العربیة
/گشتی/
بەرپەرچدانەوەی گومانەكان با نەبێتە تەشەنە پێکردنیان!
: 400
2021-11-06

بەرپەرچدانەوەی گومانەكان با نەبێتە تەشەنە پێکردنیان! زیادەڕەوی لە بەرپەرچدانەوەی گومانی گومڕاكان و مولحیدەكاندا كارێكی باش نییە و پێچەوانەی بەرژەوەندی ئیسلام و موسوڵمانانە، ئیلحاد لە كۆمەڵگای خۆماندا هێشتا نامۆیە و تەنانەت لە نێو گەنجانیشدا نەبووەتە دیاردەو وڕێژەكەی نزم ەو كەمە، بەڵام ئەگەر زۆریش بێت هەر پێویستی بە میكانیزمێكی سەلامەت و گونجاوە بۆ كاركردن ئەویش بچووكردنەوەی گومانەكان و بە خێرا بەسەریاندا تێپەڕبوون و شیكردنەوەی وەڵامدانەوەكە بە شێوەیەكی زانستی و لێزانانە و هەستكردن بە گیانی بەرپرسیارێتی. كارێكی باش نییە دیاردەیەكی دزێ ونامۆ و ناجۆر لەگەڵ فیترەتی مرۆڤ زەق بكرێتەوە و حاڵەتێك لە ڕۆچوون و زیادەڕەوی لەو بارەوە درووست بكرێت چونكە بۆی هەیە دەرەنجامی پیچەوانەی لێ بكەوێتەوە. قسەكردنی زۆر لەسەر گومانەكان دەربارەی الله و ئیسلام و شەریعەت و تاقمە گومڕاكان و بیروباوەڕەكانیان وەكو بەكارهێنانی دەرمانە پێویستە بەوریایی و بەڕێژەی زانستی خۆی بێت، هەر هەڵەیەك لەو بارەوە دەگونجێت ببێتە فیتنەیەك ولەجیاتی ئەوەی ڕێگایەك بێت بۆ بەرپەرچدانەوەی خاوەن گومانەكان ، لەوانەیە ببێتە هۆكارێك بۆ لە خشتەچوونی خەڵكانێكی تر كە لە بنچینەوە ئاگاداری ئەو گومانانە نین و تۆ بەو كارت بۆیان شیدەكەیتەوە و تۆی گومانەكان لە دڵ ودەروون وهزریاندا دەچێنیت. هەڵەیەكی گەورەیە خول لە دوای خول بكرێتەوەو كتێب وبڵاوكراوەی زۆر بنوسرێت لەسەر گومانی مولحیدەكان وتاقمە گومڕاكان وبازاڕی لێ پڕ بكرێت چونكە: 1 - ئەو گومانانە هێشتا تەشەنەیان نەكردووە لە كۆمەڵگای خۆماندا، بۆیە تەنها دەبێت لە ئاستێكی تایبەت و سنوورداردا بە پێی كاریگەری و بڵاوبوونەوەیان بەرپەرچ بدرێنەوە، نەك بەناو كۆمەڵگادا فووی پێدا بكرێت وڕۆژ لە ڕۆژ خەلكی بۆ بانگ بكرێت لەو بوارە ئیش بكەن وپسپۆڕی وەربگرن، كە دوور نییە سبەی هەندێك لەوانە خۆیان لە خشتە نەچن و نەبنە دیلی ئەو گومانانە یان بانگخوازی ئیلحاد. 2 - زۆر كەس هەن بەڵكو زۆرینەی ڕەها لە بنچینەوە ئەو گومانانەیان هەر نەبیستووە، تۆ دەچیت بۆیان شەرح دەكەیت وبە وردی مەبەست و گومانی مولحیدەكان شیدەكەیتەوە و جوان كەسانێكی داماوو بێ ئاگا حاڵی دەكەیت، بە دووری مەزانە لە گومانەكان جوان تێبگەن و لەلایان بچەسپێت، بەڵام لە وەڵامەكەی تۆ تێنەگەن یان تێبگەن بەڵام قەناعەتی پێ نەكەن! 