العربیة
/قورئان/
با ئه‌م ڕه‌مه‌زانه‌ خه‌تمه‌يه‌كى جياواز بكه‌ين ::
: 318
2022-05-30

با ئه‌م ڕه‌مه‌زانه‌ خه‌تمه‌يه‌كى جياواز بكه‌ين :: موسوڵمانان به‌ شێوه‌يه‌كى گشتى قورئان ده‌خوێنن، به‌ شێوه‌يه‌كى تايبه‌تيش له‌ ڕه‌مه‌زاندا و زۆربه‌مان به‌لاى كه‌مه‌وه‌ له‌و مانگه‌دا خه‌تمه‌يه‌ك ده‌كه‌ين، ئامۆژگارى خۆم له‌ پێش ئێوه‌ ده‌كه‌م خه‌تمه‌ى ئه‌م ساڵمان با خه‌تمه‌يه‌كى جياواز بێت، به‌ڵكو شوێنه‌وارو كاريگه‌رييه‌كى گه‌وره‌و گرنگ له‌ ژيانماندا درووست بكات. مه‌به‌ستم له‌ خەتمەی جياواز ئه‌وه‌يه‌ ته‌نها په‌له‌ى ته‌واو كردنيمان نه‌بێت و ئه‌م خه‌تمه‌ با به‌ هێمنى و له‌سه‌ر خۆ و به‌ لێوردبوونە و بە (تدبر) بێت، به‌ڵێ با به‌ (تدبر) بيخوێنينه‌وه‌، هه‌روه‌كو الله تعالی فه‌رموويه‌تى: (أَفَلَا يَتَدَبَّرُونَ الْقُرْآنَ أَمْ عَلَىٰ قُلُوبٍ أَقْفَالُهَا ) ، ئێمه‌ مه‌حروم و بێ به‌شين له‌و چێژه‌ى هاوه‌ڵان و زانايانى سه‌له‌ف و شوێنكه‌وتوانيان هه‌ستيان پێ ده‌كرد، به‌ڵێ له‌وانه‌يه‌ بارى قورسى گوناهه‌كانمان هۆكارێكى ڕاسته‌وخۆى ئه‌و چێژ وه‌رنه‌گرتن و سوود نه‌بينينه‌ بێت، به‌ڵام بێگومان ئاسته‌نگى گه‌وره‌ لێ وردنه‌بوونه‌وه‌و تەدەببور نه‌كردنێتى! كه‌ قورئان ده‌خوێنين په‌له‌مانه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ى خه‌تمه‌كه‌ بكه‌ين و به‌دوايدا خه‌تمه‌يه‌كى تر بكه‌ين، وەكو ئەوەی خوێندنەوە تەنها لەبەر خوێندنەوە بێت، زۆرجار له‌ خێرايى خوێندنه‌وه‌دا هه‌ر نازانين پەروەردگارمان چيمان پێ ده‌فه‌رموێت و چيمان لێ داوا ئه‌كات، هه‌ر ئه‌وه‌مان لا گرنگه‌ ئه‌و وێرده‌ى دامانناوه‌ بۆ به‌رنامه‌ى مانگه‌كه‌ ته‌واوى بكه‌ين، له‌وانه‌شه‌ – پەنا بە الله– باسيشى بكه‌ين كه‌ له‌وه‌نه‌ كاتدا توانيمان ئه‌وه نده خه‌تمه‌ بكه‌ين، كە ئەوە هەڵەیەكی گەورەیە و هیچ پێویستییەك نییە قورئانخویندن و عیبادەتی خۆت بۆ خەڵكی باس بكەیت. خويندنه وه ى‌ قورئان به‌ بێ تدبر وه‌كو دووباره‌كردنه‌وه‌ى هه‌زاران جار (لا اله الا الله) يه به‌ بێ ئه‌وه‌ى پێناسه‌و مه‌رجه‌كان و هه‌ڵوه‌شێنه‌ره‌وه‌كانى بزانين، یەك جار بڵێی لا إله إلا الله و مافەكانی بدە لە هەزاران وتنەوەی ساردوسڕ باشترە كە نەزانیت: مافەكانی، مەرجەكانی، واتاكانی، چین و هەر دووبارەی بكەیتەوە! ئه‌ميش هه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌ وايه‌، له‌وانه‌شه‌ ئه‌و به‌ڵێنه‌ له‌ فه‌رمووده‌كاندا دراوه‌ كه‌ هه‌ر پيتێكى ده‌ چاكه‌ى له‌سه‌ره‌ بۆ خوێندنه‌وه‌يه‌كى ورد و له‌سه‌رخۆ و به‌ (تدبر) و كارپێكردن