العربیة
/هەندێك هەڵەو بیدعەی بیروباوەڕ/
23-پەیوەست بوونی دڵی نەخۆش بە دەرمان وبێ ئاگابوون لە الله پێچەوانەی عەقیدەیە
: 153
2024-02-06

لە شەریعەتی ئیسلامدا چارەسەر وەرگرتنی نەخۆش هیچ ڕێگرییەكی لێ نەكراوە و درووستە ، پێغەمبەری ئازیزمان صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: ( إن الله أنزل الداء والدواء ، وجعل لكل داء دواء ، فتداووا ، ولا تتداووا بالحرام .) ، رواه أبو داود 3376. واتە: الله دەردو دەرمانیشی دابەزاندووە و بۆ هەموو دەردێكیش دەرمانێكی داناوە، بۆیە چارەسەر وەربگرن و بە شتی قەدەغەو حەرام كراو خۆتان چارەسەر مەكەن. 

زانایانیش بەشێوەیەكی گشتی چارەسەر وەرگرتنی نەخۆشیان بە كارێكی موباح و ڕێگە پێدراو زانیوە، وەكو لە بەدواداچوونێكی شێخ محمد صالح المنجددا هاتووە - الله ڕزگاری بكات و پلەی بەرز بكاتەوە - لەو بارەوە بڕوانە: حاشية ابن عابدين 5/215 ، 249 . والهداية تكملة فتح القدير 8/134 ، والفواكه الدواني 2/440 ، وروضة الطالبين 2/96 ، وكشاف القناع 2/76 ، والإنصاف 2/463 ، والآداب الشرعية 2/359 وما بعدها ، وحاشية الجمل 2/134 . 

بەڵام لە مەسەلەی تداوی و چارەسەر وەرگتندا پێویستە موسوڵمان وریابێت و بە هیچ شێوەیەك لەوە بێ ئاگا نەبێت و ئەو پرسە فەرامۆش نەكات كە نەخۆش دەبێت سەرەڕای دەوا وەرگرتن وپێش ئەوە لە الله بپاڕێتەوە ئەو پزیشكە یان ئەو دەرمانە بكاتە هۆكاری شیفا بۆی، چونكە شیفا تەنها لەلای الله تعالی خۆیەتی و دەرمان خۆی بۆ خۆی لە دەرەوەی ئیرادەی پەروەردگار چارەسەری نەخۆش ناكات، هەركێیش باوەڕی وابێت دەرمان بەبێ ویستی الله جل جلاله نەخۆشی چارەسەر ئەكات ئەوە شیركی ئەنجامداوە. 

زۆر كەس كاتێك نەخۆش دەكەون وسەردانی نۆرینگەی پزیشك و نەخۆشخانەكان دەكەن لەوانەیە ئەم حەقیقەتەیان لە بیر بچێت وتەنها بیریان لەلای دوكتۆری زیرەك و دەرمانی باش و تیشك و سۆنار و شیكاری بێت و لەو سەروبەنددا دەسەڵاتی الله تعالی و ویستی ئەو لەسەر شیفا لەبیر بكەن، بەو شێوەش دەبێتە شیركی بچووك، بەڵام ئەگەر نەخۆشەكە وایزانی پزیشك و دەرمان وەكو هۆكارێكی سەربەخۆ توانای شیفادانیان هەیە ئەوە دەبێتە شیركی گەورە چونكە ئەو هۆكارانەی كردووەتە هاوبەش لەگەڵ الله تعالی. 

الله تعالی فەرموویەتی: ( وَإِذَا مَرِضْتُ فَهُوَ يَشْفِيْنِ) الشعراء:80، الله عزوجل  

خۆی شیفابەخشی ڕاستەقینەیە و سەرچاوەی چاكبوونەوەو شیفایە، وەكو فەرموویەتی: ( وَإِنْ يَمْسَسْكَ اللَّهُ بِضُرٍّ فَلَا كَاشِفَ لَهُ إِلَّا هُوَ وَإِنْ يُرِدْكَ بِخَيْرٍ فَلَا رَادَّ لِفَضْلِهِ يُصِيبُ بِهِ مَنْ يَشَاءُ مِنْ عِبَادِهِ وَهُوَ الْغَفُورُ الرَّحِيمُ) یونس:107. واتە ئەو نەخۆشی و ناخۆشییەی كە تووشی كەسێك دەبێت جگە لە الله عزوجل كەسی تر ناتوانێت لەسەری لایبدات، پزیشك و دەرمان و ئامێر و هەموو ئەو شتانە تەنها هۆكارن. 

ناوی (الشافي) لە فەرمودەی صحیح دا جێگیر بووە كە ناوی الله یە و لە فەرموودەی تریشدا لە بوخاری و مسلم دا هاتووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (اللَّهُمَّ رَبَّ النَّاس، مُذهِبَ الباسِ، اشْفِ أنت الشافي، لا شافي إلا أنت، اشفِه شفاءً لا يغادِرُ سَقَمًا) أخرجه البخاري (5742)، وأبو داود (3890)، والترمذي (973)، وأحمد (12554) واللفظ له، والنسائي في ((السنن الكبرى)) (10861). 

شيخ الإسلام ابن تيمية رحمه الله فەرموویەتی: (فالالتفات إلى الأسباب - كاستعمال الدواء دون توكل على الله -شرك في التوحيد- أي لعدم اعتماد القلب على الله ) واتە: بایەخدان و ئاوردانەوە لە دەرمان بەبێ پشت بەستن بە الله عزوجل، ئەوە ئەنجامدانی شیركە لە تەوحیددا، چونكە دڵی متمانەی بە الله نەبووە. 

مەسەلەیەكی تری نزیكیش هەیە لەم باسەوە ئەویش ئەوەیە هەندێ كەس لە كاتی كارو كاسبی و بازرگانی كردندا هەموو بایەخدان و بیرێكیان لەلای زیرەكی خۆیان وگرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست و هۆكار مادی و ئابووری و ئەوە لەبیر ئەكەن كە ڕزق و ڕۆزی و دەوڵەمەندی و هەژاری، هەمووی لەلای الله یە و بڕیاری لەسەر داوە، كاتێك بێ ئاگا ئەبێت لەوەی ڕزق وڕۆزی و دابەشكردنی لە نێوان بەندەكاندا هەمووی بەدەستی پەروەردگارە پشت بەستنیشی بە الله عزوجل لاواز دەبێت دەكەوێتە لادان و هەڵەی بیروباوەڕەوە كە لەگەڵ باوەڕ بوون بەقەدەر و بەوەی الله خاوەنی هەموو شتێكە دژوار دەبێت.