العربیة
/هەندێك هەڵەو بیدعەی بیروباوەڕ/
24-دۆستایەتی موسوڵمان بۆ مونافیق و بێباوەڕان رێگەپێنەدراوە لە ئیسلامدا
: 168
2024-02-06

ئاشكرایە لەم سەردەمەی خۆماندا سەرەڕای زۆربوونی كتێبی شەرعی و زۆربوونی بانگخواز و سایت و بەرنامە و ئاسانكاری تەكنەلۆجیا بە شێوەیەكی گشتی بۆ بڵاوبوونەوەی زانستە شەرعیەكان، سەرەڕای هەموو ئەو هۆكارانە، جەهل و نەفامییەكی بەرفراوان بە ئیسلام بە شێوەیەکی گشتی و بە لایەنی عەقیدە بەتایبەت لەناو موسوڵماناندا تەشەنەی كردووە، هاوكات غیرەتیش لەسەر ئیسلام لە هەموو سەردەمانی تر لاوازترە و زۆربەی موسوڵمانان ئەگەر ئیسلام لەناوبچێت باكیان نییە و خۆیان بەخاوەنی نازانن، ئەمەش وای كردووە كە بوترێت ئەم سەردەمەی خۆمان جیاواز لەو ڕواڵەتەی كە گومان دەبرێت باش بێت، یەكێكە لە خراپترین ئەو سەردەمانەی موسوڵمانان کە پێیدا تێدەپەڕن. 

یەكێك لەو دیاردانەی كە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی باسی دەكەین، مەسەلەی كزبوونی عەقیدەی الولاء و البراء لەناو موسوڵماناندا تاكو ئاستێکی خراپ، موسوڵمانی ئەم سەردەمە زۆر ئاساییە بەلایانەوە پەیوەندی هاوڕێیەتی و پێكەوە دانیشتن و تەنانەت دۆستایەتی و برایەتی لە نێوانیاندا هەبێت وهیچ جیگای سەرسوڕمان نییە موسوڵمانێك ببینیت لە گەڵ دوژمنێكی دینەكەیدا جۆرەها پەیوەندی كۆی بكاتەوە و هەست بەهیچ كێشەیەك ناكات كە ئەو دوژمنی دینەكەیەتی و دەڵێت ئەوە ئازادی ڕادەربڕینە؟ ئەوەش لە كاتێكدایە ئەگەر دوژمنی باوكی بوایە هەر قسەی لەگەڵدا نەدەكرد و بەدوژمنی خۆی دەزانی بەڵام لەبەر ئەوەی دین لەلای زۆربەی خەڵكی بووەتە پرسێكی لاوەكی وماڵ و مناڵ و هاوسەر و كەس و كار و بازرگانی و دوكانەكەی لە دینەكەی زیاتر خۆش ئەوێت. 

هەروەها یەكێكی تر لە دیاردەكانی لادانی عەقیدەو بیروباوەڕ لەم سەردەمەدا ئەوەیە موسوڵمانان بە جۆرەها بیانووەوە جولەكە و نەساڕا و شوێنكەوتوانی دینە دەستكردەكانیان خۆش ئەوێت و هەندێ جار دەمارگیریشیان یۆیان هەیە و خۆیان بە قوربانیان دەكەن، سەیریش ئەوەیە لە هەمان كاتدا حەزیان بە هیچ موسوڵمانێك نییە كە دەستی بە سوننەتەوە گرتبێت و بیەوێت ئیسلام وەكو خۆی لە كیتاب و سوننەتەوە وەربگرێت. بەڵكو زۆر جار بە هێمای دواكەوتنی دەزانن وجۆرەها ناوووناتۆرەی لێ دەنێن... 

