چەند_كورتە_باسێك_دەربارەی_عەلمانیەت: 2
عەلمانییەت وئایین
عەلمانییەكان هەموویان یەك جۆر نین، بەڵام پێناسەی دین بە شێوەیەكی گشتی بەلایانەوە، یان بەتەواوی بەدرۆخستنەوە و رەتتكردنەوەیەتی و وەكو ماددەیەكی هۆشبەر پێناسەی دەكەن كە خەڵكی سڕ دەكات و ڕێگرە لە پێشکەوتنی مرۆڤەكان و ڕێگرە لەوەی وەكو دەیانەوێت بژین! یان هەر بیر لە مەسەلەی ئایین ناكەنەوە و گرنگی پێ نادەن، نە بە نکۆڵی کردن و نە بە باوەڕ پێهێنانی، هاوكات ئەو جۆرەیان بە شێوەی ڕاستەوخۆیش دژایەتی ناكەن، بەڵام دەڵێن ئێمە دین بەلامانەوە گرنگ نییە كێ چی ئەپرسێت یان باوەڕی بەچی ئایینێك هەیە، ئەوە ئازادی خۆیەتی.
دەڵێن ئێمە تەنها بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی لەم ژیانە کار دەكەین و دین پرسێکی کەسێتییە لەنێوان مرۆڤ وپەرستراوەکەیدا .
- دین لە پێناسەی (محمد أركون) دا، كە عەلمانیەكی بەناوبانگە، بریتییە لە: (حالة نفسية، تدفع المرء أن يضع ثقته في شيء ما، كما أنه “الانتساب الفكري إلى عقيدة ما دون البحث عن أسباب هذا الانتساب أو صلاحيته)، واتە: دین حاڵەتێكی دەرونییە، وا لە مرۆڤ دەكات متمانەی بخاتە سەر شتێك، هەروەها دین پەیوەندییەكی فیكرییە بۆ بیروباوەڕێك بێ گەڕان بەدوای هۆكاری ئەو پەیوەندییە، یان تا چەند ئەو پەیوەندییە باشە یان نا.
- لە سیستم و دەوڵەتی عەلمانیدا هیچ بایەخێك بە ناوی الله، یان پێغەمبەران علیهم السلام، یان بەها ئایینی و ڕەوشتییەكان نادرێت، هیچ نووسراوێكی فەرمی نابێت بەناوی الله دەست پێ بكات، بەڵكو بەناوی میللەت، یان زانست، ...هتد .
ڕاگەیاندنەكان بایەخ بە لایەنی ئایینی نادەن و پێناسەیان بۆ هەموو شتێك لە ژیاندا پێناسەیەكی ماددی پەتییە،لەناو هیچ توێژینەویەكی زانستی پزیشكی، فیزیایی، كیمیایی، زیندەوەرزانی، فەلەكدا ...هتد نابێت هیچ ئاماژەیەكی بۆ دەسەڵاتی الله تێدا بێت، یان باس لەوە بكرێت الله بەدیهێنەر و خالقە، بەڵكو سروشت لە سیستمی عەلمانییەتدا خۆی بەدیهێنەر وخالقە، لە جیاتی ناوی پەروەردگار شتەكان بۆ سروشت دەگەڕێننەوە. بەڵكو دروشمی زانستی هەرە بەناوبانگیان ئەوەیە: (المادة لا تفنى ولا تستحدث من العدم) واتە بە پێچەوانەی فەرموودەی الله تعالی كە فەرموویەتی: ﴿ اللَّهُ خَالِقُ كُلِّ شَيْءٍ ﴾ دەڵێن ماددە كە هەموو شتێك دەگرێتەوە، درووست ناكرێت و بەدینایەت لە نەبوونەوە،
- لە عەلمانییەتدا ژیانی ڕاستەقینە بریتییە لەوەی كە بە چاو دەبینرێت و هەستی پێ دەكرێت، واتە عەلمانی ڕاستەقینە ئەو كەسەیە كە تەنها باوەڕی بە شتە بینراو و هەست پێکراوەكان هەبێت و ئەوەی كە پێی دەوترێت جیهانی غەیب و نادیار، یان ئەوەی پێی دەوترێت (ما وراء الطبیعة) باوەڕیان پێی نییە ونكۆڵی لێ دەكەن، کە ئەوە بنچینەی ئایدولۆژیای عەلمانییەتە.
- بەڵام لە جیهانی سێیەمدا لەبەر ئەوەی پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكانی موسوڵمانن، ئەگەرچی لە ئیسلامیش تێنەگەیشتوون، دەبینین سۆزیان بۆ ئیسلام هەر هەیە، بۆیە سەرانی عەلمانییەت ئەو بیروباوەڕەیان بە مەبەستی مانەوەو ڕاگرتنی خەڵکی لەگەڵیاندا بە ڕاشكاوی ڕاناگەیەنن، بەڵكو بەناڕاستەوخۆ و بە شێوەی كردەیی لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە لە نێو كۆمەڵگادا ئەیچەسپێنن.
