العربیة
/گشتی/
خاڵە هاوبەشەكانی نێوان مەڕ و مرۆڤ
: 4
2026-07-25

خاڵە هاوبەشەكانی نێوان مەڕ و مرۆڤ

سەرەڕای ئەوەی جیاوازی زۆر لە نێوان گەل و ڕاندا هەیە، بۆ نموونە مرۆڤەكان كە گەل پێك دەهێنن خاوەنی ژیری و عەقڵن و توانای ڕەخنەگرتنیان هەیە وڕێگای خۆیان بە ویستی خۆیان وبەبیركردنەوە و بەراوردكاری هەڵدەبژێرن وهەمیشە جیاواز لە ئاژەڵەكان هەست بە لێپرسراوێتی ئایینی و ڕەوشتی دەكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵیك خاڵی هاوبەش گەل و ڕان بەیەكەوە گرێ دەدەن، لێرەدا ئاماژە بۆ هەندێكیان دەكەم:
1- گەل و ڕانیش هەمیشە دوای زۆرینە دەكەون، هەردوولایان وادەزانن زۆرینە واتە حەق و ڕاستی و هەمیشە بەچاكترین بژاردەی دەزانن، واتە زۆرینە چی كرد تۆیش وا بكە، ئەوەش هەڵەیەكی گەورەیە كە مرۆڤەكان لەگەڵ مەڕەكاندا كۆدەكاتەوە.
شایانی باسە زۆرینە بە لە چەمكی قورئانیدا هەمیشە وەكو حاڵەتێكی زەمكراوی و نەرێنی باس كراوە: ﴿ وَإِن تُطِعْ أَكْثَرَ مَن فِي الْأَرْضِ يُضِلُّوكَ عَن سَبِيلِ اللَّهِ ۚ إِن يَتَّبِعُونَ إِلَّا الظَّنَّ وَإِنْ هُمْ إِلَّا يَخْرُصُونَ﴾ الأنعام: 116.

2- هەروەكو چۆن مەڕەكان پێویستیان بەشوانێكە سەرپەرشتیان بكات، گەلانیش پێویستییان بە سەركردەیەكە سەركردایەتییان بكات، خاڵی هاوبەشی هەردولایان ئەوەیە زۆر جار بەحەق و ناحەق، بەڕاست و بەچەواشەكاری دواجار دوای ئەو سەركردەو وشوانە دەكەون، ئەمەش لە كاتێكدایە هەر میللەتێك وا بكات دەبوو میللەتی موسوڵمان گوێڕایەڵی و شوێنكەوتنی ببەستایەتە گوێڕایەڵی سەركردەكە بۆ ئیسلام، چونكە (لا طاعة لمخلوق في معصیة الخالق). بە سەركردەیەكیش ڕازی بوایە كە حوكمی بەشەرعی ئیسلام بكردایە.

3- ترس لە خۆ جیاكردنەوە لە كۆمەڵ، چۆن هیچ مەڕێك بیر لەوە ناكاتەوە خۆی لە مەڕەكانی تر جیا بكاتەوە، مرۆڤەكانیش هەمیشە ترسی جیابوونەوە - هەموو جۆرە جیابوونەوەیەكی فیكری وسیاسی و كۆمەڵایەتی - لەدەوروبەریان زاڵە بەسەریانەوە.
بۆیە دەبینیت مرۆڤەكان هاوشێوەی زۆرینە ڕەفتار دەكەن لەترسی ئەوەی بەجۆرێكی جیاواز تەماشا نەكرێن ویان لە ترسی ئەوەی كاتێك بزانن پەراوێز خراون، یان هەندێ جار لە ترسی سزا و لەدەستدانی بەرژەوەندی، دەبینی مرۆڤەكان مەبەستیانە وەكو زۆرینە مامەڵە بكەن و ئەگەر لە ناخیشیانەوە لەگەڵیاندا جیاواز وناكۆك بن، وا خۆیان نیشان بدەن كە وەكو ئەوان بیر دەكەنەوە و لەوان جیاواز نین. واتە ئەوەندەی بەو پەندە كوردییە كار دەكەن كە دەڵێت: چوویتە شاری كوێران دەست بەچاوتەوە بگرە، كار بەو هەموو ئایەت و فەرموودانە ناكەن داوایان لێ دەكات حوكم بە شەریعەت بكەن: وَأَنِ احْكُم بَيْنَهُم بِمَا أَنزَلَ اللَّهُ وَلَا تَتَّبِعْ أَهْوَاءَهُمْ وَاحْذَرْهُمْ أَن يَفْتِنُوكَ عَن بَعْضِ مَا أَنزَلَ اللَّهُ إِلَيْكَ ۖ فَإِن تَوَلَّوْا فَاعْلَمْ أَنَّمَا يُرِيدُ اللَّهُ أَن يُصِيبَهُم بِبَعْضِ ذُنُوبِهِمْ ۗ وَإِنَّ كَثِيرًا مِّنَ النَّاسِ لَفَاسِقُونَ)المائدة: 49. (إِنِ الْحُكْمُ إِلَّا لِلَّهِ ۚ)یوسف:40.

