العربیة
/كتێب و سه‌رچاوه‌كان/
#زنجيره‌ى_كتێب_و_سه‌رچاوه‌كان : 59 نهج البلاغة
: 380
2021-10-14
#زنجيره‌ى_كتێب_و_سه‌رچاوه‌كان : 59 نهج البلاغة ناونيشانى ئه‌م كتێبه‌ له‌ دانانى الشريف الرضي يه‌، كه‌ وا بڵاوه‌ له‌و كتێبه‌دا هه‌ڵساوه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ى وتارو ونامه‌ و په‌ندو قسه‌ نه‌سته‌قه‌كانى پێشه‌وا عه‌لى ڕه‌زاى خواى لێبێت، نسبه‌تى ئه‌م كتێبه‌ بۆ عه‌لى به‌لاى شيعه‌كانه‌وه‌ قابيلى گومان نييه‌و ئه‌ڵێن هه‌موو ناوه‌ڕۆكى نه‌هجولبه‌لاغه‌ له‌سه‌ر حه‌قيقه‌ت قسه‌ى ئه‌وه‌و بوارێك نييه‌ بۆ گومان كردن له‌و باره‌وه‌ ، .به‌ڵكو محمد جعفر آل كاشف الغطاء له‌ كتيبى كشف الغطاء عن مبهمات الشريعة الغراء لاپه‌ڕه‌ 16 وتوويه‌تى: لو لم يكن في البرية قران لكان نهج البلاغة قرانهم. واته‌: ئه‌گه‌ر قورئان بوونى نه‌بوايه‌ ئه‌و كتێبه‌ وه‌كو قورئان ده‌بوو بۆ شيعه‌كان. شايانه‌ باسه‌ به‌ پله‌يه‌ك له‌وان كه‌متر هه‌ندێ له‌ ئه‌هلى سوننه‌، يان ئه‌وانه‌ى له‌ سه‌ر ئه‌هلى سوننه‌ ده‌ژمێردرێن هه‌ر پێيان وايه‌ ئه‌م كتێبه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ى له‌ فه‌رمووده‌ى عه‌لى يه‌ ڕه‌زاى خواى لێبێت سه‌ره‌تا پێويسته‌ ئه‌وه‌ بزانين كه‌ كتێبى نهج البلاغة له‌ لايه‌ن الشريف الرضي پاش سێ سه‌ده‌ له‌ وه‌فاتى عه‌لى ڕه‌زاى خواى لێبێت كۆكراوه‌ته‌وه‌ و، هيچ سه‌نه‌دێكيشى نييه‌ و بێ دياريكردنى زنجيره‌ى سه‌نه‌د وتارو نووسراوه‌كان ده‌درێته‌ پاڵ ئه‌و هاوه‌ڵه‌. مێژووناسان له‌ كۆن و نوێدا الشريف الرضي و المرتضي برايان به‌ هه‌ڵبه‌ستنى ئه‌و كتێبه‌ تۆمه‌تبار كردووه‌، به‌ تايبه‌تى الشريف الرضي خۆى شيعه‌ بووه‌و شاعيرێكى به‌ توانا بووه‌ والمرتضى براشى به‌هه‌مان شێوه‌ موعته‌زيليش بووه‌و خاوه‌ن نووسين و تواناى ئه‌ده‌بى و به‌لاغى باڵا بوونه‌، هه‌ندێ له‌ توێژه‌ران پێيان وايه‌ ئه‌گه‌ر بێت الشريف الرضي به‌ سه‌نه‌ديشه‌وه‌ ئه‌و كتێبه‌ى ڕيوايه‌ت بكردايه‌ جێگاى گومان بوو ، نه‌خوازه‌ڵا هه‌وره‌ها به‌ بێ هيچ سه‌نه‌دێكيش. زۆرن ئه‌وانه‌ى به‌ وردى و به‌ توندى به‌رپه‌رچى ئه‌و بيرۆكه‌يان داوه‌ته‌وه‌ كه‌ نهج البلاغة وتارو نووسراوى عه‌لى بن ڕه‌زاى خواى لێبێت، له‌وانه‌ التعالبي و الخطيب البغدادي و الذهبي و ابن خلكان و،ابن تيمية واليافعي والزركلي وعلي السالوس و محمد أحمد العباد و الصلابي وصالح بن فوزان و سه‌دان زانا و توێژه‌رى تر. جگه‌ له‌ نه‌بوونى سه‌نه‌د بۆ ئه‌و كتێبه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك باوه‌ڕى پێ بكات ته‌نها له‌سه‌ر متمانه‌ى الشريف الرضي