بێت، نه‌ك وه‌كو ئه‌وه‌ى گورگێگت به‌دواوه‌ بێت و له‌ ترسيدا هه‌ڵهاتبيت وا په‌له‌ت بێت بۆ ته‌واو كردنى خه‌تمه‌كه‌. كەسی وا هەیە نەك خەتمەیەك، دە خەتمە دەكات لە ڕەمەزاندا، من قسەم لەسەر نیەتی و پاداشتی نییە ئەوە كاری الله یە، بەڵام دەزانم لە دونیادا وەكو زانستی شەرعی وكاریگەری و وەكو ئەوەی ببێتە هۆكارێك بۆ تێگەیشتن لە بنەماكانی ئیسلام ئەو جۆرە قورئانخوێندنە سوودی نییە. يه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانى خراپى حاڵى موسوڵمانان و ئه‌و دووبه‌ره‌كى و جه‌هله‌ى له‌ نێوياندا په‌يدا بووه‌ ، بێگومان ئه‌وه‌يه‌ كه‌ له‌ قورئان تێناگه‌ن، هەروەها كاريشى پێ ناكه‌ن، جگە لە بەشێكی كەمی بابەتە شەرعییەكانی نەبێت، بەڵام سەبارەت بەو عەقیدە و بیروباوەڕەی كە لە دوو توێیدا هاتووە، كەمن ئەوانەی بە كردەیی باوەڕیان پێیەتی، كەمتریشن ئەوانەی كە باوەڕیان پێیەتی و كاری پی دەكەن. ئه‌گه‌ر لە هەرشوێنیكی دونیادا ده‌سه‌ڵاتێك زۆربه‌ى حوكمه‌كانى قورئان په‌ك بخات كە پەكیشیان خستووە ، موسوڵمانان هيچ كێشه‌يه‌كيان نييه‌، لە خه‌تمه‌ى خۆياندا به‌و ساردوسڕيه‌ى جاران بەردەوام دەبن و وا ده‌زانن هيچيان له‌ چاكه‌و خزمه‌تى دينى ئیسلام نه‌هێشتوه‌ه‌ته‌وه - كە واش نییە - سەبارەت بەوەش كه‌ زۆربەی حوكمەكانی قورئان به‌ شێوه‌يه‌كى كردارى و پراكتيكى له‌ سه‌ر زه‌مينه‌ى واقيع وەلا نراون و پەراوێز خراون ز ئه‌وه‌يان هه‌ر هه‌ستى پی ناكرێت و لەوانەشە نكۆڵی لێ بكرێت. من به‌ هه‌لى ده‌زانم به‌ هه‌موو موسوڵمانێكى به‌ڕێز كه‌ تواناى تێگه‌يه‌شتن و قووڵبوونه‌وه‌ى هه‌يه‌ بڵێم: ئه‌م ساڵ له‌م مانگه‌ پيرۆزه‌دا قورئان به‌ قووڵى بخوێنە ، به‌ هه‌موو ڕه‌ه‌هه‌نده‌كانييه‌وه لێی وربەرەوە‌، پەلەی تەواوكردنیت نەبێت! پەلەی تێگەیشتن و لێ قوڵبوونەویت هەبێت! قورئان واته‌ سه‌رچاوه‌ى بيروباوه‌ڕ و ڕێبازی دین و ژین، سەرچاوەی تێگەیشتنی شەریعەت و عەقیدەكەمانە‌، تاكە ڕێگایە بۆ تێگه‌يشتن له‌ حه‌قيقه‌تى دونيا و مرۆڤ و به‌رنامه‌كان، سوود نه‌بينينى خه‌ڵكى له‌ قورئان خوێندن به‌ هۆى تدبر نه‌كردنى ئايه‌ته‌كانه‌، ئه‌گينا وه‌ك تێبينى ده‌كرێت ئه‌وانه‌ى له‌ ڕۆژ ئاوا كه‌ عه‌ره‌بيش نازانن، كاتێك بڕيار ده‌ده‌ن لێكۆڵێنه‌وه‌ له‌ قورئان بكه‌ن، ده‌بينين دواى چه‌ند مانگێك يه‌كسه‌ر موسوڵمان بوونى خۆيان ڕاده‌گه‌يه‌نن، واتە لە واتا و مەبەست و سوودەكانی بۆ دین و دونیا تیدەگەن، لای خۆمان بە پێچەوانەوە سەدان جار خویندوویەتییەوەو شوێنكەوتووی بەرنامەی دژ بە بەرنامەی ئەو قورئانەیە، وەكو ئەوەی