(وَرَعٌ) مەعنای چییە؟
وەرەع وشەیەكی زۆر گرنگە و پێویستە موسوڵمان واتاكەی بزانێت و بە كورتی بریتییە لە: وازهێنان لەوەی ڕێگەپێدراوە، یان لەوانەیە حەڵاڵ و درووست بێت، لە ترسی ئەوەی نەكەویتە ناو حەرامەوە.
وەرەع بۆ ئەو شتانەیە كە لە فەرموودەكاندا بە موشتەبیهات ناو براوە، واتە جێگای گومانە، نازانیت حەڵاڵە یان حەرامە، یان ئەگەری هەردوو حاڵەتەكەی هەیە، واتە موسوڵمان گومانی بۆ درووست دەبێت بیكەم نەیكەم؟ جائیزە اجئیز نییە؟ لەو حاڵەتەدا وەرەع ئەوەیە لە ترسی تووشبوون بەحەرام وازی لێ بهێنیت.
پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (إنَّ الحلالَ بيِّنٌ وإنَّ الحرامَ بيِّنٌ وبينهما أمورٌ مُشتبِهاتٌ لا يعلمهنَّ كثيرٌ من الناس فمنِ اتَّقى الشُّبُهاتِ استبرأ لدِينِه وعِرضِه ، ومن وقع في الشُّبهاتِ وقع في الحرامِ). البخاري (52)، ومسلم (1599). واتە حەڵاڵ دیارە و حەرامیش دیارە و لەو نێوەندەدا هەندێ شت هەیە جێگای گومانە وازهێنان لێی بۆ موسوڵمان باشترە.
وەرەع پێشەی موسوڵمانی خاوەن تەقوایە، وەرەع نەكردنیش پێشەی كەسی ئیمان لاواز وئەوانەیە بەردەوام بەدوای پینەكردن و حەڵاڵ كردنی حەرامەكاندا دەگەڕێن.
سفیان الثوري بە ڕەحمەت بێت كە یەكێك بوو لە سەرانی سەلەف دەیفەرموو لە وەرەع كردن ئاسانتر نییە بەلامەوە، لە هەرچی گومان هەبێت نایكەم و لێی دوور دەكەمەوە.
نموونەیەك لە بێ وەرەعی كورد:
لە ئێستادا خەڵكانێكی زۆر لە كوردی خۆمان بە هۆی وەرەع نەكردن و نەشارەزاییان لە شەرعدا ومەیلیان بەلای شلكردنەوەی دیندا ئەنجامی دەدەن، گۆڕینەوەی بڕە پارەیەكی دینارە بەرانبەر ئەو بیست گەڵایەی حكومەتی عێراق لە فرۆكەخانەی كەركوك وشوێنی تر بە مەبەستی عومرە كردن وگەشت بە هاوڵاتیانی دەدات، لە كاتێكدا بۆ كەسێك لە ئەلفوبێی شەرع بزانێت تێدەگات ئەوە مامەڵەیەكی حەرامە و ڕیبایە، ڕیباش هەركەسێك كەمترین بڕی لێ بخوات بە دەقی فەرموودەی صحیح وبە كۆدەنگی زانایان بەر لەعنەتی الله دەكەوێت..
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو خەڵكە بەهۆی مەلاو بانگخوازە حەڵاڵكەرەكان و كۆمپانیاكانی حەج و عومرە كە بەهۆی بازرگانی خۆیانەوە دوای هەر فەتوایەك دەكەون ئەو كارەیان بۆ حەڵاڵ بكات، ئەو خەڵكە بە لێشاو ڕوویان لەو مامەڵە ڕیبەوییە كردووە و لەبەر ئەوەی لەگەڵ بەرژەوەندی خۆیاندا دەگونجێت دەچن گوێ لە هەر حەڵاڵكەرێك دەگرن بەدەر لەوەی دین و شارەزایی و عەقیدەی چۆنە و چۆن نییە، گرنگ ئەوە بڵێیت كێشەی نییە و حەڵاڵە! كێیش باسی حەرامییەكەی بكات و بڵێت ڕیبایە خۆیانی لێ كەڕ و كوێر دەكەن ئەمە ئەگەر تۆمەتباریشی نەكەن چونكە كەشەكەیان لێ تێكدەدات.
وەرەع ئەوەیە لە هەندێ حەڵاڵ كە گومان لە حەڵال بوونیدا هەیە خۆت بپارێزیت، ئەی ئەگەر نەك حەڵاڵ نەبوو بەڵكو ڕیبا بوو، ئەی ئەگەر حەرامێك بوو هەڕەشەی نەفرەت و بەرلەعنەت كەوتنی تێدا بوو، ئەوە ڕێك وەكو ئەوەیە خۆت بۆ ناو ئاگرێكی سوتێنەر فڕێبدەیت و ئەوانەش دەیانەوێت لەو ئاكرە بتگێڕنەوە پێیان بڵێیت ئێمە لە مەلا و بانگخوازە مۆدێرنەكان فەتوای حەڵاڵكردنی ئەو ڕیبایەمان وەرگرتووە جا ئێوەش هەر بۆخۆتان قسە بكەن؟!
خەڵكینە ئیوە بۆ عومرە دەچن، چۆن دەبێت بەپارەیەك بچیت ڕیبابێت یان تۆ بڵێی گومانی ڕیبای لەسەر بێت؟
كەمێك وەرەعتان هەبێت و مەچنە دەم ئەوانەی بۆ بازرگانییەكانی خۆیان بانگتان دەكەن و دەتانكەن بەسوتەنەنی ئەو ڕیبایە.