شيعه‌ و المرتضى موعته‌زيلى براى مه‌گه‌ر متمانه‌ى بكات ، كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌ى تر له‌ ميانه‌ى به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ى كتێبه‌كه‌ باس ده‌كرێت ، له‌وانه‌: 1- له‌ چه‌ندين خوتبه‌ى ئه‌و كتێبه‌داهاتووه‌ كه‌ عه‌لى به‌ ڕاشكاوى تانه‌ له‌ هاوه‌ڵان ده‌دات و تۆمه‌تباريان ده‌كات و قسه‌ى نابه‌جێيان پێ ئه‌ڵێت، بۆ نموونه‌ خوتبه‌ى (الشقشقية) ئه‌مه‌ش له‌ هاوه‌ڵێكى وه‌كو عه‌لى ناوه‌شێته‌وه‌ قسه‌ به‌ پياوانێك بكات خواى گه‌وره‌ له‌ سه‌د ئايه‌تدا باسى فه‌زڵى ئه‌وانى كردووه‌. 2- وتاره‌كانى نهج البلاغة زۆر دوورو درێژه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ى هاوه‌ڵان به‌ وتارى له‌و جۆره‌ ئاشنا نه‌بوونه‌. - هه‌ندێ له‌ وشه‌ و زاراوه‌كانى موعته‌زيله‌ى تێدايه‌ كه‌ هه‌رگيز زاراوه‌ى له‌و شێوه‌ له‌سه‌رده‌مى هاوه‌ڵاندا نه‌بيستراوه‌ و به‌وه‌ش مۆركى دانه‌ره‌ ڕاسته‌قينه‌كه‌ له‌سه‌ر وتاره‌كان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ مورته‌زاى شيعى موعته‌زيلييه‌. 3- نهج البلاغة به‌ ڕاشكاوى نكۆڵى كردنى تێدايه‌ له‌ سيفاته‌كانى خواى گه‌وره‌ و بگره‌ ئينكارى بينينى خواى گه‌وره‌شى تێدايه‌ له‌ ڕۆژى قيامه‌ت و هه‌موو ئه‌وانه‌ش هه‌م له‌ عه‌لى ناوه‌شێته‌وه‌ و له‌ لايه‌كى تريشه‌وه‌ به‌ ئاشكرا دياره‌ كه‌ بيروباوه‌ڕى دانه‌ره‌كه‌يه‌تى كه‌ خۆى موعته‌زيلى بووه‌. 4- نهج البلاغة چه‌ندين فه‌رمووده‌ى له‌سه‌ر زارى عه‌لى له‌ خۆ گرتووه‌و له‌ ڕاستيدا خۆى فه‌رمووده‌ى پێغه‌مبه‌ره‌ صلى الله عليه وسلمو له‌ كتێبه‌كانى فه‌رمووده‌ ڕيوايه‌ت كراوه‌. 5- هه‌روه‌ها زۆر وته‌ى ترى تێدايه‌ كه‌ جێگير بووه‌ وته‌ى هاوه‌ڵانى تره‌ يان وته‌ى ناودارانى تره‌ دراوه‌ت ه‌پاڵ عه‌لى ڕه‌زاى خواى لێبێت. 6- شێوازو ئوسلوبى ئه‌و وتارو نووسين و نامانه‌ى له‌ نهج البلاغة دا هاتووه‌ ته‌واو جياوازه‌ له‌ شێوازى قسه‌و خوتبه‌ له‌سه‌رده‌مى عه‌لى ڕه‌زاى خواى لێبێت. 7- ئه‌م بڕه‌ وتارو نامه‌و وتانه‌ى له‌ نهج البلاغة دا هاتووه‌ زۆر زۆرن به‌راورد به‌و چه‌ند ساڵه‌ كه‌مه‌ى عه‌لى ڕه‌زاى خواى لێبێت به‌ ئه‌ركى خيلافه‌ت هه‌ڵساوه‌و له‌و شه‌ڕو ئاژاوانه‌ى له‌سه‌رده‌ميدا ڕوويانداوه‌ مه‌حاڵه‌ گێڕه‌ره‌وان توانبێتيان ئه‌و هه‌موو وتارانه‌ به‌و وردييه‌ كۆ بكه‌نه‌وه‌. 