العربیة
/وەڵامی پرسیارەکانتان/
ئایا ڕێبازی پاشینان لە پێشینان زانستیانەترە؟
: 253
2022-05-29
وەڵامی_پرسیارەكانتان:38 ئایا ڕێبازی پاشینان لە پێشینان زانستیانەترە؟ وتەیەكی بەناوبانگ هەیە كە زیاتر لەلای نەیارانی ئەهلی سوننەت دەبیسترێت كە دەڵێت: (منهج السلف أسلم ومنهج الخلف أعلم وأحكم) واتە: ڕێبازی زانایانی پێشین (سەلەف) سەلامەتترە، بەڵام ڕێبازی زانایانی خەلەف كە دوای ئەوان بەچەندین سەدە هاتوون و تەئویلی سیفاتیان كردووە و چەندین بیدعەیان لە عەقیدەدا داهێناوە گوایە زانستیانەتر و تۆكمە ترە! لە ڕاستیدا ئەم وتەیە خۆی بۆ خۆی زۆر وتەیەكی نازانستیانەیە و هاوكات ڕەچاونەكردنی ئەدەبیشە لەگەڵ ئەوانەی كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە فەرموودەی سەحیحدا دەربارەیان فەرموویەتی: ( خَيْرُ أُمَّتي قَرْني، ثمَّ الذين يَلُونهم، ثمَّ الذين يَلُونهم - قال عمران: فلا أدري أذكر بعد قرنه قرنَيْن أو ثلاثة - ....) واتە: چاكترینی ئوممەتەكەم ئەوانەن كە لەسەردەم و سەدەی خۆمدا ژیاون، ئینجا سەدەی دوای ئەوان و سەدەی دواتری ئەوان، هاوەڵەكە ئەڵێت نازانم باسی سەدەیەكی تریشی دوای ئەوان كرد یان نا. هەروەها بە هەمان واتا لە سونەنی الترمذی و لەڕێگەی ترەوە هاتووە: (خَيْرُ الْقُرُونِ قَرْنِي ثُمَّ الَّذِينَ يَلُونَهُمْ ثُمَّ الَّذِينَ يَلُونَهُمْ). لە ڕاستیدا ئەگەر هەر كەسێك ڕوناكی بەسیرەتی هەبێت و بە بیدعە و بە شوێنكەوتنی ڕێبازی كورتبینی مرۆڤەكان لێڵی نەكردبێت و باش لە قورئان و لە سونەت وربێتەوە - وەكو ابن تیمیة فەرموویەتی - بۆی دەردەكەوێت كە سەلەف لە هەموو ڕوویەكەوە لە كردار و لە گوفتارو لە بیروباوەڕ و لە هەموو چاكەیەكدا لە خەلەف و زانایانی پاش ئەوان باشتر بوونە و ڕێبازیان چاكتر وسەلامەتتر و زانستیانەتر بووە. ئاخر زانایانی خەلەف كە پشت بەستنیان بۆ سەلماندنی حوكمەكانی ئیسلام بەتایبەتی لە عەقیدە دا كە هەستیارترین بواری زانستە، بە فەلسەفەو علم الكلام بێت! چۆن دەگونجێت ئەوان لەسەلەف ڕێبازیان تۆكمەتر و زانستیانە تر بێت، حاشا پێچەوانەكەی ڕاستە و مەنهەجی سەلەف ئەعلمەتر و ئەسلمەتر و ئەحكەمترە و، مەنهەجی خەلەفیش ڕێك پێچەوانەی ئەوانن لەو مەسەلانەی كە تێگەیشتنیان پێچەوانەی تێگەیشتنی پێشینان بووە لە عەقیدەدا، هەركێ ڕایەكی پێچەوانەی ئەمەی هەبێت زۆر لە ڕاستی دووركەوتووەتەوە و كەوتووەتە ژێر تاقمە لاڕێكانەوە! خاوەنی ئەم وتەیە - وەكو یەكێك لە زانایان دەفەرموێت - لە ئەو پەڕی جەهالەت و ڕەچاونەكردنی ئەدەبدا ئەو قسەی كردووە، ئەگەریش بەمەستێكی باش و جیاواز لەم تێگەیشتنەی كە باسمان كرد كردبێتی هەر هەڵەیە و نابێت ئاوڕی لێ بدرێتەوە! ئەگینا چۆن دەگونجێت زانایانی خەلەف كە پەنا بۆ مەنتیق و بۆ ڕوانگە و دیدی فەیلەسووفە یۆنانی و موسوڵمانەكان دەبەن و زانستێكی تێكەڵ و پێكەڵیان بەناوی علم الكلام داناوە بۆ ناسینی زاتی الله و ناو وسیفەتەكانی، كە ئەگەر جارێك حەق و راستی بیپێكن دە جار لێی دوور دەكەنەوە، چۆن دەگونجیت ئەوان لە زانایانی پێشین زاناتر بن، لە كاتێكدا زانایانی سەلەف كە ئەوان بەو شێوە ناشاییستە وەسفیان دەكەن و عەقڵ و تیگەیشتنیان بە گومانن! بریتین لە هاوەڵانی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم، الله لێیان ڕازی بێت و، شوێنكەوتووانیان و ئەوانەی ڕێبازی ئەوانیان پەیڕەو كردووە، مەحاڵە ئەو وتەیە ڕاست و پەسەند بێت، بەڵكو وتەیەكی ناڕاست و ناپەسەندە و ڕێگایەكە بۆ گومڕابوون و لەڕێ دەرچوون. بۆیە هەرگیز مەنهەج و ڕێبازی خەلەف لە مەنهەج و ڕێبازی سەلەف نە سەلامەتترەو نە زانستیانەترەو نە نەتۆكمەتریشە! بەڵكو هەموو خێرێك لە شوێنكەوتنی سەلەفدایە و هەموو خراپەیەكیش لەمەسەلەی عەقیدەوداهێنان لە دیندا لە شوێنكەوتنی خەلەفدایە. إحسان برهان الدین 1 شعبان 1442
14 آذار 2021