پێوەرت بۆ ناسینی حەق و دیاریكردنی هەرگیز با شەخس نەبێت، بەڵكو خۆت لە ڕۆشنایی شەریعەتدا فێری پێوەرو مەنهەج و سنوورەكان ببە ولەو ڕێگەوە و بەو پێوەرە حەق بدۆزەوە، نەك مادام فڵانە زانا وای وت ئیتر قسەكە حەق بێت، یان بەپێچەوانەوە لەبەر كەسێكی دیاری كراو یەكسەر بۆچوونێك ڕەتبكەیتەوە، ئەوە هەڵەیە و باجەكەشی لە دین و لەدونیاتدا دەدەیت ئەگەر وابیت، لەم بارەشەوە لە دوو هەڵەی گەورە خۆت بپارێزە:
1- زانا هەرچەند زانستی زۆر بێت و خاوەن حیكمەت و هەڵوێست و بە غیرەت بێت، دواجار قابیلی هەڵەیە چونكە مرۆڤە و مەلائیكەت نییە، زانای گەورەی وا هەیە هەڵەی وا گەورەی كردووەو ئێستاش لە كتێبەكاندا هەر ماوە خویندكارێكی زانستی شەرعی سەرەتاییش نایكات! بەڵكو زانایان بە ژمارەی زۆر و بەجۆرێك لەیەك دەنگیش هەر دەگونجێت هەڵەبن و ڕاستی نەپێكن و بۆچوون و تێگەیشتنیان ناڕاست بێت، كەسیش نابێت بڵێت یەعنی ئەوان چۆن دەبێت لە كیتاب و سوننەت تێنەگەیشتبن؟
مرۆڤەكان حاڵەتی دەروونی و جەستەیی و لاوازییان تووش ئەبێت، بۆیە هەرگیز خۆیان بۆخۆیان هەركێ ببن هەر نابنە پێوەری حەق ناسین، جا تۆ ئەگەر لەسەر مەنهەجێكی ڕوون و ڕاست و درووست بوویت و پێوەرەكانی ناسینی حەقت لەو مەنهەجەوە وەرگرت ، ئەو كاتە هەرگیز زانایەك یان كەسایەتییەك یان ناودارێك لەلات نابێتە پێوەر و هەڵگری حەق لە هەموو بۆچوونەكانیدا، كە هەڵەشی كرد - مەگەر هەڵەكەی لە عەقیدەدا بێت - ئەگینا هەڵەكەی دەدەینەوە بە سەریدا و كاری پێ ناكەین وهاوكات ڕێزیشی لەلامان هەر پارێزراو دەبێت.
2- هەندێ جاری كەم ڕەنگە حەق لەسەر زمانی كەسێكی مونحەریف و ڕنگە لە ئەهلی بیدعیش بێت دەربكەوێت، ڕاست نییە تەنها لەبەر ئەوەی لەو كەسەوە ئەو حەقە یان ئەو بۆچوونە ڕاستە دەركەوتوە بچیت ڕەتیبكەیتەوە، ئەوە سیفەت و ئاكاری ئەهلی عیلم و فێرخوازانی زانست نییە، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لەمەسەلەیەك دیاری كراودا شایەتی ڕاسگۆیی بۆ شەیتانیش داوە و فەرموویەتی خۆی درۆزنە بەڵام لەمەدا ڕاستی كرد!
بۆیە لەم حاڵەتەشدا ئەگەر پێوەرت مەنهەجی كیتاب و و سوننەت بێت بەرچاوڕوونیت و كێشەت بۆ درووست نابێت.
ئەگەر كەسێكی ناسراو بەلادان و نەپێكانی بیروباوەڕ و هەڵەی شەرعی قسەیەكی كرد و بەبەڵگەی قورئان و سوننەت قسەكەی ڕاست بوو و پێكابووی، ئاساییە بەڵكو واجبیشە لەسەرت واز لە قسەی زانایەكی تری ناسراو بە بیروباوەڕ پاك بهێنیت و بچیتە سەر قسەی كابرای مونحەریف، نەك لەبەر ئەو وتوویەتی، بەڵكو لەبەر ئەوەی لەوەدا موافیقی دەقەكانی كیتاب و سوننەتە و بەڵگەكانی زانستی شەرعی زیاتر پشتگیری ئەوە دەكەن كە ئەو وتوویەتی.
لە ڕاستیدا كەسێك ئەتوانێت ئەو دوو خاڵەی تێدا بێت وبەو شێوە بێت كە زانستی شەرعی پێبێت و لەسەرچاوەكانی خۆیەوە بەجوانی وەریگرتبێت، بە كورتی كەسێك بێت لە ڕێگەی فێربوونی زانسنە شەرعییەكانەوە حەق و بەڵگە و ونیشانەكانی بناسێت و بۆی بووبێتە پێوەر، بۆیە كەسی لەو جۆرە كە دەبێت هەموو موسوڵمان و فێرخوازێكی زانست وابێت، گرنگ نەبێت بەلایەوە خاوەن وتەكە كێیە، بەڵكو ئەوە گرنگە ناوەڕۆكی وتەكەی تا چەند بەڵگەی لەسەرە و ڕاستە؟ دەرەنجام لە ڕۆشنایی پێوەرەكاندا یان ئەو بۆچوون و قسەیە قبوڵ دەكات و یان ڕەتیدەكاتەوە.
بەدەست خستنی زانستی شەرعی پێویستی بە هەوڵدان و كۆشش كردن و وخەرج كردنی پارە و شەو نوخونییە، بەڵام پێش ئەوانە پێویستی بەپاڕانەوە و بەدوعایە لەلای الله كە فێرخوازەكە بەرچاوڕوون بكات و ڕێگەكانی وەرگرتنی زانستی ڕاست و بەڵگەداری بۆ ئاسان بكات و دەرگاكانی بۆ واڵا بكات.
اللهم علمنا ما ينفعنا، وانفعنا بما علمتنا.
إحسان برهان الدین
19 ربيع الآخر 1445
2023-11-3