العربیة
/وەڵامی پرسیارەکانتان/
ئەگەر یەکێک قورئان نەزانێت باش بخوێنێت هەر بەردەوام بێت لەسەری ئایە گوناح بار دەبێت یان بەردەوام بێت؟
: 419
2021-09-09
  #وەڵامی_پرسیارەكانتان: پرسیار 10 مامؤستا بێ زه حمەت ئەگەر یەکێک قورئان نەزانێت باش بخوێنێت هەر بەردەوام بێت لەسەری ئایە گوناح بار دەبێت یان بەردەوام بێت؟ الحمد لله/ الله تعالی لە قورئاندا فەرموویەتی: ( وَرَتِّلِ الْقُرْآنَ تَرْتِيلا ) زانایانی قیرائاتیش بەپێی ئەم ئایەتە و هەندێ بەڵگەی تر فێربوونی تەجویدیان بە واجب زانیوە، وەكو (ابن الجزري) ش لەو بارەوە فەرموویەتی: والأخذ بالتجويد حتم لازم**** من لم يجود القرآن آثم واتە: كاركردن بە تەجوید مەسەلەیەكی حەتمییە و دەبیت بە ڕەچاوكردنی حوكمەكانی جوانخویندنەوەی قورئان بێت، بەهەمان شێوە لە هاوچەخەكاندا المرصفي لە سەر ئەو بۆچوونەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم بۆچوونە چەند تێبینییەكی لەسەرە و پێویستی بە ڕوونكردنەوە هەیە: 1- ئەمە بۆچوونی هەموو زانایان نییە و بۆچوونی تریش لە كۆن و نوێدا هەیە كە فێربوونی وردەكاری تەجوید تەنها بە مستحب ئەزانێت نەك بە واجب، ترتیل یش بە مەعنای جوان خویندن و لەسەر خۆ خۆ و بە ئارامی خوێندنی قورئانە و ئەوەندەی واجبە كە حەرەكاتی وشەكان بەجوانی دەربریت و هەڵەیان تێدا نەكەیت، وردەكارییە زۆرەكانی تر بەبێ زیادەڕەوی بكرێت كارێكی باشە و نەكرێت لە پاداشتی خوێندنەكە كە ناكاتەوە و نابێتە كێشە. 2- حوكمی واجب بوون لە حاڵێكدا ئەگەر پەسەندیش بێت حوكمێكی ڕەها نییە و وكو زانایان فەرموویانە علی الكفایة یە و تایبەتە بە كەسانێك كە كات وتوانای فێربوونی ئەو هەموو وردەكارییەیان هەبێت و فێرخوازی زانست بن. 3- بە واجب تەماشا كردنی فێربوونی ئەحكامی تەجوید كە وردەكاری تیوری و كردەیی زۆری تێدایە، جۆرێك لە لەبەرچاونەگرتنی حاڵی خەڵكانێكی زۆر بەڵكو زۆرینەی خەڵكی تێدا بەدی دەكرێت كە لەبەر زۆر هۆكار ناتوانن فێری ببن، لە ڕاستیدا بەواجب دانانی فێربوونی حوكمەكانی تەجوید وەكو ئەوەیە هەموو موسوڵمانان بە فێرخوازی زانست و تەلەبەی عیلم حساب كرابن و هەم لە ڕووی كات و هەم لەرووی توانای زانستی وزماندا هیچ كێشەیەكیان نەبێت و مەسەلەكەش اوا نییە. 4- ئینجا لە فەرموودەی سەحیحدا هاتوە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (الَّذِي يَقْرَأُ القُرْآنَ وَهُو ماهِرٌ بِهِ معَ السَّفَرةِ الكِرَامِ البَرَرَةِ، وَالَّذِي يقرَأُ القُرْآنَ ويَتَتَعْتَعُ فِيهِ وَهُو عليهِ شَاقٌّ لَهُ أَجْران) متفقٌ عَلَيْهِ. لەم فەرموودەش دەردەكەوێت كە ئەو كەسەی كە هەوڵی خۆی ئەدات بۆ جوان خویندنەوەی قورئان و ناتوانێت ئەوە دوو پاداشتی هەیە پاداشتێك بۆ خویندنەوەكەی و پاداشتێك لەسەر ئەو ماندووبوون و عەزێتەی كە لە هەوڵدانی جوان خوێندنەوە تووشی ئەبێت و ناتوانێت. 