یەكێكیش لە دیاردەكانی خۆشویستنی موسوڵمانان بۆ بێباوەڕان كە زیان بەعەقیدەكەیان دەگەیەنێت ئەوەیە لەهەموو شتوێكی خراپدا لاساییان دەكەنەوە و شوێن پێیان هەڵدەگرن، لەجل وبەرگی فەزاحەت و لە بۆنەی شیركی وەكو سەری ساڵ و چەندین بۆنەی تر و لەسەرسام بون پێیان و هاوكات بەكەمی تەماشا كردنی موسوڵمانان، تەنانەت  

یەکێکیش لە نموونەی باوەکانیس لەم بارەوە خۆشەویستی موسوڵمانانە بۆ یاریزان و بۆ ئەكتەر و بۆ سیاسەتمەدار و گۆرانیبێژ وسوکەکانی ناوەکۆمەڵگا. 

الله جل جلاله فەرمانی پێ کردووین لە بێ باوەڕان بەری بین و داوای لێكردووین كە إبراهیم علیه السلام بكەینە پێشەنگ و پێشەوای خۆمان كە ئەو بەری بوو لە قەومەكەی و حاشای لێكردن لەبەر ئەو كوفرەی كە لەسەری بووین و وفەرموویەتی: ( قَدْ كَانَتْ لَكُمْ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ فِي إِبْرَاهِيمَ وَالَّذِينَ مَعَهُ إِذْ قَالُوا لِقَوْمِهِمْ إِنَّا بُرَآءُ مِنْكُمْ وَمِمَّا تَعْبُدُونَ مِنْ دُونِ اللَّهِ كَفَرْنَا بِكُمْ وَبَدَا بَيْنَنَا وَبَيْنَكُمُ الْعَدَاوَةُ وَالْبَغْضَاءُ أَبَدًا حَتَّى تُؤْمِنُوا بِاللَّهِ وَحْدَهُ ) الممتحنة:4. 

هەروەها فەرموویەتی: ( لَا تَجِدُ قَوْمًا يُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ يُوَادُّونَ مَنْ حَادَّ اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَلَوْ كَانُوا آبَاءَهُمْ أَوْ أَبْنَاءَهُمْ أَوْ إِخْوَانَهُمْ أَوْ عَشِيرَتَهُمْ أُولَئِكَ كَتَبَ فِي قُلُوبِهِمُ الْإِيمَانَ وَأَيَّدَهُمْ بِرُوحٍ مِنْهُ وَيُدْخِلُهُمْ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِنْ تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمْ وَرَضُوا عَنْهُ أُولَئِكَ حِزْبُ اللَّهِ أَلَا إِنَّ حِزْبَ اللَّهِ هُمُ الْمُفْلِحُونَ ) المجادلة (22).  

هەروەها فەرموویەتی: ( يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَتَّخِذُوا الْيَهُودَ وَالنَّصَارَى أَوْلِيَاءَ بَعْضُهُمْ أَوْلِيَاءُ بَعْضٍ وَمَنْ يَتَوَلَّهُمْ مِنْكُمْ فَإِنَّهُ مِنْهُمْ إِنَّ اللَّهَ لَا يَهْدِي الْقَوْمَ الظَّالِمِينَ ) المائدة (51) 

ئینجا چۆن فەرمانی کردووە بە بەریبوون وحاشاکردن لە بێ باوەڕان و نەیارانی ئبسلام فەرمانیشی کردووە بە پشت گرتن وخۆشویستنی ئیماندار وفەرموویەتی: ( وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعاً وَلا تَفَرَّقُوا وَاذْكُرُوا نِعْمَتَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ إِذْ كُنْتُمْ أَعْدَاءً فَأَلَّفَ بَيْنَ قُلُوبِكُمْ فَأَصْبَحْتُمْ بِنِعْمَتِهِ إِخْوَاناً وَكُنْتُمْ عَلَى شَفَا حُفْرَةٍ مِنَ النَّارِ فَأَنْقَذَكُمْ مِنْهَا كَذَلِكَ يُبَيِّنُ اللَّهُ لَكُمْ آيَاتِهِ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ ) آل عمران:103. 

