العربیة
/زنجیرەی نوێژەكانمان/
دوو تێبینی گرنگ دەربارەی تەكبیراتی ناو نوێژ
  #زنجیرەی_نوێژەكانمان:3 دوو تێبینی گرنگ دەربارەی تەكبیراتی ناو نوێژ تەكبیراتی ناو نوێژ دەكرێت لە زۆر ڕووەوە باس بكرێت، بەڵام لێرەدا بە كورتی و لە ڕۆشنایی قسەی زانایانەوە دوو تێبینی دەربارەی باس دەكەم: یەكەم: دەست بەرز كردنەوە بە شێوەیەكی گشتی لەناو نوێژدا لە چوار جێگەدا هەیە: 1- لە كاتی دەست پێكردنی نوێژدا (تكبیرة الإحرام). 2- لە كاتی چوون بۆ ركوع. 3- لە كاتی هەڵسانەوە لە ڕكوع. 4- لە كاتی هەڵسانەوە بۆ ڕكاتی سێیەم لەو نوێژانەی كە لە دوو ڕكات زیاترن ، دەست بەرزكردنەوەكەش لەم حاڵەتەدا لە كاتی ڕاوەستاندا دەبێت نەك یەكسەر لەو كاتەی كە لە التشهد ی یەكەم هەڵدەسیتەوە هەر بەدانیشتنەوە دەست بەرز بكەیتەوە. دووەم: پێویستە تەكبیرەكان لە درێژایی ماوەی نێوان دو كرداری نوێژەكەدا بن! بۆ نموونە: كە لە ڕاوەستانەوە دەچیت بۆ ڕكوع و دەڵێیت الله أكبر بەردەوام دەبێت لە وتنی تەكبیرەكە تا كاتی ڕكوع! نەك بڵێی الله أكبر و تۆ هێشتا ڕاوەستاویت! یان بگەیتە ركوع و ئینجا بڵێیت الله أكیر و ئیتر بەو شێوە
دەستنوێژ
#زنجیرەی_نوێژەكانمان:2 ئەگەرچی واجب نییە، بەڵام لە ڕۆشنایی فەرموودەكاندا (مستحب) و باشتر وایە بۆ هەموو نوێژێك بەتایبەت نوێژی فەرزەكان دەستنوێژ بگریت، ئەگەر دەستنوێژی نوێژی رابردوویشت هەبێت. بەڵام دروستیشە و هیچ كێشەیەكی نییە ئەگەر بەیەك دەستنوێژەوە چەند نوێژێك بكەیت. چونكە جێگیر بووە لە رسول الله صلی الله علیه و سلم كە لە كاتی فەتحی مەككەدا بە یەك دەستنوێژەوە نوێژەكانی ئەو ڕۆژەی كردووە.  
چەند تێبینییەكی گرنگ دەربارەی نوێژ
  1#زنجیرەی_نوێژەكانمان چەند تێبینییەكی گرنگ دەربارەی نوێژ 1- لە دوای تەكبیرەی ئیحرامەوە، یەكسەر دەست بە خوێندنی سوڕەتی الفاتحة مەكە، بەڵكو هەمیشە یەكێك لە دوعاكانی( إستفتاح) ی نوێژ بخوێنە، دوای ئەوە سوڕەتی فاتیحە بخوێنە. 2- كە داخلی نوێژ بووی، ئیتر خۆت لە هەموو جوڵەیەكی زیاد بە دووربگرە، زۆر كەس هەیە بەبێ هیچ پێویستییەك لەناو نوێژەكانیدا دەست بۆ جل و قژو ڕیش و دەموچاوی دەبات، زانایان دەڵێن جوڵەی زۆر ئەجری نوێژ كەم دەكاتەوەو لەوانەیە نوێژیش بەتاڵ بكاتەوە. ئەوەی كە ڕێگەی پێدراوە جوڵەیەكی پێویستە، وەكو ئەوەی ڕووت لە قیبلە نەبێت و خۆت ڕێك بكەیتەوە و شتی لەو شێوە. 3- لەنوێژكانتدا پەلە مەكە، لەگەڵ نوێژی پەلە و لەكۆڵكردنەوە ڕابێیت، ئیتر تاماوی هەروا نوێژ دەكەیت و خۆت لە چێژو خێری تەواوی نوێژەكەت بێ بەش دەكەیت، لەسەر خۆت نوێژ بكە و وشە بەوشە قورئان و ویردەكانی ناو نوێژەكەت بە هێمنی بخوێنەوە، نەك وەكو ئەوەی كەسێك بەدواتەوە بێت و تۆ لە دەستی هەڵهاتبیت! پەلەكردن لە نوێژدا ئەگەری بەتاڵ بوونی نوێژەكەتی تێدایە، چونكە ڕوكنی (الطمأنینة)ی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. 