تەوحید پێش تەجوید! ئەی ئەوانەی خەڵكی فێری جوان خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز دەكەن! دەستان خۆش بێت و هەمیشە سەربەرز بن، كارەكەتان پیرۆزە بەڵام، تەرتیبەكەی تەواو نییە! زۆر لە مامۆستایانی تەجوید و قیرائات، لە گەرمەی سەرقاڵیاندا بە بابەتە ورد و زۆرەكانی ئەو زانستەوە ، بە تیۆری وكردەییەوە، وایان لێ هاتووە هەموو گرنگییەك تەنها بە بواری ڕواڵەتی و شێوازی جوانخوێندنەوەی قورئان دەدەن، من پرسیار دەكەم: ئێمە بۆچی پێویستە قورئان بە جوانی بخوێنینەوە؟! بێگومان بۆ خوێندن نییە لە پیناو خویندندا ! بێگومان بۆ ئەوەیە بە جوانی وڕوونتر لە واتاكانی بگەین و كاری پێ بكەین. زۆرێك لەوانەی خەریكی ئەم بابەتەن بە مامۆستا و فێرخوازانەوە، بەسەر ئایەتەكانی عەقیدەو ئیمان و توحید و بابەتەكانی ترداتێپەڕ دەبن، (إلا ما رحم ربي) تەنها بیریان لای باسە جۆراوجۆرەكانی تەجویدە و وا تێگەیشتوون تەجوید ئامانجە و هۆكار نییە! بۆ نموونە لە ئایەتێكی وەكو: (فَاعْلَمْ أَنَّهُ لَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ) لە جیاتی ئەوەی بیریان لای مەرجی زانست بێت وەكو یەكێك لە مەرجەكانی لا إله إلا الله و جێبەجێی بكەن لە خۆیاندا ، دەبینی زیاتر بیری لای دەركردنی پیتی عەینە لە مەخرەجی ڕاستی خۆیەو پێدانی سیفەتی بەینیە پێی! كە ئایەتی ( لا تَجِدُ قَوْمًا يُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الآخِرِ يُوَادُّونَ مَنْ حَادَّ اللَّهَ وَرَسُولَهُ ) دەخوێننەوە لە جیاتی ئەوەی مەسەلەكەی گەورەو گرانی وەكو الولاء و البراء ی لەلا بوروژێنیت و بیری لێ بكاتەوە و خەم بۆ ئەو واقیعە بخوات لەو بارەوە كە موسوڵمانان تێیكەوتوون، هەموو خەم و بیرێكی لەلای تەحقیقی هەمزەی یؤمنون و، دەربڕینی مەددی بەدەل لە وشەی الآخر بەجوانی و، دەرركدنی مەددی لازم بەشەش جوولەی تەواو لە وشەی یوادون دا بەبێ نوقسانی! بێگومان من لە گرنگی هیچ لەو حوكمە تەجویدییانە كەم ناكەمەوە، بەڵام فێربوونی تەجوید بچێتە جێگەی فێربوونی تەوحید بەڕاستی كارەساتە و دیاری لەوە گەورەتر نییە پێشكەشی نەیارانی ئیسلام بكرێت كە نەوەیەكی لەو شێوە پێبگەیەنرێت شارەزا لە تەجوید بێ ئاگا لە تەوحید! حۆ كاتێك فێرخوازی زانست دەچێتە ناو عیلمی قیرائاتەوە، ئەوە ئیتر بواری بۆ فێربوونی هیچی تر نامێنیتەوە و پێویستی بەوەیە ڕۆژێك چل و هەشت سعات بێت بۆ ئەوەی بەباشی فریای فێربوونی ئەو هەموو زاراوە زۆرانەی ئەو زانستە هەیە بكەوێت بە نەزەری و بە عەمەلی، وەكو تەحقیق و ئیمالە و تەقلیل و ئیشمام و حاڵەتەكانی هەمزە لەلای حەمزەو ئەوانی تر و تەوجیهی قیرائات و تەحریریان و...