3- وەڵامدانەوەی شوبهەو گومان ئەبێت لەسەر بنەمای كورتكردنەوەی گومانەكە و شیكردنەوەی وەڵامەكە بێت لە ڕوناكی كیتاب و سوننەت و زانستی هاوچەرخدا، بەڵام هەیە بێ ئەوەی بە خۆی بزانێت گومانەكە شیتەڵ دەكاتەوەو لە زەینی بەرانبەردا دەیچەسپێنیت، دواییش وەڵامێكی لاواز و كورتی گومانەكە دەداتەوە دەداتەوە، ئەوە تاوانە و كەسێكی نەزان دەیكات كە خۆی لێ بووەتە ئیمامی غەزالی. 4- ڕاستییەكی تاڵە كە كورد لە زۆربەی بوارە زانستی و مەعریفییەكانەوە - بەداخەوە ئەیڵێم - لە دواوەیە، دوور نەڕۆین بە بەباشترراورد بە عەرەبەكان ئەوان لە هەمو شتیكدا لە پێشەوەی ئێمەن، لە دینداری لە بێ دینیشدا، كورد لە حیزبایەتی و قەومچێتی و خۆ بەزلزانین و خۆ لە میللەتانی تر بەباشتر ویناكردن زیاتر زیرەكن، لەم بوارەشدا بەهەمان شێوە كەسانی وایان تێدا نییە لە ئاستیكی زانستی بەرزدا بن، بۆ نموونە كەسیان توانای د.سامي عامري یان نییە لە بوارەكەدا، بۆیە نابێت خۆیانیان لێ بگۆڕێت و وابزانن زاڵ بوونەت سەر وەڵامدانەوەی ئەو گومانانەدا ودوای ماوەیەك لە جیاتی بڵاوكردنەوەی دڵنیایی كۆمەڵێك گومانی زۆر هەڵڕێژنە ناو گۆڕەپانی فیكری و خەڵكی خاوەن بڕوانامەوە نەخوێندەوار وەكو ئەوەی لەم ڕۆژگارەدا پەیدابوونە. 5 - ڕەددانەوەی شوبهەو گومان تەنها لەو كەشو هەواو جێگەدا دەبێت ئەنجام بدرێت كە تێدا بڵاوبووتەوە بە دیاری كراوی، نەك بەزۆرترین كەسی بگەیەنین و ڕاگەیاندن و تۆرە كۆمەڵأیەتییەكانی بۆ تەرخان بكەین، ڕەنگە تۆ بویتایە گومانی وایان هەر نەدەبیست تاكو ماون!، نابێت وەكو پەتاو نەخۆشی جەستەیی ڤاكسینی بۆ بەكاربهێنین وبڵێین پێش ئەوەی گومانەكەیان پی بگات با بەهێزی بكەین، ئەمە ئینفلەوەنزا و كۆرۆنا نییە، گومانە و لە خالكی دڵدا كە چاندرا ڕەنگە ئیتر دەرنەچێت و بنەبڕ نەكرێت. 6 - ڕوی داوە و چاوەڕوان كراویشە، بیسەر و خوینەری ئەو وەڵامانە لە گومانەكە تێبگەن و وەریبگرن، بەڵكو قەناعەتیشی پێ بكەن، بەڵام ڕەددانەوەكەی بەلایانەوە لاواز و نازانستی بێت، بەڵكو لەوانەیە هەل ومەرجێكیان بۆ درووست بێت تەنها بواری گویگرتنیان بۆ گومانەكە هەبێت و تا بگەنە وەڵامە مێشكیان بكاتە جێگای نیشتەجیبوونی گومانەكە. 7 - مەنهەجی پێشینیانی ئوممەت ئەوە نەبووە بچن قسەی گومڕاو بێ باوەڕان بهینن ونمایشی بكەن و شیبكەنەوە بۆ خەڵكی و بەوردی بەرپەرچی بدەنەوە، بەڵكو تا بكرێت لەو جۆە كەسانە دابڕاون و تەشهیریان پێ كردوون و ئەوانیان بۆ خەڵكی پێناسە كردووە وەكو كەسانیكی گومراو لادەر بۆ ئەوەی كەس ئیتر لە گوی لە قسەكانیان نەگرێت. 