8- ئينجا وتاره‌كان زۆر وشه‌ى نامۆ و به‌كارنه‌هاتوويان تێدايه‌و ، هه‌ندێ باسى فه‌لسه‌فى و باسى ترى تێدايه‌ له‌ سه‌رده‌مى عه‌باسييه‌كان سه‌ريهه‌ڵداوه‌و، جگه‌ له‌وانه‌ش گرنگييه‌كى له‌ راده‌به‌ده‌رى تێدايه‌ به‌ سه‌جع و به‌ديع و هه‌ندێ باسى ڕه‌وانبێژى كه‌ له‌ ڕاستيدا پێش سه‌رده‌مى عه‌باسييه‌كان كه‌س ئه‌وانه‌ى نه‌بيستبوو. ئينجا وه‌كو ابن تيمية فه‌رموويه‌تى ئه‌و واتا درووستانه‌ى له‌ نهج البلاغة دا هاتوون له‌ وته‌ى غه‌يرى عه‌لى ش هاتووه‌و وا دياره‌ هه‌ردوو دانه‌رى كتێبه‌كه‌ هه‌ر وته‌يه‌كى جوانيان بينێبێت داويانه‌ته‌ پاڵ ئه‌و هاوه‌ڵه‌ به‌ڕێزه‌. هه‌روه‌ها توێژه‌ران كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌ى ئاشكرايان له‌ كتێبى نهج البلاغة ده‌رهێناوه‌ كه‌ دژ به‌ هه‌ندێكى تره‌ له‌ وتاره‌كانى نێو هه‌مان و كتێب و ده‌كرێت له‌ هه‌ندێ له‌و وتانه‌ى ده‌ردرێته‌ پاڵ عه‌لى ناڕاستى ئه‌و كتێبه‌ بسه‌لمێنرێت. ده‌مێنێت ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ين هه‌ندي له‌ غه‌يرى شيعه‌كان ئه‌و كتێبه‌يان به‌ وته‌و نووسراوى عه‌لى زانيوه‌ ڕه‌زاى خواى لێبێت له‌وانه‌ محمد عبده كه‌ هه‌ڵساوه‌ به‌ شه‌رح و ڕوونكردنه‌وه‌ى وشه‌كانى ئه‌و كتێبه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى هيچ تێبينييه‌كى له‌سه‌رى هه‌بێت، ئه‌وه‌ش له‌ ڕاستيدا سه‌ير نييه‌ له‌ محمد عه‌بدو چونكه‌ خۆى له‌ ڕووى بيروباوه‌ڕو تصور ه‌وه‌ بارى لاره‌ و تێبينى زۆرى له‌سه‌ره‌، هه‌روه‌ها عبد الفتاح محمد الحلو له‌ كتێبى: " نهج البلاغة بين الإمام علي والشريف الرضي " به‌رگرى له‌ كتێبه‌كه‌ كردووه‌و صالح الفوزان ڕه‌ددى داوه‌ته‌وه‌، جگه‌ له‌وانه‌ش چه‌ند كه‌سێكى تريش هه‌مان بۆچوونيان بووه‌ وه‌كو محمد محي الدين عبد الحميد. كتێبى (نهج البلاغة) 241 وتارو، 79 نامه‌ و، و480 په‌ندو قسه‌ى نه‌سته‌قى له‌ خۆ گرتووه‌ كه‌ هه‌مووى ده‌دريته‌ پاڵ عه‌لى ڕه‌زاى خواى لێبێت، كتێبه‌كه‌ له‌ لايه‌ن شيعه‌وه‌ به‌ تايبه‌ت شه‌رح و لێكدانه‌وه‌ى زۆرى بۆ كراوه‌، ديارترين شه‌رحيش كه‌ ناوبانگى هه‌يه‌ شه‌رحى (ابن أبي الحديد) ى موعته‌زيلييه‌، كه‌سێكيش به‌ ناوى محمد باقر المحمودي كتێبێكى له‌ هه‌شت به‌رگدا نووسيوه‌ به‌ ناونيشانى: (نهج السعادة في مستدرك نهج البلاغة) وتوويه‌تى ئه‌مانه‌ش هه‌ر وتارو فه‌رمووده‌ونووسراوى عه‌لى ن ڕه‌زاى خواى لێبێت به‌ڵام الشريف الرضي لێى ڕه‌تبووه‌و كۆى نه‌كردووه‌ته‌وه‌. بۆ نووسينى ئه‌م بابه‌ته‌ گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌ بۆ چه‌ند سه‌رچاوه‌يه‌ك له‌وانه‌: - نقد مختصر لكتاب نهج البلاغة/ محمد بن علي جميل المطيري. - كتب حذر منها العلماء/ مشهور حسن. - كتاب نهج البلاغة في ميزان اهل السنة/ عبد الله زقيل. - سايتى ويكيپيديا. إحسان برهان الدين 8- - شوال - 1438 1-7-2017 سلێمانى