العربیة
/فه‌رمووده‌ لاواز و بێ بنه‌ماكان/
فەرموودەیەكی بەناوبانگە بەڵام ڕاست نییە:4
: 493
2020-03-18

فه‌رمووده‌_لاواز_و_بێ_بنه‌ماكان:4#

فەرموودەیەكی بەناوبانگە بەڵام ڕاست نییە
یەكێك لە باوبانگترین ئەو فەرموودانەی مامۆستایانی ئایینی و وتارخوێنان لە سەر مینبەرەكانەوە ئاماژەی پێ دەكەن سەبارەت بە گەورەیی تاوانی ڕیبا و سوو خواردن، بریتییە لەم فەرمودە: ( الرِّبَا ثَلَاثَةٌ وَسَبْعُونَ بَابًا ، أَيْسَرُهَا : مِثْلُ أَنْ يَنْكِحَ الرَّجُلُ أُمَّهُ ..) واتە: ریبا حەفتا و سێ جۆرە، ئاسانترینیان وەكو ئەوەیە كەسێك لە گەڵ دایكی خۆی زینا بكات! ئەم فەرموودە الحاكم لە "المستدرك على الصحيحين" (2/ 43) لە فەرموودەی ابن مسعود دەیگێڕێتەوە، هەروەها زۆر ڕێگەی تریشی هەیە لە موسنەدی ئەحمەد و كتیبی تردا هاتووە.
لە ڕاستیدا ئەگەرچی هەندی لە زانایان بە كۆی ڕێگەكانی ئەم فەرموودەیان بەڕاست زانیوە بەڵام ئەوەی كە ڕاست و پەسەندە ئەم فەرموودەیە صحیح نییە بەڵكو مونكەرە وزانایانیش هۆشدارییان دەربارەی داوە، سێ بەڵگەی سەرەكیش لەسەر لاوازی ونادرووستی ئەم فەرموودە هەیە:
1- هیچ ڕێگەیەك لە ڕێگەكانی ئەم فەرموودەیە صحیح و بێ كێشە نییە و سەلامەت نییە لە ڕەخنە، تەنانەت لەڕێگەی یەك كەسیشەوە ڕیوایەت نەكراوە كێشەی نەبێت و جێگای متمانە بێت، مەسەلەیەكی وا گەورەش ناكرێت لەسەر فەرموودەی بەو شێوە لاواز بونیات بنرێت، ابن الجوزي لە كتێبی الموضوعات دا دەربارەی ئەم فەرموودەو ڕێگەكانی فەرمویەتی: " لَيْسَ فِي هَذِه الأحاديث شيء صَحِيح" واتە: ئەو فەرموودانە هیچ ڕێگەیەكیان صحیح نییە.
عبد الرحمن المعلمي اليماني بە هەمان شێوە دەربارەی وتوویەتی : " والذي يظهر لي أن الخبر لا يصح عن النبي صلى الله عليه وسلم البتة" واتە: ئەوەی بۆم دەركەوتووە ئەو فەرموودە بەهیچ شێوەیەك راست نییە.
شێخ أبو إسحاق الحويني لە كتێبی "غوث المكدود" ل (647) بە دوورودرێژی لەسەر ئەو فەرموودە قسەی كردووە وبەوە گەیشتووە كە " أن الحديث لا يمكن نسبته إلى النبي صلى الله عليه وسلم" واتە: ناكرێت ئەو فەرموودە بدرێتە پاڵ پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم. هەروەها زۆر زانای تر بە وردەكاریەوە بەرپەرچیان داوەتەوە وەكو عبدالكریم الخضیر و دكتۆرعلي الصياح لە توێژینەوەیەكی تایبەت بەو فەرموودانەوە بەناونیشانی: " أحاديث تعظيم الربا على الزنا ، دراسة نقدية".
2- ئەو واتای كە فەرموودەكە لەخۆی گرتووە واتایەكی زۆر نامۆ وشایەنی سەرسوڕمانە! چۆن ئەبێت خواردنی بەشێكی كەم لە ریبا بەرانبەر تاوانیكی وا قێزەون و گەورە بێت كە مرۆڤ لە گەل دایكی خۆیدا زینا بكات! بەڵكو سی وشەش زینا وەكو لە هەندێ ڕیوایەتدا هاتووە! ئەمە لەكاتێكدا لەشەرعدا بەڕوونی باس لە گەورەیی تاوانی زینا كراوە نەخوازەڵا لەگەل دایكیشدا بێت، الله دەربارەی زینا و گەورەیی ئەو تاوانە فەرموویەتی: (وَلَا تَقْرَبُوا الزِّنَا ۖ إِنَّهُ كَانَ فَاحِشَةً وَسَاءَ سَبِيلًا) هەروەها نكۆڵی كردووە لەوەی موسوڵمان توخنی بكەوێت وبەهۆكاری داڕمانی كۆمەڵگای ناساندوە و ئەنجامدەرەكەی ڕووبەڕووی توندترین سزا دەبێتەوە كە تەنانەت دەگاتە بەردبارانكردنیش، ئیتر چۆن دەكرێت و بەچی عەقڵ و نەقڵێك خواردنی درهەمێك ڕیبا لە زینا لەگەل دایكدا گەورەتر بێت؟
الإِمام أحمد فەرموویەتی: "ولا أعلم بعد قتل النفس شيئًا أعظم من الزنى" واتە: لەپاش كوشتن شارەزای تاوانیك نیم لە زینا گەورەتر بێت.
3- ئەوانەی كە وتوویانە ئەم فەرموودەیە ڕێگەی صحیح ی هەیە وبەهەر حاڵ بەڕاستیان زانیوە، مەبەستیان ئەو ڕێگە بووە كە تایبەتە بە (عبد الله بن سلام ، وكعب الأحبار) بووە كە هەردوكیان جولەكە بوونەو بوونەتە موسوڵمان ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی بنچینەی ئەو فەرموودەیە پەیوەندی بەجولەكەوە هەیە، لەوانەیە زانایانی بەنی ئیسڕائیل ئەو قسەیانە كردبێت بۆ ئەوەی جولەكەكان لە سوو خواردن دوور بكەونەوە چونكە ئەوان بەدرێژایی مێژوو بە سوو خواردن ناسراون.
بۆیە داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەكەم پێش گێڕانەوەی هەر فەرموودەیەك لێكۆڵینەوە بكەن و خۆیان لە فەرموودەی هەڵبەستراو و لاواز و مونكەر بەدوور بگرن، چونكە لەڕاستیدا ئەوان هیچ پاساویكیان نیە لەلای الله بەبەهانەی ترساندنی موسوڵمانان لە تاوان، قسەی بێ بنەما وفەرموودەی هەڵبەستراو بێ بنەمایان بە نرخی فەرموودەی صحیح بۆ بخوێننەوە، لە كاتێكدا جگە لە قورئانی پیرۆز لە صحیح ی سوننەتدا دەیان دەق دەربارەی ئەو بابەتە هەیە كە راست و درووستن وئەتوانن وەكو بەڵگە لەسەر گەورەیی تاوانی ڕیبا و هەر تاوانیكی تر بهێننەوە.
بڕوانە: هل درهم الربا أشد من ست وثلاثين زنية؟ الاسلام سؤال وجواب/ محمد صالح المنجد.
إحسان برهان الدین
22 ربيع الآخر 1441
19 ديسمبر 2019