العربیة
/وەڵامی پرسیارەکانتان/
(المعلوم من الدین بالضرورة) واتای چییە؟
: 308
2022-07-03
#وەڵامی_پرسیارەكانتان : 59 (المعلوم من الدین بالضرورة) واتای چییە؟ ئەوە زاراوەیەكە زانایان بۆ هەندێ بنەما و بنچینە و كۆڵەكەی ئیسلام بەكاری دەهێنن كە ڕوون و ئاشكران و هەموو موسوڵمانێك دەیانزانێت، بۆ نموونە فەرزبوونی نوێژ و ڕۆژوو و زەكات و حەج، یان قەدەغەبوونی زینا و سوو خواردن و ستەم وخراپەكردن لەگەڵ دایك و باوك و شتی لەو جۆرە. لە بەدواداچووندا وا دەرناكەویت لە قسەی ئەهلی عیلم كە ئەو جۆرە شتانە ژمارەیەكی دیاری كراویان هەبێت كە بوترێت ئەمانە بەدیاری كراوی پێیان دەوترێت (معلوم من الدین بالضرورة)ن، لەوانەشە بە پێی كۆمەڵگاكان و بڵاوبوونەوەی زانستی شەرعی لە ناویاندا ئەو مەسەلە بگۆڕێت. هەندێ لە توێژەرانی زانستی شەرعی و ئەوانەی بەدواداچوونیان بۆ ئەو مەسەلە كردووە لە ڕۆشنایی وتەی زانایاندا دەڵێن: زاراوەی (المعلوم من الدین بالضرورة) بریتییە لەوەی كە ئیجماعێكی قەتعی و ڕەهای لەسەرە، هەروەها بریتییە لەوەی كە بە شێوەیەكی بەربڵاو و ومتواتر لە ناو موسوڵماناندا زانراوە و بڵاوەی كردووە، یان هەرچی زانستێكی پێویست و گرنگ بن لە عەقیدەو لە شەریعەتدا ئەوانە زانراوو مەعلومن لە ئیسلامدا. لەم بارەشەوە تێبینییەكی گرنگ هەیە ئەویش ئەوەیە كە ئەوەی ئەم زاراوە دەیگرێتەوە مەرج نییە تەنها متواتر بێت، بەڵكو ئەگەر بە فەرموودەی سەحیحی ئاحاد یش جیگیر بوبێت وەكو زانایان دەفەرموون هەر پێی دەوترێت معلوم من الدین بالضرورة. هەروەها لە قسەی زانایاندا ئەوە دەردەكەوێت كە هەر مەسەلەیەك موسوڵمان بە نەكردنی یان كردنی تەكفیر بكرێت ئەوە لە خانەی ئەو زاراوەیەدا پۆلێن دەكرێت. شایانی باسیشە ئەوەی بە (معلوم من الدین بالضرورة) وەسف دەكرێت مەرج نییە تەنها تایبەت بێت بە لایەنی عەقیدەو بیروباوەڕەوە، یان بواری عیبادەت و لایەنە شەرعییەكان، بەڵكو هەموو شتێك كە ئەنجامدانی مەشروع و مەندوب بێت و ئیجماعی زانایانی موعتەربەری لەسەر درووست بووبێت ئەویش لەسەر ئەو زاراوەیە دادەنرێت و دەبێتە پرسێكی مەعولم لە ئیسلامدا. بۆیە زانایان فەرموویانە حوكمە ئاشكراو دیارو موتەواتیرەكانی ئیسلام كە هەموان پێی دەزانن و شتێك نییە شاراوە بێت لەكەس وەكو نوێژ و ڕۆژوو وحەج و ...هتد، هەركێ نكۆڵییان لێ بكات لە بازنەی ئیسلام دەردەچێت وەكو النَّووي، والخطَّابي، وابنِ تيميَّةَ و زانایانی تر فەرموویانە. بەڵام ئەو مەسەلانەی كە تەنها لەناو زانایاندا زانراوە و بۆ ئەهلی عیلم و فێرخوازانی زانست مەعلومە، ئەوە جیاوازە و لەسەر عەوامی خەڵكی نابێتە مەعلوم و زانراو تاكو فێرنەكرێن و ئاگادار نەكرێنەوە، بۆ نموونە كەسێك نكۆڵی لەوە بكات كە داپیرە شەش یەكی میراتی بەردەكەوێت، یان كەسێك نكۆلی لە حەرامێتی ئەوە بكات كەسێك پووری خیزانی خۆی مارە بكات و مەسەلەی هاوشێوەی تر، چونكە مەرج نییە ئەو جۆرە مەسەلانە عەوامی خەڵكی بیزانن، وەكو الخطابي دەڵێت: (أمَّا ما كان الإجماعُ فيه معلومًا من طريقِ عِلمِ الخاصَّةِ، كتحريمِ نِكاحِ المرأةِ على عَمَّتِها وخالتِها، وأنَّ قاتِلَ العَمدِ لا يَرِثُ، وأنَّ للجَدَّةِ السُّدُسَ، وما أشبه ذلك من الأحكامِ؛ فإنَّ من أنكرها لا يَكفُرُ، بل يُعذَرُ فيها؛ لعَدَمِ استفاضةِ عِلْمِها في العامَّةِ، وتفَرُّدِ الخاصَّةِ بها). هەروەها ئەگەر كەسێك بۆ نموونە تازە موسوڵمان بووبێت و نەزانێت عارەق حەرامە و نكۆڵی لەو حەرام بوونی بكات پێی كافر نابێت تا ئاگەدار دەكرێتەوە و حەقی بۆ ڕوون دەكرێتەوە. بۆیە ئەم مەسەلەی كە پرسیاری لەسەر كراوە، شیكردنەوەی تێدایە و لە هەموو حاڵەتێكدا نكۆلی كردن لە مەسەلەیەكی شەرعی زانراو یەك حوكمی نییە و بچێتە ژێر ئەو پێناسەی (المعلوم من الدین بالضرورة). بێگومان ئەم باسە قسە زۆرتر هەڵدەگرێت بەڵام بە كورتی ئەمە وەڵامی ئەو پرسیارە بوو. إحسان برهان الدین 14 ربيع الآخر 1443 2021/11/19