بەڵام خۆشەویستی فیتری وئەوەی کە مرۆڤ لە ناخیدا هەستی پێ دەکات بەرانبەر کەس وکار وباوک ودایک وكەسە نزیكەكانی ئەگەر بێ باوەڕ بن وبەدەستی خۆی نەبێت، ئەوە خۆشەویستییەکی فیترییە و لەسەری گوناهبار نابێت چونكە بەدەستی خۆی نییە و بەمەرجێك لە كوفر و بێباوەڕیی و ڕێبازەكەیان بێ بەری بێت و رەتیبكاتەوە وحەزی لێنەكات، واتە لە هەمان كاتدا خۆشەویستی ئەوەی كە كەسی خۆیەتەتی و وەكو فیترەت هەست بە خۆشەویستی دەكات بەرانبەری لەگەڵ بێ بەری بوون و ڕق لێبوونی وڕازی نەبوون بە كوفرو لادانەكانی پێكەوە كۆ دەبنەوە. وەكو الله فەرموویەتی: (إِنَّكَ لَا تَهْدِي مَنْ أَحْبَبْتَ)ا لقصص:56. پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم مامی خۆش ئەویست وەكو فیترەت و خۆشەویستییەكەشی لەوەدا خۆی دەبینییەوە كە هەوڵی هیدایەتی دەدا بۆ ئەوەی لە دۆزەخ ڕزگاری بكات، (أيْ عَمِّ، قُلْ: لا إلَهَ إلَّا اللَّهُ، كَلِمَةً أُحَاجُّ لكَ بهَا عِنْدَ اللَّهِ) البخاري: ( 3884 )بۆیە ئێمەش لەو سنوورەدا ڕێگەپێدراوین ئەو جۆرە كەسانەمان خۆش بوێت و كاتێك بەری بین لە مەنهەج و لادان و كوفرەكەیان و ڕقمان لێی بێت و هاوكات ببینە هۆكاری هیدایەتیان و لە لادان و بێ باوەڕییەكشیان حاشا بكەین و پێی ڕازی نەبین. 

لە راستیدا بابەتی خۆشەویستی لە عەقیدەی ئیسلامیدا بابەتێكی هەستیار و پڕ بایەخە و پەیوەندی بەكرۆكی تەوحیدەوە هەیە، بۆیە موسوڵمان پێویستە بزانێت كێی خۆش ئەوێت و كێی خۆش ناوێت، چونكە هەندێ جار خۆشەویستی ئەگەر بۆ موسوڵمان و بۆ دایك و باوكیش بێت ئەگەر لە دەرەوەی ڕزامەندی و شەرعی الله بێت وسنوور ببەزێنێت، بۆی هەیە بچێتە چوارچێوەی شیركی خۆشەویستی(شرك المحبة) كاتێك ئەوپەڕی خۆشەویستی لەگەڵ ئەوپەڕی گوێڕایەڵی بێ سنوور بۆ كەسێك نیشان بدات. 

هەر بۆیە مەسەلەی (الولاء والبراء) بەشێكی سەرەكییە لە عەقیدەی موسڵمان و چڵەپۆپەی تەوحید و بەڵگەی بەرزی وسەقامگیر بونی ئیمانە، هەركەسێك هەموو خۆشویستنێكی لەبەر الله بێت و هەموو ڕق لێبوونێكی لەبەر الله بێت ئەوە ئیمانی خۆی بەهێز و تۆكمە كردووە، هەركێیش سنوورەكانی عەقیدەو ئیمان بشكێنێت و جولەكە و نەساڕا و شوێنكەوتووی دینە دەستكردەكانی خۆش بوێت، ئیتر بەبەهانەی ئەوە بێت یاریزانە یان ئەكتەر و زانا و فەیلەسوف بێت و بەهەر سیفەتێكی تر بێت ئەوە نیشانەی بێ غیرەتی ئە كەسەیە لەسەر دینەكەی و گوێنەدانێتی بە سنوورەكانی بیروباوەڕ، بە پێی جۆری خۆشەویستییەكەیشی لە نێوان مەعسییەتێكی گەورە تاكو شیرك و دەرچوون لە بازنەی ئیسلام دەڕوات ئەوەش لە كاتێكدا دەبێت كە خۆشویستنی بۆ ئەو بێ باوەڕە لەبەر بێ باوەڕییەكەی بێت و لەبەر موسوڵمان نەبوونەكەی ئەو بەڕاست بزانێت.