/نیشانەی تاقمەکان/
7-قەدەرییەكان
: 295
2022-06-27
#نیشانەی_تاقمەكان: 7
قەدەرییەكان
قەدەرییەكان ئەوانەن كە نكۆڵی لە قەدەری الله تعالی دەكەن، دەڵێن الله عزوجل كردەوەی بەندەكانی خۆی درووست نەكردووە، بەڵكو خۆیان كردەوەكانی خۆیان درووست دەكەن، هەروەها یەكێكی تر لە بیروبۆچوونە ناكۆكەكانیان لەگەڵ عەقیدەدا ئەوەیە دەڵێن كە الله زانستی بە شتەكان نییە پێش ڕوودانی.
مێژووی سەرهەڵدانی قەدەرییەكان بۆ كۆتایی سەردەمی هاوەڵان دەگەڕێتەوە دوای تەواو بوونی سەردەمی خولەفای ڕاشیدین، بۆیە هەر یەك لە هاوەڵان عبدالله بن عمر وجابر بن عبدالله وأبي هريرة وابن عباس وأنس بن مالك وعبدالله بن أبي أوفى وعقبة بن عامر الجهني و هاوچەرخەكانیان الله لێیان رازی بێت لە وتەو بیروباوەڕی ئەوان بەری بوون و نكۆڵییان لێ كرد، هەروەها ڕاسپاردەشیان كرد بۆ دوای خۆیان كەوا كەس سەلامیان لێ نەكات و نوێژ لەسەر مردووەكانیان نەكات.
بیدعەی قەدەر یەكەمین جار لە كەسێكەوە بیسترا بەناوی سنسويه (یان سوسن) بن يونس الأسواري، كە نەسڕانی بوو موسوڵمان بوو، دواتریش جارێكی تر هەڵگەڕایەوە و بوو بەنەسڕانی، لەویشەوە (معبد الجهني) ئەو بیدعەیەی وەرگرت و لەسەر دەستی الحجاج بن یوسف لە ساڵی 80ی كۆچی كوژرا. لە مەعبەدیشەوە (غیلان الدمشقي) بیدعەی قەدەری وەرگرت و بڵاوی كردەوەو بە فەرمانی خەلیفەی موسوڵمانان هشام بن عبدالملك كوژرا.
زانایانی سەلەف زۆر توند بوونە بەرانبەر قەدەرییەكان و تەنانەت تەكفیری ئەوانەیان كردووە ە نكۆڵییان لە زانستی الله تعالی كردووە پێش ڕوودانی شتەكان، وەكو عبدالله بن أحمد بن حنبل بە ڕەحمەت بێت دەڵێت: سمعت أبي - رحمه الله - وسأله علي بن الجهم عمن قال بالقدر يكون كافرًا؟ قال: "إذا جحد العلم، إذا قال: إن الله عز وجل لم يكن عالمًا حتى خلق علمًا فعلِم، فجحد علم الله عز وجل، فهو كافر"؛ (السنة لعبدالله بن أحمد، رقم: 835).
قەدەرییەكان لە ناو خۆیاندا دەبن بە بیست بەشەوە، لەوانە:
(الواصلية، والعمرية، والهذلية، والنظامية، والمردارية، والمعمرية، والثمامية، والجاحظية، والخياطية، والشحامية، وأصحاب صالح قبة، والمريسية، والكعبية، والجبائية، والبهشيمية) (الفرق بين الفرق لعبدالقاهر البغدادي صـ 44) هەمووشیان لە ڕیگای حەق و لە مەنهەج و عەقیدەی ئەهلی سوننەت كە مەنهەجی قورئان و فەرموودەكانە لایانداوە، ، ئەمەش چەند نموونەیەكە لە بیروباوەڕی تاقمەكانیان:
1- الأحمرية: دەڵێن تەواوی دادگەری ئەوەیە كە الله واز لە بەندەكانی بهێنیت خۆیان چی ئەكەن بیكەن.
2- الثنوية: ئەمانە دەڵێن هەموو خێرێك الله درووستی كردووە و هەموو شەڕ و خراپەیەكیش درووستكراوی شەیتانە.
3- المعتزلة: كە بە مەسەلەی خەلقی قورئان و زۆر بیروباوەڕی تر ناسراون.
4-الشيطانية: ئەمانە پێیان وابوو الله تعالی مرۆڤەكانی درووست كردووە بەڵام شەیتانی درووست نەكردووە.
5- الشريكية: ئەمانە دەیانوت: خراپەكان قەزاو قەدەرە جگە لە شیرك نەبێت.
6- الراوندية: ئەمانە باوەڕیان وابوو هەموو كتێبێك كە الله تعالی دایبەزاندووە، كاری پێ دەكرێت با مەنسوخیش بێت.
7- البترية: ئەمانە دەیانوت الله تعالی تەوبەی تاوانباران وەرناگرێت.
8- النظامية: ئەمانە شوێنكەوتووی إبراهیم النظام بوون دەیانوت هەركێ بڵێت الله شتە (شیء)ە، ئەوە كافرە.
تاقمی قەدەرەییەكان بە دوو نیشانەی سەرەكی و دیار جیادەبنەو ودەناسرێن:
یەكەم: دەڵێن هەموو ڕووداوەكان دوور لە ویستی الله تعالی ڕوو دەدەن و پەروەردگاریش بەو ڕووداو و شتانە نازانێت تا ڕوو نەدەن.
دووەم: دەلێن مرۆڤ یان بەندە خۆی لە كردەوەكانی خۆی بەرپرسە كە لە ژیانیدا ڕوو دەدات و تەنها خۆی هۆكاری یەكەمی درووست بوونیانە.
باسی ئەم فیرقەیە لە هەموو كتێبەكانی سەلەفدا هاتووە كە دەربارەی عەقیدە نووسراوە و لە زانایانی متأخرین یش، شێخ الإسلام ابن تیمیة و ابن القیم لە كتێبەكانیاندا زۆر باسیان دەكەن، بۆ نموونە كتێبی: (الصواعق المرسلة على الجهمية والمعطلة) ی ابن القیم كە باسی ئەوان و فیرقەكانی تر دەكات.
بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە القدرية والجبرية/الشيخ صلاح نجيب الدق و چەند سەرچاوەیەكی تر بینیوە.
2018-04-11
2023-10-28
2023-11-29
2024-03-08
2018-04-28
2024-04-15