العربیة
/چل پەیام بۆ ئافرەتان/
چەند ئامۆژگارییەكی گشتی
: 220
2023-04-26

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان: 40 وكۆتایی چەند ئامۆژگارییەكی گشتی لە سی و نۆ پەیامی ڕابردووی ئەم زنیجرەیەدا ، هەوڵماندا كۆمەڵێك لە گرنگترین ئەو باسانەی بۆ ئافرەتان پێویستن بیانخەینەڕوو، بێگومان كە نەمانتوانیوە هەموو ئەوەی كە پێویستە باسی بكەین، لێرەشدا كۆمەڵێك ئامۆژگاری و خاڵی تری گرنگ باس دەكەین، كە پێشتر وەكو پێویست تیشكی نەخراوەتە سەر، باسەكانیش پەیوندییان بەیكەوە نییە، وەكو ئەوەی هەر خاڵێك بابەتێك سەربەخۆ بێت وایە: 1- بەباشم زانی پەیامێك بۆ ئەو ئافرەتە بەڕێزانە ئاراستە بكەم كە لە مێردەكانیان جیابوونەتەوەو لەبەر هەر هۆكارێك بێت لە ژیانی خێزانییاندا سەركەوتوو نەبوون: - دەزانم بە ئەندازەی دڵخۆشی ئەو ڕۆژەی كە خوازبێنی كرایت و ئەو هەواڵە خۆشەت بە خۆشەویستانت گەیاند، هەواڵی تەڵاق و جیابوونەشت دوو ئەوەندە خەمباری كردوویت و ئازارت پێ دەبەخشێت، ، بەڵام چاك بزانە ئەوە قەدەری تۆ بوو و بەوەش دونیا كۆتایی نایەت. - پێویستە متمانەت بەخۆت هەبێت و شكستەكەت فەرامۆش بكەیت، هەوڵ بدە لە بازنەی شەرع و ڕێگەپێدراودا گۆڕانكاری لە خۆتدا بكەیت، كتێب بخوێنە، سەردانی كەسوكارت بكە، وەرزش بكە، جلی تازە بكڕە هەركارێك تر بكە كە شەرعی بێت و سەرقاڵت بكات و بەسوود بێت. - ئەگەر ماوەیەكی كەمە ڕووداوی جیابوونەوەكە ڕوویداوە، ئاساییە خەمبار بێت و ئایاییە بشگریت، چونكە گریانیش بۆ خۆی ڕێگەیەكی هێور بوونەوەو ئاسوودەییە بۆ دەروون. - پێویستە هەوڵ بدەیت لە یادگاری و ڕۆژانی ڕابردوو دابڕێیت و لەم قۆناغەی ئێستاتدا بژیت ، پێویستە گۆڕانكاری ئەرێنی و شەرعی لە ژیانتدا درووست بكەیت و لەگەڵ دوێنێتدا جیاواز بیت. - گۆڕانكاری لە خۆت و جل وبەرگ و ماڵ و ئەوەی دەزانیت لەڕابردوو داتدەبڕێت و لە بیرت دەباتەوە بكەیت، بەمەرجێك لە چوارچێوەی شەرعی رب العالمین دا بێت. - بەرژەوەندیت لەوەدایە لە ژێر كاریگەری ڕابردووی یادگارییەكانتدا دەربچیت، بەڵام ئەگەر جیابوونەوەكەتان لەو شێوەیە كە تەڵاقی ڕەجعی پێ دەوترێت و دەرگای گەڕانەوە بەتەواوی دانەخراوە ومێردەكەت پەشیمان بووەتەوەو تۆیش گەڕانەوەت پێ باشە و بەتایبەتی ئەگەر مناڵتان لە نێواندا هەیە بە پێی ڕێككەوتن وڕەچاوكردنی بەرژەوەندی دین و دونیای خۆتان و دەستەبەر كردنی دۆخێكی لەجاران باشتر و سەقامگیرتر ئاساییە جارێكی تر ژیان پێكەوە دەست پێبكەنەوە، ئەگەریش ئەوە مومكین نییە، دەبێت ئەو لاپەڕە بۆ یەكجاری هەڵبدەیتەوەو مەگەر مناڵتان لە نێواندا هەبێت، لەو حاڵەتەدا واجبە