العربیة
/هەندێك هەڵەو بیدعەی بیروباوەڕ/
16-پێناسەی (مادة) لە فیزیادا سەرپێچییەكی گەورەی بیروباوەڕی تێدایە
: 163
2024-02-06

لە مەنهەجی خوێندنگە وزانكۆكاندا و لە بابەتی فیزیا و كیمیا, پێناسەی مادە و وزە بەوە كراوە كە بریتییە لە: (المادة لا تفنى ولا تستحدث من العدم) یان دەڵێن: (الطاقة لا تفنی ولا تستحدث من العدم) واتە: مادە یان وزە لە نێو ناچێت و لە نەبوونیشەوە نایەتە بوون.  

ئەم پێناسەش ڕاستەوخۆ لە گەڵ مەسەلەی ئیمانی ڕەها بە الله عزوجل تێكدەگیرێت وپێناسەیەكی ئیلحادی پەتییە, چونكە هیچ حیسابێكی بۆ دەسەڵات و پەروەردگارێتی الله عزوجل نەكردووە، هەروەها ڕەتكردنەوەو بە درۆدانانە بۆ ئایەتی: (كُلُّ مَنْ عَلَيْهَا فَانٍ * وَيَبْقَى وَجْهُ رَبِّكَ ذُو الْجَلَالِ وَالْإِكْرَامِ) الرحمن: 27،26. هەروەەها فەرموویەتی:  

(كُلُّ شَيْءٍ هَالِكٌ إِلَّا وَجْهَهُ)القصص: 88. بەلای خاوەنی ئەو پێناسەو ئەوانەشی پێی ڕازین مادە واتە هەموو تەنێك لە ناوچوونی بەسەردا نایەت و تەنها لە شێوەیەكەوە دەگۆڕێت بۆ شێوەیەكی تر، بەڵام الله لەو ئایەتەدا فەرموویەتی هەموو شتێك جگە لە الله عزوجل لە دونیادا لەنێو دەچێت. 

ئەوەش كە دەڵێن: (لا تستحدث من العدم) ئەوەش كوفرێكی ترە چونكە نكۆڵی كردنە لەوەی الله خالیقی هەموو شتێكە و وتوانای خەلق كردنی لە نەبوونەوە هەیە وكو فەرموویەتی: (اللَّهُ خَالِقُ كُلِّ شَيْءٍ ) الزمر: 62. 

بەم قسەو پێناسەی ئەو فیزیا ناسانەش بێت گەردوون هیچ پێویستێكی بە الله نییە و بۆ خۆی كاروباری خۆی بەڕێوە دەبات، ئەم بۆچوونەش ئەگەرچی هەیە و باوە بەڵام دەبێت بزانرێت كە بۆچوون و عەقیدەی مولحیدەكانە زاڵ بووەتە سەر مەنهەجەكانی خوێندندا و پێویستە موسوڵمان لێی بەری بێت و بەرپەرچی بداتەوە،  

بێگومان هەبونی ئەو پێناسەش لە كتێبەكانی فیزیادا، نیشانەی ئەوەیە وڵاتانی عەرەب و بەناو جیهانی ئیسلامی زۆربەی بە سیستمی عەلمانی لەهەموو بوارێكدا زاڵ بووە بە سەریدا و ئەوە كارێك پلان بۆ داڕیژراوە و بەمەبەست نەوەی موسوڵمانان ناچار بە خویندنی ئەو پێناسە دژوارانە دەكەن لەگەڵ بنەماكانی دینەكەیاندا. 

لە ڕاستیدا گەردوون و ئەوەشی كە لە ناو گەردووندایە هەمووی مادەیە و مادەش خالقێكی هەیە ئەویش الله یە، زانایان تەمەنی گەردونیان دیاری كردووە واتە سەرەتایەكی هەیە و گەردوون ئەزەلی نییە، كە سەرەتایشی هەبێت قسەیەكی دژوارە بوترێت لە نەبوون نایەتە بوون و لەنیویش ناچێت، دژوارە لەگەڵ عەقل و مەنتیقدا. 

ئینجا بە ئەزموون و بە تاقیكردنەوەی ئاسایی - وەكو شارەزایان دەڵێن - دەردەكەوێت كە وزە بەشێكی دەفەوتێت و لە نیو دەچێت، نموونەش بە سوتان دەهێننەوە كە ئەگەر یەك كیلۆ خەڵوز بسوتینرێت 400 گرامی لێ دەمێنێتەوە، كە ئەمە هەموو كەسێك دەتوانێت بەچاوی خۆی بیبینێت. 

