العربیة
/پوختەیەکی بەسوود دەربارەی قنوت/
چەند پێوەرێك بۆ ڕاست و درووستی دوعای قنوت
: 362
2023-02-18
  #پوختەیەكی_بەسوود_دەربارەی_دوعای_قنوت: 3 چەند پێوەرێك بۆ ڕاست و درووستی دوعای قنوت - مەسەلەیەكی تر سەبارەت بە دوعای قنوت كە شایانی وریاكردنەوەیە ئەویش ئەوەیە درووست نییە بۆ پێشنوێژ و ئەوانەی دوعای قنوت دەخوێنن، بە دوای دوعای نامۆدا بگەڕێن، یان زۆر گرنگی بەوە بدەن كۆتایی دوعاكانیان هۆنراوە ئاسا وشەكانی هاوشێوەی یەكتر بن. لە سەحیحی بوخاریدا بەڕەحمەت بێت هاتووە لە فەرمووەی عكرمة كە ابن عباس الله لێیان ڕازی بێت پێی فەرمووە: (فانظر السجع في الدعاء, فاجتنبه,فإني عهدت رسول الله صلى الله عليه وسلم وأَصحابه,لا يفعلون إلا ذلك الاجتناب). واتە وریابە لە دوعاكانتدا سەجع بەكارمەهێنە چونكە من پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم و هاوەڵانم نەدەبینی ئەو كارە بكەن. - سەجع واتە كۆتایی دوعاكانی بەتایبەتی پیتی كۆتایی وشەكە وەكو یەك بن، بۆ نموونە: ( اللهم ارحمنا فوق الأرض, وارحمنا تحت الأرض, وارحمنا يوم العرض) مەبەست پیتی (ض) لە وشەكانی الارض و العرض دا. كە ئەم دوعایە بۆ نموونە دوعایەكی داهێنراوەو سەنەدێكی سەحیحی نییە. ئەگەریش بوترێت لە هەندێ لە فەرموودەكاندا دوعای لەو شێوە هاتووە كە كۆتاییەكانی هاوشێوەن، وەڵام دەدرێتەوە كە ئەوە خۆی وا ڕێككەوتووە نەك بەمەبەستەوە بەو شێوە ڕێكخرابێت. - هەروەها پێویستە ئەو كەسەی دوعای قنوت دەخوێنیت خۆی لەو جۆرە دوعا هەڵبەستراوانە بپارێزێت كە زۆر مەسەلەكە شیدەكاتەوە و سۆزو عاتیفەی خەڵكی پێ دەجوڵێنێت و خۆی تێك بدات و دەست بكات بە گریان و هەنسك و هەناسە هەڵكێشان هاوار و دەنگ بەرز كردنەوە! دوعا وا نابێت ودرووست نیە بەو شێوە بكرێت. - یان لە مەسەلەی پەناگرتن بە الله و باسی ناخۆشییەكانی ڕۆژی قیامەت و سزای ناو گۆڕو هەندێ باسی لەو شێوە دەچێت وشە ڕیز دەكات و دەربڕینی سەیرو سەمەرە دەدۆزێتەوە بۆ درووست كردنی ككاریگەری بە سەر خەڵكی. - جگە لەوەش ئێمە نەهیمان لێ كراوە لە نزاوپاڕانەوەدا دەنگ بەرز بكەینەوە و لەو كاتەدا هاوارو قیژە بكەین ، چونكە پەروەردگار ئاگای لیمانە هەموو قسەكانمان دەبیسێت وپێویست بەهاوار كردن ناكات، لە هەموویشی خراپتر ئەوەیە مەترسی ڕیایی لێ چاوەڕوان دەكرێت، بۆیە هەموو ئەمانە جۆرێكە لە سنووربەزاندن لە دوعادا و بگرە لەوانەیە نوێژەكەش بەتاڵ بكاتەوە. - هەروەها