لەسەرت مافی ئەو مناڵە پێشێل نەكەی لە بینینی باوكی نابێت ڕێگری ئەوەی لێ بكرێت چونكە ئەوە ستەمە و الله لێت قبوڵ ناكات، بەڵام سەبارەت بە مێردی پێشووت دەبێت بە هەموو شێوەیەك ئەو كەسە لەبیر بكەیت وڕێگە نەدەیت بە خۆت بە هیچ شێوەیەك بیری لێ بكەیتەوە، چونكە هەم نامەحرەمە بۆت و هەم ئەزموونێكی شكستخواردووتان پێكەوە بووە. - مەرج نییە ئەوەی كە ڕوویدا كارێكی خراپ بێت، مرۆڤ بە سروشتی عاتیفی و كورتبینە، لەوانەیە خێری پێوە بێت و بۆ دین و بۆ دونیات جیابوونەوە باشتر بێت لە بەردەوامی ئەو ژیانە، الله تعالی دەفەرموێت. {وَعَسَى أَنْ تَكْرَهُوا شَيْئًا وَهُوَ خَيْرٌ لَكُمْ وَعَسَى أَنْ تُحِبُّوا شَيْئًا وَهُوَ شَرٌّ لَكُمْ وَاللَّهُ يَعْلَمُ وَأَنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ} [البقرة:216]. هەرچی ئەو ناخۆشییانەش كە لە ئەنجامی تەڵاقەكە تووشت دەبێت ئارامی لەسەر بگرە و چاوەڕوانی پاداشت بە لەلای پەروەردگارت، كە خۆی فەرموویەتی: ( إِنَّمَا يُوَفَّى الصَّابِرُونَ أَجْرَهُمْ بِغَيْرِ حِسَابٍ ) الزمر:10. - لە دەرگای پەروەردگارت بێ ئاگا مەبە وبێ ئومێد مەبە، هەمیشە بە دوعا و پاڕانەوە لەو دەرگایە بدە، لە گەڵ قورئاندا بژی، بە فێربوون و جوان خوێندنەوەی خۆت سەرقاڵ بكە، بە تەفسیر و لەبەر كردنی و زیندوو كردنەوەی شەوەكانت بەوەی لەبەرت كردووە خۆت بەهرەمەند بكە. - ڕەشبین مەبە و ناخت بە گەشبینی ڕووناك بكەرەوە و وا مەزانە بە پچڕانی ئەو پەیوەندییەت ئیتر كۆتایی بە هەموو خۆشییەكانت هاتووە. الله تعالی نیعمەتی زۆرە لەسەرت بە جیابوونەوەت وا نەزانی نیعمەتەكانی پەروەردگارت لەسەرت كەم بووەتەوە. نیعمەت هەر ئەوەش نییە كە پێت خۆشە هەندی جار ئەوەی كە زۆر پێت ناخۆشە ئەویش بە شێوەیەك لە شێوەكان نیعمەتێكە بەڵام پیی نازانیت. زەواج و ژیانی خێزانی تاكە نیعمەتی پەروەردگار نەبوو لەسەرت، چوزانی ئەوە تاقیكردنەوەیەك نییە، یان وەكو وتمان بژاردەیەكی باش نییە كە خێری تۆی تیایە و الله تعالی ئەوەی بۆ تۆ بەباشتر زانیوە. - هەڵەیە بە هۆی ئەو جیابوونەوە پەلە بكەیت لە ئەنجامدانی زەواجێكی نوێ، یان وا بزانیت ستەمت لێكراوەو پێویستە تۆلەی خۆت بكەیتەوە، لەوانەیە بكەویتە هەڵەیەكەوە و پەشیمان بیتەوە، لە مەسەلەی زەواجدا زۆر وردبەرەوەو وریابە. - پێت سەیر نەبێت هەندێ لە شارەزایان دەڵێن ئەگەر دەزانیت مێردەكەت بەو تەڵاقدانە ستەمی لێ كردوویت، گەردەنی ئازاد بكە و لە دڵی خۆتدا لێی خۆش بە، چونكە ئەوە ڕێگایەكی باشە بۆ بەدەستهێنانی ئاسوودەیی و هەست كردن بە ئارامی. - پێویستە بایەخی زۆر بە مناڵەكانت بدەیت و زاڵ ببیتە سەر هەر لاوازی و خەمۆكییەكەتدا كە لە ئەنجام جیابوونەوەت لە مێردەكەت تووشت بووە، بۆ ئەوەی ورەی ئەوانیش نەڕوخێنیت و هەمیشە باوەڕیان بە پەروەردگار بەهێز بكەیت. 