العربیة
/چل پەیام بۆ ئافرەتان/
(قُلْ هَاتُوا بُرْهَانَكُمْ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ) بكە بە دروشمی ژیانت:34
: 336
2023-02-19

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان: 34 (قُلْ هَاتُوا بُرْهَانَكُمْ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ) بكە بە دروشمی ژیانت! پێوەرێكت پێ دەڵێم ئەگەر بەردەوام كاری پێ بكەیت، هەرگیز تووشی لادان و لە خشتەچوون وگومڕایی نابێت، ئەویش ئەوەیە: بۆ هەموو پرسێك كە لەم دونیایەدا دێتە ڕێت، خۆت ڕابهێنە لەگەڵ ئەوەی بەبێ زانینی بەڵگەی شەرعی ئەنجامی نەدەیت، هیچ هەنگاوێك مەنێ، هیچ گۆڕانكارییەك ئەنجام مەدە، بۆ هیچ مەسەلەیەك بە قسەی هیچ كەسێك مەكە تاكو بەڵگەكەی نەزانیت. ئەگەر داوای ئەنجامدانی كارێكت لێ كرا، با بەڕواڵەت خێر وباشیش بێت، هەر داوای بەڵگەكەی بكە، ئەگەر توانیت بۆ سەرخورانیش - وەكو هەندێ لەسەلەف فەرموویانە - سەرت مەخورێنە تاكو بەڵگەی ڕاست و درووستی ئەو كارە نەزانیت. خۆ ئەگەر وەكو گومانیش نەبێت، وەكو دڵنیابوون و زیاد بوونی زانست هەر پێویستە. مەچۆ ژێر كاریگەری هیچ كەسێكەوە وخۆت بدەیت بە دەستییەوە، مەڵێ ئەو خۆی شارەزایە و بەتەقوایە و بێ بەڵگە ئیش ناكات، ئەوە هەڵەیەكی مەنهەجییە و لەوانەیە باجەكەی بدەیت و قورس لەسەرت بكەوێت. چونكە ئەو كەسەی تۆ وا تەماشای دەكەیت مرۆڤەو مەلائیكەت نییە و مەرج نییە بەو شیوە بیت كە تۆ گومان دەبەیت! زیندووەكان متمانەیان لەسەر نییە تا لەسەر ڕێای راست و تەوحید و ئیمان دونیا بەجێ نەهێڵن، زیندووەكان هەمیشە ئەگەری تووش بوونیان بە فیتنە و لەخشتەچوون هەیە. هەرچیت كرد، یان داوات لێ كرا بیكەیت، بە پێوەری تەوحید و عەقیدە بیپێوە و بە تەرازووی كیتاب و سونەت بیكێشە، ئەگەر لێی دەرنەچوو، هەرگیز مەیكە و لێی بەری بە، ئەگەر ئەو كەسەی داوای ئەنجامدانی كردووە لێت، بە ئاسماندا هەڵفڕێت و بەسەر ئاودا بڕوات! پێوەری ڕاست و درووستی هەموو كارێك تێنەگیرانێتی لە گەڵ عەقیدە و بنەماكانی كیتاب و سونەتدا. ئەمە بكە نەخشەڕێگا بۆ خۆت. بە كورتی: پێویستە هەمو موسوڵمانێك ئایەتی: (قُلْ هَاتُوا بُرْهَانَكُمْ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ) البقرة:111. بە شێوەیەكی كردەیی بكاتە پێشەنگ و دروشم بۆ خۆی، بۆ ئەوەی بۆی ببێتە مەشخەڵی ڕێگا، تاریكییەكانی ئەم ژیانەی بۆ ڕوناك بكاتەوە و بیكاتە قەڵغانێك بۆ خۆی، لە فیتنەی شەهەوات و شوبوهات بیپارێزیت و بۆ ئەوەش كە نەكرێتە ئامرازێك بۆ ئەنجامدانی كاری هەڵە و ناشەرعی