سەبارەت بە درووست بوونی گەردوون مولحیدەكان ڕای جیاوازیان تێدایە، هەندێكیان دەڵێن گەردوون ئەزەلییە و سەرەتای نییە، هەندێكی تریان دەڵێن پێكهاتەو مادەی گەردوون ئەزەلییە، هەندێكی تریشیان لەگەڵ ئەوەدان كە گەردوون لە نەبوون و عەدەمەوە درووست بووە و بیردۆزەیەكی تریشیان هەیە كە گەردوون خۆی خۆی درووست كردووە كە ئەوەش لە قورئاندا ئاماژەی پێدراوە الله فەرموویەتی: (أَمْ خُلِقُوا مِنْ غَيْرِ شَيْءٍ أَمْ هُمُ الْخَالِقُونَ . أَمْ خَلَقُوا السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ بَلْ لَا يُوقِنُونَ) الطور:35. زانایان یەك بەیەكی ئەو بیردۆزەو بۆچوونانەیان بە بەڵگەی زانستی وەڵام داوەتەوە، بەڵام ئێرە جێگای باسكردنیان نییە، چونكە مەبەست لێرەدا تەنها ئەوەیە بزانرێت ئەو پێناسەیە بۆ مادە پێناسەی مولحیدەكانە و بەهۆی زاڵبوونی سیسمی عەلمانی لە وڵاتی موسوڵماناندا ئەو چەمكە سەپێنراوە و تاكو ئێستاش هەر دەخوێنرێت. 

لە ڕووی ئەمانەتیشەوە باشترە ئاماژە بۆ بۆچوونێكی تر بكەین كە بەلای هەندێكەوە ئەو پێناسە نكۆڵی تێدا نییە لە هەبوونی پەروەردگار، واتە الله خۆی كاتێك كە مادەی درووست كردووە تایبەتمەندی لەنێو نەچوون و داهێنانی لێ وەرگرتووەتەوە و مەسەلەكە دواجار لە ژێر دەسەڵاتی الله بەدەر نییە و هەر خۆیشی جارێكی تر دەتوانێت ئەو تایبەتمەندییەی لێ بكاتەوە و لەنێو بچێت، بەڵام ئەم چەمك و تەفسیرە لەلای خاوەنە ڕەسەنەكانی ئەو پێناسەیە بوونی نییە، چونكە لە بنچینەدا داهێنەرانی ئەو پێناسەیە بێ ئیمان و مولحیدن و لەسەر بنچینەو بنەمایەكی ئیلحادی ئەو پێناسەیان داناوە و چەندین مەبەست و ئامانجی ئایینی و كۆمەڵایەتی و سیاسییان لە پشت بڵاوكردنەوەی ئەو چەمكانەوە هەیە. 

یەكێكی تریش لە تەفسیری لاینگرانی ڕاستێتی ئەو پێناسەیە ئەوەیە كە ئەو پیناسەیە كە مادە نە درووست دەكرێت و نە لەناو دەچێت دەڵێن ئەە بۆ مەخلوق و بۆ مرۆڤەكان ڕاستە چونكە مرۆڤ نە توانای هەیە مادە لە عەدەمەوە درووست بكات و نە دەتوانێت عەدەمی بەسەردا بهێنێت، بەڵام بۆ دەسەڵاتی ڕەها و بێ سنووری الله، نەخێر ئەو قسە ڕاست نییە، چونكە الله خۆی یاسا گەردوونییەكانی خەلق كردووە و خۆیشی گۆڕانكارییان بەسەردا دەهێنێت، خاوەنی ئەم بۆچوونانە بەڵگەی قورئانیش بۆ قسەكەیان دەهێننەوەو دەڵێن الله فەرموویەتی: (أَفَمَن يَخلُقُ كَمَن لَا يَخلُقُ) النحل:17. بەڵام ئەم بۆچوونانە جۆرێكن لە گونجاندن و لە پاساو هێنانەوە لە دەرەوەی مەبەست و ئامانجی داهێنەرانی یەكەمی ئەو پێناسەیە كە لەسەرەتا باسمان كرد. 

بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە:  

- مناقشة عقلانية إسلامية لبعض الفيزيائيين والفلاسفة الغربييين/ أ.د. جعفر شيخ إدريس. 

- كواشف زيوف في المذاهب الفكرية المعاصرة / الشيخ عبد الرحمن حسن الحنبكة الميداني. 

- جامع الكتب والابحاث فى الرد على الالحاد والمذاهب الفكرية المعاصرة/ كۆكراوەی چەند كتێبێكە لە وەلامدانەوەی گومانی مولحیدەكان سەبارەت بە درووست بوونی گەردوون كە باسی پێناسەی مادەشی تێدایە.