4- لەناو نوێژدا بوار بە چاوت مەدە بەدوای هیچدا بگەڕێت و وەكو كامێرای خولاو سێرچ بكات! بەڵكو فێری ویقار و ئارامگرتنی بكە، لەو چەند خولەكەدا لە هەموو شتێك جگە لە نوێژەكەت خۆت دابرە، تاكو نوێژ تەواو دەبێت تەنها بیرت لای نوێژەكەت بێت و تەنها تەماشای بەردەمی خۆت بكە. جومهوری زانایان لەگەڵ ئەوەن لە كاتی نوێژكردندا تەماشای پێشەوەی خۆت بكەیت، واتە چاوت لە جێگای سەجدەبردنت بێت، چونكە بەو شێوە بیرت لە نوێژەكەت دوورناكەویتەوە ودڵت لەسەر ویردەكانی ناو نوێژەكەت دادەمەزرێت. 5- ئەگەر لە مزگەوت نوێژت كرد، پێت كرا خۆت بۆن خۆش بكە، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم زۆر حەزی لە بۆنی خۆش بوو، بەلای كەمەوە هەرگیز با بۆنێكی ناخۆشت بەهۆی سیرو پیازەوە لێ نەیەت، چونكە ئەو بۆنە ناخۆشە ئازاردانە بۆ مەلائیكەت و بۆ نوێژخوێنانی ناو مزگەوتەكەش. 6- بە جلی مەعقول و ڕێكوپێكەوە بڕۆ مزگەوت، بەڵكو هەندێ لە زانایان دەڵێن لە ماڵیشدا ئەگەرچی درووستە بە جلی خەوو ماڵەوە نوێژ بكەیت بەڵام باشترە لە كاتی نوێژدا جلێكی ڕێك و پێكت لەبەردا بێت، چونكە الله تعالی فەرموویەتی جوانی و زینەتی خۆتان لەكاتی هەمو نوێژێكدا وەرگرن.. 7- ڕۆیشتن بۆ مزگەوت بە جلی خەوو ناو ماڵەوە وەكو تراكسۆت و بێجامە وجلی تەنك، كارێكی شیاو نییە، تۆ هەرگیز ئامادە نیت بەو شێوە بچیت بۆ فەرمانگەیەك، یان ئامادەی بۆنەیەكی فەرمی بیت و پێشوازی كەسایەتییەك بكەیت بە جلی خەو، مزگەوتی و ڕاوەستانیش لەبەردەم الله عزوجل بەهەمان شێوەو زیاتر شاییستەی ئەو بایەخەیە. 8- ئەگەر توانای زانستی و بەدواداچوونی بەڵگەكانت هەبوو، بۆ هەموو بەشێك لەبەشەكانی ناو نوێژەكەت تحقیق بكە و بەبەڵگەی سەحیحی سوننەت و بە تەرجیحی زانا گەورەكان كار بكە و بگە بەدەرەنجام، ئەگەریش توانای ئەوەت نەبوو، یان بە قسەی زۆرینە زانا موعتەبەرەكان بكە، یان لەسەر قەولی زانایەك بڕۆ كە بە شوێنكەوتنی سوننەت و عەقیدە پاكی و وردبوونە لە بەڵگەكان ناسرابوو. 9- لە كاتی نوێژكردندا چاوت مەنووقێنە! مەگەر هەر نەتوانیت بەبێ داخستنی چاو نوێژ بكەیت وەكو ناچاری ئەگینا چاوت با كراوە بێت و تەماشای دووری پێ مەكە. 10- لەناو نوێژدا دەنگت بە قورئان خوێندن و تەكبیر وتەسبیح و تحیات و سەلام بەرز مەكەرەوە، تەنانەت نابێت ئەو كەسەی تەنیشتت گوێی لەدەنگت بێت، بەڵام با خۆت گوێت لە دەنگی خۆت بێت، چونكە ئەوە بۆ خشوع و دووربوون لە داڵغەلێدان باشترە. 