العربیة
/گشتی/
كتێب...
: 220
2024-01-28

هاوڕێ و هاودەمێكی دڵسۆز و باش وبەسوودە كە هەرگیز لە هاوڕێتی و هاودەمی ئەو پەشیمان نابیتەوە. 

گەنجینەیەكی بەنرخە، بڕێكی زۆرت لە زانست و وشە و زانیاری نوێ فێر دەكات، چەند زۆرتر هاوڕێتی بكەیت و بیخوێنیتەوە لە سیفەتە باش و ناوازەكانی زیاتر بەهرەمەند دەبێت. 

كتێب... جیهانێكی سەربەخۆی جوان و دڵگیر و دەوڵەمەندە، وروژێنەری توانا و شاراوەكانی نێو ناخی مرۆڤە. 

كتێب دەتوانێت زۆر كەلێنی گەورە بۆ مرۆڤەكان پڕ بكاتەوە، لاوازی ئیمان و كەسایەتی، هەژاری مادی و واتایی، نەخۆشی دەروونی و متمانە بۆخۆنەبوون، ئەگەر كەمێك لە زمانی بزانیت وهاوڕێتی لەگەڵدا ببەستی، دەتوانێت كام گرێ كوێرە هەیە بە هۆیەوە بیكەیتەوە. 

كتێب دیدگایەكی مەزنە لەگەڵ زانا و دانا و ناودارانی مێژووی سەرزەوی، دەرگایەكە لێیەوە گەشت بەرەو ڕابردوو دەكەیت، بە كەسانێكت دەگەیەنێت ئەگەر لەگەڵ ئەواندا لەیەك سەدەشدا بویتایە هەر ئەوەندە سوودت لێ دەبینین بە دیداریان شاد دەبوویت.. 

كتێب - بە هەبوونی هەندێك مەرجەوە - دەتوانێت خوێنەرەكەی بەهێز بكات، ڕەوشت و ئاكاری جوانی فێر بكات، ژیر و دیندار و چاكەكاری بكات، لە خەمۆكی ڕزگاری بكات، لەو دنیا خەلەتێنەرە بێ منەتی بكات و كلیلی نهێنی چوونە بەهەشتی بۆ ئاسان بكات و حەقیقەتی ئەم دونیایەی بۆ ڕوون بكاتەوە، 

كتێب بە نرخ و تێچوویەكی زۆر كەم، دەتوانێت ببێتە مامۆستایەكی زانا و دانا و دڵسۆز و دڵگەورە و ڕوح سووك وهێمن، بە سەبر و ئارام لەگەل خوینەرەكەیدا . 

چاكییەكانی كتێب گەلێك زۆرن، ئەمە مشتێكە لەو خەروارە، ئەوەی دەتەوێت بتگەیەیت بەو جیهانە پڕ سوود و خۆشە، پێش هەموو شتێك نیەتێكی پاك و نزایەكی ڕاستگۆیانەیە لە ناخی دلتەوە، ئاراستەی پەروەردگارتی بكەیت، كە بەر لە هەموو كتێبێك بە كتێبەكەی خۆی دڵت خۆش بكات وبیكات بەبەهار و گوڵزاری ژیانت، هەروەها وابەستە و هۆگری كتێبەكانی فەرموودەت بكات لەپاش ئەوەش هاوكارت بێت بۆ بەستنی پەیوەندییەكی تۆكمە لەگەڵ هەموو كتێبێكی بەسوود و باش، بۆ ئەوەی لە رێگای چاكەدا ببیتە مرۆڤێكی باش و كارا... ببیتە چرایەكی گەش بۆ خۆت و بۆ دەوروبەرت. 

إحسان برهان الدین 

5 جمادى الأول 1445 

2023-11-19