العربیة
/جیاوازی عەقیدەی ئەهلی موعتەزیلە لە ئەهلی سوننەو جەماعەت/
باوەڕیان وایە قورئان درووستكراوەو وتەی الله نییە
: 549
2022-06-01

#جیاوازی_عەقیدەی_موعتەزیلە_لە_عەقیدەی_ئەهلی_سوننەت:(5) (باوەڕیان وایە قورئان درووستكراوەو وتەی الله نییە) جیاوازییەكی گەورەی تری موعتەزیلەكان ئەوەیە ئەوان پێناسەو عەقیدیان سەبارەت بە قورئانی پیرۆز جیاوازی بنچینەیی تێدایە لە گەڵ پێناسەو عەقیدەی ئەهلی سوننەت و جەماعەت بۆ قورئانی پیرۆز وئەوەش یەكێكە لەو هۆكارانەی ئەوان شاییستەی نازناوی تاقمی گومڕا بوونە. عەقیدەی ئەهلی سوننەت سەبارەت بە قورئانی پیرۆز ئەوەیە كە لە خودی قورئان و سوننەتدا ئاماژەی ڕوون و ئاشكرای پێكراوە، كە الله تعالی خۆی قورئانی وەسف كردووە بەوەی كە قسەو كەلامی خۆیەتی: (وَإِنْ أَحَدٌ مِنَ الْمُشْرِكِينَ اسْتَجارَكَ فَأَجِرْهُ حَتَّى يَسْمَعَ كَلامَ اللَّهِ ثُمَّ أَبْلِغْهُ مَأْمَنَهُ). وەكو دەبینین الله سیفەتی كەلامی بۆ خۆی جێگیر كردووە، قورئان كەلامی الله یە هەم بە لەفزو وشەكانی، هەم بە ناوەڕۆك و واتاكانی، جیبریل علیه السلام بە زمانێكی عەرەبی پاراو دایبەزاندوەتە سەر دڵی پێغەمبەرماندا صلی الله علیه و سلم. قورئان بە پێی ڕوداوەكان بەش بەش دابەزیوە، لەلای الله تعالی هاتووە و هەر بۆ لای خۆیشی دەگەڕێتەوە، ئەمە عەقیدەی ئەهلی سوننەتە لە قورئاندا وەكو زانایان دەفەرموون. بەڵام موعتەزیلە لەبەر ئەوەی سیفاتەكانی الله تعالی جگە لە چوار سیفەتی نەبێت ڕەتدەكەنەوە و لەڕێگەی تەئویل و گۆڕینی ڕواڵەتەكەیەوە تەعتیڵی دەكەن - كە سیفەتی قسەكردنیش بە هەندێ بیانووی فەلسەفی بە هەمان شێوە ڕەت دەكەنەوە - بۆیە باوەڕیان وایە قورئان كەلامی الله نییە و بەڵكو ئەویش درووست كراوێكی خۆیەتی وەكو درووستكراوەكانی تر! لەم بارەوە زانایانی موعتەزیلە هەموویان كۆكن لەسەر ئەوەی قورئان مەخلوقە و كەلام و قسەی الله نییە! تەنها بۆ نموونە: القاضي عبدالجبار كە شێخی موعتەزیلە بووە لەسەردەمی خۆیدا لە (المغني في أبواب التوحيد والعدل) ( 7 / 208 ) دەڵێت: (فصل : في وصف القرآن وسائر كلام الله تعالى بأنه مخلوق وما يتصل بذلك ) : قد بيَّنَّا فيما تقدم أن كلامه تعالى محدث ...... وإذا ثبت ذلك وجب أن يجري مجرى سائر أفعاله , وإذا كانت توصف بأنها مخلوقة ؛ فكذلك القول في القرآن ...... والقرآن بهذه الصفة , فيجب أن يوصف بأنه مخلوق " وەكو دیارە چەندین جار بە ڕاشكاوی دەڵێت قورئان مەخلوقە و وەكو وتم هەموویان لەسەر ئەم عەقیدە گومڕاییەن كە دوورە لە عەقیدەی قورئان و سوننەتەوە. موعتەزیلە قەناعەتی تەواویان بەو عەقیدە لاڕێ و ترسناكەی خۆیان هەبوو و شەڕی مان و نەمانیان لەسەری دەكرد، قەناعەت كردنی خەلیفە المأمون یش بەو بیرۆكەیە سەرەتا و وەرچەرخانێكی گەورە بوو بۆ بەهیززكردن و سەپاندنی ئەو بیروباوەڕە ،چونكە ئەو بڕیاریدا بە زۆر زانایان وقازییەكانی سەردەمی خۆی ناچار بكات باوەڕ بەو عەقیدە بهێنن، تەنانەت چەندین زانایان لەسەر باوەڕنەهێنان بەو عەقیدەیە كوشت وەكو: (نعیم بن حماد و البویطي و أحمد بن نصر الخزاعی و محمد بن نوح ) وەكو یەكێك لەزاناهاوچەرخەكان دەیگێڕێتەوە! لەبەرانبەردا ئەهلی سوننەت لەو سەردەمەو تا ئەو كاتەی موعتەزیلە قەوارەو بوونیان هەبوو بەرگرییەكی توندیان لەوە كرد كە قورئان قسەو كەلامی الله یە و مەخلوق نییە، ناخۆشی و زیندانی و ئەشكەنجەی زۆریشیان لەو پێناوەدا تووش بوو، چونكە موعتەزیلە خاوەن دەسەڵات و حوكم