العربیة
/گشتی/
كە چاكەت كرد هەرگیز باسی مەكە!
: 146
2024-01-28

ئەگەر چاكەیەكت بۆ كەسێك كرد و یارمەتییەكتدا، یان كارێكت بۆ ئاسان كرد و بارێكت بۆ ڕاست كردەوە، یان هەر هەڵوێستێكی باشت لەگەڵیدا نواند، باشترە و جوانترە بە هیچ شێوەیەك جارێكی تر باسی ئەو كردەوە چاكەت نەكەیت ولەبیر خۆتی ببەیتەوە! نە لەلای كەسی چاكە لەگەڵ كراودا و نە لەلای كەسی تر، بۆ ئەوەی چاكەكەی خۆت پوچەڵ نەكەیتەوە و بە باسكردنی دەرگای ڕوپامایی لە خۆت واڵا نەكەیت. 

هەندێ لە زانایان دەلێن تەنانەت ئەگەر چاكەت لەگەڵ كەسێكدا كرد داوای دوعای خێریشی لێ مەكە، چونكە ئەوەش لەوانەیە بەناڕاستەوخۆ ببێت بە جۆرێك لە منەت كردن و چاكە بەچاودان بۆ ئەو كەسە. 

ئەگەر تەماحی ئەوەت هەیە ئەو چاكەی كە كردت خێر و بەروبومی قیامەتی لێ بدوریتەوە وچاوت بڕیوەتە پاداشتەكەی و ئەوەش مافی خۆتە، بەو كەسە مەڵێ هیچم لێت ناوێت تەنها دوعای خێرم بۆ بكە! ئەو قسە لەوانەیە ئازاری بدات، چونكە بتەوێت و نەتەوێت ئەوە بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ وەكو ئەوەیە چاكەكەت بدەیتەوە بە چاویدا ومنەتی بەسەردا بكەیت، الله لە قورئاندا فەرموویەتی: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لا تُبْطِلُوا صَدَقَاتِكُمْ بِالْمَنِّ وَالأَذَى) البقرة:222. واتە: ئەی ئەوانەی ئیمانتان هێناوە و دڵتان بە پاداشتی لای پەروەردگارتان خۆشە، خێر و بەخشینەكانتان بە باسكردنی و بە منەت كردن و چاوەڕێكردنی سوپاس و ستایش و ڕازیبوونی خەڵكی بەتاڵ مەكەنەوە. 

لە جیاتی ئەوە، خۆت دەست لە پەروەردگارت بەرز بكەرەوەو بڵێ: یا الله لەبەر ئەو چاكەی كە لە پێناو تۆدا لەگەڵ فڵانە كەسدا كردم وهیچ مەبەستێكم نەبوو جگە لە ڕەزامەندی تۆ نەبێت، ڕەحمم پێ بكە و سۆرزو بەزەیی خۆتم بەسەردا بریژە و لە گوناهەكانم خۆش بیت، ئەمەیان زۆر لەوە باشترە بەو كەسەی چاكەیەكت لەگەڵیدا كردووە بڵێی دوعای خێرم بۆ بكە، یەعنی وەكو ئەوەیە وتبێتت: من یارمەتی تۆم دا و بەكەڵكت هاتم ، تۆیش دوعای خێر بۆ من بكە با الله بەو خێركردنەم بەتۆ ڕەحمم پێ بكات و پاداشتم بداتەوە! 

لە ڕاستیدا دەرگاكانی ڕیایی و ڕوپامایی ئەوەندە شاراوەو زۆرن و لە جێگەی وا لێمان دەكرێتەوە، هەر بیرمان بۆی ناچێت كە شەیتان لەو شوێنەشدا لە بۆسەدا بێت بۆمان. 

إحسان برهان الدین 

24 ربيع الأول 1445