5- بۆچوونی بە واجب زانینی زانستی تەجوید لەسەر موسوڵمانان تایبەتە بەهەندێك لەزانایانی تەجوید و قیرائاتەوە، بەڵام فوقەها وشەرعناسەكان لە كۆن و نویدا لەسەر ئەوەن كە موسوڵمان ئەگەر سەر وژێروبۆر لە كاتی خویندنەوەی قورئاندا ڕەچاو بكات مافی ئایەتەكەی داوە و جگە لەوە لە ئەحكامی تەجوید مستحب ە و كارێكی باشە و جوانە ڕەچاوی بكات، ئەم بۆچوونە زۆربەی زۆری زانایان دێرین وئەوانەی لەم سەردەمە لەسەرین، بەڵكو وتوویانە ڕۆچوون و زیادەرەوی لە جەختكردنەوە لەسەر جێبەجی كردنی وردەكاری تەجوید جۆرێكە لە تكلف و زۆر لە خۆكردن كە ئەوەش كارێكی باش نییە وقەدەغەیە لەشەرعدا وەكو الله تعالی فەرموویەتی: ( وَمَا أَنَا مِنَ الْمُتَكَلِّفِينَ ). 6- پێشەوا الذهبي ش لەو بارەوە لە كتێبی ( زغل العلم) و شوێنی تر لە كتێبەكانی، بێزاری زۆری نیشانداوە لەو خوێنەرانەی زۆر لە خۆیان ئەكەن و تەكەلوف ئەكەن و ڕەخنەی زۆری لێگرتوون و تەنانەت بە هەندێ خوینەری قورئانی لەو جۆرە كە ئاماژەمان پێكرد دەڵێت: (لا صبحك الله بخیر، إنك حجر منجنیق ورصاص علی الأفئدة)، هاوچەرخەكانیش بەهەمان شێوە ئەو وردەكارییە دورودرێژانەی كە بە زۆربەی خەڵك و فێرخوازانیش ناكرێت بە تنطع و زیادەڕەوی ئەژماریان كردووە و فێربوونی تەجوید جگە لە مەسەلە بنچینییەكانی بەواجبیان نەزانیوە و بەكارێكی مستحب تەماشایان كردووە، چونكە وتوویانە ئەسڵ ئەوەیە لێی تێبگەیت و بیر لە واتاكانی بكەیتەوە و لەكاتی خوێندنەوەدا موراعاتی سەروژێر و بۆر بكەیت وتەواو. 7- بەڵگەش لەسەر ئەوەی خوێندنەوەی قورئان بەو شێوە گران نییە كە هەندی وێنای ئەكەن ئەوەیە بە حەوت شێوە دابەزیوە بۆ ئەوەی خەڵكی بەكامیان توانیان و بۆیان ئاسانتر بوو بەو شێوە بیخویننەوە و الله تعالی فەرموویەتی: (وَلَقَدْ يَسَّرْنَا الْقُرْآنَ لِلذِّكْرِ فَهَلْ مِن مُّدَّكِرٍ) بەڵام ئەگەر گوێ بۆ هەندێك بگریت لە مامۆستایانی تەجوید و قیرائات بە شێوەیەك قورسی ئەكەنەوە كە كەم كەس ئەتوانێت بەو شێوە دەریبكات و ئەمەش وای كردووە هەندێك لە زانایان رەخنە بگرن و ئەوە بە زێدەرەوی بژمێرن و بەجۆرێك لە دوورخستنەوەی خەلكی لە قورئان دابنێن. 