العربیة
/هەندێك هەڵەو بیدعەی بیروباوەڕ/
27-دژوارە لەگەڵ عەقیدەدا بوترێت: نە ئیسلامم خۆش دەوێت و نەڕقیشم لێیەتی
: 179
2024-02-06

ئەگەر كەسێك ڕوو لە ئیسلام وەربگێرێت و بە مەسەلە وكێشەی خۆی نەزانێت، نە فێری زانستەكانی ببێت، نە مەبەستی بێت بە ئەرك و فەرز و واجبەكانی هەڵبسێت، لە هەمان كاتیشدا بڵێت من دژایەتیشی ناكەم و حەقم بەسەرییەوە نییە ، ئامادەش نییە گوێ بۆ ڕێنماییەكانی بگرێت، ئەگەر بانگ بكرێت بۆ جێبەجێكردنی بەشێك لە بیروباوەڕ و شەرعی ئیسلام ئەڵێت ئەوە پەیوەندی بە منەوە نییە، من نە ئەبم بە شوێنكەوتووی و نە دژایەتیشی دەكەم، زانایان دەفەرموون هەر كەسێك بەو شێوە بێت لە بازنەی ئیسلام دەردەچێت، چونكە ئەوەی پێی دەوترێت ڕوو وەرگێڕان و إعراض كردن لە ئیسلام، وەكو الله تعالی فەرموویەتی: (وَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّن ذُكِّرَ بِآيَاتِ رَبِّهِ ثُمَّ أَعْرَضَ عَنْهَا ۚ إِنَّا مِنَ الْمُجْرِمِينَ مُنتَقِمُونَ) السجدة: 22.  

ئەم حاڵەتەش تایبەت نییە بەكەسێك كە باوەڕی بە ئیسلام نەبێت و بێ باوەڕ و مولحید بێت، بەڵكو ئەوانەش دەگرێتەوە كە شایەتمان دەهێنن و لە تەسكەرەو پێناسەكەیاندا بە موسوڵمان نووسراون و خۆیشیان ناڕازی نین بەو ناوە، بەڵام ئامادەش نین كار بە عەقیدە و شەریعەتەكەی بكەن و دەڵێن ئەوە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و سنوورەكانی حەڵاڵ و حەرام ناپارێزێن و بەهیچ فەرزو ئەركێكی ئیسلام هەڵناسن و نوێژ ناكەن ڕۆژوو ناگرن و حەج ناكەن وسەدەقە و خێر ناكەن و قورئان ناخوێنن وخراپەشیان بۆ هەڵكەوێت لێی ناگەڕێنەوە، كە تاوان و خراپەكانیش واز لێ بهێنن لە ترسی الله نییە بەڵكو بۆیان ڕێك ناكەوێت یان لەبەر هۆكاری تر ئەنجامی نادەن، زانایان دەفەرموون ئەم ڕوو وەرگێڕانە كە كەسەكە بەجارێ پشت لە ئیسلام بكات و بە هیچی كار نەكات ئەوە پێی دەوترێت كوفری ڕوو وەرگێڕان و إعراض كە الله لە ئایەتەكاندا باسی كردووە. 

بەڵام ئەمەی كە باسكرا ئەوە نییە كە زانایان باسیان كردووە ئەگەر بەندەیەك كردەوە و عیبادەتێك واز لێ بهێنێت، یان هەندێ گوناه و تاوان ئەنجام بدات چونكە ئەوەیان مەسەلەیەكی ترە و ئەهلی سوننەت وجەماعەت جیاواز لە خەواریج و موعتەزیلە ئەنجامدەری تاوانە گەورەكان نە بە كافر و نە بەوەی لە نێوان كوفر و ئیماندایە وەسفی ناكەن مەسەلەی نوێژنەكردنیش ئەو خیلافەی لەسەرە لە نێوان ئەهلی عیلمدا ئەگەرچی ڕای پەسەند ئەوەیە ئەو كەسەی نوێژ نەكات بەبەڵگەی بەهێزی ئایەت و فەرموودكان لە ئیسلام دەردەچێت با هۆكاری نوێژنەكردنەش تەمەڵی بێت وباوەڕی بە فەرزبوونی نوێژیش هەبێت. 

