العربیة
/گشتی/
هەڵوێستی موسوڵمان لە ڕووداوەكانی غەززە
: 184
2024-01-28

جیاوازی موسوڵمان لەگەڵ غەیری موسوڵماندا ئەوەیە موسوڵمان خاوەن بەرنامە و مەنهەجێكە لە ژیانی دونیادا لەسەری ڕێدەكات و لە هەموو پرسێكی گەورە وبچووكدا كە دێنەڕێی بۆی دەگەڕێتەوە و لە ڕۆشنایی بنەماكانی بیروباوەر و عەقیدەكەیدا كە لە كیتاب و سوننەت وەردەگیرێن دەبێت ڕووداوەكان وكەس و كەسایەتی و كۆمەڵ و لایەیەنەكان هەڵسەنگێنت و لێیان تێبگات. (وَمَا كَانَ لِمُؤْمِنٍ وَلَا مُؤْمِنَةٍ إِذَا قَضَى اللَّهُ وَرَسُولُهُ أَمْرًا أَن يَكُونَ لَهُمُ الْخِيَرَةُ مِنْ أَمْرِهِمْ ۗ) الأحزاب:36. 

سەبارەت بەوەی كە لە ئێستادا لە فەلەستین دەگوزەرێت، پێم باش بوو بەچەند خاڵێكی كورت هەڵوێستی موسوڵمانی لێ ڕوون بكەمەوە بەوەی كە باوەڕم وایە ئەركی سەرشانێتی ئەنجامی بدرێت: 

1- هەڵوێستی موسوڵمان لە جولەكە و لە نەساڕا و موشریكان و هەموو دوژمنێكی ئیسلام هەڵوێستێكی عەقیدەییە و نەگۆڕە، لە ئایەتەكانی قورئان و لەسوننەتەوە سەرچاوەدەگرێت، كە بریتییە لە ڕق لێبون و دژایەتی كردنی بێ باوەڕان و دەبێت موسوڵمانان وریابن لەوەی هیچ خۆشویستن وهاوسۆزییەكیان لەگەڵ جولەكە و هیچ بێباوەڕ و موشریكێكدا نەبێت، چونكە ئەوانە الله بە دوژمنی خۆی و موسوڵمانان وەسفی كردوون، (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَتَّخِذُوا عَدُوِّي وَعَدُوَّكُمْ أَوْلِيَاءَ تُلْقُونَ إِلَيْهِمْ بِالْمَوَدَّةِ وَقَدْ كَفَرُوا بِمَا جَاءَكُمْ مِنَ الْحَقِّ) الممتحنة:1. الله ڕقی لە هەركەسێكە دوژمنانی خۆی و دینەكەی خۆش بوێت، یان هاوسۆز وهاوهەڵوێست بێت لە گەڵیاندا، ئایەتەكانیش لەم بارەو زۆرن. 

2- هەڵوێستی موسوڵمان لە برای موسوڵمان لە هەر زمان و نەتەوەو ڕەگەزێك بن، دەبێت هەڵوێستی برایەتی و خۆشویستن و پشتگیریكردن بێت بەوەی كە لە توانایدا هەیە، ئەوەش بەشێكی سەرەكییە لە عەقیدەی موسوڵمان پێی دەوترێت (ولاء) وەكو چۆن رق لێبوونی بێ باوەڕان پێی دەوترێت (براء). كەواتە سەبارەت بەمەی ئێستا لە فەلەستین ڕوو دەدا موسوڵمان جگە لە بەری بوون لە جوولەكە و دژایەتی كردنیان ئەگەر بە ڕق لێبوونی دڵی و دوعا كردنیش بووە لە دژیان هیچ هەڵوێستێكی تری لێ پاوەڕوانەناکرێت. 

3- ئەگەر بمانەوێت بنەمای برایەتی ئیسلام و (الولاء والبراء) لەسەر ئەوەی كە لە غەززە وفەلەستیندا ڕوودەدات جێبەجێ بكەین زۆر بە ڕاشكاوی و بە كورتی بەم شێوە دەبێت: جولەكە دوژمنی الله و دینی ئیسلام و موسوڵمانانن، لەگەڵ ئەوەشدا مێژوویەكی ڕەشیان لە خیانەت و لە زوڵم و ستەم بەرانبەر موسوڵمانان بە گشتی و بەرانبەر موسوڵمانی فلسطین بەتایبەتی هەیە، لە درێژایی سەدەی بیستەمەوە تاكو ئێستا چەندین كوشتارگەو وقەتڵ و عامی ئەوانیان كردووە كە دەستیان لە ژن و مناڵ و پیروپەككەوتەی موسوڵمانیش نەپاراستووە، ئەوان دوژمنێكی سەرسەختی ئیسلام و موسوڵمانانن، بۆیە واجبی ئیمانی سەر شانی هەموو موسوڵمانێك ئەوەیە لێیان بەری بێت و بەوەی كە دەتوانێت دژایەتییان بكات و هیچیشی پێ نەكرێت لە دڵەوە رقی لێیان بێت و بە زمانی لە دژیان بوەستێتەوە ودوعایان لێ بكات. 