4- خاڵێكی تری هاوبەش لە نێوان مەڕەكان و مرۆڤەكاندا ئەوەیە، بیروبۆچوونەكان دەگوازرێنەوە، وەكو چۆن ترس و شپرزەیی لەناو مەڕەكاندا بە خێرایی و بە هەڵەداوان تەشەنە دەكات، لەناو مرۆڤەكانیشدا بەهەمان شێوە زۆر شتی خراپ لەناویاندا وەكو پەتا تەشەنە دەكات و دەگوازرێتەوە، نموونەی ئەوانەش ترس و وتی وتی و بوغزو قینە و هەندێ هەلوێستی تر دەبینی لەناویاندا بەزوویی بڵاو دەبێتەوە.
لەمەدا مرۆڤەكان بەهۆی ڕاگەیاندنەكانەوە پێشی ڕانە مەرەكانیان داوەتەوە ، كە ڕۆڵی كاریگەر دەبینن لە پەرەپێدان وتەشەنە پێكردنی پلانی پیلان داڕێژەرەكان وڕەخساندنی ڕێگاكانی بڵاوبوونەوەی.

5- مەڕەكان هەمیشە بەدوای سەلامەتی و ئاسایشدا دەگەڕێن مرۆڤەكانیش بەهەمان شێوە لە پێناو سەلامەتی و هێمنی و ئەمن و ئاسایشدا ئامادەن قوربانی بەهەر شتێكی تر بدەن.
ئاژەڵەكان ترسی دڕندە و دوژمنەكانیان هەیە دۆخەكەیان لێ تێكبدات، مرۆڤەكانیش هەروان ترسی دڕەندە مرۆییەكان دایاندەگرێت، هەروەها ترسی مرۆڤەكان لە دەسەڵاتداران و لە یاسا و ڕێساكانی ناو كۆمەڵگا وترسی ئەوەی پێناسەیەكی جیاواز نەكرێن، یان ناووناتۆرەیەكیان لێ نەنرێت لەناو كۆمەڵگادا نامۆیان بكات و كاریگەری خراپی لەسەر ژیانیان هەبێت، بۆیە مرۆڤەكان هاوشانی مەڕەكان هەردوولایان بەدوای سەلامەتی و ئەمن و ئاسایشدا وێڵن وهەموو تەنازولێكی بۆ دەدەن.

سەرەڕای ئەم خاڵە هاوبەشانەی نێوان مرۆڤ و مەرەكان وزۆر خاڵی هاوبەشی تریش، بەڵام مێژوو، هەروەها زانستی دەروونی و كۆمەڵناسی دەڵێن: هەوڵەكانی دەستەمۆ كردن و زەلیلكردنی میللەتان هیچ كاتێك لە مێژوودا بەردەاومی نەبووە، چونكە - مرۆڤەكان جیاواز لە مەڕەكان - توانای هوشیاری و بیركردنەوە و ڕەخنەگرتن و بەراوردكاری و خۆ ڕۆشنبیركردن یان هەیە و ئەوەش وا دەكات بیركردنەوەی مەڕ ئاسا هەڵوەشێنێتەوە.
لەوانەیە ئەو هوشیاری وخۆجیاكردنەوەی مرۆڤەكان لە ڕانە مەرەكان دوابكەوێت، بەڵام وەكو وتم بەڵگەكانی مێژوو، دەروونناسی، كۆمەڵناسی ئەوە باس دەكەن كە خاڵە هاوبەشەكانی نێوان گەلان و ڕانەكان هەتا هەتایی نییە.