العربیة
/هەندێ لە ئەحکام و هەڵە و بیدعەکانی نوێژ/
هەندێ لە ئەحکام وهەڵەو بیدعەکانی نوێژ:16
: 372
2020-03-18


#هه‌ندێ_له‌_ئه‌حكام_و_هه‌ڵه‌_و_بیدعه‌كانی_نوێژ
:16
چۆنییەتی دابەزین بۆ سەجدەو هەڵسانەوە؟
ئەم مەسەلە خیلافێكی كۆن و زۆری تێدایە لە نێوان زانایاندا و هەردوو بۆچوونەكە پشتگیری لێ كراوەو نووسین وقسەو باسێكی زۆر دەربارەی كراوە كە هەندێكیان دابەزین بۆ سەجدە لە سەر ئەژنۆ بەڕاست دەزانن و هەندێكی تریان دابەزین لەسەر دەستەكان بەڕاستتر دەزان.
سەرچاوەی ئەم جیاوازیەش لەسەر بنەمای تێگەیشتن و لێكدانەوەی فەرموودەیەكی پێغەمبەرە صلی الله علیه و سلم كە فەرموویەتی: «إذا سجد أحدكم فلا يبرك كما يبرك البعير وليضع يديه قبل ركبيته». أحمد 8598 وأبو داود 714. واتە: كاتێك كەسێك لە ئێوە سەحدە دەبات با وەكو وشتر دانەنیشێت و با هەردوو دەستی پێش هەردوو ئەژنۆی بخاتە زەوی.
فەرموودەیەكی تریش هەیە النسائی 1077 دەیگێڕێتەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی: (رأيت النبي ﷺ إذا سجد وضع ركبتيه قبل يديه).

 

بەڵكو الترمذي لە سونەندا (2/57) ئەو بۆچوونەی داوەتە پاڵ زۆربەی زانایان كە زۆربەیان فەرموویانە ئەژنۆ پێش دەستەكان دەخرێن و لە كاتی هەڵسانەوەشدا یەكەم جار نوێژخوێن دەستی بەرزدەكاتەوە پێش ئەژنۆكانی، بەڵگەشیان فەرموودەی وائل بن حجر ە كە فەرموویەتی (رأيت رسول الله صلى الله عليه وسلم إذا سجد يضع ركبتيه قبل يديه ، وإذا نهض رفع يديه قبل ركبتيه) رواه أبوداود والترمذي والنسائي وابن ماجة والدارقطني، بەڵام ئەم فەرموودە ئەلبانی بە ضعیف ی زانیوە لە المشكاة (898) و لە، الإرواء (2/75).

 

بۆیە زۆر جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە ڕاست ئەوەیە نوێژخوێن لەسەر هەر دوو دەستی دابەزێت بۆ سەجدە و بۆ هەڵسانەوەش یەكەم جار ئەژنۆی بەرزكاتەوە.

 

محمد صالح المنجد بۆچوونێكی ناوازەی ابن تیمیة لەم بارەوە دەگێڕێتەوە كە لە الفتاوى (22/449) فەرموویەتی : (أما الصلاة بكليهما فجائزة باتفاق العلماء . إن شاء المصلي يضع ركبتيه قبل يديه ، وإن شاء وضع يديه ثم ركبتيه وصلاته صحيحة في الحالتين باتفاق العلماء ولكن تنازعوا في الأفضل ). واتە نوێژ بەهەردوو شێوازەكە درووستە و ڕاستە بەڵام زانایان لەوەدا خیلافیان بووە كامەیان ئەفزەل تر و باشترە.
بۆیە لە كۆتایی باسكردنی ئەم قەولە فەرموویەتی: كەسی شارەزا لە زانستی شەرعی كامەی لا پەسەندترو ڕاجح تر بوو كاری پێ بكات،كەسی ناشارەزاش لە زانستی شەرعی ئەتوانێت لەسەر بۆچوون و مەزهەبی زانایەكی دیاری كراو كار بكات.

 

شایانی باسیشە كە عبدالعزیز الطڕیفي لە صفة الصلاة دا لێكۆڵینەوەی لە هەموو ئەو فەرموودانە كردووە سەبارەت بەدابەزین بۆ سەجدە لەسەر دەست یان بێت یان لەسەر ئەژنۆ و دەڵێت: وەكو سەنەد هیچیان صحیح نین وهەموو فەرموودە مەرفوعەكان لەوبارەوە لە علة بەدەر نین و قسەی زانا گەورەكانی وەكو بوخاری و الترمذي و الدارقطني لە سەر فەرموودەكان باس دەكات بۆ پشتگیری حوكمەكەی بەسەر ئەو فەرموودانەدا، بۆیە وتوویەتی هەرچەند زانایان قسەو باسی زۆریان لەسەر ئەم باسە هەیە بەڵام لەبەر نەبوونی فەرموودەی صحیح ی یەكلاكەرەوە و بە پێی كەسەكان و چۆن بۆیان گونجاوترە بەو شێوە دابەزن بۆ سەجدە و كێشەیەكی نییە، بۆ نموونە كەسی وا هەیە قەڵەوە یان لاوازە حاڵەتەكان بەو پێیە جیاوازی دەبێت.

 

سەبارەت بە شێوازی ڕاست بۆ هەڵسانەوە بۆ قیام لە پاش تەواو بوونی سەجدەی دووەم، نوێژخوێن سەربەرز دەكاتەوە و بۆ ساتێكی كەم دادەنیشێت و پاشان دەستی دەخاتە سەرزەوی بۆ ئەوەی هەڵسانەوەكەی ئاسان بكات و ئەمەش لە فەرموودەی صحیح ی بوخاریدا دا جێگیر بووە ( 1/ 283).
سەبارەت بە هەڵسانەوە بەو شێوەی وەكو هەویر شێلانە كە لە فەرمودەی العجن دا هاتووە ، زۆرێك لە زانایان تضعیف یان كردووە بۆ نموونە لە زانا كۆنەكان زانای فەرموودەناس ابن الصلاح و ابن رجب، لە هاوچەرخەكانیش بە هەمان شیوە زۆر زانا لاوازیان كردووە.
لە دیارترین ئەو كەسانەی فەرموودەكەیان لە ڕێگەی شەواهیدەوە بە صحیح زانیوە شەیخی ئەلبانییە لە صفة الصلاة دا بەڵام زانای تری هاوچەرخ وەڵامیان داوەتەوە بۆ نموونە شێخ بكر أبو زید لە كتێبی ( جزء في كيفية النهوض في الصلاة وضعف حديث العجن ) لەبەرانبەردا ئەلبانی لە " تمام المنة " ( ص 196 - 207 ) وەڵامی ئەوی داوەتەوە.

 

بە پێی بۆچوونی زۆربەی زانایان لە كۆن و نوێدا هەڵسانەوە لە پاش پشووی سەجدەی دووەم بە دەست خستنە سەرزەوی ڕاستەو فەرموودەی صحیح ی لەسەرە، بەڵام بە وتەی زۆربەی زانایانی كۆن و هاوچەرخ فەرموودەی العجن كە بریتییە لەوەی وەكو شێوازی هەویر شێلان هەڵسیت صحیح نییە و ضعیف ە.

 

إحسان برهان الدین
17رجب 1441
2020/3/12