/زنجیرەی شیعرو ئەدەب/
جەنگی دوو شاعیری هاوبیر!
#زنجیرەی_شیعر_و_ئەدەب:
جەنگی دوو شاعیری هاوبیر!
لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەمدا و تاكو ناوەڕاستەكانی، نەخشەی ئەدەبی لە عێراق گۆرەپانێك بوو بۆ ململانێ و شەڕە شیعری دوو شاعیری بەناوبانگی ئەو كاتەی عێراق كە (جمیل صدقی الزهاوي) و (معروف عبدالغني الرصافي) بوو، بەردەوام لە شەڕ و كێشمەكێش و پێشبڕكێی خۆ دەرخستن و نمایش كردنی توانا شیعرییەكانی خۆیاندا بوون، هەردوكیان دەیانویست خۆیان بە یەكەم و بە باشتر و بەتواناتر لەوی تر دەربخات.
سەیریش ئەوەبوو كە ئەم دوو شاعیرە لە ڕووی بۆچوون و دیدو تێڕوانینیانەوە بۆ پرسە ئایینی و فیكرییەكان جیاواز نەبوون، هەردوكیان بە زاراوەی ئێستا عەلمانی بوون، زەهاوی كە كورد بوو شاعیرێكی مولحید بوو تاكو مرد بانگەوازی بۆ ئیلحاد دەكرد و پەیامێكی تری هەبوو كە ژیانی هەمووی بۆ تەرخان كرد ئەویش ئەوە بوو بانگەشەی سفور و فڕەدانی پەچە و سەرپۆشی ئافرەتیان دەكرد بەردەوام پێی وابوو پۆشتەیی ئافرەت گەورەترین رێگرە لەبەردەم پێشكەوتنی كۆمەڵگادا، لەم پرسەدا ڕوسافیش هاوڕای زەهاوی بوو، بەڵكو بە ئاشكرا بوونی كتێبی (الشخصیة المحمدیة) لە پاش مردنی الرصافي دەركەوت هەردوكیان یەك هەلوێستیان بووە لە دین و لەمەسەلەی بێ باوەڕیشدا هەر هاورا بوونە. زەهاوی دەڵێت:
مزقي يا ابنة العراق الحجابا ********** أسفري فالحياة تبغي انقلابا
مزقيه واحرقيه بلا ريث ********* فقد كان حارسا كذابا
واتە: ئەی كچە عێراقی! سەرپۆشەكەت بدڕە و خۆت دەربخە، ژیان پێویستی بە كودەتایە، بە بێ دوودڵی و دواكەوتن سەرپۆشەكەت بدڕە و بیسوتێنە و چونكە سەرپۆش بۆ تۆ پارێزگارێكی درۆزن بوو ، ئەوە تەنها وەكو نموونە باسم كرد ئەگینا هۆنراوەی لەو بارەوە زۆرە. بۆ مەسەلەی ڕاوبۆچوونیشی لە دین و لە بەهەشت و دۆزەخ قەسیدەیەكی چوار سەد دێڕی هەیە (ثورة في الجحیم) لەوێدا بەراشكاوی گاڵتە بە هەمووی دەكات و ڕەتیاندەكاتەوە!
الرصافي یش كە وتمان هاوبیری زەهاوی بوو لە هەلوێستی لەمەسەلەی دیندا بە گشتی و لە مەسەلەی سەرپۆش فڕەدانی ئافرەت بە تایبەتی لەو سەردەمەدا، دەڵێت:
ولستُ من الذين يرون خيرًا *** بإبقاء الحقيقة في الخــفاء
ولاممن يرى الأديان قامت *** بوحيٍ مُنـزل للأنبـيــاء
ولكـن هنّ وضـعٌ وابتداعٌ *** من العقلاء أرباب الدهاء !
واتە: من لەوانە نیم كە حەز دەكەن ڕاستەقینە بە شاراوەیی بمێنێتەوە، نە باوەڕیشم وایە دینەكان بە وەحی لەلای خواوە دابەزیون، بەڵكو ئەوە دۆخێكە كەسە ژیرەكان دایانهێناوە!
دەربارەی بانگەشەی ئازادی ئافرەتیش دەڵێت:
وقد ألزموهن الحجاب وأنكروا *** عليهن إلا خـرجة بغطـاء
واتە: ئافرەتانیان ناچاری حیجاب و سەرپۆش كردووە و بەبێ سەرپۆش نكۆڵی لە دەرچوونیان دەكەن.
الزهاوي و الرصافي خەونیان بەو ڕۆژەوە دەبینی ئافرەتان بە ڕووتی لە جادەكان و لە شوێنە گشتییەكاندا ببینن و كۆمەڵگا بەو شیوەیە پێش بكەویت!، بەڵام مردن و بەو خەونەوە سەریان نایەوە و نەگەیشتنە ئەم ڕۆژگارەی ئێستا كە هەناسەیەكی ئاسوودەیی بە بینینی هەزاران ئافرەت لە هەموو شارو شوێنێكدا هەڵكێشن كە لەو سەردەمەدا هیوا و ئاواتیان ئەوە بوو، بە هەر لایەكیشدا دەچوون هەر ئافرەتیان بە پەچەوە دەبینی، چونكە ئەو كاتە خەڵك هێشتا غیرەتی لەسەر دین و ژن و كچەكانیان مابوو و بە هیچ شێوەیەك بانگەشەكەیان كاری لە خەڵكی نەكرد.
لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە ئەم دوو شاعیرە سەرەڕای ئەو هاوبیری و هاوئایینییەی كە لەسەری بوون، بەڵام لە درێژایی تەمەنیاندا لە شەڕێكی كراوەدا بوون لە پێناو خۆسەپاندن و خۆ بە یەكەم زانین لە دونیای شیعردا، هەمیشە خەڵكی سەرقاڵی شەڕە شیعرەكانی ئەو دوو شاعیرە بوون كە بێ رەحمانە یەكتریان دادەشۆری.
هەر لەو سەردەمەشدا ئەستێرەی شاعیرێكی تر دەدرەوشایەوە، كە ئەو بە پێچەاونەی ئەمانەوە شانازی بە ئیسلامەوە دەكرد لە میسر و دونیای بە تواناكانی خۆیەوە سەرسام كردبوو، کە نەیدەهێشت سەرنج بە شێوەیەكی زۆر بۆ لای ئەوان بڕوات، ئەویش ئەمیری شوعەرا ئەحمەد شەوقی بوو.
كێشەیەكی تری گەورەش كە كەشی ئەو دوو شاعیرەی تێكدابوو و بازاڕیانی كەساس كردبوو، بوونی كەسایەتییەكی زانا و زمانناسی بەتوانای عێراقی بوو هەر لەو كاتانەدا، كە ئەو بە پێچەوانەوەی ئەمانەوە ژیانی بۆ بەرگری كردن لە ئیسلام و خزمەتكردن بە زمانی عەرەبی تەرخان كردبوو، ئەویش زانای قەدرگران لە زمانی عەرەبی و زانستە ئیسلامییەكاندا (محمد بهجة الأثري) بوو، كە بەردەوام بەرپەرچی ئەو دوو شاعیرەی دەدایەوە و گومراییەكانی ئەوانی ئاشكرا دەكرد، بەڵكو لە كاتێكد بە تێروتەسەل باسی ئەو كەسایەتییە بكەم إن شاء الله.
إحسان برهان الدین
14 ربيع الأول 1443
20 تشرینی یەكەم 2021
2020-02-28
2024-03-08
2024-03-08
2024-01-22
2023-10-27
2021-11-06
2024-04-22
2024-03-26