العربیة
/هەندێك هەڵەو بیدعەی بیروباوەڕ/
25-ئەوەی لە قورئان و سوننەتدا بەبێ باوەڕ ناسێندرا دەبێت تۆیش بەبێ باوەڕی بزانیت!
: 165
2024-02-06

هەركێ الله عزوجل لە قورئانی پیرۆزدا و پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە سوننەتەكەیدا بە بێ بەری لە ئیسلام و و بێ ئیمان وەسفیان كرد، ئیتر موسوڵمان لە جێگیر كردنی ئەو حوكمەدا بۆی نییە منجە منج بكات و دوودڵ بێت تێیدا، یان پاساو بۆ جێبەجێنەكردن ودانپێدانی ئەو حوكمە بهێنێتەوە، ئەگەر نا كارەكەی بەواتای ڕەتكردنەوەی حوكمی الله و پێغەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم دێتەوە. 

یەكێك لە سەیروسەمەرەترین سەردەمەكانی ئیسلام ئەم سەردەمەیە كە خۆمانی تێدا دژین، چونكە نەك تەنها خەڵكی بەڵكو زۆرێك لە بەناو زانا و بانگخوازانیش گۆڕانكارییان لە چەمك و واتای بنەماكانی ئیسلامدا كردووە و پێناسەی نوێیان بۆ زۆرێك لە واتاكانی قورئان و سونەت داهێناوە، وەكو خوێندنەوە قورئانەكە دەخوێنێتەوە و بەسەر مەعناكەیدا دەڕوات لەسەری ناوەستێت! وەكو ئەوەی خویندنەوەی قورئان ئامانجی كۆتایی موسوڵمان بێت، نموونەیەك لەوانە بە ناڕاستەوخۆ ڕەتكردنەوەی حوكمی جولەكە و نەساڕا و شوێنكەوتوانی ئایینە دەستكردەكانەة بە ڕاشكاوی پێچەوانەی قورئان قسە دەكەن و دەڵێن جولەكەو نەساڕا كافر نین و بەڵكو ئەوانە برامانن، الله ئەفەرموێت ئەوانە دوژمنتانن ئەوان ئەڵێن نەخێر ئەوانە برا و هاووڵاتی دۆستی ئێمەن. 

الله جل جلاله فەرموویەتی: {إِنَّ الدِّينَ عِنْدَ اللَّهِ الْإِسْلَامُ} آل عمران: 19. واتە: دینی وەرگیراو وپەسەند لەلای الله تەنها دینی ئیسلامە و جگە لە ئیسلام هەموو دینێكی تر و شوێنكەوتوانی لە قورئاندا بە بێ ئیمان و دەرچوو لە بازنەی ئیسلام و ئیمان دەژمێردرێت. 

هەروەها فەرموویەتی: {وَمَنْ يَبْتَغِ غَيْرَ الْإِسْلَامِ دِينًا فَلَنْ يُقْبَلَ مِنْهُ وَهُوَ فِي الْآخِرَةِ مِنَ الْخَاسِرِينَ} آل عمران: 85. واتە: هەركەسێك لەسەر دینێك بێت جگە لە ئیسلام لێی وەرناگیرێت و لە دوا ڕۆژدا خەسارۆمەند و ڕەنج بە خەسارە. 

زانایانی ئیسلامیش لە هەموو سەدەكاندا یەك دەنگن لەسەر ئەوەی الله عزوجل و پێغەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم هەر حوكمێكیان لەسەر كەسێك دا موسوڵمانان دەبێت ئەو حوكمە قبوڵ بكەن و وەریبگرن، ئەگەر وا نەكەن واتە حوكمی قورئان و سوننەتیان ڕەت كردووەتەوە. 

بۆ نموونە الله تعالی فەرموویەتی: (لَقَدْ كَفَرَ الَّذِينَ قَالُوا إِنَّ اللَّهَ ثَالِثُ ثَلَاثَةٍ وَمَا مِنْ إِلَهٍ إِلَّا إِلَهٌ وَاحِدٌ وَإِنْ لَمْ يَنْتَهُوا عَمَّا يَقُولُونَ لَيَمَسَّنَّ الَّذِينَ كَفَرُوا مِنْهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ ) [المائدة: 73. ئەم ئایەتە باس لە نەساڕاكانی ئەم سەردەمە و سەردەمانی تر دەكات كە باوەڕیان بەسێ پەروەردگار هەیە وموشریكن و وەسفی كوفری بەسەریاندا داوە، ا هەركێ ئەو سیفەت و حوكمە جێگیر نەكات و نكۆڵی لە كافر بوونی جولەكە و نەساڕا بكات و مشت ومڕیان لەسەر بكات و بەبرایشیان بزانێت بێگومان ئەوە حوكمی قورئان و سوننەتی ڕەتكردووەتەوە و فەرموودەی الله و پێغەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم ی تكذیب كردووە. 

تەنانەت گومان كردن لەو حوكمانەی الله تعالی بۆ نموونە كە داوێتی بەسەر یهود و نەساڕاكاندا، كەسێك بلێت لێم ڕوون نییە و نازانم ئەمانە كافرن یان ئیماندارن، ئەچنە بەهەشتەوە یان ناچن؟ یان بڵێت ئەوە تەنها الله خۆی ئەزانێت حوكمیان چییە لەوانەیە دینەكەیان ڕەتبكرێتەوە یان قبوڵ بكرێت، لە كاتێكدا الله عزوجل حوكمی خۆی لەسەریان ئاشكرا كردووە لە قورئاندا، یان ڕێڕەو دینەكەیان بەڕاست بزانێت وبڵێت ئێمە ڕاستین ئەوانیش هەر ڕاستن!یان بلێت مافی خۆیانە ئەوانیش دینی خۆیان هەیە و ئێمەش دینی خۆمان هەیە و وڕازی نەبێت وەكو چۆن لە قورئاندا بە موشریك و كافر وەسفكران بەو شیوە وەسفیان بكات، هەموو ئەوانە حوكمی كیتاب و سوننەتیان ڕەت كردووەتەوەو بەدرۆیان زانیوە. 

