العربیة
/سوننەت/
ئایا ڕاسته‌ خه‌ڵكی مه‌دینه‌ به‌ (طلع البدر علینا ) پێشوازیان له‌ پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم كردووه‌؟
: 4967
2018-04-12

ئایا ڕاسته‌ خه‌ڵكی مه‌دینه‌ به‌ (طلع البدر علینا ) پێشوازیان له‌ پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم كردووه‌؟ 

زۆرێك له‌ كتیبه‌كانی سیره‌ ئه‌و رووداوه‌ ده‌گيرنه‌وه‌ كه‌وا خه‌ڵكی شاری مه‌دینه‌ به‌ سروودی طلع البدر علینا پێشوازیان له‌ پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم كردووه‌ له‌ كاتی كۆچكردنیدا ، له‌ ڕاستیدا ئه‌و ڕووداوه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای فه‌رمووده‌یه‌كی لاواز درووست بووه‌ ، كه‌ پێشه‌وا (البیهقي) له‌ ڕێگه‌ی كه‌سێك ده‌یگێڕێته‌وه‌ به‌ ناوی (ابن عائشة ) كه‌ نه‌هاوه‌ڵ بووه‌ نه‌ تابیعی نه‌ تابیعی تابیعیش ! فه‌رمووده‌كه‌ لاوازه‌و و (ابن حجر) له‌ فه‌تحدا به‌ معضل ناوی بردووه‌ و ئه‌لبانی ش له‌ هاوچه‌رخه‌كاندا به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ (سلسلة الأحاديث الضعيفة والموضوعة وأثرها السيء في الأمة ) به‌رگی یه‌كه‌م ، به‌ ژماره‌ی ( 598 ) هێناویتی. بێگومان زۆرێك له‌ زانایانی تر له‌ كۆن و نوێدا ئاماژه‌یان به‌ لاوازی ئه‌و فه‌رمووده‌ كردووه‌ كه‌ گوایه‌ ژن و مناڵ و خه‌ڵكی مه‌دینه‌ به‌ گشتی به‌م سرووده‌ پێشوازییان له‌ پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم و ئه‌بو به‌كری هاوه‌ڵی ڕه‌زای خوای لێبێت كردووه‌:

طلع البدر علينا * * * من ثنيات الوداع

وجب الشكر علينا * * * ما دعا لله داع

به‌ڵگه‌یه‌كی عه‌قڵی گرنگیش جگه‌ له‌ لاوازی سه‌نه‌ده‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ ناو خودی سرووده‌كه‌ ئاماژه‌ی تیدایه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م ڕووداوه‌ وا نیه‌ كه‌ باس ده‌كرێت ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ . (ثنیات الوداع) وه‌كو ناوچه‌كه‌ ناكه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌و ڕێگه‌ی له‌ مه‌ككه‌وه‌ دێته‌ ناو مه‌دینه‌وه‌ ، به‌ڵكو ده‌كه‌وێته‌ لای باكوری مه‌دینه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕێگای ته‌بووك و شام ، یه‌عنی هه‌ر بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ و نموونه‌ ئه‌گه‌ر پێشوازی له‌ كه‌سێك بكه‌یت له‌ ناو شارى سلێمانییه‌وه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ی عه‌ربه ته‌وه‌ هاتبێت و تۆ بچیت بڵێیت یاخوا به خير يێيت له ريگه‌ی تاسڵوجه‌وه‌!...یه‌كێ له‌ شته‌سه‌یره‌كانیش ئه‌وه‌یه‌ (أبوحامد الغزالي) ئه‌م رووداوه‌ ده‌كاته‌ به‌ڵگه‌ بۆ حه‌رام نه‌بوونی گۆرانی !

إحسان برهان الدین

2016-9-30 سلێمانی