#چل_پەیام_بۆئافرەتان: 35 بیركردنەوە لە مردن هۆكاری بەختەوەرییە! بیركردنەوە لە مردن، فەرمانی پێغەمبەرە صلی الله علیه وسلم: ( أكثروا ذكر هاذم اللذات يعني الموت) الترمذي (2307)، والنسائي (11824)، صحيح الترغيب (3333). واتە: مردنتان با لەبیر بێت، بۆ ئەوەی توێشووی پێویستی بۆ ئامادە بكەن، چونكە مردن چێژو خۆشییەكانی ئەم دونیا دەبرێت و كۆتایی پێ دەهێنێت. بەڵام جێگای دڵخۆشییە كە مردن ئەگەرچی خۆشییەكانی ئەم دونیا تێكدەدات و لەناوی دەبات، بەڵام بۆ كەسی ئیماندار لە چێژو لەزەت و خۆشییەكی ترەوە نزیكی دەكاتەوە و لە قەبرەكەیدا حاڵی باش دەبێت و بەهەشتی بەرینیش چاوەڕوانی دەكات. هۆكار وحیكمەتی ئەو فەرمانەش ئەوەیە، كە بیرت لای مردن بوو، خۆتی بۆ ئامادە دەكەیت و بەخۆتدا دەچیتەوەو نوێژەكانت بە جوانی دەكەیت و بەعیبادەتەكانی تر هەڵدەسیت و دڵت ئاسوودە دەبێت و لە تاوانەكان دوور دەكەویتەوە، كە بیریشت لە مردن بڕی تووشی غەفلەت ئەبیت و ئیتر ڕاستیەكان وەكو خۆی نابینیت. دەڵێن ئەگەر مرۆڤ ئیماندار بێت، ئیتر لە گەڵ مردن ئاشتەواوی دەكات و چیتر لێی ناترسێت، بەڵكو لەوانەیە نیشانەی باوەڕی بەهێز بە الله ئەوە بێت كە ئەو كەسە لە مردن نەترسیت، چونكە زیاتر ستەمكار و خراپەكار و خەڵكی لاڕێ دەبێت زیارت لە مردن بترسن. بیركردنەوە لە مردن دەتكاتە خاوەن كەسایەتییەكی جێگیر و واقیعی و پێویستت بەوە نابێت خۆت بخەڵەتێنیت و تووشی نەخۆشی دەروونی نابیت. بیركردنەوە لە مردن وات لێدەكات بەخۆتدا ابچیتەوە و بە گەنجی و بە بارودۆخی باشی خۆت فریو نەخۆیت، چونكە كەسی عاقڵ دەزانێت مردن تیرێكە و لە كەوانەكەی دەرچووە، تەنها ئەوەی ماوە پێمان بگات و مەسەلەكە مەسەلەی كاتە. جا كە تۆ بزانیت فەرمانی مردنت بە یەقین بۆ دەرچووە و تەنها جێبەجێكردنەكەی ماوە و هیچ كەسێكیش لە جێبەجێ كرنی ئەو حوكمە ڕزگاربوونی نییە، ئیتر بۆچی ئەوە نەكەیتە هۆكارێك بۆ بەختەوەری خۆت و هەم بەو قەدەرە ڕازی بیت و هەم بیكەیتە هۆكاری ئامادەسازی بۆ پێویستییەكانی؟ بیركردنەوە لە مردن هاندەرە بۆ موسوڵمان بگەڕێتەوە لای پەروەردگاری و تەوبە بكات و فەرمانی الله تعالی جێبەجێ بكات كە فەرموویەتی: ( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا تُوبُوا إِلَى اللَّهِ تَوْبَةً نَّصُوحًا) التحریم:8. لەم جیهانە جەنجاڵەی ئەمڕۆی خۆماندا كە تێیكەوتووین، دڵنیابە بیركردنەوە لە مردن ئەگەر چی بۆ پیاوانیش پێویستە، بەڵام بۆ ئافرەتان زیاتر پێویستە، چونكە هۆكارەكانی فیتنە و لە خشتەچوون بۆ ئافرەت لە هەموو لایەكەوە ئاسان كراوە و ڕاگەیاندنی جیهانیی و تۆرە كۆمەڵایەتییەكان ڕۆڵی شەیتان دەبینن لە تێكدانی دیدوبۆچوون و ئاكار و شێواندنی فیترەت و دوورخستنەوەی لەو سروشتەی كە الله تعالی ئافرەتانی لەسەری دروست كردووە. لە ڕاستیدا لە دوای ڕاست و درووستی عەقیدەو هەبوونی تەوحید و ئیمانێكی پتەو بۆ پاراستنی دین و كەسایەتی ئافرەت لەم ڕۆژگارەدا، ئافرەت لە پێناو ئەوەی لێشاوی فیتنە و نەفامیی هاوچەرخ ڕاینەماڵێت پێویستی بەوەیە بەردەوام بیری لای مردن بێت و وەسێتی خۆی نووسیبێت و وەكو رێبوارێك لەم دونیایەدا ڕەفتار بكات، چونكە نيشتمانى ڕاستەقینەى ئەوو هەموو مرۆڤەكان، ئەم دونیا فریودەرە نییە، بەلأكو الله تعالی ئ]وەو هەموو موسوڵمانێكی موەحیدی بۆ بەهەشت درووست كردووە و ئەوە جێگای نیشتەجێ بوون و مەسكەنی ڕاستەقینەیەتی، بۆیە نابێت هيچ بیانوو و هۆكارێك مردنی لەبیر بباتەوە، ڕەحمەتی الله لە ابن قیم الجوزية بێت كە فەرموویەتی: فَحَيَّ عَلَى جَنَّاتِ عَدْنٍ فَإِنَّها ... مَنازلِنا الأُوْلَى وَ فِيها المُخَيَّمُ وَ لَكِنَّنا سَبْيُ العَدُوِّ فَهْلْ تَرَى ... نَعُودُ إِلَى أَوْطَانِنَا وَ نَسْلَمُ ؟ فإنْ كُنتَ لا تدري فتلكَ مُصيبةٌ *** وإنْ كُنتَ تَدري فالمصيبةُ أعْظمُ بۆیە دڵنیایە، ئەگەر لە زۆربەی وێستگەگانی ژیانتدا، یادی مردن فەرامۆش نەكەیت، ڕێگای ڕاستت لێ ون نابێت و ئەو یادكردنەوە وەكو چرایەك دەبێت بۆت، بەرچاوت ڕوون دەكاتەوە لەوەی بكەویتە نێو هەڵدێری فیتنە جۆراوجۆرەكانی ئەم دونیایە، كە لە وێنەی تەڵەیەكدا دەتگرێت، لەو بەختەوەرییەش كە یادی مردن بۆت دەستەبەر دەكات بێ بەش دەبیت.