ئەو كەسەی كە دوعای قنوت دەخوێنێت پێویستە زۆر خۆی لە درێژكردنەوەی دوعا بپارێزێت وبەدوور بگرێت و نەبێتە هۆكاری ئازاردانی زۆرێك لەوانەیە درێژكردنەوەی دوعا و زۆر ڕاوەستان زیانیان پێ دەگەیەنێت وبێزاریان دەكات، بەو شێوەش لە جیاتی ئەوەی ئیمام خێری دەست بكەوێت لەوانەیە گوناهباریش ببێت. - سەبارەت بە ئەندازەی درێژكردنەوەی دوعای قنوت، سێ ڕێوایەتی جیاواز لە ئیمام ئەحمەدەوە هاتووە: 1- بە ئەندازەی خوێندنەوەی سوڕەتی: (إذا السماء انشقت). 2- بە ئەندازەی دوعاكەی پێشەوا عومەر الله لێی ڕازی بێت كە دواتر باسی دەكەین. 3- هەرچەند كەپێ خۆش بێت. بەڵام ئەگەر دوعا خوێنەكە پێشنوێژ بێت، زانایان یەكدەنگ بوونە لەسەر ئەوەی درووست نییە ئەوەندە دوعاكان درێژ بكاتەوە كە مەشەقەت لەسەر نوێژخوێنەكان درووست بكات، ئەوەیان بە هەموو حاڵێك هەر نادرووستە. چونكە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بە معاذ بن جبل ی فەرموو الله لێی ڕازی بێت: (أفتانٌ أنت يا معاذ؟)واتە درێژ كردنەوەی نوێژەكەی كە بوو بوو بەمایەی بێزاری وئازاری هەندێك خەڵك بە فیتنە ناوبردووە، چجای بۆ ئەم حاڵەتەی كە لێرە باسی دەكەین. - هەروەها پێویستە پێشنوێژ و ئەو كەسەی دوعای قنوت دەخوێنێت لە هەموو وشەیەكی نادرووست وبێ بەڵگە لە دوعادا خۆی بپارێزێت كە بنەمایەكی شەرعی نییە، یان جۆرێك لە تەعەدای تێدابێت لە شێوازی دوعاكەدا، یان جۆرێك لە مەرج دانانی لەسەر الله تێدا بێت و شتی لەو شێوە، دوعای وا هەیە بەشێوەیەك داواو پاڕانەوەكە ئاڕاستەی الله تعالی دەكرێت هاوشێوەی داواكاری نێوان بەندەكان لە نێوان خۆیاندا والعیاذ بالله واتە جۆرێك لە ڕێگەپێگرتن و ناچاركردنی تێدا وەدی دەكرێت كە ئەوەش دەبێتە جۆرێك لە بێ ئەدەبی لە دوعاكردندا ناگونجێت و شیاو نییە بەو شێوە لە الله تعالی بپارێینەوە ! بۆیە دوعاكردن بەوەی كە لە قورئان و لە سوننەتدا وارد بووە ڕێگای سەلامەتییە و پەنا بردن بۆ دوعای داهێنراو وهەڵبەستراو دەربڕین و وشەی نامۆ مەترسی گوناهباری و لادانی لەشەرع لێ دەكرێت. هەروەها درووست نییە ئەو كەسەی كە دوعای قنوت دەخوێنێت وەكو پێشنوێژان دوعای تایبەت بخوینێت كە بۆ حاڵەتێكی تایبەت وتراوە و خەڵكی لەپشتییەوە بە ناچاری یان بەنەزانین ئامین بكەن، - مەسەلەیەكی تر كە شایانی وریاكردنەوەیە لە دوعای قنوتدا وەكو شێخ بەكر ئەبو زەید دەلێت ئەوەیە ئیمام بۆی نییە ئەو خەڵكە ناچاری ڕاوەستانی