مەسەلەكە تەنها خوێندنەوە بیت و تەواو! ئه‌م بانگه‌وازه‌م بۆ خۆمه‌ پێش ئه‌‌وه‌ى بۆ ئێوه‌ بێت، با وه‌كو (ابن تيمية) بە ڕەحمەت بێت كه‌ ئايه‌تێكمان خوێنده‌وه‌ و لێى تێنه‌گه‌يشتين سه‌ر بخه‌ينه‌ سوجده‌ بۆ الله و بڵێن: " يَا مُعَلِّمَ إبْرَاهِيمَ عَلِّمْنِي " نه‌ك كێبڕكێى ته‌واو كردنى ئايه‌ته‌كانمان بێت و وه‌كو حاسيبه‌ پاداشته‌كانى بژمێرين، كه‌ هه‌ر پيتێك له‌ ئايه‌تيكدا ده‌ پاداشتى تێدايه‌، كێ ئه‌ڵێت الله‌ ئه‌و پاداشته‌ گه‌وره‌ به‌ ئێمه‌ومانان ده‌دات كه‌ هیچ غیرەتێكمان لەسەر قورئانەكەی نییە و كار بەبەشێكی زۆر كەم و ئاسانی دەكەین كە بە پیی بەرژەوەندەكانی ژیانمان یان خۆمان هەڵمان بژاردوووە، یان ئەوەیە كە ڕیگەمان پێدراوە، قورئانخوێندنيش هه‌ر وه‌كو نوێژو عيباده‌ته‌كانى تره‌، ئايا كه‌سێك نوێژ له‌و ئه‌وپه‌ڕى نيه‌ت پاكى و خشوع و ته‌سليم بوون به‌ الله‌ بكات ، وه‌كو كه‌سێكه‌ كه‌ خۆيشى نازانێت له‌ نوێژه‌كه‌يدا چى ئه‌ڵێت و له‌ گه‌ڵ ده‌ست پێكردنى نوێژ داڵغه‌و ئه‌ندێشه‌و لێكدانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات تا ئه‌و كاته‌ى سه‌لام ده‌داته‌وه و كاریگەریشی لەسەر ژیانی درووست نەكردووە؟! گومانى تێدا نييه‌ كه‌ سوننه‌تى صحيح پێويسته‌ هاوڕێ له‌ گه‌ل قورئاندا بخوێنرێته‌وه‌ و هه‌ردوكيان وه‌كو دووباڵن موسوڵمان به‌ هۆيانه‌وه‌ به‌ره‌و ڕه‌زامه‌ندى و به‌هه‌شتى پەروەردگار پێیان دەفڕێت، به‌ڵام لێره‌ باسم له‌سه‌ر خه‌تمه‌يه‌كى قورئان بوو كه‌ له ره مه زاندا به‌ تدبر بخوێنرێته‌وه‌.. هه‌روه‌ها شايانى باسه‌ ئه‌وه‌ش بڵێم كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌وانه‌ى وا ئه‌زانن تدبر ى قورئان هيچى پێويست نييه‌ جگه‌ له‌وه ى دڵت لاى ئه‌وه‌ بێت كه‌ ئه‌يخوينيته‌وه‌و چه‌ند جار دووباره‌ى بكه‌يته‌وه‌ بۆ گه‌يشتن به‌ مه‌به‌ست، پێم وايه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا تدبر پێويستى به‌ هه‌ندێ ئامراز هه‌يه‌ وه‌كو شاره‌زايى زمانى عه‌ره‌بى و په‌نا بردنه‌ به‌ر هه‌ندێ فەرهەنگ و به‌لاى كه‌مه‌وه‌ دوو ته‌فسيرو هه‌ندێ ئامرازى تر كه‌ ئه‌وه‌ش باسێكى سه‌ربه‌خۆى ئه‌وێت، به‌ڵام ئه‌و خوێندنه‌وه‌ى كه‌ به‌ په‌له‌ به‌سه‌ر ئايه‌ته‌كاندا تێپه‌ڕيت ئه‌سته‌مه‌ سوودێكى به‌رچاوى له‌ ژيانى موسوڵماندا هه‌بێت ئه‌گه‌ر هه‌زار خه‌تمه‌ى له‌و جۆره‌ش بكات..والله اعلم. داواكارم الله تعالی‌ به‌ لوتف و به‌زه‌يى خۆى دامانپۆشێت و به‌ ميهره‌بانى خۆى له‌ گوناهه‌كانمان ببورێت، والحمد لله الذي بنعمته تتم الصاحات. إحسان برهان الدين