العربیة
/عه‌دنان ئیبراهیمی گومڕا/
زنجیرەی عدنان ابراهیمی گومڕا ٣- جیاوازی ڕه‌خنه‌گرتنی عدنان إبراهیم ‌ و زانایان له‌ بوخاری
: 417
2018-04-07
#زنجيره‌ى_عدنان_إبراهيم_ى_گومڕا (٣) جیاوازی ڕه‌خنه‌گرتنی عدنان إبراهیم ‌ و زانایان له‌ بوخاری كه‌س له‌ ئه‌هلی سوننه‌ت نه‌یوتووه‌ بوخاری یان صه‌حیحه‌كه‌ی مه‌عسومه‌ ، به‌ڵام ئیجماعی زانایان یان زۆربه‌ی زۆری زانایان له‌سه‌ر پێشه‌وایه‌تی بوخاری و مه‌زنی و راستێتی كتێبه‌كه‌ی واتاو ئیعتیباری خۆی هه‌یه‌ ، بێگومان صه‌حیحی بوخاری ش پێشه‌نگێتی ته‌نها له‌وه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌ كه‌ كۆكه‌ره‌وه‌كه‌ی یه‌كێكه‌ له‌ مه‌زنترین زانایانی ئیسلام ، به‌ڵكو له‌وه‌ش سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ هه‌زاران زانای گه‌وره‌ له‌ درێژایی زیاتر له‌ هه‌زا ساڵ له‌ مێژووی ئیسلام به‌ كۆی ده‌نگ بڕیاری گه‌وره‌یی بوخاری وكتێبه‌كه‌یان داوه‌ ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕه‌خنه‌شیان لێگرتووه‌ ، جا با بزانین ڕه‌خنه‌كانی ئه‌وان وه‌كو ڕه‌خنه‌ی ئه‌م گومڕایه‌ وایه‌ ؟ كه‌ له‌ هه‌موو تاقمێكی گومڕاوه‌ نزیكه‌ و ته‌نها له‌ مه‌نهه‌جی ئه‌هلی سوننه‌ته‌وه‌ دووره‌ ، نووسه‌رێكی به‌ڕێز هه‌ندێ تێبینی له‌سه‌ر وتاره‌كه‌ی عدنان ابراهیم (مشكلتي مع البخاري) تۆمار كردووه‌ ،و باس له‌ جیاوازی ڕه‌خنه‌گرتنی زانایان و كه‌سانی وه‌كو عه‌دنان ابراهیم ده‌كات له‌ بوخاری وبۆ سێ هۆكار ده‌گێڕێته‌وه‌: 1- زانایان وفه‌رموده‌ناسان كه‌ ڕه‌خنه‌یان له‌ پێشه‌وا بوخاری گرتووه‌ له‌ چه‌ند فه‌رمووده‌یه‌كی كه‌مدا ، پشتیان به‌ بنه‌ماكانی زانستی فه‌رمووده‌ به‌ستووه‌ نه‌ك هه‌واو ئاره‌زووی خۆیان! به‌ڵام عدنان ابراهیم وا نییه‌...بنه‌مای ڕه‌خنه‌ گرتنی هه‌واو ئاره‌زوو و عه‌قڵی پڕ له‌ گومانی خۆیه‌تی. 2- ئه‌وان تانه‌و توانج و كه‌مكردنه‌وه‌ له‌ پله‌و پایه‌ی بوخاری ناكه‌ن ، به‌ڵكو به‌ ئه‌وپه‌ڕی ده‌ربڕینی ڕێزو داننان به‌ پێشه‌وایه‌تی ئه‌ودا قسه‌ ده‌كه‌ن به‌ڵام عدنان ابراهیم نه‌خێر. ئه‌وان سه‌ره‌ڕای ڕه‌خنه‌یان له‌ هه‌ندێ سه‌نه‌ده‌كانی بوخاری وتوویانه‌ ڕاستترین كتێب دوای قورئانی پیرۆز صه‌حیحی بوخارییه‌ ، به‌ڵام عدنان ابراهیم به‌ گاڵته‌جاڕییه‌وه‌ ئه‌و واتایه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌! 3- ئه‌وان هه‌رگیز حوكمی (وضع) و به‌درۆخستنه‌وه‌یان به‌سه‌ر هیچ فه‌رمووده‌یه‌كی بوخاری نه‌داوه‌ ، به‌ڵكو هه‌ندێ له‌ سه‌نه‌ده‌كانیان تضعیف كردووه‌. به‌ڵام عدنان إبراهیم كێشه‌ی نییه‌ له‌ به‌ درۆ خستنه‌وه‌ی هه‌ر فه‌رمووده‌یه‌ك له‌ بوخاری ئه‌گه‌ر به‌ پێوه‌ری عه‌قڵی خۆی ده‌رنه‌چێت، له‌ هه‌موویشی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌ڵێ بوخاری خۆی ئه‌و فه‌رموودانه‌ی هه‌ڵنه‌به‌ستووه‌ ! به‌ڵكو ده‌ڵیت كه‌سانی تر هه‌ڵیان به‌ستووه‌ بێ ئه‌وه‌ی باسی ئه‌و كه‌سانه‌ بكات یان پێمان بڵێت به‌ چی شێوازێك توانیویانه‌ بیگه‌یه‌ننه‌ نێو ئه‌و كتێبه‌!..بۆ نموونه‌ ده‌رباره‌ی فه‌رمووده‌ی دابه‌زینی عیسا علیه السلام له‌ بوخاریدا ده‌ڵێت(فریة) واته‌:بوختانه‌ هه‌ڵبه‌ستراوه‌! كاتێك ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ كتێبه‌كانی بوخاری و موسلیم و ترمذي و أحمد وهه‌موویان له‌ ده‌یان له‌ گێڕه‌ره‌وانی فه‌رمووده‌ كه‌ مامۆستایان بوونه‌ گێڕاویانه‌ته‌وه‌ وكه‌سیان هیچیان ده‌رباره‌ی نه‌وتووه‌ ، ئیتر سه‌رسام ده‌بیت چۆن عدنان ابراهیم حوكمی (وضع)ی له‌سه‌ر ئه‌م فه‌رمووده‌ دا و هه‌موو ئه‌و زانا گه‌ورانه‌ لێیان ڕه‌تبوو! إحسان برهان الدین 2015-9-13 سلێمانی