العربیة
/گشتی/
زانست و سامان كامیان باشترە؟
: 212
2024-01-28

زانایان بەراوردیان كردووەوە بۆیان دەركەوتووە بە شێوەیەكی گشتی زانستی بەسوود لە زۆر ڕووەوە لە ماڵ و سامان باشترە، ابن القیم لە كتێبی (مفتاح دار السعادة)دا زۆر لە خاڵەكانی پەسەند كردنی زانست بەسەر دەوڵەمەندیدا دەگێڕێتەوە منیش لێرەدا چەند لایەنێكی ئەو بەراوەردەتان بۆ هەڵدەبژێرم و لێرەدا دەیانخەمە ڕوو: 

1- زانست میراتی پێغەمبەرانە علیهم السلام، بەڵام ماڵ و پارە میراتی پادشا و دەوڵەمەندەكانە. 

2- زانست پارێزگاری لە خاوەنەكەی دەكات، بەڵام خاوەن پارە دەبێت ببێت بە پاسەوانی پارەكەی. 

3- ماڵ و سامان بە لێ خەرج كردن كەم دەكات و لەنێو دەچێت، بەڵام زانست بەبەخشینی گەشە دەكات. 

4- كەسی پارەدار كە دەمرێت پارەكەی لێی جیا دەبێتەوە، بەڵام زانست لەگەڵ خاوەنەكەی دەچێتە ناو گۆڕەوە. 

5- پارە وماڵی دونیا بە چاكەكار و خراپەكار و بە ئیماندار و بەبێ ئیمان دەدرێت، بەڵام زانستی شەرعی بەسوود تەنها بە كەسی چاكەكار و ئیماندار دەبەخشرێت. 

6- زانا هەموو كەسێك پێویستی پێیەتی، بەڵام دەوڵەمەند زیاتر خەڵكی دەست كورت و نەبوو پێویسیان پێیەتی. 

7- دەروونی مرۆڤ بە بەدەستهێنانی زانست ئاسوودە و پاك و پاراو دەبێتەوە، بەڵام بە دەوڵەمەندی و بە هەبوونی ماڵ و سامان زۆر جار تووشی ڕەزیلی دەبێت وبەرچاوی تەسك دەبێت. 

8- هەبوونی پارەو ماڵ و سامان مرۆڤ بەرەو خۆبەزلزانی و بوغرایی دەبات، بەڵام زانستی شەرعی مرۆڤ بەرەو خۆ بەكەم زانین و تواضع وبەندایەتی الله دەبات. 

9- گوێڕایەڵی و پابەندبون بە شەرع لەڕیگەی زانستەوە دەبێت، زۆربەی گوناه وتاونەكانیش لە رێگەی زۆریی پارەوە دەبێت. 

10- ماڵی دونیا خاوەنەكەی دەكات بە كۆیلەی خۆی، بەلام زانست خاوەنەكەی دەكات بەبەندەی الله. 

11- دەوڵەمەند بایەخی لە پارە و موڵك و سامانەكەی وەردەگرێت، ئەگەر لەدەستیدا هەمو شتێك لە دەست دەدا، بەڵام زانست هەمیشە خاوەنەكەی بەرەو سەربەرزی دونیا و دواڕۆژ دەبات، ئەگەر كار بەو زانستەكەی بكات. 

12- دەوڵەمەندبوون وابەستەیە بە ترس و خەم و پەژارەوە، خاوەنەكەی لە دڵەڕاوكێ و ترسدایە پێش دەستكەوتنی، كە دەستیشی دەكەوێت ئینجا ترسی لەدەستدانی هەیە، تاكو پارەشی زۆرتر بێت ترسی لەسەری زۆرترە، بەڵام دەوڵەمەندی لە زانستدا وابەستەیە بە ئاسوودەیی و خۆشی و دڵنیایی. 

13- هەركێ لەبەر پارەو سەروەتەكەی ڕێزی لێ بگیردرێت بە لەدەستدانی سامانەكەی ڕێزو پلەوپایەكەشی لەدەست دەدات، ئەو كەسەش لەبەر زانستەكەی ڕێزی لێ بگیردرێت پلەو پایەی لەدەست نادات تاكو ئەو كاتەی مافی ئەو زانستە بدات. 

14- دەوڵەمەندی پارە وا لە خاوەنەكەی دەكات حەزی بەمردن و بە لیقای پەروەردگاری نەبێت، چونكە پێی ناخۆشە نازو نیعمەت و خۆشییەكانی بەجێ بهێڵێت، بەڵام زانستی شەرعی لیقای الله لە لای خاوەنەكەی خۆشەویست دەكات. 

15- دەوڵەمەندەكان بە مردنیان باسیان دەبڕێتەوە وپاش ماوەیەك فەرامۆش دەكرێن، بەڵام زانایان بە مردینان باس و پلەو پایەیان بەرزتر دەبێتەوە. 

پێویستە لە كۆتاییدا بڵێم:  

ئەمەی كە باسمان كرد لێرەدا شیكردنەوە و قسەی زیاتر هەڵدەگرێت و ئەو مەسەلە بەڕەهایی وهەمیشە بەو شیوە نییە، چونكە ئەو خاوەن پارەی لە الله بترسێت و مافی پارەكەی بدات و ماڵ و سامانەكەی تووشی لەخۆباییبوون و بەخۆسەرسام بوونی نەكات و هەوڵ بدات لە ڕێگەی ڕەزامەندی الله و بەدەستهێنانی بەهەشتدا بەكاری بهێنیت، ئەو پارە نیعمەتە وخێرێكە و ڕژاوەتە سەر خاوەنەكەیدا. 

زانستیش مەرج نییە هەمیشە بەو شێوە بێت كە بێت كە ابن القیم بەڕەحمەت بێت باسی كردووە. هەندێ جار زانست بۆ خاوەنەكەی دەبێت بە مایەی سەرشۆڕی و نەهامەتی وسووك بوون، كاتێك كە كاری پێ نەكات و بیكات بە هۆكارێك بۆ پەیداكردنی پارە وماڵی دونیا و خۆ نزیك كردنەوە لە دەسەڵاتداران و ئەهلی دونیا و خزمەتكردنی زاڵمان و شێواندنی حەق و تێكدانی چەمكەكانی ئیسلام و خۆڵ لەچاوكردنی موسوڵمانان، لەو كاتەدا زانست لە جیاتی ئەوەی نیعمەت بێت دەبێت بەنیقمەت، لە هەموو شوێنێك ئەو نموونە خراپە هەیە، لێرەش بەچاوی سەرمان لەم كوردستانەدا چەندین حاڵەتی لەو جۆرەمان بینی و زانست سەری خاوەنەكەی خوارد و عاجیلی بە ئاجیل فرۆشت.