4- جێبەجێكردنی بنەمای (الولاء والبراء) سەبارەت بە موسوڵمانانی غەززەش كە ستەمیان لێ دەكرێت و بەناحەق دەكوژرێن و بریندار دەكرێن و ماڵ و حاڵیان وێران دەكرێت ئەوەیە موسوڵمان بەوەی لە توانایدا هەیە سەریان بخات و هاوسۆز بێت لەگەڵیاندا و بەو كارەساتەی كە هاتووە بەسەریاندا دڵتەنگ بێت ودڕەندەیی جولەكە دەربخات و شەرمەزار بكات و هەر هیچیشی پێ نەكرێت بە نزاو پاڕانەوەو دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵیاندا هەڵوێستی موسوڵمانانەی خۆی نیشان بدات. 

5- لەبەر ئەوەی ئێمە وەكو كورد دوورین لە واقیعی ڕووداوەكان و تەنها لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەكانەوە زانیارییەكانمان پێ دەگات وهەندێ حەقیقەتمان لێ دەشاردرێتەوە، هەروەها لەبەر ئەوەی ئێمە قەومێكی بە سۆز وعاتیفە گەرم دەبین و هەستی نەتەوایەتی لامان بەهێزە بەبێ ئەوەی بە ئیسلامیشوە پابەند بێت، بۆیە دەبێت موسوڵمان خۆی جیابكاتەوە بەوەی كە سادە وساكار نەبێت لە بیركردنەوەو تێگەیشتی ڕووداوەكاندا و لەوە وریابێت بە شێوەیەكی گشتی و بە ڕەهایی و بەبێ قەید و شەرت بۆ مەسەلەی گەورەو هەستیار هاوسۆزی دەربڕێت، بۆ نموونە لەناو خەڵكی غەززە و فەلەستیتندا خەڵكانێك هەیە بەلێ دژایەتی ئیسڕائیل دەکەن بەڵام كارەكەیان لەڕوانگەیەكی قەومییەوە ئەنجام دەدەن و لەبنچینەوە باوەڕیان بە ئیسلام نییە یان وەكو كەلتور و هێمایەكی نەتەوایەتی لێی دەڕوانن نەك وەكو عەقیدەو بەرنامەیەک بۆ ژیان، ئەوانە هەموو ڕووداوەكان لە ڕوانگەی ململانێیەكی نەتەوایەتیەوە تەماشا دەكەن، خۆشویستن و پشتگیری ئەوانەش با دژی ئیسڕائیلیش بن هەر درووست نییە، نابێت هەركێ دوژمنی ئیسڕائیل بوو ئیتر بەبرای خۆمانی بزانین، بەڵكو تۆ وەكو موسوڵمانێك پێوەرت هەیە بۆ برایەتی و بۆ خۆشەویستی كە بریتییە لە پێوەر وفلتەری عەقیدە. 

6- مادام ئیسڕائیلیەكان جولەكەن وخاوەنی مێژوویەكی ڕەشن لە ستەم و لە مەسەلەی مافی مرۆڤدا و جولەكەش بە دەقی قورئان دوژمنی ئیسلام و موسوڵمانانە، كەواتە هەركێ لێی بدات و زیانی پێبگەیەنێت ئێمەی موسوڵمان دەبێت پێمان خۆش بێت بەلام پێخۆش بوون مەعنای ئەوە نییە خۆشەویستیمان بۆی هەبێت و وەلائمان بۆ ئەوان بێت تەنها لەبەر ئەوەی دژایەتی جولەكە دەكەن. بۆیە نەك تەنها دڵمان بەوە خۆشە حماس گورز لە ئیسڕائیل بوەشنێت، بەڵكو پێمان خۆشە ئەگەر ئیسڕائیل لەگەڵ دەوڵەتێكی كافری وەكو خۆیشیاندا بەشەڕدا بێن دوژمنەكەیان بەسەریاندا سەربكەوێت. 

