العربیة
/چل پەیام بۆ ئافرەتان/
ئەم سێ بنەمایە فەرزە لەسەرت بیانزانیت:38
: 341
2023-02-19

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان: 38ئەم سێ بنەمایە فەرزە لەسەرت بیانزانیت! لە درێژایی سیانزە ساڵدا لەشاری مەككە، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم خەریكی چەسپاندنی بنەماكانی عەقیدە بوو لە دڵ و دەروونی هاوەڵانیدا، الله لە هەموویان رازی بێت، بۆ ئەوەی بۆ قۆناغی داهاتوو لە كاركردن بۆ ئیسلام وكۆششكردن لە پێناویدا بە هۆی ئەو عەقیدەوە ئامادەیان بكات وتەوحید بكاتە ئەو زەمینە بەهێزەی كە لەسەری دەوڵەتی ئیسلامیان لە مەدینە درووست كرد، ئەو بنەمایەش تا ڕۆژی قیامەت پێوویستە ئوممەتی ئیسلام كاری لەسەر بكەن كەسایەتی موسوڵمانی خۆیان لە ڕۆشنایی عەقیدەدا ولەبەر ڕۆشنایی حوكمەكانیدا درووست بكەن. ئەگەر موسوڵمان بەگشتی و لێرەشدا كە وتەكانمان ئاراستەی ئافرەتان دەكەین، ئافرەتیش بەتایبەتی عەقیدەیەكی پاك و ڕاست ودرووستی بوو، ئیئتر هەرچی كردەوەی هەیە لەدوای ئەوە ڕاست و درووست دەبێت، كاتێك كە مێشك ودڵ و دەروونی لە پیسی هەموو جۆرە شیركێك پاك دەكاتەوە، ئەوە سەرەتای پێكهێنان و درووست بوونی خێزانێك و دواجار دەستپێكی كۆمەڵگایەكی موسوڵمان و پاك و موەحیدە. بۆیە بۆ ئەوەی ئافرەتی موسوڵمان ئەگەر بیەوێت وەكو ئەوەی الله پێی ڕازی دەبێت بژیت و لەسەری بمرێت، پێویستە پێش هەموو شتێك بە بەڵگەی قورئان و سوننەت وەڵامی سێ پرسیار بە وردی و بە شیكراوەیی بزانێت، وەكو زانست پێویستە لێی شارەزا بێت و لە هەموو بوارەكانی ژیانیشدا بیانكات بە كردەوەو بەرجەستەیان بكات، ئەو سێ پرسیارەش بریتین لە سێ بنەمای مەزن لە دینی ئیسلامدا هەركێ زانستی تەواوی پێیان نەبێت عەقیدەی ڕاست نابێت: بنەمای یەكەم: الله تعالی ئێمەی درووست كردووە و دەمانژێنیت وهەروا لەم ژیانەدا بەجێمان ناهێڵێت چیمان بوێت بە ئارەزووی خۆمان ئەنجامی بدەین، بەڵكو پێغەمبەرێكی بۆمان ناردووە بە دین و پەیامێكی پاك وپاراو وتێروتەسەل بۆ چاككردنی ژیان و بەختەوەری دواڕۆژمان، جا هەركێ گوێڕایەڵی بكات دەچێتە بەهەشت وكێ لێی هەڵگەڕێتەوە دەچێتە دۆزەخ، ئەم بنەمایەش شەرح و ڕوونكردنەوەو وردەكاری زۆری دەوێت وقسەو باس زۆر هەڵدەگرێت، لە كتێبەكانی عەقیدەدا بە وردی شیكراوەتەوە. بە تایبەتیش لە )الأصول الثلاثة) و شەرحەكانی بنەمای دووەم: الله عزوجل هەرگیز قبوڵ ناكات و ڕازی نابێت هیچ كەسێك، ئەگەر پێغەمبەر و مەلائیكەتیش بێت، هیچ جۆرە شیرك و هاوەڵێكی بۆ بڕیار بدات، بۆیە موسوڵمان پێش هەموو شتێك دەبێت جۆركانی شیرك لە (الربوبیة) و (الألوهیة) و (الأسماء و الصفات)دا شارەزا بێت بەو شێوەی كە لە قورئان و لە سوننەتدا باس كراون بۆ ئەوەی خۆی لێێان لابدات و لە هۆكارەكانی چوونە