8 - شوهرەت و ناودەركردن مەرج نیە بەواتای هەبوونی زانست بێت ومەرج نییە بەوە یەكسان بێت، بەڵام لە كوردستانە سەیرەكەی خۆمان وایە، میزەرو جوببەو دەركەوتن لە تەلەفیزیۆن و بڕوانامەی بەرز و دروشمی بی ناوەڕۆكیش هەمووی بەمەعنای زانستوبگرە بلیمەتی دێت، بەڵكو زانست و لێهاتوویی لە بوارێكی دیاری كراویشدا یەكسان نییە بەوەی لە بواری بەرپەرچدانەوەی گومانەكاندا ئەو كەسە لێهاتوو و زیرەك بێت، چونكە ئەوە بوارێكی هەستیارە چەند كێشەی لە لێهاتوویی و كارامەیی هەبیت ئەوەندە دەرەنجامەكانی ئیشەكەی بە پێچەوانەوە دەبێت، بەتایبەتی بۆ كەسایەتییە كوردەكانی خۆمان كە هۆكاری شوهرەتیان هەرچی بێت بە دەگمەن بریتییە لە زانست و شارەزابوونی ئەو كەسە لە كیتاب و سوننەت، بە داخەوە زۆر جار نە جێگیربوونیشە لەسەر مەنهەج و ڕێبازی پێشینان، بەڵكو شتێكی ترە پەیوەندی بەوانەوە نییە یان لەگەلیان پێچەوانەشە. بۆیە نابێت هەركێ لەبەر هۆكاری جیاواز ناسرا ومەشهور بوو ئیتر لە بواری بەرپەرچدانەوەی ئیلحاد و گومانیشدا حیسابی كەسێكی بەتوانا و بلیمەتی بۆ بكرێت و ئەو كەیسە ترسناكەی ڕادەست بكرێت، ئەوە وەكو ئەوە وایە پزیشكێكی پسپۆڕی پێست بچێت نەشتەرگی دڵ ومێشك بۆ نەخۆشێك ئەنجام بدات و بڵێ چی تیایە خۆ منیش دواجار پزیشكم با خۆم تاقی بكەمەوە بەڵكو سوودێكی باشم گەیاند! 9- هەندێ لەوانەی دەچن بەرپەرچی گومانی مولحیدەكان دەدەنەوە خۆیان بەچەندین گومان و هەڵەی مەنهەجی و عەقیدەیی ترەوە تێوەگلاون و جارێ پێویستە خۆیان چاك بكەن دوایی بچن بە بیانووی بەرپەرچدانەوە گومانی مولحیدەكان لەناو كۆمەڵگای كوردیدا تەشەنە بەو گومانانە بكەن، خۆ كۆمەڵگای كوردی لە هەموو جۆرە خراپەیەكی تێدا پەیدا بووە لەمەشی كەم نییە دوای ماوەیەك بیكەین بە بارێكی تری مەینەتی بەسەرییەوە. 10 - مولحیدەكانی كورد لە ئیلحادەكەیاندا بەتوانا نین و زۆریش ساكارو سەرەتان، چونكە هەموو مولحیدەكانی كورد چاویان لە دەستی مولحید و مەسیحییەكانی میسر و شوێنانی ترە و خۆیان هیچ نازانن و هیچ ناخویننەوە، تووشی ڕووداوێك یان نەخۆشییەك ببن ڕەنگە بگەرێینەوە بۆ ئیسلام لەبەر ئەوەی ئەوان تووتی ئاسا شتەكان دووبارە دەكەنەوە. بەهەمان شێوە موسوڵمانان لە بەرپەرچدانەوەی ئیلحاددا ئەو توانایانەیان نییە و زۆربوونی ژمارەی ئەو كەسانە دەرەنجامی پێچەوانەی لێ دەكەوێتەوە و بەدڵنییایەوە ئەگەر كەسانێك لە ئیلحاد پاشگەزبكەنەوە كەسانیكی تر كە ڕەنگە زۆرتر بن تووشی گومان دەكەن وناشتوانن قەناعەتیان پێ بكەن، چونكە تۆ ڕێگەی ڕۆچوونی لە ناسین و خوێندنەوەی گومانەكاندا بۆ خۆش دەكەیت و دواییش بەتەنها بەجێی دەهێڵیت و خۆی لەو ڕێگە بەردەوام دەبێت. 