هتد مامۆستایان، فێرخوازان: تەوحید پێش تەجویدە، كێشەی موسوڵمانان ئەمڕۆ لەوەدا نییە بنەماكانی تەجوید جێبەجێ ناكەن، كێشەیان ئەوەیە لە مەنهەجی قورئان وەكو عەقیدەو بیری باوەر دووركەوتوونەتەوە، بەداخەوە چەندین بەدیلی نامۆ بە مەنهەجی قورئان و سوننەتیشیان بەناو ئیسلامەوە پێشكەش دەكرێت و لەبەر نەشارەزییان بە مەنهەجی قورئان ناتوانن پێی بزانن، لەبەر ئەو نەشارەزاییە خۆڵیان بە نرخی زێڕ پێ دەفرۆشرێت و پێیشی نازانن، تەجوید و قیرائات هەرگیز لە ڕووی لێشاوی تەغریب كردنی ئیسلام و ناشیرینكردنی بەرنامەكەی ناوەستێتەوە. ئەو هەموو خولەی مانگانە و ساڵانە بەردەوام دەكرێتەوە، بەبێ ئەوەی خولێكی عەقیدە و تەوحید و دەستگرتن بە سوننەتی تێكەوێت، ئەوە پێچەوانەی پێویستی موسولمانانە، وەكو ئەوەیە كەسێك مەترسییەكی گەورە لەسەر ژیان و ماڵ و مناڵی هەبێت و زۆر پێویستی بەوە بێت خۆی بۆ ئەو مەترسیانە ساز بدات، تۆیش لە جیاتی ئەوەی ڕێگاكانی بەرگریكردن و خۆ پاراستن و قایمكردنی ماڵ و حاڵی فێر بكەیت، بچیت بە هەندێ قسەو باسی دوور لەو پرس و مەترسییەوە سەرقاڵی بكەیت و كاتیشی بۆ نەهێڵیتەوە بیرێك لەو پرسە ترسناك و مەترسیانە بكاتەوە! بە واتایەكی تر، تەوحید ئەسڵی پەیامەكەیە و بنچینەی ئەو بەرنامەیە كە الله تعالی مرۆڤی بۆ جێبەجێكردنی درووست كردووە، كە پێویستە لەسەری بژێت و لەسەری بمرێت، نەك بژێت و بمرێت و بەتەواوی لێی شارەزا نەبێت، ئەی ئەگەر نەیزانێت و پێی جاهیل بێت چۆن ئەتوانێت كاری پێ بكات؟ فاقد الشیء لا یعطیه! تێگەیشتن لە سنوور و حودود ی قورئان زۆر گرنگترە و لە پێشترە لە تێگەیشتنی حوروف و پیتەكانی. بە كورتی: ئەو مەنهەجەی سەبارەت بە گرنگیدان بە تەجوید و قیرائات لە كوردستاندا پەیڕەو دەكرێت مەنهەجێكی هەڵە و ئاوەژووە! ناهاوسەنگە و ئەولەوییەتی بە وەسیلە داوە لەسەر حیسابی ئامانج! ڕێك پێچەوانەی مەنهەجی زانستی و عەقیدەییە، چ دڵێك بە فێرخوازێك خۆش بكرێت وا تێگەیشتبێت چوونە بەهەشت و بەرزبوونەوە لە پلەكانیدا و ڕزگاربوون لە دۆزەخ و ناخۆشییەكانی و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی الله هەمووی بەستراوەتەوە بە جوان خوێندنەوەی قورئان و جوان دەربڕینی پیتەكان و جیبەجیكردنی جێگا دەرچوون و دەرخستنی سیفاتی پیتەكان! ئەوە هەڵەیەكە دوور نییە پلانێك بێت دوژمنانی ئیسلام بۆمانیان داڕشتبێت و ئێمە بێ ئاگا پەیڕەوی دەكەین، هەڵەیەكە پێویستی بە چاككردن و ڕێكخستنە، نەك لابردن كەس خراپ لێم حاڵی نەبێت. جەوهەری قورئان ئەو ڕێبازە عەقیدی و پەروەردەییە كە تێیدایە، نەك تەمەن لەگەڵ تەجوید و مەخاریج و سیفات و قیرائەتی فڵان و ڕیوایەتی فڵان تەواو بكەیت و وابزانیت هیچت نەهێشتووەتەوە، چونكە وەكو تێگەیشتن و پەیڕەویكردن لە مەنهەج و ڕێبازی قورئان تەنها ڕیوایەتی حفص بەسە و تا مردن پیویستمان بە هیچ قیرائیتیكی تر نەبێت، بەتایبەتی لەم ڕۆژگارەدا كە موسیبەتەكان زۆر بوونە لەسەر موسولمانان و دینەیەكەیان پیویستی پێیانە بەرگری لێ بكەن. بەڵام پیویستە هەمیشە كەسانیكی بەتوانا و زانا بەو قیرائات هەمیشە خەریكی فێربوون و وتنەوەی بن، بۆ ئەوەی ئەو زانستە لەناوماندا هەمیشە بمێنیت و نەبڕێتەوە، نەك هەموان ڕووی تێبكەن و واز لە فێربوونی عەقیدەو تەوحید و بیروباوەڕ و فێربوونی سوننەت و دووركەوتنەو ە لە بیدعە بهێنن! مامۆستایان و فێرخوازانی بەڕێزی زانستی تەجوید و قیرائات: وریا بن ئەم مەسەلە تا بڵێی هەستیارە و شایانی بایەخ پێدانە. اللهم هل بلغت. اللهم فاشهد. إحسان برهان الدین 19 صفر 1443 26 أیلول 2021