2- پەیامێك بۆ ئەو ئافرەتانەی لە حیزب و ڕێكخراو و بانگەوازی ئیسلامیدا كار دەكەن، دەمەوێت بە ڕاشكاوی و بەبێ هیچ پێچ و پەنایەك پێتان بڵێم: - هیچ كۆمەڵ و حیزبێكی ئیسلامی لە كوردستاندا بوونی نییە لە ڕووی عەقیدەوە سەلامەت بێت و لە ڕووی مەنهەجەوە لادانی نەبێت و ئینحیرافی نەكردبێت كە بتوانم ئامۆژگاریتان بكەم كاریان لەگەڵدا بكەن، تەنانەت ئەگەر بڵێیت لە هەڵەو لادانەكانیان بەریم و تەنها لە كارە باشەكانیان لەگەڵیاندام، بەو بەهانەشەوە هەر درووست نییە لەگەڵیان بیت، چونكە تۆ (تكثیر السواد)یان دەكەیت، واتە ژمارەیان زیاد دەكەیت و بەشێك لە بەرپرسیارێتی لادانەكانیان هەڵدەگریت و مەسەلە كە گەیشتە عەقیدەو تەوحید، موسوڵمان دەبیت سەریح و یەكلا بێت و شل و لاواز نەبێت. - هەرچی ڕێكخراوو سەنتەر و ناوەند و جێگەیەك، ئەگەرچی بەتایبەت خەریكی زانستی شەرعی و تەجوید و قیرائات و لەبەر كردنی قورئانیش بێت، بەڵام سەر بە لایەنێك لەوانە بێت كە لە ڕووی عەقیدەوە تێكەوتوون، لەبەر هەمان هۆكاری سەرەوە درووست نییە لەگەڵیادا بیت، با ئەو جێگەیە وای نیشان بدەن كە لایەنێكی زانستین و هیچ پەیوەندییان بە حیزب و لایەنی سیاسییەوە نییە، چونكە لە ڕاستیدا ئەو جێگایانە ڕۆڵێكی بەرچاو دەگێڕن لە كۆكردنەوەی خەڵكی و ئەندام بۆ ئەو حیزبانە بەو بەهانەوە، ئەوانەش كە ئەو شوێنانە بەڕێوەدەبەن ئەندام و كادیری حیزبەكانن. - بۆیە دەتوانیت دوور لە ئینتیمای ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دەمامكدار بۆ هیچ حیزب و گروپ و ڕێكخراوو كۆمەڵێك، لە مالی خۆتەوە و لەسەر مەنهەجی كیتاب و سوننەت و خوێندنەوەی كتێب و گوێگرتن لە مامۆستای عەقیدە پاك و سوود وەرگرتن لە یوتیوب و لە ئێنتەرنێت بەگشتی، خزمەتی دینەكەت بكەیت،ئەمڕۆ جیهان بووە بە گوندیكی بچووك و بۆ كەسێك بیەوێت دەیان سەكۆ هەیە قسەی خێری تێدا بكەیت، سەدان فێرگە و قوتابخانە هەیە بۆ فێربوونی زانستی شەرعی و لە ماڵی خۆیشتەوە دانیشتوویت! یان دەتونیت لەگەڵ هەر ڕێكحراوو لایەنێكدا كە هیچ لادانێكی عەقیدی نەبێت، خزمەتی دینەكەت بكەیت و خۆت پێكەوە بنەیت لە ڕووی شەرعی و زانستە ئیسلامییەكانەوە، خۆ ئەگەر نەبوو و لایەنێك وا دەست نەكەوت، تۆ داوات لێ نەكراوە بە هەر حاڵێك بێت هەر لەگەڵ حیزب و لایەنێكدا بیت، بەلكو داوات لێكراوە ئەگەر هەموویان كێشەی عەقیدەیان هەبوو، لێیان بەری بیت و بەتەنها خۆت بمێنیتەوە. 