەڵكیدا. 8- دانانی كەسانی لێهاتوو و بە توانا و دەست پاك بۆ بەرپرسیارێتی و بەرێوەبردنی كاروباری وڵات و خەڵكی بە گشتی. 9- وەلی ئەمر پێویستە بە خۆی هەڵسێت بە سەرپەرشتی كردنی ئیش و كارەكان و هەموو ئەرك و لێپرسراوێتییەكان بە بێ بەدواداچوون نەخاتە دەستی كەسانی تر. شایانی باسە ئەگەر وەلی ئەمری موسوڵمانان بە ئەركەكانی خۆی هەڵنەسا و كەمتەرخەمی كرد پێویستە فەرمانی بە چاكە پێ بكرێت و هەڵەی بۆ ڕوون بكرێتەوە بۆ ئەوەی بگەرێتەوە بۆ ڕاستە شەقامی دادگەری و دینەكەی، بەڵام ئەگەر پرسەكە لەوە گەورەتر بوو و ئەو دەسەڵاتدارە لە دینەكەی لایدا و سەرپێچی شەرع و بیروباوەڕەكەی كرد و لە ئیسلام هەڵگەڕایەوە زانایان فەرموویانە ئەگەر توانا هەبێت پێویستە لە كارەكەی لاببرێت، ئەگەرنا نابێت بە وەلی بزانرێت و سمع و طاعة ی نامینێت لەسەریان. إمام الحرمين الجويني لە غياث الأمم في التياث الظلم 106 دەڵێت: ( فأما إذا تواصل منه العصيان، وفشا منه العدوان، وظهر الفساد، وزال السداد، وتعطلت الحقوق والحدود، وارتفعت الصيانة،ووضحت الخيانة، واستجرأ الظلمة، ولم يجد المظلوم منتصفا ممن ظلمه، وتداعى الخلل والخطل إلى عظائم الأمور، وتعطيل الثغور، فلا بد من استدراك هذا الأمر المتفاقم). چونكە ئەگەر لە دینی ئیسلام لایدا و باوەڕی پێی نەما و حوكمی بەشەریعەتەكەی نەكرد ئیتر هیچ گوێڕایەڵییەكی بەسەر موسوڵمانانەوە نامینێت، لەم بارەوە النووي فەرموویەتی : " قال القاضي عياض أجمع العلماء على أن الإمامة لا تنعقد لكافر وعلى أنه لو طرأ عليه الكفر انعزل قال وكذا لو ترك إقامة الصلوات والدعاء إليها).شرح النووي على صحيح مسلم 12/229. بۆ ئەم وەڵامە لە چەند سەرچاوەیەك سوودم بینیوە بەتایبەتی: ولي الأمر واجباته وحقوقه/ محمد بن شاكر الشريف.