سەبارەت بە بانگەشەی یەكبوونی دینەكان كە لەم سەردەمەی خۆماندا سەری هەڵداوە بەناوی (وحدة الأدیان) كە مەبەستیان پێی یەكگرتنی دینەكانی ئیسلام و جولەكە و نەساڕایە و دەڵێن ئەو دینانە هەمووی لە ئاسمانەوە دابەزیون و هەموویان ڕاست و حەقن و مرۆڤ بۆی هەیە سەر بەهەر كامیان بێت، هەركێ ئەو باوەڕەی هەبێت لە بازنەی ئیسلام دەردەچێت وەكو زانایان دەفەرموون و وەكو ئەوەیە قورئان و سونەتی ڕەتكردبێتەوەو بە درۆی دانابێت چونكە پێچەوانەی ئەو باوەڕەی ئەوی تێدایە 

بەڵگەی ڕوون و ئاشكرای قورئان و سونەتی لەسەرە.  

ئینجا ئەم بانگەشەیە واتای ئەوە دەگەیەنێت كە دینی محمد صلی الله علیه و سلم دینێكی گشتگیر نەبووە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، بەڵكو وەكو نەساڕاكان دەڵێن دینێكە تایبەت بۆ عەرەبەكان هاتووە، ئەوەش قسەیكی پوچ و ناحەقە ودژوارە لەگەڵ عەقیدەی ئیسلامدا، چونكە ئیسلام بۆ هەموو عالەم هاتووە و تاكو ڕۆژی قیامەت ئەو حەقیقەتە هەر بەردەوام دەبێت. 

یان بۆ نموونە هەندێ جەماعەت و كۆمەڵ هەن لەم سەردەمەدا وەكو قادیانی و بابی و بەهائیەكان و كۆمەڵی تریش بە هەموو پێوەرەكانی عەقیدە و قورئان و سونەت لە ئیسلام دەرچوونە وبێ باوەڕن، ئەگەر كەسێك بەرگری لە موسوڵمان بوونیان بكات یان ڕیبازەكەیان بەڕاست بزانێت وەكو ئەوەیە قسەی قورئان و سوننەتی بەدرۆ و ناراست دانابێت بەوەش حوكمی خۆیشی وەكو حوكمی ئەوانی لێ دێت. 

ئەمڕۆ لە زۆر لە وڵاتانی جیهانی ئیسلامیدا، لە جیاتی بەری بوون و حاشا كردن ، پەیوەندی تۆكمە و برایەتی لە نێوان موسوڵمانان و جولەكە و نەساڕاكاندا درووست بووە و زۆر چالاكی جۆراو جۆرو ساڵانە لەسەر ئاستی ئیقلیمی و جیهانی كۆیان دەكاتەوە، بەبێ هیچ هەستكردنێك بە تاوان و شەرم كردنێك لە الله عزوجل دەڵێن برا یەهودەكانمان و برا نەسڕانییەكانمان كە بە مەسسیحی ناویان دەبەن و لەهەموو بۆنەیەكیاندا بەشداری دەكەن و پیرۆزباییان لی دەكەن تەنانەت خودی شوێنكەوتوانی ئەو دینە باتڵانەیان تووشی شۆك كردووە كە بەو شێوە پیچەوانەی دین و عەقیدەكەیان ڕەفتار دەكەن! 

ئەڵبەتە ئەمە مەعنای ئەوە نییە ڕەوشتی جوان و ئاكاری پەسەند لەگەڵ شوێنكەوتوانی ئەو دینە ناحەقانەدا نیشان نەدرێت چونكە كەسی موسوڵمان لەگەڵ هەموو كەسێكدا دەبێت ڕەوشت بەرز و ئاكار جوان بێت، بەڵكو مەبەست ئەوەیە موسوڵمان خاوەن عەقیدەی تەوحیدە و ئەو عەقیدەش بەهیچ شێوەیەك لەگەل ئەو دینە وەسەنی و شەخس پەرستانەدا ناگونجێت بۆیە واجبە لەسەری لە بیروباوەڕ و دینەكەیان بەری بێت نەك بەبرایان بزانێت و بەشداری ئاهەنگەكانیان بكات. 

بەداخەوە قورئان كە لەم سەردەمەی خۆماندا زۆرترین خوێنەری هەیە و زۆرترین خەڵك سەرقاڵن بەلەبەر كردن و جوانخوێندنەوەی، بەلام مەخابن لە هەموو سەدەكانی تر لە ڕابرودا دوورترن لە ناوەڕۆك و لە جەوهەر و عەقیدەكەی، بێ ئاگان لەو تەوحیدەی كە لە هەموو ئایەتێك لە ئایەتەكانیدا ڕەنگی داوەتەوە وتەنها خەریكی خویندنەوەی بێ تدبر ن و بەو حاڵەشەوە بەتەمان لە خویندنەوەی هەر لاپەڕەیەكدا سەدان و هەزاران ئەجریان دەست بكەوێت، وەكو ئەوەی مەسەلەكە تەنها خویندنەوە بێت و تدبر هیچ مەسەلەیەكی داواكراو نەبێت لیمان.