11- ئەمڕۆ لە كوردستاندا ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن قورئانی كە من پێم وایە بەلای كەمەوە لەسەدا پەنجا لەگەڵ مولحیدەكاندا تەبا وهاوبیرن وخاڵی هاوبەشیان هەیە، چونكە مولحیدەكان دەڵێن هەرچی لە قورئان و سونەتدا هاتوە هەمووی درۆیە، بەڵام دژە سونەتەكان ئەڵێن نەخێر ئەوەی لە قورئاندا هاتووە ڕاستە بەڵام ئەوەی لە سوننەتدا هاتووە هەمووی یان زۆربەی درۆیە! لە كاتێكدا زۆربەی وردەكاری دین لە سونەتدا هاتووە نەك لە قورئان، بۆیە لەناو قورئانییەكاندا زۆرترین ژمارە هەیە وەكو شانەی خەوتوو بە كەمترین هاندان و پەرەپێدان ئامادەن خەبات لە ناو دژە سوننەتەكانەوە بۆ ناو مولحیدەكان بگوازنەوە، چونكە پەرژینی نێوانیان لاواز و هێماییە، چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ درخستنی حەقیقەتی ئەوان زۆر بەسوودترە لە مولحیدەكان، چونكە بڵاوبوونەوەی گومانی دژە سونەتەكان لەلای خەڵكی قێزەونیان دەكات و كەسێك خۆی دڵی نەخۆش نەبێت و بەو گومانانە ئاو نەدرابێت پێیان كاریگەر نابێت، بە پێچەوانەی گومانی مولحیدەكان كەسی وا هەیە تەنها پێی بڵێی كێ الله ی درووست كردووە دوای ئەوە هەزار قسەی بۆ بكە گومانەكەی هەر لەدڵدا دەمێنیتەوە. 12 - داواكاریم لەو بەڕێزانە ئەوەیە جەخت لەسەر ئەو بابەتانە نەكەنەوەو دڵنیایان دەكەمەوە دەگونجێت هەر ئەو كەسانەش كە ئامادەی ئەو جۆرە خولانە دەبن لە گەنجان و بگرە لەوانەش كە گوایە بەرپەرچی ئیلحاد دەدەنەوە خۆیان گومانیان بۆ درووست بێت و نەزانن وەڵامی بدەنەوە و قەناعەتیش بە وەڵامدانەوەكەی ئیوەش نەكەن. 13- هەروەها داواكاریشم لە فێرخوازانی زانست ئەوەیە بەشداری لەو جۆرە خولانە نەكەن كە تایبەتە بە رەددانەوەی ئیلحاد، چونكە بێ سوودە و زیان بەخشیشە و پێچەوانەی مەنهەجی پێشینانە، لەجیاتی ئەوە بچن بنەماكانی بیروباوەڕ و دینەكەیان فێر ببن كە زۆرینەی كورد ئەركانی ئیمان و ئیسلام لەیەك جیاناكاتەوە، ئەوە با تەوحید و عەقیدەو بیروباوەڕیش بە بوارە جیاجیاكانییەوە بوەستێت، ئەگەر بچنە خولێكەوە تەفسیری ابن كثیر یان صححیح ی بوخاری و كتێبەكانی عەقیدەی زانایانی پێشین بخوێنن زۆر بە سوودیكی لەوە گەورەتر دەردەچن، فێربوونی زانسە شەرعییەكان بە شێوەیەكی گشتی دڵ و دەروونیان پاراو دەكاتەوە ودیوارێكی تۆكمە لەبەرگری بۆ مێشك و دڵ و دەروون بەرانبەر گومانەكان درووست دەكات، نەك دیراسەكردنی خودی گومانەكان. ئەمە بۆچوون و تیگەیشتنی منە و الله أعلم. إحسان برهان الدین 15 ذو الحجة 1441 5 ئاب 2020