7- ئەوەی كە لە غەززەدا دەگوزەرێت كارەساتێكی گەورەیە، دڕەندیی جولەكە دەردەخات و حەقیقەتی هەڵویستی جیهانیش لە پشتگیریكردنی لەناوبردنی موسوڵمانان بەرجەستە دەكات، هەروەها شاهیدە لەسەر ئەوەی كە موسوڵمانان لەم سەردەمەدا بە نامۆترین قۆناغەكانیاندا تێدەپەڕن وخودی ئیسلام لە ئەوپەڕی نامۆیی وغەریبیدایە کە هاوشێوەی لە درێژایی مێژوودا نەبووە، چونكە هەموو زلهێزەكانی ئەم سەردەمە بۆ كوشتن و قڕ كردنیان بەڕۆژی ڕوناك كۆكن، ئەمەش پێویستە ڕاستی هەڵوێستی ئەو زلهێزانە بۆ موسوڵمانان بسەلمێنێت وچیتر بە دروشمە بریقەدارە ناڕاستەكانیان فریو نەخۆن. 

8- بزوتنەوەی حەماس خەڵكێكی ڕەسەنی فەلەستینی و ئازان، ئەوەی کە پێی هەڵدەستن بەناو ئیسلامەوە دەیکەن، بەغیرەتن، خاوەن ئەزموونی جەنگ و لەخۆبوردە وقوربانیدەرن، دوژمنی سەرسەختی جولەكەن لە ئیسڕائیلدا، هەموو ئەوانە ڕاستن، بەڵام مەنهەجی بزوتنەوەی حەماس لە عەقیدەدا چۆنە؟ 

حەماس سەربەكێیە و پیاوی چ لایەنێكە؟ 

یارمەتی لە كێ وەردەگرێت و ئایا في سبیل الله ئەو چەك و یارمەتیانەی پێشكەش دەكرێت وهیچ داواكاری و مەرجی تری لەپشتەوە نییە كە لەگەڵ عەقیدەی ئیسلامدا ناكۆك و دژواربێت؟  

ئایا دەرەنجامی هەندێ لە كارەكانی حەماس دەچێتە گیرفانی كێ و لە كۆتاییدا چۆن دەبێت وسەر لە چییەوە دەردەكات؟ 

داهاتوو چ نهێنییەك دەربارەی پەیوەندییەكانی حەماس لەگەڵ هەندێ لایەندا دەردەخات وئەگەر سبەی سیاسەتی ئەو لایەنانەی كە پاڵپشتی حەماسن بەو شێوە بوو لەگەڵ ئیسڕائیل سازش بكەن حەماس هەڵوێستی چۆن ئەبێت؟ 

ئەمانەو زۆر پرسیاری تر دەكرێت بوترێت ئەوەیان مەسەلەیەكی ترە و قابیلی قسە لەسەر كردنەو نابێت لەگەڵ بابەتەكانی تردا تێكەڵ بكرێت و بەعاتیفە بڕیاری لەسەر بدرێت! چونكە قبوڵ كردن و ڕەتكردنەوەی هەر مەسەلەیەك دەبێت لە ڕۆشنایی و ڕێنوێنی عەقیدە و بیروباوەری ئیسلامیدا بێت و شتێك نییە هەروا بە عاتیفە و بەبێ وردبوونەوە لە حەقیقەتی ڕووداوەكان و ئەوەی كە لە پشت پەردەدا ڕوو دەدات موسوڵمان بتوانێت لە خۆیەوە بریاری لەسەر بدات. 

بەداخەوە دەیڵێم و باوەڕم وایە دەبێت هەموو موسوڵمانێك لەسەر ئەم بیروباوەڕە بێت: 

حماس بەم بیروباوەڕ و پاشكۆییەی كە ئێستا هەیەتی بەردەوام بێت و لەسەر ئەو بەرنامە هەڵەی خۆی بمێنێتەوە وعەقیدەی خۆی ڕاست نەکاتەوە، نەك چەند ساڵێك جارێك دەستێك لە ئیسڕائیل بوەشێنێت و ئیسڕائیلیش ئەوە بكاتە بەهانەی لەناوبردنی هەزاران موسوڵمان و قەتڵ و عام كردنی خەڵكی غەززە، بەڵكو ئەگەر حەماس بتوانێت ئیسڕائیل لەناو بدات و لەسەر نەخشە بیانسڕێتەوە ، تاكو ئەو كاتەی نەگەڕێتەوە سەر عەقیدەی كیتاب و سوننەت و وەلائوبەرائی خۆی چاك نەكات و تەبەعییەتی بە پێی قورئان و سونەت درووست نەكاتەوە وتەوبە لە لادانەکانی خۆی نەکات، هەر هەڵەیە و موسوڵمان بۆی نییە پشتگیریان بكات و هەر دەبێت نیشانەی پرسیاریان لەسەر دابنرێت. 

