العربیة
/مێژوو/
غەززە سەلماندی جیهان دوو بەشە: زاڵم وبێ دەنگبوون لە زاڵم
: 703
2024-01-28

لەماوەی ڕابردوودا هەموو دنیا شاهێدی یەكێك لە دڕندانەترین ستەمەكانی جولەكە و هاوكارەكانیان دژ بە مرۆڤایەتی بەگشتی و ئیسلام بە تایبەتی بوون، غەززە بوو بە هێمایەك بۆ مەزڵومی و بێ كەسی و بەجەستەیەكی خوێناوی چووە نێو مێژووەوە بۆ ئەوەی شایەتێكی ڕاستگۆ و ڕاستەقینەی دونیا و دواڕۆژ بێت لەسەر ستەمێك كە بەهۆی دینەكەی بەسەریدا دێت و لە مێژوودا وێنەی كەمە. 

ڕووداوەكانی غەززە پەردەی لەسەر هەموو دروشمەكانی ڕۆژئاوا هەڵماڵی وهەموو دەمامكەكانی لە ڕوخساریان خستنەخوارەوە وسەلماندی كە ئەوان خاوەن شارستانییەتێكی مادی وەحشیگەرا و دڕندەن وبەتاڵن لە هەموو بەهایەكی ڕەوشتی و مرۆیی و ئەوەندەشی كە ڕاستگۆبن تێێدا تەنها پەیوەستە بە هاوڵاتی و شوێنكەوتووانی خۆیانە نەك بۆ مرۆڤایەتی بەگشتی. 

وەكو چۆن ئەم شارستانییەتەی ئێستایان سەرەتای درووست بوونی لە سەر كەللەسەری بێ تاوانەكان دامەزرا و لەسەر بنەمای قڕكردن و لەنێوبردن وچەوساندنەوەی میللەتە لاوازەكان بوو، ئێستاش بەهەمان شێوە تینوێتی ئەوان بۆ خوێنی گەلان و بەتایبەتی موسوڵمانان هێشتا نەشكاوە و بە شێوەیەكی هستیریایی پەرۆشن هەموو هەلێك بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئامانجە بقۆزنەوە. 

ئەوەی بە تیۆری لەسەر غەدر وستەم و خیانەتی جولەكە و موشریك و مونافیقەكان لە قورئان و لە فەرموودەو سیرە و لە كتێبەكانی مێژوودا دەمانخوێندنەوە، من وەكو تەمەنی خۆم و ئەوەی لە بیرم بێت لە ڕووداوەكانی بۆسنەو هەرسكدا بینیمان و خاڵە هاوبەشەكانی ئەم دوو وێرانكاری و كوشتارگەیە بە ڕوونی دەبینم، بەڵام بە ڕوونتر و بە كردەیی و بەبەرجەستەكراوی لە ڕووداوەكانی ئێستای غەززەشدا بینیمان، ئەوەشی دەربارەی تابوری پێنجەم و شەشەم لە كتێبەكاندا دەمانخوێندەوە ئەویشمان بەبەرجستەكراوی و بەچاوی سەرمان بینی. 

غەززە بەم كارەساتەی كە بەسەریدا هات ودێت، بەو هەزاران منداڵ پیر و وئافرەت و گەنجانەی كە بەناحەق لێی كوژران ودەكوژرێت، بەو وێرانكاری وكاولكارییە بێ وێنەیەی كە تێیدا ئەنجامدرا ودەدرێت، چەند ڕاستییەكی تاڵی لە واقیعی ئەمڕۆدا سەلمان: 

- لە تاڵترینیان دەستەوسانی و بێ دەسەڵاتی موسوڵمان بوو كە بەو ژمارە زۆرەی لە جیهاندا هەیانە هیچیان پێ ناكرێت بۆ براوخوشكەكانیان لە غەززە. 

- هەروەها سەلماندی كە سەرانی سیاسەت و سەربازی و ئابووری سەرزەوی سەرەڕای نانكۆكییە قوڵەكانیان بەڵام تاكە پرسێك كە لەسەری كۆك بن و یەك دەست و یەك هەڵوێستن بن تێیدا: لەناوبردنی موسوڵمانانە. 

- هەروەها ڕووداوەكانی غەززە گومانێكی نەهێشت لەوەی سەرانی دەوڵەتە عەرەب و جیهانی بەناو ئیسلام هەمویان یان ئەڵقە لە گوێ و بەكرێگرتەی جولەكە و ڕۆژئاوان، یان لە پێناو بەرژەوەندی و فرۆشتنی نەوت و بوژانەوەی ئابوری، نەك غەززە هەموو موسوڵمانان لە یەك ڕۆژدا تیابچن ئەوان باكیان نییە و بە وشەیەكیش ئامادە نین بەرگرییان لێ بكەن. 

غەززە بە تێچوویەكی سەخت و خوێناوی، بوو بە دەستە خوشكی كارەساتبار وهاوشێوە ستەم لێكراوكانی تری لە مێژوودا، بەسەرهاتی غەمگین و ناخ هەژێنەكانی بەسترایەوە بە شارو شوێنە مەنكوبەكانی وەكو بەغدا كاتێك مەغۆلەكان وێرانیان كرد و خەڵكەكەیان كوشت، بۆسنە و هەرسك وئەو ستەمە ناخ هەژێنەی كە سڕبەكان بەسەریاندا هێنا، لە سربرنيتسا‏ وسەراییڤۆ، قەتڵوعامەكانی موسوڵمانانی ڕۆهێنگا لە میانمار و لە زۆر جێگەی تری ئەم سەر زەوییەدا كە جولەكە و نەساڕاكان و پاشكۆكانیان لە جەورو ستەم پڕیان كردووە. 

لە ئێستادا جیهان لە ئەوپەڕی ناخۆشیدایە، چونكە لێوان لێو بووە لەستەم، خراپە و فەساد وستەم باڵی ڕەشی بەسەر هەموو شتێكدا ڕاكێشاوەو وشكانی و دەریاكانیشی گرتووەتەوە... 

ئەوەی لەم سەردەمەدا دەگوزەرێت لە دژایەتی زەق و ڕاشكاوانە بەرانبەر موسوڵمانان كە تەنها باجی موسوڵمان بوونیانی خۆیان دەدەن، لە درێژایی مێژوودا وێنە وهاوشێوەی نەبووە. 

إحسان برهان الدین 

12 جمادى الأول 1445