العربیة
/زاراوەکانی عەقیدە/
ڕوونكردنه‌وه‌ی_زاراوه‌كانی_عه‌قیده‌:9 (أهل الفترة)
: 501
2018-04-09
#ڕوونكردنه‌وه‌ی_زاراوه‌كانی_عه‌قیده‌:9 أهل الفترة به‌و كه‌سانه‌ ئه‌وترێت كه‌ پێغه‌مبه‌ریان بۆ ڕه‌وانه‌ نه‌كراوه‌ و بانگی حه‌قیان پێ نه‌گه‌یشتووه‌، مه‌به‌ستیش له‌وکەسانە‌یه‌ كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ سه‌رده‌مانی نێوان عیسا سه‌لامی خوای لێبێت و پێغه‌مبه‌ر ی خۆمان صلی الله علیه وسلم، چونكه‌ له‌و ماوه‌ كه‌ به‌ پێی وته‌یه‌كی سه‌لمانی فارسی ڕه‌زای خوای لێبێت كه‌ بوخاری ده‌یگێڕێته‌وه‌ شه‌ش سه‌د ساڵ بووه‌، هیچ پێغه‌مبه‌رێك بۆ خه‌ڵكی ڕه‌وانه‌ نه‌كراوه‌، وه‌كو له‌ فه‌رمووده‌یه‌كی صحیح دا هاتووه‌: (أنا أولى الناس بابن مريم، الأنبياء أولاد علات، وليس بيني وبينه نبي). هه‌ندیك له‌ زانایانیش فه‌رموویانه‌ زاراوه‌ی ( أهل الفترة) هه‌موو كه‌سێك ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ بانگی حه‌قی پێ نه‌گه‌شتبێت، یان پێی گه‌یشتووه‌ به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌ك نه‌بووه‌ كه‌ ببێته‌ به‌ڵگه‌ له‌سه‌ری وه‌كو شێت بۆ نموونه‌. به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووسی ئه‌هلی فه‌تره‌ جیاوازی زۆر له‌ نێوان زانایاندا هه‌یه‌، پاش باسكردن و تاوتوێكردنی هه‌موو بۆچوونه‌كان الشنقیطي له‌ ته‌فسیری (وَمَا كُنَّا مُعَذِّبِينَ حَتَّى نَبْعَثَ رَسُولاً) [الإسراء:15] به‌وه‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ ئه‌هلی فه‌تره‌ پاساویان هه‌یه‌ به‌وه‌ی كه‌ پێغه‌مبه‌ریان بۆ ڕه‌وانه‌ نه‌كراوه‌ و بۆچوونی په‌سه‌ندیش ده‌رباره‌یان ئه‌وه‌یه‌ له‌ڕۆژی قیامه‌تدا خوای گه‌وره‌ به‌ ئاگرێك تاقیان ده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر خۆیان خسته‌ ناوی ئه‌وا ده‌چنه‌ به‌هه‌شته‌وه‌، چونكه‌ خوای گه‌وره‌ زانیوێتی كرده‌وه‌یان چۆن ئه‌بوو ئه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌ریان بۆ بڕۆیشتایه‌، شه‌نقیتی فه‌رموویه‌تی هۆكاری په‌سه‌ند كردنی ئه‌م بۆچوونه‌ش له‌به‌ر جێگیربوونی ئه‌م هەواڵەیە له‌ پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم و، هه‌روها له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ پێویسته‌ به‌ڵگه‌كان له‌ مه‌سه‌له‌ی وا كۆ بكرێنه‌وه‌. ئه‌و فه‌رمووه‌ش كه‌ گوایه‌ خوای گه‌وره‌ باوك و دایكی پێغه‌مبه‌ری صلی الله علیه بۆ زیندوو كردووه‌ته‌وه‌ و بانگی كردوون بۆ ئیسلام و ئه‌وانیش موسوڵمان بوونه‌ فه‌رمووده‌یه‌كی زۆر لاوازه‌ و به‌لای هه‌ندیك له‌ زانایانه‌وه‌ هه‌ڵبستراو(موضوع) یشه‌. بۆیه‌ چاره‌نووشی خه‌ڵكی ئه‌و ماوه‌یه‌ لای خوای گه‌وره‌ خۆیه‌تی و له‌ ڕۆژی قیامه‌تدا تاقیان ده‌كاته‌وه‌ به‌و شێوه‌ی كه‌ له‌ فه‌رمووده‌كاندا هاتووه‌. به‌ڵام وه‌كو ابن باز فه‌رموویه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ له‌و ماوه‌ بوونه‌ بانگه‌وازی ئیبراهیم و موساو عیسایان پێ گه‌یشتبێت و باوڕیان نه‌هێنابێت و له‌سه‌ر كوفر وبتپه‌رستی خۆیان مابێتنه‌وه،‌ ئه‌وانه‌ ئه‌هلی فه‌تره‌ نین و بانگه‌وازیان پێ گه‌یشتووه‌، هه‌ر بۆیه‌ سه‌باره‌ت به‌ باوك و دایكی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم كه‌ له‌فه‌رمووده‌كه‌ی موسلیم داهاتووه‌:(إن أبي وأباك في النار) بۆ دایكیشی ڕێگه‌ نه‌درا داوای لێ خۆشبوونی بۆ بكات و ته‌نها ڕیگه‌ درا سه‌ردانی بکات وەکو لە فەرموودەکەی مسلم دا (976) هاتووە: ( اسْتَأْذَنْتُ رَبِّي أَنْ أَسْتَغْفِرَ لأُمِّي فَلَمْ يَأْذَنْ لِي ، وَاسْتَأْذَنْتُهُ أَنْ أَزُورَ قَبْرَهَا فَأَذِنَ لِي)، وتوویانه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ بووه‌ دیاره‌ بانگه‌وازی ئه‌و پیغه‌مبه‌رانه‌یان پێگه‌یشتووه‌ و باوه‌ڕیان نه‌هێناوه‌ و لەسەر شیرک وبتپەرستی سوور بوونە. إحسان برهان الدین ۲۳ـ۱ـ۲۰۱٨