العربیة
/ئەدەب/
ئەدۆنیس شاعیرێكی گەورە یان دزێكی گەورە؟!
: 418
2022-05-29

ئەدۆنیس شاعیرێكی گەورە یان دزێكی گەورە؟! ئەدۆنیس كە خۆی ناوی (علي أحمد سعيد إسبر)ە، شاعیرێكە هەڵوێستەكانی ڕوونن لە نەیارێتی ئیسلامدا و بچووكترین هەل دەقۆزێتەوە بۆ تانەدان و سووكایەتی كردن بە پەروەردگار و بە غەیب و بە ئیسلام بە شێوەیەكی گشتی كە وا دیارە داخێكی گەورەی كردووە بە دڵییەوە، هۆنراوەكانی ئەدۆنیس - بە بۆچوونی من و زۆر لە پسپۆڕانیش - تا بڵێی بێ تام و ناشیعریانەن! شیعرەكانی وەكو پەخشانی كەسێكی ئەتایست وایە كە ڕەهەندی فیكری تێدایە وبەرجەستەكردنێكە بۆ بیروبۆچوونەكانی كە زۆرێكی لە كتێبی (الثابت و المتحول) و نووسینەكانی تریدا باسی كردوون! جارێكیان نەزار قەبانی شاعیری بەناوبانگ، كە هاوڕێی ئەدۆنیس بوو و دواتر پەیوەندییان تێكچوو، پێی وت: ئەدۆنیس تو شەرەفت! خۆت لە خۆت تێدەگەیت لە شیعرەكانتدا چی دەڵێیت ؟ بەڵام ڕاگەیاندنی عەلمانی لە وڵاتە عەرەبییەكان و بگرە لە تەواوی جیهاندا هەوڵ دەدەن وەكو شاعیرێكی زۆر گەورە و بەتوانا تیشكی بخەنە سەر، كە من بۆ خۆم پیم وایە ئەو زلكردنە بە هۆی باكگراوندی توندی ئەوە لە دژی ئیسلام. كاظم جیهاد لە كتێبی ( أدونیس منتحلا) واتە: ئەدۆنیس وەكو دزێك! لێكۆڵینەوەیەكی زانستیانەی ئەنجامداوە و بە دەیان بەڵگەی ڕوون و ئاشكرا دەهێنێتەوە لە سەر ئەوەی كە ئەدۆنیس دزێكی گەورە بووە نەك شاعیرێكی گەورە، دەیان لە هۆنراوەكانی دەهێنێت و دەیسەلمێنیت كە لە (النفري و الأصمعي و وأبو یزید البسطامي ...)و ...هەروەها لە زۆرێك لە شاعیرو ئەدیبە ڕۆژئاواییەكان وەكو (هایدغر و بێرس و باث و ستیتة و بونو...)وەریگرتوون و دەستی بەسەرا گرتوون. بەڵام ئەدۆنیس بەهۆی هەڵوێستەكانی دەربارەی ئیسلام، مەكینەیەكی ڕاگەیاندنی زەبەلاح لە پشتەوەیەتی وهەمیشە وەكو شاعیرێكی بەتوانا و مەزن وێنای دەكەن، لە كاتێكدا وەكو لە كتێبی ( أدونیس منتحلا) ی كاظم جیهاد و، تێزی دوكتۆرای ( الجسد المرئي والجسد المتخیل فی شعر أدونیس - قراءة تناصیة) ی المنصف الوهایبی و، هەروەها ( مَنْ كَتَبَ تحولات العاشق أدونیس أم النفري؟) ی عادل عبد الله، لە بەڵگەكانی هەموو ئەو توێژەرانە دەردەكەوێت، ئەدۆنیس شاعیرێكی گەورە نەبووە، بەڵكو دزێكی لێزان بووە دەستی گرتووە بەسەر بەرهەمی ئەدەبی و فیكری زۆرێك لە شاعیر و بیرمەند و سۆفی و توێژەری ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاواییدا، بەڵام بەدبەختی ئەو لەوەدا بوو كە جگە لە تەكنەلۆجیا، كەسانی توێژەرو لێكۆڵەری هەر وەكو خۆی عەلمانی پەردەیان لە سەر راستیەكان هەڵماڵی و ڕاستی ئەو شاعیرە بەناو گەورەیان ئاشكرا كرد. إحسان برهان الدین 13 جمادى الآخر 1442 26 كانونی دووەم 2021