ابن قیم الجوزیة بە ڕەحمەت بێت دەربارەی ئەمەی كە باسمان كرد فەرموویەتی: (أمَّا كُفرُ الإعراضِ: فأن يُعرِضَ بسَمْعِه وقَلْبِه عن الرَّسولِ، لا يُصَدِّقُه ولا يُكَذِّبُه، ولا يواليه ولا يعاديه، ولا يُصغي إلى ما جاء به البتَّةَ) بڕوانە: كتێبی مدارج السالكين (1/ 347)، هەروەها: مفتاح دار السعادة، (1/261). واتە: كوفری ڕوو وەرگێڕان بریتییە لەوەی دڵ و گوێی لە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وەرگێرێت، نە باوەڕی پێ بكات و نە بەدرۆیشی بخاتەوە، نە بەرگری لێ بكات و نە دژایەتیشی بكات و نە مەبەستە بەلایەوە گوێ بۆ هیچ فەرمان و ڕێنماییەكی بگرێت. 

یەكێكی تریش لە شێوازەكانی پشت هەڵكردن لە ئیسلام و گوێ پێنەدانی ئەوەیە حوكم بە شەریعەتەكەی نەكرێت، الله عزوجل فەرموویەتی: ( وَيَقُولُونَ آمَنَّا بِاللَّهِ وَبِالرَّسُولِ وَأَطَعْنَا ثُمَّ يَتَوَلَّى فَرِيقٌ مِنْهُمْ مِن بَعْدِ ذَلِكَ وَمَا أُوْلَئِكَ بِالْمُؤْمِنِينَ وَإِذَا دُعُوا إِلَى اللَّهِ وَرَسُولِهِ لِيَحْكُمَ بَيْنَهُمْ إِذَا فَرِيقٌ مِنْهُم مُّعْرِضُونَ وَإِن يَكُن لَّهُمُ الْحَقُّ يَأْتُوا إِلَيْهِ مُذْعِنِينَ أَفِي قُلُوبِهِمْ مَرَضٌ أَمِ ارْتَابُوا أَمْ يَخَافُونَ أَن يَحِيفَ اللَّهُ عَلَيْهِمْ وَرَسُولُهُ بَلْ أُوْلَئِكَ هُمُ الظَّالِمُونَ إِنَّمَا كَانَ قَوْلَ الْمُؤْمِنِينَ إِذَا دُعُوا إِلَى اللَّهِ وَرَسُولِهِ لِيَحْكُمَ بَيْنَهُمْ أَن يَقُولُوا سَمِعْنَا وَأَطَعْنَا وَأُوْلَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ ) النور: 47-51. 

لەم ئایەتەی سەرەوەدا دەردەكەوێت - وەكو ابن تیمیة فەرموویەتی - هەركەسێك گوێڕایەڵی پێغەمبەر نەكات صلی الله علیه و سلم و بە حوكمەكانی ڕازی نەبێت ئەو كەسە مونافیقە و ئیماندار نییە، بەڵكو ئیماندار ئەو كەسەیە بلێت: بیستمان و گوێڕایەڵ بووین. بڕوانە: بڕوانە كتێبی (الصارم المسلول) 2/ 81. 

الله عزوجل فەرموویەتی: (وَإِذَا قِيلَ لَهُمْ تَعَالَوْا إِلَى مَا أَنزَلَ اللَّهُ وَإِلَى الرَّسُولِ رَأَيْتَ الْمُنَافِقِينَ يَصُدُّونَ عَنكَ صُدُودًا) النساء: 61 . ابن القیم بەڕەحمەت بێت دەربارەی ئەم ئایەتە فەرموویەتی: الله عزوجل ڕوو وەرگێڕانی لە شەریعەتی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم و بایەخدان بە غەیری ئەو شەریعەتەی بە حەقیقەتی نیفاق ناساندووە و حەقیقەتی ئیمانیشی بەوە ناساندووە حوكم بە شەریعەتەكەی بكرێت بەبێ هەست كردن بە سەخڵەتی و ناڕەحەتی وبەڵكو بە خۆبەدەستەوەدان و ڕازی بوون بە حوكمی الله و پێغەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم. لەم بارەوە بڕوانە: (تحكیم القوانین)ی شێخ محمد بن إبراهیم بەڕەحمەت بێت.