دوورو درێژ بكات و لە پشتییەوە ئامین لەسەر دوعای بیدعی وداهێنراو بكەن كە لە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وارد نەبووە، خۆی خەریكی دەنگ خۆشكردن و جوانكردنی دەربڕین و گریان بێت و بەشێكیش لەوانەی لە پشتییەوە ڕاوەستاون ئازار بچێژن وتوانای ڕاوەستانیان نەبێت و یان پێویستی تایبەتی خۆیان هەبێت و زیانیان لەو درێژكردنەوەی دوعایە بەربكەوێت. - لەوانەیە هەندێ لەوانەی دوعا بەو شێوە درێژ دەكەنەوە ئەگەر بزانن چەند ئازار بەهەندێ لە نوێژخوێنان دەگەیەنن، بگەڕێنەوەو واز لەو حاڵەتە بهێنن كە پێچەوانەی سوننەتە، بەڵام لە كوردستانی خۆمان زۆر جار روویداوە بەو بێزاری و ئازارەی هەندێ لە نوێژخوێنانیان زانیوە و ڕەنگە خودی ئەو كەسانە قسەیان لەگەڵ كردبن، بەلام وەڵامی ئەوان ئەوەیە ئەی بۆ ئەتوانی لە شوێنی تر لەوە زیاتر بوەستیت و بۆ بە دیاری تەلەفزیون و شتی ترەوە زیاترت پێ دەچێت و بێزاریش نابێت! بۆ خوتبە درێژەكانیشیان هەمان بەهانە ئەهێننەوە، وەكو ئەوەی ئەنجامدانی شتێكی ناشەرعی لەلایەن ئەوانەوە ببێتە ببەهانە بۆ ئەنجامدانی بیدعەو ناشەرعی لەایەن ئەمانەوە! - لەلایەكی تریشەوە واجبە لەسەر مەئموم واتە ئەوانەی لە پشتی ئیمامەوە نوێژ دەكەن گومانی باش بەو ئیمامە ببەن كە پێشنوێژییان بۆ دەكات (ئەگەر مەرجەكانی ئیمامەتی تێدا بێت لە عەقیدە پاكی و جوان خوێندنەوەی قورئان كە ئەوە دوو مەرجی سەرەكییە بۆ ڕاست ودرووستی پێشنوێژكردنی ئیمام) و ئارام بگرن و پەلە نەكەن لە نكۆڵی كردن لەسەر ئەو ئیمامەی دوعای قنوت درێژ دەكاتەوە تاكو لە خەڵكی شارەزا و ئەهلی عیلم دڵنیا دەبن كە ئەو پێشنوێژەیان دوعاكەی پێچەوانەی شەرع و سوننەتە، ئینجا كە نكۆڵیشیان كرد لەسەر ئیمامەكە بەبەڵگە و بە شێوازێكی نەرم و جوان قسەیان لەگەڵ بكەن بێ ئەوەی سنووری ڕێزو ئەدەب ببەزێنن یان بە شێوازو مامەلەی ناشاییستە لەگەڵی بجوڵێنەوە كە ئەوەش كارێكی نادروستە. لە ڕاستیدا واجبە لەسەر ئەو كەسەی پێشنوێژی موسوڵمانان دەكات و دوعای قنوت دەخوێنێت ڕەچاوی سوننەت بكات و دوعاكانی یەكەم بە پێی كیتاب و سوننەت بن و قسەو دەربڕینی نامۆ وناشەرعی تێدا نەبێت، دووەمیش كورت و پوخت بێت بە شێوەیەك خەڵكی دوچاری عەزێت و بێزاری نەكات و كابرای پێشنوێژ نەچێت میزاج و حەزو قەناعەتی خۆی بكاتە پێوەر و بەبێ گوێدان نە بەسونەت و نە بە حاڵی ئەوانەی لە پشتی نوێژ دەكەن لەسەر ئەو بنەمایە دوعاكانی بخوێنێتەوە