العربیة
/وەڵامی پرسیارەکانتان/
منداڵەکەم هەشت ساڵ ئەبێت ڕۆژووی پێ بگرم؟ لەچ تەمەنێک فێری ڕۆژووگرتنی بکەم ؟
: 378
2021-09-09
  #وەڵامی_پرسیارەكانتان: پرسیار 9 مامۆستای بەڕێز منداڵەکەم هەشت ساڵ ئەبێت ڕۆژووی پێ بگرم؟ لەچ تەمەنێک فێری ڕۆژووگرتنی بکەم ؟ خوای گەورە وەڵام دانەوەت بەپاداشت بۆبنوسێت. الحمد لله/ لە ڕاستیدا ڕۆژوو لەسەر مناڵ واجب نییە تا ئەو كاتەی دەگاتە تەمەنی پێگەیشتن و بالغ بوون، چونكە لە فەرموودەی صحیح دا هاتووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم فەرموویەتی: ( رُفِعَ الْقَلَمُ عَنْ ثَلاثَةٍ : عَنْ الْمَجْنُونِ الْمَغْلُوبِ عَلَى عَقْلِهِ حَتَّى يفِيقَ ، وَعَنْ النَّائِمِ حَتَّى يَسْتَيْقِظَ ، وَعَنْ الصَّبِيِّ حَتَّى يَحْتَلِمَ ) رواه أبو داود (4399) . وصححه الألباني في صحيح أبي داود، وەك لە فەرموودەكەدا دیارە مناڵ یەكێكە لەو سێ جۆرە كەسانەی كە جێگای تەكلیف نین تا كاتی بالغ بوونیان....بەڵام: كارێكی باش و پەسەندە ئەگەر ڕابهێنرێن لەگەڵ ڕۆژوو گرتن لەو تەمەنەوە كە توانایان هەیە یان بەرگەی ڕۆژوو گرتن دەگرن، لەم بارەشەوە شێخ محمد صالح المنجد قسەی زانایان مان بۆ دەخاتە روو كە هەندێ لە زانایانی مەزهەبی شافیعی باسی تەمەنی حەوت ساڵان بەرەو ژوور وهەندێكیان وەكو الخرقي پێی وایە لەتەمەنی دەساڵییەوە گونجاوە ڕابهینرێن لەگەڵ ڕۆژو گرتن. مەسەلەی ئەو تەمەنەش كە باوكان و دایكان ڕۆژوو بە مناڵەكانیان بگرن وەكو یەك نییە و ڕەنگە لە مناڵێك بۆ مناڵێكی تر جیاواز بێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە مناڵەكە توانای ڕۆژوو گرتنی هەبێت نەك زۆری لێبكرێت یان ڕۆژووگرتن لەتوانایدا نەبێت ولاوازی بكات، مەرجیش نییە هەموو مانگەكەی پێ بگیرێت یان ئەگەر زۆر مناڵ بوو دەكرێت بە قۆناغ فێر بكرێت و سەرەتا ڕۆژەكەی بەدرێژایی پێ بگیرێت، بەڵكو ئەوەندەی كە دەیتوانێت و دەبێتە مایەی ڕاهێنانی چونكە وەكو وتمان ڕۆژوو پێش تەمەنی پێگەیشتن واجب نییە لەسەریان. واشدەردەكەوێت هاوەڵان زۆر مەبەستیان بووە مناڵەكانیان پێش كاتی تەكلیف و بالغ بوون فێری ڕۆژوو گرتن بكەن وەكو لە مجموع فتاوى الشيخ ابن عثيمين دا هاتووە ( 19 / 28 ، 29 )، هاوەڵان ڕۆژوویان بە مناڵەكانیان دەگرت و هەندی جار بەهۆی برسێتی كە دەگریان یاری وبوكەڵەیان بەدەستەوە دەدان بۆ ئەوەی بیریان ببەنەوە. الله تعالی لە قورئاندا فەرموویەتی: {يَأَيُّهَا الَّذِينَ ءَامَنُواْ قُواْ أَنفُسَكُمْ وَأَهْلِيكُمْ نَارًا} بۆیە مناڵ بەرپرسیارێتییە و راهێنانیان لەگەل ڕۆژووگرتندا كارێكی زۆر باشە و بەڵگەیە لەسەر هەستكردن بە لێپرسراوێتی بەرانبەریان و چاكەیەكی گەورەیە لەگەل مناڵەكانماندا ئەیكەین شوێنەواری لە داهاتووی ژیانیاندا دەردەكەوێت. بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت كە ڕۆژوو واجب نییە لەسەریان و دواجار پرسەكە تەنها بۆ راهینان و ئامادەكارییە..والله أعلم. إحسان برهان الدین 4 / رمضان / 1441 27 / 4 / 2020