3- سەردانیكردنی ئافرەت بۆ گۆڕستان لەسەر بۆچوونی جومهوری زانایان درووستە وڕێگەپێدراوە، بە مەرجێك ئەو سەردانییە بیدعەی تێدا نەبێت و بۆ ئافرەتەكە فیتنەی تێدا نەبێت، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لەسەرەتا سەردانی كردنی گۆرستانی لەسەر ئافرەتان قەدەغە كرد و دواتر ڕێگەی پێیاندا: ( كُنْتُ نَهَيْتُكُمْ عَنْ زِيَارَةِ الْقُبُورِ فَزُورُوهَا) رواه مسلم. بەڵكو وەكو زانایان دەفەرموون ئەوە لە حاڵەتێكدایە ئەو گۆڕەی كە سەردانی دەكات لە شار و شوێنی ئەو ئافرەتە بێت، بەڵام ئەگەر لە شارێكی تر بێت و پێویست بەسەفەركردن بكات ئەوە درووست نییەو قەدەغەیە. لە فەرموودەدا هاتووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ئافرەتێكی بینی لەسەر گۆڕێك دەگریا پێی فەرموو ئارام بگرەو پێی نەفەرموو سەردانییەكەت ناشەرعییە، هەروەها دایكمان عائیشە الله لێی ڕازی بیت سەردانی گۆڕی عبدالرحمن ی برای كردووە. ئەو فەرموودەی (لعن الله زوارات القبور)یش وەكو شێخ مصطفی العدوي دەڵێت: یان فەرموودەیەكی لاوازە، یان نەسخ كراوە، یان مەبەست لەو ئافرەتانەیە كە لە كاتی سەردانی گۆڕستاندا سنووری شەرع دەشكێنن. 4- یەێك لە دیاردە ناشەرعی و خراپەكانی ئەم سەردەمە ئەوەیە هەندێ جار ئافرەت بەتەنها لە گەڵ شۆفێری تەكسی نامەحرەمدا سەردەكەوێت، كە ئەوەش خەلوەیە و حەڕامە وەكو لە فەرموودەی صحیح دا هاتووە: (لا يخلون رجل بامرأة إلا ومعها ذو محرم) واتە درووست نییە پیاوێك لەگەڵ ئافرەتێكی نامەحرەمدا تەنها بێتەوە مەگەر مەحرەمێكی لەگەڵدا بێت لەو كاتەدا. هەروەها پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە فەرموودەیەكی صحیح دا فەرمویەتی: (لا تسافر امرأة إلا مع ذي محرم) واتە ئافرەت بۆی نییە گەشت بكات مەگەر لە گەڵ مەحرەمێكی خۆیدا نەبێت. بەڵام وەكو زانایان دەڵێن ئەگەر ئافرەتەكە بە تەنها نەبێت و ئافرەتی تری لەگەڵ بێت ئەوە خەلوەی پێ ناوترێت و لەو حاڵەتەدا درووستە. 5- زەكاتی ئاڵتون و زیو بێگومان واجبە و جێگای خیلاف نییە، بەڵام زەكاتی ئەو زێڕو خشڵەی ئافرەت بۆ جوانی و بۆ بەكارهێنانی خۆی بەكاری دەهێنیت ئەوە خیلافی لەسەرە، جومهوری زانایان لەسەر ئەوەن ئەگەر بۆ جوانی و بەكارهێنان شەخسی خۆی بەكاری بهێنیت زەكاتی یتێدا نییە، بەڵام وەكو زۆرێك لە زانا گەورەكان فەرموویانە ئەگەر ئاڵتوون گەیشتبێتە ئاستی نصاب واتە گەیشتبێتە 20 مسقاڵ، لەڕووی احیتاط بۆ دین ئەوەیە ساڵانە زەكاتی دەربكرێت، كە زەكاتەكەشی دەكاتە چواریەكی دەیەك، واتە دوو و نیو لەسەد، بەڵام ئەگەر لە بیست مسقاڵ واتە لە هەشتا و پێنج گرام زێڕ كەمتر بێت زەكاتی بە هیچ شێوەیەك تێدا نییە چونكە نەگەیشتووەتە ئاستی نصاب. سەبارەت بە زیویش ئەگەر بگاتە 595 گرام ئەویش بەهەمان شێوە لەسەدا دوو ونیوی دەبێتە زەكات. 