بەڵام كە حەماس لە ئیسڕائیل بدات و زیانیان پێ بگەیەنێت، پێمان خۆشە؟ بەلێ ئەوەیان مەسەلەیەکی ترەو زۆریشمان پێ خۆشە و حەزیش ناكەین لەبەرانبەر ئیسڕائیلدا هەرگیز شكست بهێنن، نەک لەبەر ئەوەی لەسەر مەنهەجێکی ڕاستن نەخێر، بەڵکو لەبەر ئەوەی دەکرێت الله حماس زاڵ بکاتە سەر جولەکە و ژیانیان لێ تاڵ بکەن. 

بەڵام لەبەر ئەوەی لە عەقیدەدا خاترگرتن و چاونووقاندن وخۆ گێل كردنی تێدا نییە، دەبێت ڕاشكاوانە بڵێین: حەماس لە عەقیدەیدا هەڵەی زۆرەو دەبێت خۆی چاك بكاتەوە، ئەگەر نا موسوڵمان دەبێت وریای هەڵوێست و پشتگیری كردنیان بێت، نەوەك بە پشتگیری كردنی بۆ ئەوان بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت بچێتە بازنەی پشتگیری كردنی هەندێ هێز ولایەنەوە كە هەرگیز خۆشیان بە موسوڵمانان و بە ئەهلی سوننەت و جەماعەتدا نایەت و لە ڕاستیشدا موسوڵمانیش دەبێت ژیر ولێزان بێت و لە هاوكێشەكان تێبگات و دوورترین كەس بێت لە گێلی و نەفامی و لەوەی لە ڕێگەی ختوكەدانی عاتیفەوە بەكاربهێنرێت وهەڵەی پێ بكرێت. 

9- بنەماكانی دین بەتایبەتی پرسەكانی عەقیدەو بیروباوەڕ هەمووی دیاریكراون وهیچ حیزب و لایەن و تاقمێك لە ژێر هیچ پاساوێكدا بۆی نییە بە ئارەزووی خۆی دەستكارییان بكات، بۆ نموونە بچێت لەگەڵ دوژمنێكی ئیسلامدا هاوپەیمانێتی ببەستێت بۆ سەرخستنی ئیسلام!  

یان لە پێناو ئامانجێكی بەرز و پیرۆز دا وەكو بەرگری كردن لە ئیسلام و موسوڵمانان بچن هێڵە سوورەكانی عەقیدەو بیروباوەڕ ببەزێن خۆڵ لە چاوی خۆیان وموسوڵمانان بکەن، خۆ ئەگەر كارێكی لەو شێوەیان كرد لەو حاڵەتەدا موسوڵمان بۆی نییە پشتگیرییان بكات با هەرچەند ڕواڵەتی كارەكانیان باش و پەسەندیش بێت. 

10- لە كۆتایی ئەم چەند خاڵەدا ناوەڕۆك و ئامانجی ئەم نووسینە بە كورتی دووبارە دەكەمەوە: جولەكە وهەر موشریكانێكی تر دوژمنی ئیسلام و موسوڵمانانن و ڕق لێبوونیان و دژایەتی كردنیان و خۆشحال بوون بە شكستیان دەبێت وەكو دین و ئیمان و ئەركی موسوڵمانێتی تەماشا بكرێت.  

سەبارەت بە موسوڵمانانی غەززە و هەر موسوڵمانێكی تری چەوساوە لەسەر زەویدا، هاوخەمی و نواندن و هەڵوێستی برایانە ودوعا بۆ كردنیان ئەركی سەر شانیانە و بەشێكە لە عەقیدەكەیان، چونكە واجبە لەسەریان هەموو موسوڵمانێك بەبرای خۆیان بزانن. 

بەڵام ئەوانەی كە لەم ڕووداوانەدا ڕۆڵ دەگێڕن وەكو حەماس وهاوشێوەکانی بەڵێ پێمان خۆشە كە زیان بەو دوژمانانەی الله و ئیسلام و موسوڵمانان بگەیەنن وحەزیش ئەكەین سەركەوتوو بن وجولەکە زاڵ نەبنە سەریاندا، بەڵام ئەوە نابێت وامان لێ بكات لە هەر هەڵە و لادانێكی عەقیدی و هاوپەیمانێنتییەكی دژوار لەگەڵ قورئان و سوننەتدا لەوان قبوڵ بكەین و چاوپۆشی لێ بكەین، ئیسلام ماڵی باوكی كەس نیە و دینێكە خاوەنی خۆی هەیە و ئەو خاوەنەش بەرنامەیەكی تێروتەسەلی دابەزانددووە هیچی بەجێنەهێشتووە پێویست بێت و باسی نەكات: (كِتَابٌ فُصِّلَتْ آيَاتُهُ قُرْآنًا عَرَبِيًّا لِّقَوْمٍ يَعْلَمُونَ . بَشِيرًا وَنَذِيرًا فَأَعْرَضَ أَكْثَرُهُمْ فَهُمْ لا يَسْمَعُونَ). فصلت:3-4.