العربیة
/دیاردەكانی فیكری ئیرجائی لەم سەردەمەدا/
پێناسەی مورجیئە بۆ ئیمان
: 108
2024-07-27

#دیاردەكانی_فیكری_ئیرجائی_لەم_سەردەمەدا:
بەشی یەكەم

دەكرێت بلێین زۆربەی زۆری لادانەكانی خەڵكی و لایەن وحوكم و دەوڵەتەكانیش لەم سەردەمەدا لە عەقیدەو بیروباوەڕی ئیسلامی هەمووی بە شێوەیەك لەشیوەكان بۆ دزە كردنی فیكری مورجیئەكان بۆ ناویان دەگەڕێتەوە.
بەڵكو هیچ زیادەڕەوی نییە ئەگەر بلێین فیكری ئیرجائی هەرچی ئەو شلڕەوی و شێواندن و بە عەلمانی وێناكردنی دینی ئیسلام كراوە لەلایەن دەستە فەرمییەكانی زانایانی سەر بە وڵاتە ئیسلامیییكان و لایەنە ئیسلامییەكان - بزانن یان نەزانن - هەر هەمووی لە فیكرو عەقیدەی ئیرجائەوە سەرچاوەی گرتووە.
لێرەدا بەگەڕانەوە بۆ دیراسەیەكی ورد وپشت ئەستور بە بەڵگەكانی كیتاب و سوننەت كە دكتۆر سعد العتیبي نووسیوێتی بە ناونیشانی: ( تسرب المفاهیم الإرجائیة) وەكو سەرچاوەیەكی سەرەكی و هاوكات سوودیش لە سەرچاوەی تر دەبینم ئەگەر پێویستی كرد، ئەم بابەتان به خاڵ وڕیزبەندی بۆ دەخەمەڕوو إن شاء الله:

یەكەم: سەرەكیترین مەترسی فیكری ئیرجائی كە ڕۆڵی گەورەی لە دوورخستنەوەی خەڵكی بینی لە عەقیدەی ئەهلی سوننەت و جەماعەت وسەری لە خەڵكی تێكدا وئەوانی خستە گێژەلوكەیەكی عەقیدەیی خراپەوە پێناسەی ئیمان بوو، پێناسەی مورجیئەكان بۆ ئیمان كە لەگەڵ پێناسەی جەهمی و ئەشاعیرە و هەندێ تاقم و فیرقەكانی تریشدا یەك دەگرێتەوە بەڵكو بە سەرەتای هەموو لادانەكان دێتە ئەژمار، ڕێخۆشكەر بوو بۆ زۆر لادانی بیروباوەڕ و كارەساتی عەقیدەیی تری گەورە لە ژیانی خەڵكیدا: پێناسەی مورجیئەكان بۆ ئیمان ئەوەیە كە ئیمان (تصدیق) و باوەڕهێنانی دڵە، ئەمە پێناسەی مورجیئەو ئەشاعیرە دێرینەكانە ودواتر وتیان باوەڕی دڵە و وتنی زمانیشە، واتە كردەوەكانیان لە چەمكی ئیمان دەركرد، واتە دەگونجێت كەسێك ئیماندار بێت و هیچ كردەوەیەكی چاكەشی نەبێت، چونكە ئەوان وتیان و تاكو ئێستاش دەڵێن: كردەوەكان مەرجی تەواوكارییە هەبێت باشترە و نەشبێت هیچ زیانێك لە ئیمان نادات بەمەش زۆرێك لە مونافیق و بێ باوەڕان و بگرە نەیارانی ئیسلامیش هاتنە ناو بازنەی ئیسلامەوە.
ئەم پیناسەیە دیارییەك بوو لەسەر سینییەكی ئاڵتونی مورجیئە بە نەیارانی ئیسلام پێشكەشیان كرد وبەوەش سنوورەكانی بیروباوەڕیان كاڵ كردەوە هەر بۆیە لە هەموو سەردەمێكدا دەبینرێت مورجیئەكان لە دەسەڵات و سوڵتەوە نزیكن، بەڵكو هەمیشە بەرگریكارن لە هەموو دەسەڵاتێكی دژ بە ئیسلام و بەردەوام وەكو پارێزەرێكن بۆ ئەوان.
زانایان لە درێژایی مێژوودا لە دژی مورجیئە توند بوونە و تەنانەت سەلەف ئەوانیان بە یەهودی قیبلە ناوبردووە، بەرپەرچی مورجیئەكانیان لەم پێناسەیەدا داوەتەوە و ئەمە كورتەی ڕەددانەوەكەیانە:

1- بە هیچ شێوەیەك ئیجماعی ئوممەت لەسەر ئەم پێناسەیە جێگیر نەبووە كە گوایە ئیمان تەنها باوەڕی دڵە، ئەوەی كە هەیە هەندێ لەو زانایانەی ڕێگای حەقیان لێ ونبووە بەو شێوە پێناسەیان كردووە، بەڵام كۆدەنگی زانایانی ئەهلی سوننەت لەسەردەمی سەلەف تاكو ئێستا لەسەر ئەوەیە ئیمان باوەڕی دڵە و وتنی زمانە و كردەوەی ئەندامەكان و دڵە و لەیەكتر جیا نابنەوە، فەرموویانە ئیمان گوفتار وكردارە و بە چاكە وعیبادەت زیاد دەكات و بەخراپە و تاوان نوقسان دەكات.

2- لە چەند ڕوویەكەوە ئیمان هاوواتای (تصدیق نییە)، لەوانە: وشەی ئیمان تەنها بۆ شتێك بەكاردێت تایبەت بە هەواڵێك دەربارەی نادیار بێت، بۆ نموونە دەوترێت خۆر هەڵهات و ئاوا بوو، ناوترێت ئیمانمان پێی هێنا، بەڵكو دەوترێت باوەڕمان بەوە هەیە، بۆیە بە شایەت و بە قسەكەر دەوترێت باوەڕمان بە قسەكانیان هەیە نەك ئیمانمان پێی هەیە واتە وشەی ئیمان و تصدیق هاوواتا نین.

3- ئینجا ئەگەر بشوترێت هاوواتاو و (مرادف)ن، دەكرێت بە دوو شێوە وەڵامی ئەو قسەیە بدرێتەوە:
- (تصدیق)ە كە (تصدیق) ێكی تایبەتە وەكو چۆن كاتێك نوێژ لە قورئاندا بە (دعاء) ناوبراوە ئەوە (دعاء) ێكی تایبەتە و یاساكانی زمانی لەسەر جێبەجێ نابێت. چونكە ناوەكانی (صلاة) و(زكاة) و(حج) و(دعاء) یان (خمر) پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فێری كردوین واتاكانی چی دەگەیەنن وجگە لەو تەفسیرانە هیچ قسەیەكی تری جیاواز و نامۆ لە ڕوحی شەریعەت و عەقیدەی ئیسلامی لە كەس وەرناگیرێت، وشەی (تصدیق)یش بە هەمان شێوەیە...بۆیە زاراوەكانی (كفر) و(إیمان) و(نفاق) و(ضلال) وزاراوەی شەرعی تر بۆ تێگەیشتن لێیان بۆ ڕوونكردنەی پیغەمبەر صلی الله علیه و سلم و سەلەف دەگەرێینەوە نەك زمانزان و ئەهلی لغة.
ئینجا سەلەف لە ڕۆشنایی كیتاب و سونەتدا ئیجماعیان كردووە و یەك دەنگ بوونە لەسەر ئەوەی پێناسەی ئیمان بریتییە لەوەی باوەڕ گوفتار و كردارە وبەوەش دەردەكەوێت پێناسەی تاقمەكان بۆ ئیمان كە تەنها باوەڕی دڵە یان باوەری دڵ و وتنی زمانە ئەوە موخالیفی كیتاب و سوننەت و ئیجماعی پێشینانی چاكی ئەم ئومەتەیە بەڵكو ئیمان گوفتارە و كرداریشە وزیادو كەم دەكات.
پێشەوا البخاری بە ڕەحمەت بێت فەرموویەتی: (لقيت أكثر من ألف رجل من العلماء بالأمصار ، فما رأيت أحدا منهم يختلف أن الإيمان قول وعمل ويزيد وينقص) . واتە چاوم بە هەزار زانای وڵاتان كەوت كەسیان ناكۆك نەبوون لەوەی ئیمان قەول و عەمەلە و زیاد و كەم دەكات.

بە كورتی مورجیئە و تاقمەكانی تر كە هاوبۆچوون و تێگەیشتنن لەگەڵیاندا دەڵێن ئیمان تەنها باوەڕی دڵە و وتنی زمانە كردەوە وعیبادەت لە نێو واتای ئیماندا نییە، واتە دەكرێت كەسێك ئیماندار بێت و كردەوەشی نەبێت! بەڵام ئەهلی سوننەت فەرموویانە ئیمان قەول و عەمەلە بە كردەوەی چاكە زیاد دەكات و بەرز دەبێتەوە، بە كردەوەی خراپە و تاوان كەم دەكات و دادەبەزێت، واتە عەمەلی ئەندامەكان و دڵ لەلای ئەهلی سوننەت بە ئیمان دادەنرێت و بەدەر نییە لێی.
ئەم باسە بەردەوامی هەیە إن شاء الله.