6- هەڵەیە و هەڵەیەكی گەورەشە لە ڕوی شەرعەوە، ئافرەت لەگەڵ خزمان و كەسە نزیكە نامەحرەمەكانیدا بە بێ سنوور و هەستكردن بە گوناه و حەرەج قسە بكات و تێكەڵ ببێت، بەڵكو ئەوە لە تێكەڵ بوون و قسە كردن لەگەڵ نامەحرەمی تر كە خزم نییە خراپترە، چونكە وا گومان دەبات ئەوە خزمە و جیاوازە و ئیتر زیاتر تیكەڵ دەبن و ڕووخۆشی و گاڵتە و قسەكردنیان پێكەوە دەبێت ئەوەش ڕۆچوونە لە ئەنجامدانی تاواندا و ئاساییی بوونەوەی حالەتێكە كە لە بنچینەدا ئاسایی نییە و ڕێگەی زۆر حەرام و قەدەغەكراوی شەرعییە. بەڵكو دەبێت لەگەڵ هەندێ لە مەحرمەكانیشدا سنوور بپارێزرێت و بەو بەهانەی كە مەحرەمە هیچ زیدەڕەوییەك نەكرێت لە تێپەڕاندنی ئادابی مامەڵە كردن، بەتایبەتی ئەگەر ئەو مەحرەمە وەكو خاڵ و مام مولتەزیم نەبن بە ئیسلامەوەو خاوەن ڕەوشتی بەرز نەبن، نابێت حیسابی مەحرەمیان بۆ بكرێت، بەڵكو دەبێت وەكو نامەحرەم مامەڵەیان لەگەڵدا بكریت، ئەم سەردەمە سەردەمی فیتنەیە و ئێنتەرنێت و سەتەلایت و ڕێگاكانی تری خراپە خەڵكی لەسەروشتی مرۆیی خۆیان دەركردووەو مەگەر پابەند بوون بە ئیسلام مرۆڤ لە ڕەوشتی ناشیرین بپارێزێت ئەگینا ئەمە خراپترین سەردەمە ئێمە تێیكەوتووین، بەڵكو خوشك و برایش هەر دەبێت ئاداب و سنووری مامەڵەی جوان پێكەوە بپارێزن و بەفێركردنیان بە ئادابی ئیسلامی بپارێزرێن، بۆیە ئیسلام فەرمانی كردووە جێگای خەوی كچان و كوڕانی خوشك و برا لە تەمەنی دە ساڵی ئیتر جیابكرێتەوە و لەیەك جێگەدا پێكەوە نەخەون وفەرموویەتی: (وفرقوا بينهم في المضاجع). روه أبو داود وغیره. 7- خوێندنی كچ بەهانەیەكی شەرعی نییە بۆ دوا خستنی زەواج، بۆیە ئامۆژگاری هەر كچێك و سەرپەرشتیارەكەی دەكەم ئەگەر كەسی خاوەن دین و ڕەوشتی جوان هاتە پێشەوە بۆ خوازبینی كردنی ڕازی ببن و بە هۆی خوێندنەوە ئەو پرۆسە دوا نەخەن، دەكرێت زەواج و خوێندن پێكەوە بن، زیادەڕەوی لە ڕەفز كردنی زەواج بەبەهانەی خوێندن دەبێتە هۆكاری كەمبوونەوەی زەواج و زۆربوونی قەیرەیی و چەندەها كارەساتی لێ دەكەوێتەوە، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (يا معشر الشباب! من استطاع منكم الباءة فليتزوج؛ فإنه أغض للبصر، وأحصن للفرج، ومن لم يستطع فعليه بالصوم فإنه له وجاء) متفق علیه. ئەوەش فەرمانێكە بۆ پێشخستنی زەواج و دوانەخستنی لە پێغەمبەرەوە صلی الله علیه و سلم كە ئەگەر هۆكارێكی بەهێز و قایلكەر نەبێت نابێت پێچەوانەی ئەو فەرمانە ئەنجام بدرێت. 