و بیدعە و لادان لە ڕێبازی ڕاست و درووستی وەرگیراو لەلای الله عزوجل. هەڵەیەكی گەورەیە و كاریگەری خراپی لەسەرت دەبێت، متمانەی ڕەها بە هیچ كەس و كەسایەتی و لایەنێك بكەیت و بەبێ داواكردنی بەڵگەی شەرعی چاوبنوقێنیت و گوێڕایەڵی بكەیت، كە الله تعالی چاوی پێ بەخشیوی وەكو نابینا مامەڵە مەكە، كە توانای تێگەیشتن و گەڕانت بە دوای بەڵگەی كارێكدا هەیە، خۆت مەدە بە دەستی كەسێكی ترەوە لە جیاتی تۆ بیربكاتەوە و حوكم لەسەر ئەو ئەو پرسانە بدات كە تۆ ئەنجامی ئەدەیت. ئەگەر كردت داوای بەڵگەی لێبكە، ئەگەر ئەو كەسە (كائنا من كان) بێت. بەڵام بۆ ئەوەی بتوانیت لە بەڵگەكان تێبگەیت و شیاویی ئەوەت تێدا بێت بلێیت (هاتوا برهانكم) كوا بەڵگە! پێویستت بە هەندێ زانستی سەرەتایی هەنوكەیی هەیە، لەوانە: 1- پێویستە سەرەتا لە پەیامی قورئان تێبگەیت و ئەرك و ڕۆڵت لەگەڵ قورئاندا تەنها خویندنەوەی بی تێڕامان نەبێت و لەوەی كە دەیخوێنیت حاڵی بیت و بیری لێ بكەیتەوە، ئەگینا ناتوانێت بەڵگەی حەق و ناحەق لەیەكتر جیا بكەیتەوە. 2 - پێویستە سنوورەكانی عەقیدە لە قورئاندا بزانیت: تەوحیدەكانی (الربوبیة و الألوهیة و الأسماء و الصفات) بناسیت، لە هەموو جۆرەكانی شیرك و بیدعە بكۆڵیتەوە وبیانناسیت، ئەگینا چۆن خۆتی لێ دەپارێزیت. 3- هەروەها لەوە تێبگەیت كە شەرعدانان تەنها مافی پەروەردگارە و لەوەش حاڵی ببیت كە تۆ ئازاد نیت كێت خۆشبوێت و ڕقت لە كێ بێت بەپێی ویست و حەزو میزاجی خۆت، چونكە قورئان و سوننەت بە ڕوونی ئەو سنوورانەی دیاری كردووە و جیایانی كردووەتەوە. 4 - پێویستە بە ڕوونی و بەپوختی چەمك و واتای لا إله إلا الله و مەرجەكانی ڕاست و درووستی و شایەتمان و هەڵوەشێنەرەوەكانی بزانیت. ئەگەرنا مەترسی ئەوەت لەسەرە بكەویتە ناو یەكێك لە هەڵوەشێنەرەوەكان و بەخۆیشت نەزانیت. 5- هەندێك زاراوەی تایبەت بە بیروباوەڕ هەیە، زۆر گرنگە پێناسەكانی بزانیت، چونكە لەم ڕۆژگارەی خۆماندا بەڕوونی و بەبەڵگەی زانستییەوە شارەزایان نەبیت، بۆ ی هەیە سنووریان ببەزێنێت، لەوانە، زاراوەی: النفاق، الضلال، الجاهلیة، الفسق، الردة، الشرك، الكفر، الحكم بغیر ما أنزل الله، الولاء و البراء، 6 - پێویستە بە شێویەكی زانستی وبەبەڵگەوە لەوە تێبگەیت كە كەس نییە لە غەیب و داهاتوو و چارەنووسی بەندەكان بزانێت جگە لە الله كە خۆی درووستیانی كردووە، بەوەش لە جۆرەكانی لادانی عەقیدی ڕزگارت دەبێت گومانت لەوە نامێنیت باوەر بوون بە بورجەكان و خوێندنەوەی فنجان و ڕۆیشتنە لای فاڵگرەوەو ساحیر و زۆر شتی تر ، ئەگەر لە بازنەی ئیسلامیش دەرت نەكات، هیچ نەبێت كردەوەكانت پوچەڵ دەكاتەوە. 