العربیة
/سوننەت/
خوتبە ئایەت و فەرموودە بێت كاریگەرترە!
: 462
2022-06-01

خوتبە ئایەت و فەرموودە بێت كاریگەرترە! پێویستە وتاربێژ لە وتاری هەینیدا زیاتر خوتبەكەی بریتی بێت لە ئایەت و فەرموودە ، هەروەها وتەی هاوەڵان و تابیعی و پیاوچاكان و پێشینان لەوانەی كە بە شوێنكەوتنی كیتاب و سوننەت ناسراون و تەكانیان هانی موسوڵمانان دەدەن كە دەست بەو دوو سەرچاوە بگرن. خوتبە بە ئایەت و بە فەرموودە بێت و بە جوانی و بە ڕوونی واتاكانی بخرێتە ڕوو، كاریگەری لە سەر دڵ و دەروونی كەسەكان زیاترە لەوەی وتاربێژ قسەی تر بكات، با بەشێوەیەكی كاتی خەلكیش پێی كاریگەر بن، چونكە خەڵكی بە فیترەتیان ئایەت و فەرموودە زیاتر كاریان تێدەكات و هەر ئەو دوو سەرچاوەش بەپیت و بەرەكەتن بۆ ڕێنوینیان. پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم - وەكو ابن القیم دەڵێت - لە وتارەكانیدا باسی هیدایەتی قورئان و تەوحید و بنەماكانی ئیمان و ئیسلام و بانگەوازی بۆ لای الله بۆ هاوەڵان دەكرد، هەروەها باسی نیعمەتەكانی پەروەردگاری بۆ دەكردن و فەرمانی پێ دەكردن بە یادی الله و سوپاس كردنی، هەروەها مەزنی ناوو سیفەتە بەرزەكانی الله ی بۆ دەخستنە روو. بەڵام ئێستا زۆر جار خوتبە ئەوەندەی قسەی خەتیبەكە خۆی و قسەی مرۆڤەكانی تری تێدایە ئەوەندە ئایەت و فەرموودەی تێدا نییە، بەڕاستی ئەمڕۆ خەڵكی لەرووی عەقیدەو بیروباوەرەوە لێیان قەوماوە و تووش بوونە، بۆیە هەر خەتیبێك لەسەر ڕێگای هیدایەت بێت، ئەبێت بەردەوام باسی عەقیدە بكات و هەموو شتێكی تریش كە باسی دەكات بەتایبەت عیبادەتەكان پێویستە هەمووی ببەستێتەوە بە عەقیدەو بیروباوەڕو تەوحیدەوە، بەردەوامیش پێویستە خەڵكی لەشیرك و لە بیدعە بترسێنیت و ئەهلی شیرك و بیدعەش ئەگەر بەناراستەوخۆش بووە بناسێنیت، نەك باسی هەندێ مەسەلە بكات وەكو ئەوەی لەسەدەو سەردەمێكی تردا بێت ئاگای لە كێشە و كارەساتی موسوڵمانانی سەردەمی خۆی نەبێت! خەتیبەكان پێویستە خۆیان لە قسەی دوورودرێژ و نمایشی رەوانبێژی و قسەی ئینشائی بەدوور بگرن، ئەو قسانە كاریگەریشی هەبێت مەسەلەیەكی كاتییە و وەكو ئایەت و فەرموودەكان نین. نابێت خەتیب لە دۆڵێك بێت و خەڵكی لە دۆڵێكی تر بن، ئەوانەی ئامادەی وتاری هەینی ئەبن بە پلەی یەكەم كێشەیان لە عەقیدەدا هەیە، كەسیان نە عارەق خۆرن و نە بە سوو مامەڵە دەكەن و نە داوێن پیسن و نە شەڕ بە دراوسێ دەفرۆشن، كەچی مامۆشتا هەر لەو تاوانانە دەیانترسێنن كە خۆیان لە بنچینەوە لێی دوورن، یان باسی نوێژو ڕۆژوو وزەكاتیان بۆ دەكەن كە ئەوان خۆیان ئەیكەن بەڵام كێشەیان لەو بنچینەدا هەیە كە ئەو عیبادەتانەی لەسەر دادەمەزرێنن! ئەوان پێویستیان بە ڕوونكردنەوەی جۆرەكانی تەوحید و شیرك و بنەماكانی ئیمان و ڕوونكردنەوەی لا إله إلا الله و ولاء و براء هەیە، پێویستیان بەوەیە بزانن چی زیان بە شایەتمان و بە موسولمانێتیان دەگەیەنێت بۆ ئەوەی حۆیانی لێ بپارێزن، ئەمڕۆ خەڵكی لە دینی حەق دوور خراونەتەوە و دینداری تەواو لە واقیعی ژیانیاندا كاڵ بووەتەوە، مامۆستایانیش تەنها باسی تەزكیەی نەفس و عیبادەتیان بۆ دەكەن، بێ ئەوەی بە بیروباوەڕەوە بیبەستنەوە، پێویستە پێیان بڵێن كە سەرەتا و پێش هەموو شتێك دەبێت لا إله إلا الله بە پێناسەو بە مەرجەكانییەوە لە خۆتاندا بەرجەستە بكەن و خۆتان لە هەڵوەشێنەرەوەكانی بپارێزن، ئینجا عیبادەتتان لێ وەردەگیرێت. ئەو ئیسلامە گەورەی كە بەرنامەیەكی تێروتەسەلە بۆ دین و دونیا، بچووكتان كردووەتەوە لەچەند بابەتێكدا و ساڵانێكە - بە كۆمەڵێك هۆكار - لەو بازنە تەسكە دەرناچن و بەوەش دینتان لەچاو خەڵكی و لە ژیانیاندا بچووك وسنووردار كردووەتەوە. لەبەر ئەوەش كە زۆرێك لە خوتبەكان - ناڵێم هەمووی - بە ئایەت و فەرموودەی پەیوەندیدار بە حاڵ و كێشەو گرفتی موسوڵمانانەوە ئاوەدان ناكەنەوە و لەبەرانبەریشدا - ئیتر بەهەر هۆكارێك بێت- بەشێكی زۆر لە ئیسلام ناخەنە روو، بۆیە لە جیاتی ئەوەی مینبەرەكان ببنە جێگای بڵاوكردنەوەی زانستی بە سوود و دەستگرتن بە ئیسلامی حەق، دەبینین زۆرێك لەو مینبەرانە ناتوانن ڕۆڵی پێویستی خۆیان بگێڕن وهاوكات هۆكاری دیار نەبوونی كاریگەری هەزاران وتاری هەینی لە هەفتەیەكدا ڕوون دەكاتەوە بۆمان. إحسان برهان الدین 13 شوّال 1442 25 أیار 2021