8- ئامۆژگاری هەموو ئافرەتێكی بەڕێز دەكەم كە داواكاری زیاد لە توانای مێردەكەی نەكات و باری بە كڕینی شتی زیاد و ناپێویست قورس نەكات، هاوكات داوا لە مێردەكەش دەكەم بە پێی توانای خۆی هەموو پێویستییەكی ژن و مناڵەكانی دابین بكات و پێویستییەكانیان پشت گوێ نەخات و كەمتەر خەمی تێدا نەكات. 9- ئافرەت پێویستە هەمیشە فەرمان بە چاكەو نەهی لە خراپە وەكو واجبێك و فەرمانێكی ئیلاهی تەماشا بكات و هیچ كات ئەگەر هەلی قسەیەكی خێری بۆ ڕێككەوت، یان توانی نەهی لە خراپەیەك بكات، ئەو هەلە لە دەست نەدات، الله تعالی فەرموویتی: ﴿ وَلْتَكُنْ مِنْكُمْ أُمَةٌ يَدْعُونَ إِلَى الْخَيْرِ وَيَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَأُولَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ ﴾ [ آل عمران:١٠٤]، بانگەواز كردن بۆ دینی ئیسلام و فەرمان كردن بەچاكە و نەهی كردن لە خراپە گەورەترین كارێكە موسوڵمان ئەنجامی بدات و پلەیەكی بەرزو مەزنە دەبێت ئافرەت هەمیشە بە گوێرەی توانای خۆی بیری لای بێت. لەم سەردەمەدا زۆر جار ئافرەتان وەكو ئەوەی ئەو كۆڵەكە گەورەیەی ئیسلام پەیوەندی بەوانەوە نەبێت مامەڵە دەكەن، بەڵكو دەبێت ئافرەت لەگەڵ مناڵەكانی و كەسە نزیكەكان و دراوسێی و هاوڕێی و لە هەر كوێیەك توانی قسەیەكی خێر بكات درێغی نەكات و ئەوەش بە پلەو پایەیەكی مەزن تەماشا بكات. 10- پێویستە ئەم دونیا وەكو ڕێگای سەفەرێكی دوور تەماشا بكەیت كە بەردەوام بیرت لەلای كۆكردنەوەی توێشوو خۆراك بێت بۆ ئەو سەفەرەت، پێش هەموو شتێك پێویستە عەقیدەی خۆت تۆكمە و ڕاست درووست بكەیتەوە، ئینجا توێشووی عیبادەت لەگەڵ خۆت هەڵبگریت بۆ ئەو سەفەرە، لە پاش ئەنجامدان فەرزەكان بە رێكوپێكی، گرنگی بدەیت بە نوێژە سونەتەكان، ڕۆژووی تطوع، زیكری بەیانیان و ئێواران، خوێندنەوەی قورئان و هەموو كارێكی خێر و ئاكارێكی جوان و ڕەفتار و مامەڵەیەكی پەسەند بە نیەتی ئەوە بیكەیت ببێتە توێشووی قیامەتت. 11- ئەمڕۆ عەلمانیەت هەژموونی بەسەر هەموو میللەتانی سەر زەویدا هەیە و لە گەڵ ئیسلامدا لە جەنگێكی كراوەدایە، ئافرەتیش یەكێكە لە چەكەكانی كە بۆ ڕووخانی ڕەوشتی خەڵكی سەرزەوی بەكاری دەهێنێت، ئافرەت لە شارستانییەتی هاوچەرخدا زیاتر نییە لە ئامرازێك بۆ وروژاندنی ئارەزووی پیاوان و بۆ گێل كردنی میللەتان و دوور خستنەوەیان لە هەموو بەها جوانەكان. عەلمانیەت لەو جەنگە ڕاگەیانراوەیدا لە دژی ئیسلام و لەمەسەلەی بەكارهێنانی ئافرەت ڕێگەو كەرەستەی گەلێك زۆری هەیە، یەكێك لەو كەرەستانەی ڕێكخراوەكانی مافی ئافرەت