دۆزەخ خۆی بپارێزێت. ئەم باسەش شیكردنەوەو لێكدانەوەو ڕوونكرنەوەی زۆری دەوێت، بەهەمان شێوە لە كتێبەكانی عەقیدەدا باس كراون. ئەوەشت لەبیر نەچێت شیرك تەنها ئەوە نییە كەسێك سەجدە بۆ بتێك ببات، یان كەسێك بە پەروەردگار و ڕازق و خاوەن توانای ژیاندن ومراندن بزانێت، یان هاوار بە قەبرو شەخسێكی مردوو بكات، نەخێر، ئەوانە تەنها شێوە بەناوبانگەكانی شیركن، شێوازو و جۆری گەلێك زۆرە، بەتایبەتی لەم سەردەمەی خۆماندا شێوازی هاوچەرخی گەلێك زۆربووە، بۆیە ئەركی هەرە مەزنی موسوڵمان ئەوەیە بەتەواوی لێیان شارەزا بێت بۆ ئەوەی لێێان سەلامەت و دوور بێت. بنەمای سێیەم: هەركێ گوێڕایەڵی پێغەمبەری كرد صلی الله علیه و سلم و دانینا بە تەوحیدی الله تعالی و بە زمان وتی و كردەوەی پێكرد، نابێت خۆشەویستی بۆ هیچ نەیارو دوژمنێكی الله تعالی هەبێت، با ئەو نەیارودوژمنە نزیكترین كەسیشی بێت. ئەم سێ بنەمایە لە نامیلكەیەكی بچووكی شێخ محمد بن عبدالوهاب دا بەبەڵگەكانی ئایەت و فەرموودەی سەحیحەوە باس كراوە بەناوی (الأصول الثلاثة) كە پێویستە هەمو موسوڵمانێك بەتایبەتی ئافرەتان لە گەڵ یەكێك لەشەرحەكانیدا بیانخوێنێت، پێش ئەوەش هەر لەو نامیلكەیەدا باسی چوار مەسەلەی گرنگی تری كردووە كە پێویستە فێریان بیین ئەوانەش بریتین لە: 1- ناسینی الله وپێغەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم و دینی ئیسلام. دەبێت پێناسەی زانستی و بەڵگەداری ئەو سێ بنچینەی ئیسلامە بزانیت. 2- كردەوە بكەین بەو زانستەمان لەو سێ بوارە مەزنەدا و تەنها قسەیەكی پەتی و بەرجەستە نەكراو نەبێت. 3- ئینجا تەنها لە ئاستی كردەوە پێكردنیشیدا نەوەستین، بەڵكو بانگەوازی بۆ بكەین و خەڵكی بۆ ئەو زانست و بیروباوەڕ و خێرە بانگهێشت بكەین. 4- لەسەر هەموو ناخۆشییەكیش كە لەو ڕێگەیەدا تووشمان دەبێت ئارام بگرین. چونكە هەركێ دەعوە لەسەر ڕێبازی قورئان و سوننەت بكات، بەڕاست نەك بە ئیددیعاو سازش وخۆ گونجاندن لە گەڵ جاهیلییەتی هاوچەرخدا ، تووشی ئازار و ناخۆشی و مەینەتی دەبێت. ئەم چوار مەسەلەش هەمان ئەو مەسەلانەن كە لە سورەتی (العصر)دا هاتووە. دین و ئیمانت، عەقیدەو بیروباوەڕت، هەرگیز سەلامەت و ڕاست ودرووست نابێت، تاكو لەو سێ بنەما و ئەم چوار مەسەلە بەتەواوی شارەزا نەبیت ودواجاریش پێویستە بیكەیت بە كردەوەو لە كەسایەتیتدا ڕەنگ بداتەوە، هەركەی وات كرد، تۆ موسوڵمانێكی بەو شێوەی كە داوات لێكراوە و ڕێگای بەهەشتت گرتووەتەبەر و هەركەی بمریت لەسەر فیترەت و تەوحید دەمریت و بە دڵخۆشی وئاسوودەیی دەچیتەوە لای پەروەردگارت و بەختەوەر دەبیت ان شاء الله. هەركێیش ڕێگایەك بە ڕاستگۆیی وبە دڵسۆزی و شارەزایی و ورەی بەرزەوە بگرێتە بەر، بێگومان بە سەلامەتی و بەسەربەرزی دەگاتە جێگای مەبەست.