8- ئەوەشی كە جێگای داخە و هەڵەیەو پێویستە ڕاست بكرێتەوە ئەوەیە، ئەوانەی زۆر گرنگی بە تەجوید و قیرائات دەدەن لەسەر حیسابی تدبر و تێگەیشتن و ئەحكامەكانی قورئان گرنگی پێ دەدەن! چونكە زانستی تەجوید و قیرائات ئەگەر هەركەسێك ڕۆبچێت تێیدا ئیتر بەئاسانی بەئەنجام ناگات و تەمەن تەواو ئەبێت و وردەكارییەكانی ئەو زانستە تەواو نابن! بۆیە بۆچوونی فوقەها ئەوەیە كە تەنها ئەوەندەیان لە تەجوید بە واجب زانیوە كە خویندنەوەكە راست بكاتەوە وەكو حەرەكاتی پیتەكان و چەند مەسەلەیەكی تری سەرەكی، جگە لەوانە كارێكی باشەو مستحب ە موسوڵمان بیكات باشە و نەیكات كێشەی نییە. 9- بەڵگەی سەرەكی ئەوانەی بەواجبیان زانیوە ئایەتی: {ورتل القرآن ترتيلا} و {الذين آتيناهم الكتاب يتلونه حق تلاوته} هەروەها فەرموودەی كانت قراءة رسول الله صلى الله عليه وسلم مدًّا، ثم قرأ: {بسم الله الرحمن الرحيم}، يمد {بسم الله} ويمد {الرحمن}، ويمد {الرحيم} و هەروەها ئەو فەرموودەی كە ابن مسعود رضي الله عنه وشەی الفقراء ی لە قورئاندا درێژ كردووەتەوە، هەموو ئەوانەش نابنە بەڵگە لەسەر ئەو هەموو وردەكارییە زۆرانەی لە زانستی قیرائات و تەجویددا هەیە كە وەكو فەرز و واجب تەماشا بكرێن. 10- شيخ الإسلام ابن تيمية، یەكیكە لەو زانایانەی فێربوونی تەجویدی بەواجب نەزانیوە وفەرموویەتی "ولا يجعل همته فيما حجب به أكثر الناس من العلوم عن حقائق القرآن، إما بالوسوسة في خروج حروفه، وترقيمها، وتفخيمها، وإمالتها، والنطق بالمد الطويل والقصير والمتوسط وغير ذلك؛ فإن هذا حائل للقلوب، قاطع لها عن فهم مراد الرب من كلامه، وكذلك شغل النطق بـ {أأنذرتهم} (البقرة:6) وضم الميم من {عليهم ولا الضالين} (الفاتحة:7) ووصلها بالواو، وكسر الهاء، أو ضمها، ونحو ذلك، وكذلك مراعاة النغم وتحسين الصوت" ابن القیم یش بە هەمان شێوە لەسەر بۆچوونی مامۆستاكەیەتی. 11- زانا هاوچەرخەكانیش هەمان بۆچوونیان هەیە بۆ نموونە: الشيخ عبد الرحمن السعدي دەڵێت "إن التجويد بحسب القواعد المفصلة في كتب التجويد غير واجب". واتە تەجوید بەو شێوەی كە لە كتێبەكانی تەجویددا شیكراوەتەوە واجب نییە. شێخ ابن باز یش فەرموویەتی: "يجوز أن يُقرأ القرآن بغير الترتيبات والاصطلاحات التي ذكرها أصحاب التجويد، إذا قُرئ باللغة العربية قراءة واضحة، لكن إذا اعتنى بما ذكره القراء وبما ذكره أصحاب التجويد، فهذا حسن من باب تحسين القراءة) پوختەی قسەكەی ئەوەیە خوینەر دەتوانێت بەو شێوە قورئان نەخوێنێت كە كە زانایانی تەجوید شیانكردووەتەوە ئەوە پیویستە كە بەعەرەبییەكی روون بخوینێت، بەڵام ئەگەر بنەماكانی تەجویدیش جیبەجی بكات ئەویش كارێكی باشە. الشيخ ابن عثيمين یش فەرموویەتی: "أما التجويد فليس بواجب، التجويد تحسين للفظ فقط، وتحسين اللفظ بالقرآن لا شك أنه خير، وأنه أتم في حسن القراءة، لكن الوجوب بحيث نقول من لم يقرأ القرآن بالتجويد فهو آثم قول لا دليل عليه، بل الدليل على خلافه". پوختەی قسەكەی تەجوید بەو وردەكاری و شیكرنەوە واجب نییە وگوناهبار نابێت ئەگەر بەو شێوەیە نەیخوینێت. 