پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە لای پەروەردگاری سكاڵا دەكات و دەفەرموێت: ئەی پەروەردگارم قەومەكەم كە تۆ منت بۆ ڕێنوێنی كردنیان و گەیاندنی تەوحید پێیان ڕوانە كرد، پشتیان لە قورئانەكەی تۆ هەڵكرد وهەجریان كرد.
زانایان بەسەر ڕواڵەتی ئایەتەكاندا تێپەڕ نابن بێ ئەوەی كۆمەڵێك وانەی لێ دەرنەهێنن و واتاكانی ڕوون نەكەنەوە، ابن قیم الجوزیة بەرحمەت لە كتێبی (الفوائد)دا كە ناوەكەی بە خۆیەتی و كتێبێكی زۆر بەسوودە، لەسەر ئەم ئایەتە دەوەستێت و دەفەرموێت هەجر كردنی قورئان و پشت تێكردنی جۆری هەیە و هەندێك لە جۆرەكانی باس دەكات، منیش لێرەدا بە كورتی باسیان دەكەم و دەیانبەستمەوە بە واقیعی لای خۆمانەوە:
جۆری یەكەم: نەبیستن و گوێنەگرتن بۆ خوێندنەوەی قورئان، واتە كەسەكە هیچ مەبەست نییە بەلایەوە گوێ لە قورئان بگرێت، لە ماڵ و لەناو سەیارەو و لە دەوام و كاتی ئیشوكاریدا، یان هەر گوێبیستی قورئان نابێت، یان بە دەگمەن گوێی بۆ دەگرێت، لە جیاتی ئەوەش گوێ لە گۆرانی و مۆسیقا دەگرێت ودڵی پێی خۆش دەبێت، یان گوێ لە هەر شتێكی تر دەگرێت، بەڵكو لەوانەیە ئەگەر بچێتە ماڵێك یان لەناو سەیارەیەكدا قورئان لێبدرێت بلێت خۆ تەعزێ نییە؟! چونكە لای زۆرێك لە قەومی كورد قورئان زیاتر بۆ كاتی پرسە و ناخۆشییە، یان كاتێكی زۆر كەمی بۆ تەرخان ئەكەن وتەواو، لە كاتێكدا لە گۆرانی یان لە سروود بەردەوام گوێبیستیان بێت بێزار نابێت، ئەوەش كارێكی ناشەرعییەو عاقیبەتی زۆر خراپە و یەكێكیش لە دەرەنجامە خراپەكانی ئەوەیە دڵی موسوڵمان ڕەق دەكات و پەیوەندی لەگەڵ قورئاندا تەواو لاواز دەكات.
تەنانەت ئەگەر گوێگرتن لە سرودی ئایینی و وتاری مامۆستایانیش لەسەر حیسابی گوێگرتن لە قورئان بێت هەر كارێكی خراپە و ئەوەش دەبێت بە جۆرێك لە هەجركردنی قورئان، لێرەدا مەبەستمە بڵێم:
ئەركی دایكانە بە پلەی یەكەم لە زۆربەی كاتەكاندا بە سوڕەتی البقرة و سوڕەتەكانی تری قورئانی پیرۆز ماڵەكانیان ئاوەدان بكەنەوە، با بەدەنگی هەر قورئانخوێنێك كە بە تەرتیلێكی جوان و بە دەنگێكی خۆش قورئان دەخوێنێت قورئان لەناو ماڵەكەیدا ببیسترێت، بێگومان نابێت بەبەردەوامی بێت و بەڵكو مەبەست ئەوەیە لە زۆربەی كاتە گونجاوەكاندا بێت و دەنگەكەش زۆر بەرز نەبێت و بەشێوەیەكیش نەبێت ڕێگر بێت لە ئەنجامدانی ئیش و كاری ئەندامانی خێزان، ئەگەر دەنگی قورئان بوو دەنگێكی ئاشنا وبیستراو لە ماڵدا ئەوە كارێكی باشە و چاوەڕوانی بەرەكەت و كاریگەری باشی لێ دەكرێت، وەكو بە جێهێشتنی كاریگەری ئیمانی باش لەسەر ئەندامانی خێزان وبەتایبەتی مناڵان كە لەسەر گوێگرتنی قورئان ڕابێن كاریگەری باشی لەسەر پەروەردەو لەسەر كەسایەتییان لە دواڕۆژدا دەبێت.
جۆری دووەم: كارپێنەكردنی قورئان و حیساب نەكردن بۆ سنوورەكان و حەڵاڵ و حەرامەكانی، ئەوەش خراپترین جۆری هەجر و پشت هەڵكردنە لە قورئانی پیرۆز، لەو حاڵەتەدا گوێیشی لێ بگیرێت هەر سوودێكی نابێت، چونكە دەبێتە ڕۆتینێكی بێ تام و بێ گیان، بێگومان ئامانجی كۆتایی لە گوێگرتن و خویندنەوەی قورئان باوەڕهێنان و كارپێكردنی قورئانە نەك تەنها خوێندنەوەیەكی ساردوسڕ.
