ڕوونكردنەوەی چەند زاراوەیەكی قورئان دەربارەی (الهجر الجمیل) و (الصفح الجمیل) و (الصبر الجمیل) كە لە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆزدا هاتوون پرسیار لە ابن تیمیة كرا بە ڕەحمەت بێت و ئەویش لە وەڵامێكی زانایانەی ئاست بەرزدا فەرمووی: أما بعد : فإن الله أمر نبيه بالهجر الجميل والصفح الجميل والصبر الجميل " فالهجر الجميل " هجر بلا أذى و " الصفح الجميل " صفح بلا عتاب و " الصبر الجميل " صبر بلا شكوى قال يعقوب عليه الصلاة والسلام { إنما أشكو بثي وحزني إلى الله } مع قوله : { فصبر جميل والله المستعان على ما تصفون } فالشكوى إلى الله لا تنافي الصبر الجميل. واتە: الله تعالی فەرمانی بە پێغەمبەرەكەی كردووە صلی الله علیه و سلم بە شێوەیەكی جوان دابڕان و لێبوردن و ئارام گرتن ئەنجام بدات، جا: (الهجر الجمیل) دابڕانێكە بەبێ ئازاردانی بەرانبەر و وتنی قسەی نابەجێ و ناشیرین. (الصفح الجمیل) یش لێبوردنێكە بەبێ گلەیی و سەركۆنەكردنی ئەو كەسەی كە لێی دەبووریت. (الصبر الجمیل) یش ئارام گرتنێكە بەبێ سكاڵا و بۆڵە و دەرخستنی ناڕەحەتی، هەروەكو چۆن یەعقوب علیه السلام فەرمووی: من سكاڵام تەنها بۆ لای پەروەردگارم دەبەم، لەگەڵ ئەوەشدا فەرمووی (فصبر جمیل) چونكە سكاڵا بردنە لای الله لە گەڵ ئارام گرتندا پێچەوانە نییە. ابن تیمیة زانایەكی گەوەرو ڕەببانی بووە و وتەكانی جیاوازییەكی ئاشكرایان لەگەڵ وتەی زۆر زانای تردا هەیە لە ڕووی بەردەوام گەڕانەوە لە هەموو شتێكدا بۆ كیتاب و سوننەت و لەوەشدا كە بە پوختی و جوانی وبەڕاشكاوانە دەربڕینی لە هەموو حوكمەكانی ئیسلام كردووە و هەروەها بە زانستێكی زۆر و گشتگیر جەختكردنەوەی لە سەر عەقیدەو بەستنەوەی هەموو شتێكی تر بە عەقیدەوە ناسراوە و هەروەها بەو غیرەتەشی كە لە هەموو لاپەڕەیەكی مجموع الفتاوی و كتێبەكانی تریدا لەسەر دینەكەی دەردەكەوێت وەدی دەكرێت. إحسان برهان الدین 19 ربيع الآخر 1443 2021/11/24