12- داوا لە فێرخوازانی زانستی قیرائاتیش دەكەم لە كوردستان كە لەم بارەوە بە تەنها قسەی زانایانی قیرائات نەخوێننەوە و بۆچوونی شەرعناسەكانیش بزانن لە كۆن و نوێدا، بۆ نموونە : الذهبي، ابن تیمیة، زۆرێكیش لە هاوچەرخەكان، چونكە فوقەها وشەرعناسەكان لەم بارەوە دیدوبۆچوون و تیگەیشتنی پەسەند و جوانیان بۆ دەقە شەرعییەكان هەیە، هەروەها داوایان لێ دەكەم گرنگی تەنها بە حروف ی قورئان نەدەن بەڵكو زیاتر خەریكی حدود و ئەحكام و مەنهەج و عەقیدە وڕوحی قورئان بن. 13- بە پێویستی ئەزانم لە كۆتاییدا بلێم: من لێرەدا تەنها مەبەستم ئەوەبوو بڵێم كە بە واجب تەماشا كردنی زانستی تەجوید بەو واتا دێت هەركەسێك بەبێ وردەكارییەكانی تەجوید قورئان بخوێنێت گوناهبارە ئەوە بۆچوونێكی پەسەند نییە وفوقەهای ئیسلام لەسەر ئەو بۆچوونە نین و هیچ بەڵگەیەكی قورئان و سونەتی لەسەر نییە، ئەگینا بۆ كەسێك بتوانێت هەرچی وردەكاری تەجوید هەیە بەكاری بهێنێت كارێكی باشە و خویندنەوەكەی جوانتر دەبێت. من وەكو خوێشم كە ئیجازەی قیرائاتی عەشرەم وەرگرتوە نە بۆ خۆم و نە بۆ هەموو ئەوانەی كە ئیجازەیان لەلای من وەرگرتووە، ئاسانكاریم لە جێبەجێنەكردنی حوكمەكانی تەجویددا نەكردووە و بەوردی گویم لە خەتمەكانیان گرتووەو چاوپۆشیم لە هیچ هەڵەیەكیان نەكردووە، ئێستەش كە قورئان دەخوێنم هەموو وردو درشتێكی زانستی تەجوید جێبەجێ دەكەم و لە هیچ بنەمایەكی ئەو زانستە خۆم بە دوور ناگرم، بەڵام وەكو شوێنكەوتنێك بۆ زانایانی ئوممەت لە كۆن و نوێدا ئەو بنەمایانە سەرەڕای گرنگییان بەڵام بە واجبی نازانم هەموو موسوڵمانێك فێری بێت و نەلە تواناشیاندا هەیە هەموویان بەو جۆرەی كە هەیە فێری بن. كورتەی ئەم وەڵامەش ئەوەیە: فێربوونی زانستی تەجوید بەشێوەیەكی رەها واجب نییە، بەڵكو ئەوەندەی واجبە كە وشەی قورئانی پیرۆزی بەڕێك و پێكی بەسەروبۆرەوە پێ بخوینرێتەوە و لەفزەكانی پێ ڕاست بكرێتەوە و بەجوانی واتاكانی بگات، چونكە زانستی تەجوید ئەحكامێكی زۆر لە خۆی دەگرێت و هەمووی لە گرنگیدا وەكو یەك نین، هەركێیش توانای فێربوونی نەبوو بەو شێوەی كە دەتوانێت دەیخوێنێتەوە و هەوڵی خۆی چڕ بكاتەوە لە مەبەست و پەیامەكانی قورئان بەپلەی یەكەم تیبگات و دوای ئەوە چی پی كرا لە جوانخویندەوە باشە و پێشی نەكرا گوناهبار نابێت چونكە: (لَا يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا). بەڵام بە شێوەیەكی گشتی فێربوونی زانستی تەجوید بەو حوكمانەشەوە كە واجب نین بۆ كەسێك بتوانێت هاوسەنگی بپارێزێت و فێریان ببێت و لەسەر حیسابی فێربوونی واتاكانی نەبێت كارێكی باشە و پەسەندە ان شاء الله، بەڵام بەبێ تكلف و زێدەرەوی..... والله أعلم. إحسان برهان الدین 5 رمضان 1441 28 نیسان 2020