و جێندەرە، ئەوەش بزانن كە ئەوان لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و وڵاتە بەناو ئیسلامەكانەوە توانیویانە زۆرێك لە ئامانجەکانیان بپێكن، بەڵام تاكە ڕێگەیەك بۆ ئەوەی ئێوەی خاوەن دین و ڕەوشت لە خراپەكانی ئەوان پارێزراو بن ئەوەیە عەقیدەو لایەنی ئیمان و تەوحیدی خۆتان بەهێز بكەن، بەو شێوە دەتوانن پارێزگاری لە دین و كەسایەتی خۆتان بكەن، ئەگینا بەهەر ڕێگەیەكی تر ئێوە لە جەنگێكی نابەرانبەردان و هاكا دۆڕان و گەورەترین سەرمایەتان لە دونیا كە دینەكەتانە دەكەوێتە مەترسی لەناوچوون، یان هیچ نەبێت ناشیرین بوون و لەكەدار بوون. 12- ئەگەر ئافرەتێك بمرێت و مێردی نەبێت، لەپێشترین كەس بەشۆردنی كەسە نزیكەكانێتی، دایكی كچی وكورەزای و كچەزای و خوشك و پوری خوشك باوك و پوری خوشكی دایك و هاوشێوەكانیان، زانایان دەڵێن ژن و پیاو لە هەموو كەسێك تر لە پێشترن بۆ ئەوەی یەكێكیان بمرێت ئەوی تر بیشۆرێت. ئەگەر ئافرەت مرد و كەسێك لەو نزیكانەی باسمان كرد نەبوو بۆ ئەوەی بیشۆرێت، هەندێ لە زانایان فەرموویانە: ئافرەت كە مرد لە پێشترین كەس بۆ شۆردنی دایكیتی ئینجا نەنكی و كچەكەی ئینجا نزیكتر و نزیكتر و ئینجا ئافرەتی دوور. شايانى باسە لێرەدا كە پیاو بۆی نییە دایكی و كچی خۆی ئەگەر بمرن بیانشوات، چونكە جگە لە هاوسەران، ژنان ژنان دەشۆن و پیاوان پیاوان دەشۆن. تێبینییەكی گرنگیش لەم بارەوە ئەوەیە ئەو ئافرەتەی كە ئافرەتی مردوو دەشوات ، دەبێت دەستپاك و جێگای متمانە بێت و پێویستە هەر عەیبێكی لە جەستەی مردووەكەدا بینی یان هەر شتێكی نەخوازراوی بینی كە مردووەكە ئەگەر لە ژیاندا بوایە پێی ناخۆش دەبوو بزانرێت، باسی نەكات و بیپۆشێت و چونكە ئەوە بە نهێنی ئەو مردووە دادەنرێت حەرامە لەسەر مردوو شۆرەكە باسی بكات، بەڵام ئەگەر حاڵەتێكی باشی لە جەستەی مردووەكە بینی وەكو ئەوەی ڕووی گەش بێت یان خەندەیەكی پێوە دیار بوویێت ئەوە ئاساییە باسی بكات. بەمەش كۆتایی بەو چل پەیامە هات كە بە باشمان زانی ئاراستەی ئافرەتانی كوردی بكەین وەكو ئەنجامدانی ئەركی بانگەواز و بەجێ گەیاندنی مافی ڕوونكردنەوەی ئیسلام بۆ دایكان و خوشكان و هەموو ئەو ئافرەتە بەڕێزانەی كە مەبەستیان لەسەر شەریعەتی ئیسلام بژین و بمرن، داواكارم لە الله تعالی ئەم نوویبنە بكات بە توێشووی قەبر و قیامەت بۆ نووسەر و خوێنەر و هەموو كەسێك كە سوودی لێ وەردەگرێت و كاری پێ دەكات، إنه علی ذلك قدیر و بالإجابة جدیر. وصلی الله وسلم وبارك علی سیدنا محمد وعلی آله و صحبه و من تبع سنته و اقتفی طریقه إلی یوم الدین. والحمد لله الذي بنعمته تتم الصالحات.