7 - پێویستە بزانیت وكاریش بە زانینەكەت بكەیت، كە گوێڕایەڵی فەرمانەكانی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم و شوێنكەوتنی وشەریعەتی پەروەردگارت و نكۆڵی كردن و ڕەتكردنەوەی هەموو شەرع یاسا و ڕێبازیكی تر، فەرزە لەسەرت و موسوڵمانبوونت وەكو ئەوەی الله تعالی و پێغەەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم داوایان لێ كردووی، بەوەوە بەستراوە. 8 - پێویستە بزانیت خۆشویستنی هاوەڵان و پشتگیریكردنیان بە شێكە لە عەقیدەو بیروباوەڕت و ئەوە بە دین و ئیمانی بزانیت. 9 - هەروەها پێویستە بزانیت بیدعە لە دین و لە عیبادەتەكاندا كارەساتێكە و شێوێنەر و تێكدەری دینە و دینداری ورگیراو تەنها لەسەر بنەمای قورئان و ڕۆشنایی سونەت دەكرێت و جگە لەوە لادان و گومڕاییە و، بیدعەیەك نییە پێی بوترێت بیدعەی چاك، بەڵكو هەموو بیدعەیەك ئەگەر بەڕواڵەتیش چاك بێت هەر خراپە و گومراییە وەكو پێغەمبەر صلی الله عليه و سلم فەرموویەتی. ئەگەر ئەمانەو چەندین زانست و زانیاری تری پێویستت نەزانی و لێی بێ ئاگابیت، دڵنیابە مەترسی لەخشتەبرانت لە ئارادایە و بە هۆی وەرنەگرتنی زانستی شەرعی پێویست، نەتتوانیوە پارێزگاری پێویست بۆ دینی خۆت دەستەبەر بكەیت. ئەگەر لەو خاڵانەی سەرەوە كە وەكو نموونە ئاماژەم پێكرد خۆت شارەزا كرد، ئیتر بە ئاسان ناكەویتە هەڵەی عەقیدەو بیروباوەڕەوە، چونكە زانستی شەرعی بۆت دەبێتە بنەماو بنچینەیەكی تۆكمە لەسەری ڕادەوەستیت و بەرچاوت ڕوون دەبێت. بەڵام ئەوانەی لەسەر بنەمای متمانەكردنی بێ بەڵگە كار دەكەن و سەرەڕای هەبوونی دوچاو كە الله تعالی پێی بەخشیون هەر دەبێت كەسێك دەستیان بگرێت و ڕێگایان پێ نیشان بدات، ئەوانە پێكهاتەیان بەو شێوەیە و هەر دەبێت پاشكۆبن و دواجاریش (قل هاتوا برهانكم ) بۆ ئەوان نییە، چونكە هەر بیریش لەوە ناكەنەوە داوای بەڵگەی شەرعی هیچ قسە و هەڵوێست و هەنگاو و كار و كردەوەیەك بكەن، ، چونكە لەبەر ئەوەی زانستی شەرعییان نییە؛ بەڵگەی كیتاب و سوننەت و بەڵگەی كەس و كەسایەتی و سەركردەیەك كە لە میزاج و لە گیرفانی خۆیانەوە بەڵگە دەربهێنن، یەكسانە بەلایانەوە. كچان و خوشكان و دایكانی بەڕێزمان! لەوانە مەبن وپەلە بكەن لە بەدەستهێنانی زانستی شەرعی، هیچ نەبێت بابەتە سەرەكی و هێڵە پانەكانی تەوحید و عەقیدە فێر ببن، بۆ ئەوەی بتوانن(قُلْ هَاتُوا بُرْهَانَكُمْ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ) بكەن بە دروشمی ژیانتان.