بوون، بەتایبەتی پێشەوای ئەهلی سوننەت ئەحمەدی كوڕی حەمبەل بەڕەحمەت بێت. (ابن القیم )رحمه الله لە پێنج سەد زاناوە حوكمی كوفری هەركەسێكی گێڕاوەتەوە كە باوەڕی وابێت قورئان مەخلوقەو كەلامی الله نییە. ترسناكی باوەڕبوون بەوەی كە قورئان مەخلوقە وەكو (عثمان الخمیس) لە زانایانەوە پوختی كردووەتەوە و لێیان دەگێڕێتەوە، خۆی كە چەند خاڵێكدا دەبینێتەوە: 1- ئەو وتەیە، واتە كەسێك باوەری وابێت قورئان مەخلوقەو كەلامی الله نییە، بەدرۆخستنەوەی الله ی تێدایە، چونكە الله خۆی فەرموویەتی: (أَلَا لَهُ الْخَلْقُ وَالْأَمْرُ ۗ) واتە الله جیاوازی كردووە لە نێوان درووستكردن و فەرماندا، فەرمانەكانی بە قسەكردن و بە كەلامی خۆی ئەبێت نەك بە درووست كردن. 2- الله فەرموویەتی: (إِنَّمَا قَوْلُنَا لِشَيْءٍ إِذَا أَرَدْنَاهُ أَن نَّقُولَ لَهُ كُن فَيَكُونُ ) واتە الله تعالی بە قەولی خۆی خەلق درووست دەكات، بۆیە ئەگەر قەول خۆی مەخلوق و درووستكراو بوایە درووستكراوی تری پێ درووست نەدەكرد چونكە مەخلوق توانای خەلق كردنی نییە (المخلوق لا يَخلق) و( الخالق لا يُخلق). 3- ئینجا كەلامی الله سیفەتێكە لە سیفەتەكانی، بۆیە ئێمە لە دوعاكانماندا وەكو پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فێری كردووین دەڵێین: (أعوذ بالله بكلمات الله التامات) ئەگەر وشەكانی الله مەخلوق بوونایە چۆن فەرمانمان پێدەكرا پەنایان پێبگرین. واتە كلمات الله لێرە سیفەتێكی الله یە و ئێمە پەنای پێ دەگرین، نەك درووستكراوی ئەو بێت! 4- ئینجا ئەگەر وتمان كەلامی الله مەخلوقە و سیفەت نییە، ئەوە دەرگایەكی زۆر ترسناك لە عەقیدەدا دەكرێتەوە كە ئەو كاتە دەوترێت (سمع و بصر و قدرة ) و هەموو سیفەتەكانی تری الله تعالی مەخلوق و درووستكراون و بەو شێوەیەش لەسەر ئەو عەقیدە گومڕایەیی ئەوان باوەڕت بە پەروەردگارێك دەبێت كە هیچ سیفاتێكی نییە! بەڵكو وەكو ئەوەیە لە بنچینەوە باوەڕت پێی نەبێت، چونكە مەگەر عەدەم و نەبوون سیفەتی نەبێت و بێ سیفەت بێت! ! گومڕاییش نییە لەمە گەورەتر. 5- ئینجا زانایان فەرموویانە باوەڕبوون بەوەی قورئان مەخلوقە بەتاڵكردنەوەیە بۆ فەرمانەكان و قەدەغەكراوەكان! چونكە كە الله تعالی فەرمویەتی (وَأَقِيمُوا الصَّلَاةَ وَآتُوا الزَّكَاةَ) یان ( وَلَا تَقْرَبُوا الزِّنَا ۖ ) زۆر جیاوازە لەوەی بڵێیت الله نوێژ بكەن و ڕۆژوو بگرنی درووست كردووە! یان خەلقی قەدەغەكردنی زینای كردووە! زانایانی ئەهلی سوننەت هەر لەو كاتەوە كە حەسەنی بەسری هەڵسا بەدەركردنی (واصل بن عطاء )لە بازنەی دەرسەكانی، لەو سەردەمەوە كە پێشەوا ئەحمەد سزاو ئەشكەنجەی زۆری لە میحنەتی خەلقی قورئاندا تووش بوو، هەر لەو دەمەی پێشەوایان و زانایان هەڵسان بە نووسینی سەدان كتێب بۆ هەڵوەشاندنەوەی بیروباوەڕەكانی موعتەزیلە و لەنێویشیاندا گومڕایی خەلقی قورئان، تا دەگاتە هەوڵە مەزنەكانی (ابن تیمیة و ابن القیم) بۆ بەرگری كردن لە مەنهەجی ئەهلی سوننەت كە بەشێكی زۆری نووسینەكانیان بۆ بەرپەرچدانەوەی موعتەزیلە تەرخان كرد و بەهەمان شێوە زانایانی دوای ئەوانیش، هەموو ئەمانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی ئەهلی سوننەت هەر زوو دەركیان بە ترسناكی عەقیدەی گومڕای موعتەزیلەكان كردووە و بەرگریان لە قورئان و سونەت هەر بە قورئان و سوننەت كردووە و ڕەددی نەیارەكانیان پێ داوەتەوە. * (ئەم باسە ماوێتی و درێژەی هەیە إن شاء الله). إحسان برهان الدین 2 شعبان 1442 15 آذار 2021