العربیة
/وەڵامی پرسیارەکانتان/
بەلعامی كوڕی باعورا کێیە؟
: 745
2022-06-27
  #وەڵامی_پرسیارەكانتان : 56 بەلعامی كوڕی باعورا نموونەیەكە هەمیشە نوێ دەبێتەوە بەلعامی كوری باعورا یەكێك بوو لە زاناكانی بەنی ئیسڕائیل، الله تعالی زانستی زۆری پێ بەخشیبوو، خاوەن پلەو پایەیەكی بەرز و بڵند بوو، دەگێڕنەوە شارەزایی لەو كتێبانەی پێش خۆی و سەردەمی خۆیشی هەبوو كە الله تعالی بۆ پێغەمبەرانی علیهم السلام دابەزاندووە، نزاو پاڕانەوەشی وەرگیراو بوو. هەزاران تەلەبەی هەبوو زانستیان لێ وەردەگرت و ڕێزو حورمەتی زۆ ریان دەگرت، بەلعام پەروەردەكراوی دەستی موسا بوو علیه السلام و زانستیشی هەر لە ئەو وەرگرتبوو، بەلام ئەوانە هیچ دادیان نەدا و دواجار ڕێگەی ڕاستی ون كرد و بە مەعنای گومڕابوون گومڕ بوو. لە تەفسیرەكاندا هاتووە، ئەم بەلعامە سەرەڕای ئەو زانستە شەرعییەی كە هەیبوو، سەرەڕای ئەوەی ناوی هەرە مەزنی پەروەردگاری دەزانی، بەڵام لە ناخیدا زۆر حەزی بە ناودەركردن و سومعە و ئەوە بوو هەمیشە پەنجەی بۆ ڕابكشرێت و بوترێت ئەوە مامۆستا بەلعامە، ئەوە شیخ و بانگخوازو پایەدار بەلعامە، هەر بۆیە شەیتان ئەو هەلەی قۆستەوەو هەر لەو دەرگایەوە خۆی پێ گەیاند و لە خشتەی برد و كردی بە پەند و عیبرەت تا ڕۆژی قیامەت، وەكو كەسێكی خەجالەت و لە خشتەچوو و گومڕا لە قورئاندا باس كرا و هەمیشە موسوڵمانان ئەو بەسەر هاتە دەخوێننەوە و پێویستیشە پەندی لێ وەربگرن و ئەوەش بزانن، ئەگەرچی بەلعامی كوڕی باعورا وەكو كەسایەتی و زانایەك لە كات و سەردەمێكی دیاری كراودا كۆتایی پێ هاتووە، بەڵام وەکو نموونەیەک بۆ داڕوخانی كەسایەتی و دین فرۆشتن هەمیشە تازە دەبێتەوە و لە هەموو سەردەمێکدا بوونی هەیە. پەروەردگارمان ئەو بەسەرهاتەی لە قورئاندا بۆ گێڕاوینەتەوە، ئیتر ئایا ناوی كەسەكە بەلعام بێت یان هەر ناوێكی تر بێت، گرنگ ئەوەیە كەسایەتییەكی دیندار و زانا بووە و دین و زانستەكەی خۆی بە ماڵ وپێگەو پلەو پایەی دونیا فرۆشتووە: (وَاتْلُ عَلَيْهِمْ نَبَأَ الَّذِي آتَيْنَاهُ آيَاتِنَا فَانْسَلَخَ مِنْهَا فَأَتْبَعَهُ الشَّيْطَانُ فَكَانَ مِنَ الْغَاوِينَ * وَلَوْ شِئْنَا لَرَفَعْنَاهُ بِهَا وَلَكِنَّهُ أَخْلَدَ إِلَى الْأَرْضِ وَاتَّبَعَ هَوَاهُ فَمَثَلُهُ كَمَثَلِ الْكَلْبِ إِنْ تَحْمِلْ عَلَيْهِ يَلْهَثْ أَوْ تَتْرُكْهُ يَلْهَثْ ذَلِكَ مَثَلُ الْقَوْمِ الَّذِينَ كَذَّبُوا بِآيَاتِنَا فَاقْصُصِ الْقَصَصَ لَعَلَّهُمْ يَتَفَكَّرُونَ)،الأعراف: 175-176. كورتەی تەفسیری ئایەتەكان ئەوەیە ئەو كەسە الله تعالی زانستی پێ بەخشیبوو، بەڵام ئەو ڕێزی لە زانستەكەی خۆی نەگرت و سەرباری ئەوەش زانستەكەی لە خۆی داماڵی و وەكو چۆن كەسێك كراسێك لەبەرخۆی دادەكەنێت! شەیتانیش بەو هۆیەوە زاڵ بوو بەسەریدا و ڕێگەی گومرایی زیاتر بۆ خۆش كرد و هەر بۆیە الله تعالی بە نموونەی سەگ وەسفی ئەو زانایە دەكات وەكو ئاماژەیەك بۆ نزمی پلەو پایەكەی پاش ئەوەی الله تعالی پۆشاكی زانستی لەبەر كردبوو، هاوکات وانەیەکیش بێت بۆ خەڵکی کە ئەگەر زانا کار بە زانستەکەی نەکات هیچ ڕێزو پلەو پایەیەکی لای خوا و لای موسوڵمانانیش نامێنێت، بەلعام پۆشاکی ڕێزو زانستی الله بە ئاسان لەبەرخۆی داكەند و بە هەرزانیش فرۆشتی. بەلعام دوای ئەوەی كە ڕێنوێنی گومڕاكانی دەكرد و بۆ سەر ڕێگای ڕاست دەیگێڕانەوە ، خۆی بوو بە سەركردەی گومڕاكان و مۆری گومڕابوونیش بۆ یەكجاری لە دڵی درا. باسكردنی ئەو نموونەیە لە قورئاندا و تەشبیه كردنی بەسەگ، بێ گومان بەبێ حیكمەت نییە و وانەیەكە و وریاییكردنەوەیەكە بۆ ئەوانەی زانستیان هەیە كە پێویستە زۆر وریای خۆیان بن و ڕێز لە زانستەكەیان بگرن كە الله تعالی پێی بەخشیون، ئەگینا خودی ئەو عیلمەی کە هەیانە دەبێتە مایەی شەرمەزاری دین و دونیا بۆیان، نەك بیكەن بە پەیژەیەكی سەركەوتن بۆ پلەو پایەی دونیایی و بەدەستهێنانی پارە و پێگە و دەسكەوتی مادی و مەعنەوی بۆ كەسایەتی خۆیان و دەوروبەریان، خۆ ئەگەر وایان كرد ئەوە نموونەی ئەو بەلعامی كوڕی باعورایە نموونەیەكی بەرجەستەیە لەبەردەمیاندا و مایەی ترس و تۆقین و دەرس وەرگرتنە بۆ كەسانێک تەقواو ترسی الله یان هەبێت، ئەگەرنا تاكو ئەو جۆرە خاوەن زانستانە لووتیان لە بەردی مەرگ نەدات و بیشكێنیت بە ئاگا نایەنەوە.