جۆری سێیەم: ئەوەیە قورئانی مەزن نەكرێتە بەرنامەی ژیان و لە واقیعی ئەم ڕۆژگارەدا حوكمی پێ نەكرێت، ئەوە هەجرە و دەبێتە ڕەتكردنەوەی قورئان وەكو بەرنامەیەكی بەتوانا و بەكەڵك بۆ ئەم سەردەمە! ئەگەر قورئان حوكمی پێ نەكرێت و خەڵكی حوكم بە بەرنامە و یاسا و ڕێسای تر بكەن، ئەوا هیچ مەعنایەك بۆ بانگەشەی باوەڕبوونیان بە قورئان و گوێگرتن لێی و دانانی لە كتێبخانەكاندا نامێنێتەوە.
جۆری چوارەم: خوێندنەوەی قورئان بە پەلە پەل و خوێندنەوەی خێرا بۆ ئایەتەكان و بە بێ هیچ وەستانێك لەگەڵ تەفسیری ئایەتەكان و زانینی حوكمەكان و بیركردنەوە لە مەعناكانی و هەڵێنجاندنی واتا ووانە لە پشت واتا ڕواڵەتییەكانی ئایەتەكان، واتە وەكو خوێندنەوەی زۆربەی زۆری خەڵكی لای خۆمان و شوێنانی تریش، خوێنەرەكە خەتمەیەك و دە خەتمە و سەدان خەتمە دەكات، بەڵام لەوەی كە دەیخوێنێت هیچ تێناگات، وا تێگەیشتووەو وا تێگەیندراوە كە تەنها خوێندنەكە بەسە بۆ ئەوەی بە ئەندازەی چیاكان پاداشت و چاكەیان پێ كۆ بكاتەوە، بۆیە دەبینی كەسی وا هەیە قورئان دەخوێنێت و پێچەوانەی عەقیدەكەی كار دەكات و چاوەڕوانیشە لەسەر خوێندنەكەی بەهەشتی بەرینی پێ بدرێت، ئەو هەڵەیەش لە ئەنجامی تدبر نەكردن و تێنەگەیشتن لە تەوحید و سنوورەكانی بیروباوەڕ سەرچاوە دگرێت لە قورئاندا.
جۆری پێنجەم: جۆرێكی تر لە هەجر و پشت هەڵكردن لە قورئان ئەوەیە خوێنەرەكەی نەیكات بە چارەسەری نەخۆشییەكانی دڵ و دەروونی، بەڵكو بۆ جەستەشی، دەبینین زۆر كەس قورئان وەكو شیفا و چارەسەر تەماشا ناكات، لە كاتێكدا الله عزوجل فەرموویەتی: (وَنُنَزِّلُ مِنَ الْقُرْآنِ مَا هُوَ شِفَاءٌ وَرَحْمَةٌ لِّلْمُؤْمِنِينَ ۙ وَلَا يَزِيدُ الظَّالِمِينَ إِلَّا خَسَارًا ) الإسراء:82. قورئان ڕەحمەت و شیفایە بۆ ئیمانداران، لە دەردی جەهل و نەفامی لە خۆبەزلزانین و ئێرەیی و هەموو دەردەكانی دەروونیان ڕزگاریان دەكات، لە فەرموودەی سەحیحیشدا هاتووە كە هاوەڵان بە قورئانی پیرۆز چارەسەری كەسێكیان كردووە كە مار پێوەی داوە، هەروەها كارێكی باشە هەندێك جار باوكان و دایكان لە كاتی نەخۆشی و شڵەژان و نارەحەتی مناڵەكانیاندا، ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز وەكو ڕوقیە بەسەر منداڵەكانیاندا بخوێنن ، كە ئەوەش دەبێتە جۆرێك لە چەسپاندنی عەقیدە و هاوكات دەبێت بە جۆرێك لە پەروەردەی ئیمانی بۆیان.
هەموو ئەمانەی كە ئاماژەیان بۆ كرا لە هەجری قورئان و پشت تێ هەڵكردن و ڕوو لێ وەرگێڕانی ، دەكرێت بەشێك بێت لە مەعنا و تەفسیر بۆ ئایەتی: (وَقَالَ الرَّسُولُ يَا رَبِّ إِنَّ قَوْمِي اتَّخَذُوا هَذَا الْقُرْآنَ مَهْجُوراً} الفرقان:30
إحسان برهان الدین
25 ربيع الأول 1445
2023-10-10