العربیة
/وەڵامی پرسیارەکانتان/
ئایا درووستە موسولمان لەلای غەیری موسوڵمان كار بكات؟
: 350
2022-06-27
#وەڵامی_پرسیارەكانتان : 54 ئایا درووستە موسولمان لەلای غەیری موسوڵمان كار بكات؟ بەرێزێك ئەم پرسیارەی لێ كردووم: السلام علیكم ، مامۆستای بەڕێز پرسیارێكم ھەبوو ، ئایا جائیزە موسوڵمان ئیش لە لای غەیری موسوڵمان بكات ؟ منیش لە وەڵامیدا و لە ڕۆشنایی قسەی زانایاندا وتم وعلیکم السلام ورحمة الله: جومهورى زانايانى ئیسلام لەسەر ئەوەن كە موسوڵمان بۆی هەیە لەلای غەیری موسوڵمان كار بكات و كرێی لێ وەربگرێت، بە مەرجێك خودی ئەو كارەی كە دەیكات حەڵاڵ بێت و قەدەغەكراوێكی شەرعی تێدا نەبێت. بۆ نموونە كارەكە لە كارگەیەكی درووست كردنی عارەق نەبێت، یان بە خیوكردنی بەراز نەبێت، یان ئازاردانی موسولمانی تێدا نەبێت، یان یارمەتیدان نەبێت بۆ شتێك كە پێچەوانەی شەرعی ئیسلام بێت. لە سەردەمی پێغەمبەریشدا صلی الله علیه و سلم عەلی كوڕی ئەبو تالیب الله لێی ڕازی بێت لەلای كەسێكی یەهودی ئاودێری بۆ كردووە بەرانبەر بڕێك خورما كە لەسەر ئەو كارەی پێی داوە وەكو لە فەرموودەیەك لەلای پێشەوا الترمذی دا هاتووە و ابن تیمیة و ابن القیم و ابن قدامة المقدسي و زۆر زانای تریش ئەوەیان كردووەتە یەكێك لە بەڵگەكانیان كەوا كار كردنی موسوڵمان لەلای غەیری موسوڵمان بە مەرجێك خودی كارەكە حەرام نەبێت ڕیگەپێدراوە و هیچ بەڵگەیەك نییە ئەوە قەدەغە بكات. پێشەوا ابن قدامة المقدسي لەو بارەوە فەرموویەتی: (ولا بأس أن يؤجر نفسه من الذمى، نص عليه؛ «لأن عليا رضى الله عنه أجر نفسه يهوديا، يسقى له كل دلو بتمرة، وأخبر به النبى صلى الله عليه وآله وسلم فلم ينكره» وأكل أجرته، ولا يؤجر نفسه لخدمته؛ لأنه يتضمن إذلال المسلم للكافر فلم يجز، كبيعه إياه، ويتخرج الجواز؛ لأنه عاوضه عن منفعة، فجاز، كإجارته لعمل شىء) واتە هیچی تێدا نییە ئەگەر بە كرێ لەلای كەسێكی ذمي لە جولەكەو نەسارا ئیش بكات لەبەر ئەو بەڵگەی لەسەرەوە باسمان بكات و بە مەرجێك سەرشۆڕی بۆ موسولمانەكە تێدا نەبێت و لەلای ئەو ناموسوڵمانە خۆی سووك نەكات. شەوكانی لە كتێبی "نيل الأوطار" دا فەرموویەتی: "تأجير النفس لا يعد دناءة وإن كان المستأجر غير شريف أو كافرًا والأجير من أشراف الناس وعظمائهم، ". واتە: كاركردن بە كرێ هیچ نەفس نزمییەكی تێدا نییە با ئەو كەسەش كە كاری لەلا ئەكات كەسێكی ناپاك و كافر بێت. بە كورتی كاركردنی موسوڵمان لەلای غەیری موسوڵمان بە كرێیەكی دیاریكراو ئەگەر كارەكە قەدەغەكراوێكی شەرعی یان مەترسییەكی لەسەر عەقیدەو بیروباوەڕی ئەو كەسە نەبوو كێشەیەكی شەرعی تێدا نییە و درووستە. واتە ئەوەی كە كاریگەری لەسەر حوكمی ئەم مەسەلە هەیە خودی كارەكەیە و پێویستە بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ناكۆك نەبێت لەگەڵ هیچ حوكمێكی ئیسلام لە كیتاب و لە سوننەتدا ، یان ئەوەی كە موسوڵمانان ئیجماعیان لەسەری كردووە كە درووست نییە ئەنجام بدرێت، جگە لەوە ئیتر كاری كرێكاری و فەرمانبەری و مامۆستایی و هەر كارێكی تر ئەگەر حەرام نەبێت خۆی لە خۆیدا لەلای موسوڵمان و لەلای غەیری موسولمانیش هەر درووستە چونكە ئەوە گرێبەستێكە لە سەر ئەنجامدانی كارێكی حەڵاڵ. لە كۆتاییدا دەڵێم: بنچینەیەكی كار پێكراوە لەلای ئەهلی عیلم كە كاركردنی موسوڵمان لەلای غەیری موسوڵمان درووستە بە سێ مەرج: 1- كارەكە كە موسوڵمانەكە بۆ بەرژەوەندی بێ باوەڕەكە یان نا موسولمانەكە ئەیكات خۆی لە خۆیدا شەرعی و جائیز بێت و سنوور بەزاندنی شەرعی تێدا نەبێت. بۆ نموونە درووستكرنی بینایەك بێت، سایەقی ئوتومبێلێك بێت لە كارێكی جائیزدا و ئیشی تری هاوشێوە. 2- كارەكە جگە لەوەی كە پێویستە حەڵاڵ بێت پێویستە بە زیانی دینی ئەو كەسەش تەواو نەبێت كە بە كارەكە هەڵدەسێت، بۆ نموونە ئەو جێگەی كاری تێدا دەكات ڕێگە بە نوێژكردن نەدرێت تێیدا یان شتی لەو شێوە. 3- ئیشەكە سەرشۆڕی و زەلیلی و سووكبوونی بۆ موسوڵمانەكە تێدا نەبێت، بۆ نموونە خزمەتكاری كەسە ناموسوڵمانەكە بكات، یان پێڵاوی بۆ دابنێت ، یان دەرگای سەیارەی بۆ بكاتەوە و شتی هاوشێوە. پێویستیشە موسوڵمان لە هەر شوێن و كارێكدا بوو ئەركی بانگەواز بۆ دینەكەی خۆی لەبیر نەكات و هەموو هەلێك بقۆزێتەوە بۆ جوان دەرخستنی دینەكەی لەلای خاوەن كار و هەموو ئەوانەی لەگەڵیدان لە كارەكەی و بەڕەوشتێكی جوان و بەرزەوە مامەڵە بكات. إحسان برهان الدین 1 ربيع الأول 1443 7 تشرینی یەكەم 2021