العربیة
/وەڵامی پرسیارەکانتان/
ئایا زەكات بۆ ڕێكخراو ئەشێت؟
: 318
2021-09-09
  #وەڵامی_پرسیارەكانتان: پرسیار19 مامۆستا گیان سڵاو لێبێت ئایا زەكات بۆ ڕێكخراو ئەشێت؟ الحمد لله/ شاییستەكانی زەكات بە دەقی قورئانی پیرۆز دیاری كراون و هیچ بوارێك نییە بۆ زیاد كردن و لێ كەمكردنیان، كە بریتین لە هەشت جۆر و لەم ئایەتەدا بە ڕوونی باسكراون:(إِنَّمَا الصَّدَقَاتُ لِلْفُقَرَاءِ وَالْمَسَاكِينِ وَالْعَامِلِينَ عَلَيْهَا وَالْمُؤَلَّفَةِ قُلُوبُهُمْ وَفِي الرِّقَابِ وَالْغَارِمِينَ وَفِي سَبِيلِ اللَّهِ وَاِبْنِ السَّبِيلِ فَرِيضَةً مِنْ اللَّهِ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ ) التوبة/60 . ڕێكخراویش بەدەر لە تایبەتمەندی و بواری كاركردنی هەرچی بێت، هیچ جۆرێك لەو جۆرانە نایانگرێتەوە كە لە ئایەتەكەدا باس كراون، بۆیە نەخێر درووست نییە زەكات بدرێتە ڕێكخراو و ئەگەر كەسێكیش بیدات زەكاتەكەی لەسەر ناكەوێت. بۆ نموونە ئەگەر ئەو ڕێكخراوە تەنها خەریكی گرنگیدان بێت بە قورئان و لەبەركردنی و فێركردنی، یان بە فەرموودە و بەرگری لێكردنی و بڵاوكردنەوەی زانستی شەرعی و كاری خێر و چاكەی لەو جۆرە، هەر درووست نییە پارەی زەكاتی پێبدرێت، یان بینای بۆ درووست بكرێت، یان كەرەستە و ئامێر و پێویستییەكانی بەپارەی زەكات بۆ بكڕدرێت، چونكە ناچێتە ژێر هیچ جۆریك لەو جۆرانەی ئایەتەكە بەیانی كردووە، ئەمەش ڕای گەورە زانایانی ئەم سەردەمەی لەسەرە بەبێ هیچ مشت و مڕ و ناكۆكییەك. بەڵام ئەگەر ئەو رێكخراوە ئیشەكانیان تەواو شەرعی بێت و لادانیان لە كیتاب و سوننەت و بنەماكانی بیروباوەری ئیسلامی نەبێت، كە لەم ڕۆژگارەدا زۆر گرنگە تەنها سەیری دروشم نەكرێت بەڵكو لە عەقیدە و وابەستە بوونی ڕاستەقینەیان بە كیتاب و سوننەتەوە دڵنیا بیت نەك تەنها بەڕواڵەتی كارەكانیان، لەو حاڵەتەدا وەكو زانایان فەرموویانە پێویستە لە پارەی خێرو سەدەقە هاوكاری بكرێن، یان سندوقێكیان بۆ درووست بكرێت بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك، یان ژمارە حیسابییان بۆ بكرێتەوە بۆ ئەو مەبەستە كە لە پارەی غەیری زەكات پێیان بدرێت و ئەوە یەكێكە لە دەرگاكانی خێر. ئەو شوبهەو گومانەش كە هەندێك پشتی پێ دەبەستن بۆ شەرعاندنی پێدانی زەكات بە ڕێكخراو حیزب و كەناڵی ئاسمانی وڕادیۆ و ئەو جۆرە دەزگایانە، بریتییە لە شوبهەی جۆری في سبیل الله كە گوایە هەموو جۆرێكی كاری چاكە دەگرێتەوە بەو دەزگاو شوێنانەشەوە كە ئاماژەمان پێكرد، ئەوەش لای ئەهلی عیلم بەڵكو فێرخوازانی زانستیش ڕوون و ئاشكرایە كە مەبەست پێی ئەوانە نییە و نایانگرێتەوە بە هیچ شێوەیەك، هەركێیش زەكات بەو شوێنانە بدات زەكاتەكەی بە غەییری شاییستەی هۆی داوە و لەسەری نەكەوتووە. بەڵام ئەگەر كەسی هەژار و قەرزار و هەركەسێكی تر كە لەو هەشت جۆرەی ئایەتەكە باسی كردووە لەناو ئەو دەزگا و ڕێكخراوانەدا هەبن لە مامۆستا و فێرخواز و كارمەند ئەوە زەكاتیان پێ دەدرێت وەكو ئەوەی كە هەژارو كەم دەست و قەرزارن، نەك وەكو ئەوەی كە لەو دەزگاو شوێنانە ئیش دەكەن. ئینجا - وەكو ابن عثیمین فەرموویەتی - ئەگەر في سبیل الله هەموو كارو پرۆژەیەكی چاكەی بگرتایەتەوە ئیتر چی پێویستی دەكرد شاییستەكانی زەكات لەو ئایەتەدا بژمێردرێن، خۆ هەر فی سبیل الله هەمووی دەگرتەوە وحەسركردنی بێ سوود دەبووو لەو حاڵەتەدا والعیاذ بالله، بۆیە ئەمە دەرگایەكی خراپە بكرێتەوە و جۆرێكیشە لە بەلاڕێبردنی ئەو فەریزوەیە. ئەمەی كە باسم كرد بەڵگەی سەریحی قورئان و سەحیحی سوننەتی لەسەرە و تێكڕای زانایان لە كۆن و نوێدا لەسەر ئەمەن، جگە لە چەند كەسێكی زۆر كەم نەبێت لە ڕابوردوودا و لەهاوچەرخەكانیش كەسانێكی زۆر كەم فەتواكەیان بەنامۆ و بە موخالەفەی ڕرون و ئاشكرای كیتاب و سوننەت وەسف كراوە، لەبەر ئەوەش نەبوایە بابەتەكە زۆر درێژ دەبوویەوە زۆرێك لەو بەڵگەو قسەی زانایانەم لێرەدا دەخستەڕوو. ئەمەش كە باسمان كرد لەسەر ئەوەی درووست نییە زەكات بدرێت بە ڕێكخراوەكان بەهەمان شێوە لەسەر كەناڵی ئاسمانی و ئێزگەو ڕادیۆی ئیسلامی هەر ڕاستە، بەڵكو بۆ مزگەوتەكانیش كە پاكترین جیگەن لەسەر زەویدا و ماڵی پەروەردگارن هەر درووست نییە پارەی زەكاتیان بۆ سەرف بكرێت چونكە مزگەوت یەكیك نییە لەو جۆرانەی كە زەكاتیان بۆ سەرف دەكرێت...والله أعلم. إحسان برهان الدین 24 رمضان 1441