- ئەوەشی لە سیستمی عەلمانیەتدا سەبارەت بەدین وەكو نوێژ و هەندێ عیبادەتەكان كە ڕێگای پێ دەدرێت لەسەر بنەمای جیاكردنەوەی دین لە دەوڵەت ڕێگەی پی دەدرێت، واتە: وەكو نەسرانییەكان، دین مەسەلەیەكی كەسێتییە و نابێت هیچ ڕەنگەدانەوەیەكی لە سیاسەت و لە ژیانی خەڵكی و لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەبێت.
- ئینجا دین لەبەر ئەوەی لەسەر بنەمای باوەڕ هێنان بە الله و بەڕۆژی دوایی وبە لێپرسینەوە و باوەڕهێنان بە مەلائیكەت وبنەمای تری هاوشێوە بونیات نراوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەك دین وەكو خۆی، وەكو ئەوەی لە قورئان و لە سوننەتدا هاتووە بەبێ دەستكاری و گۆڕین، لەناو عەلمانیەتدا جێگای نابێتەوە و ڕێگەش نادەن بەو شێوەیە لە ناو كۆمەڵگادا بوونی هەبێت.
- بۆ ئەو مەستەش، هەموو دەوڵەتێكی عەلمانی لە دەوڵەتانی بەناو جیهانی ئیسلامیدا، ڕاگەیاندنەكان ڕۆڵی زۆر كاریگەر دەبینن لە ناشیرینكردنی دین و دوورخستنەوەی خەلكی لە دینی حەق و ناشیرینكردنی ئەوانەی كە بە ڕاستەوە دەست بە ئیسلامەوە دەگرن، لەوەش گرنگتر ، سوپایەكی گەورەیان لە كەسایەتی ئایینی و مەلا و پێشنوێژ و وتارخوێن درووست كردووە و مزگەوت و زانكۆ و پەیمانگا ئیسلامییەكان و شوێنە ئایینییەكانیان داوە بە دەستیانەوە وئەركی شێواندنی چەمكە ئیسلامییەكان و لەبیربردنەوەی عەقیدەو بیروباوەڕ ی ئیسلامی و ناشیرینكردنەوەی هەڵگرانیان پێ سپاردوون،
- هەروەها لە عەلمانییەتدا شتی پیرۆز بوونی نییە و هەموو ئەوانەی لە ئیسلامدا مۆركێكی پیرۆزی وەرگرتووە، لە پێناسەی ئەواندا درۆ و ئەفسانە و خەلك خەڵەتاندنە! بۆ نموونە قورئان، زۆربەی بیرمەندەكانیان و بەتایبەتی عەرەبەكان، هەوڵی زۆریان داوە لە كتێبەكانیاندا كە وەكو دەقی زانستی فیكری مێژوویی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ بكەن، نەك وەكو دەقی پیرۆز و مەعسوم. ئەڵبەتە سوننەت و فەرموودەكانی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ئەوەش بەهەمان شێوە بەر هێرشێكی نالەباریان كەوتووە بەتایبەتی لەڕێگەی ئەوانەی پێیان دەوترێت قورئانی. و حەداسی و نوێخوارزەكاندا كە لای خۆمان زیاتر ئەو كەسانە لەناو حیزبە ئیسلامییەكاندا بوونیان هەیە و تواناكانیان لە ئابووری وڕاگەیاندندا بۆ دژایەتی سونەت بەكار دەهێنن، كە دژایەتی سونەت خۆی بۆ خۆی دژایەتی قورئانیشە!
- لەلایەكی ترەوە، عەلمانییەت بە هیچ شێوەیەك لە سیستم و ئایدولۆجیا و ئەدەبیاتی خۆیدا گرنگی و بایەخ بە ڕۆژی دوایی نادات، چونكە قیامەت بەو شێوەی لە ئیسلامدا باس كراوە كە بریتییە لەوەی مرۆڤەكان لەسەر هەموو كردەوەیەكی چاكە و خراپە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت و پاداشت دەدرێنەوە، ئەوە لە دیدی ئەواندا زیاتر نییە لە ئەفسانەیەك. بەڵكو ئەم دونیا لە ڕوانگەی عەلمانییەوە هەموو شتێكە و تاكە تەوەری شاییستەی بایەخ پێدانە، مرۆڤ لە هزری عەلمانیەتتدا پێویستە هەموو بایەخێكی تەنها و تەنها بۆ ئەم دونیایە ئاراستە بكات بۆ ئەوەی تاكێكی بە سوود بێت و كۆمەڵگا بە پێی بنەماکانی عەلمانییەت بەرەو پێش ببات،
هەر بۆیە یەكێك لە ناوەكانی عەلمانییەت لە فەرهەنگاكانی زمانەوانیدا (لادینیة) واتە: بێدینی. یان: (دنیوي)یە، واتە: دونیاگەرایی.
ئەم باسە- ان شاء الله - بەردەوامی هەیە.