11- ئەگەر بەلای مزگەوتێكدا تێپەڕیت پرسیار لە حاڵی پێشنوێژ مەكە و نوێژی خۆت بكە، مەگەر خۆی دیار بێت و ئاشكرا بێت كە بەكەڵكی ئەوە نایەت نوێژی لە پشتەوە بكرێت، بەڵام ئەگەر بە بەردەوامی لە مزگەوتێكدا نوێژت كرد لە عەقیدە و تەوحیدی مەلای مزگەوتەكە بكۆڵەوە، چونكە نوێژ كردن لە دوای كەسێك شیرك و بیدعەی كوفری هەبێت بەتاڵە ودرووست نییە! ئەگەریش نەزانێت قورئان بخوێنیتەوە بەهەمان شێوە دروست نییە. نوێژ عەزیزە و ناكرێت لە پشت هەركێ بێت لەكۆڵی بكەیتەوە! 12- وەكو ئەسلێكی شەرعی ئافرەتان بۆیان هەیە بچن بۆ مزگەوت ئەگەر هیچ مەترسی و ناشەرعییەكیان تووش نەبوو لە كاتی چوونەكەیاندا وهیچ جۆرە فیتنەیەك لە چوونەكەیاندا نەبێت، بەڵام نوێژكردنیان لەماڵی خۆیاندا باشترە و خێری زۆرترە.بە نەڕۆیشتنیش بۆ مزگەوت نەك گوناهبار نابن بەڵكو خێریشی زۆرترە والله أعلم. بەڵام ئەگەر هەر ڕۆیشت پێویستە بۆن لە خۆی نەدات و بەجلی رەنگاوڕەنگ و جوانەوە دەرنەچێت و بە مۆڵەتی مێردەكەی یان وەلی ئەمرەكەی بڕوات. 13- هەرگیز نە لە تەكبیر و نە لە هیچ كردارێكی ناو نوێژەكەتدا پێشی پێشنوێژەكەت مەكەوە، نە لەگەڵیشی بە وەكو خۆی، بەڵكو بەدوای ئەودا كردارەكە ئەنجام بدە،گەشتە ركوع بڕۆ بۆ ڕكوع، ڕاستبوویەوە ئینجا ڕاستبەرەوە. 14- لە كۆتایی خوێندنی سورەتی الفاتحة یان سوڕەتی دوای الفاتحة، بۆ ساتێك بوەستە و ئینجا بچۆ بۆ كرداری داهاتوو، هەمووی مەدە بەدەم یەكەوە و تێكەڵی بكەیت! 15- نوێژی سوننەت لە ماڵەوە بكەیت باشترە، ئەگەر لە مزگەوت كردت زۆر درێژی مەكەرەوەو سجود و ركوع ی با ئاسایی بێت، دەتوانیت لەماڵەوە بە شێوەیەكی دریژتر و جوانتر نوێژ بكەیت بۆ ئەوەی لە مەترسی ڕیایی بەدوور بیت. 16- پاش هەستانەوە لە ڕكوع، دەتوانیت لەسەر دەستەكانت، یان لەسەر ئەژنۆت دابەزیت، زانایان لەو بارەوە بەهۆی جیاوازی تێگەیشتنیان لەبەڵگەكان جیاوازیان لەسەر ئەو مەسەلە هەیە بۆیە وەكو زانایان دەفەرموون: ( الأمر فیه واسع). 17- هەرشتێك لەناو نوێژدا پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بە زیاتر لە شێوەیەك هاوەڵانی فێر كردبێت، باشترە تۆیش دەق نەگریت لەسەر یەك شێوەیان ئەگەرچی درووستیشە، بەڵام مادام سوننەتە تۆیش هەمە جۆری بكەیت باشترە، بۆ نموونە (دعاء الاستفتاح) یان (التحیات) بەچەندین شێوەی صحیح هاتوە، دەتوانیت ماوەی جارێك بە پێی فەرموودەكان بیانگۆریت. 18- خۆت رابێنە لەسەر ئەوەی لە سجوددا هەمیشە دوعایەك بكەیت ئەگەر كورتیش بێت، چونكە بەندە لەو كاتەدا لە هەموو كاتێكی تر لە پەروەردگاری نزیكترە. 19- كە لە دانشتنەوە هەڵسایتەوە بۆ ڕكاتێكی تر، دەستت بخەرە سەرزەوی و هەڵسە، بەڵام ئەوەی كە وەكو هەویر شێلان دەست بخەیتە سەر زەوی هەندێ لە فەرموودەناسان دەلێن جێگیر نەبووە و ئەوە سەححی نییە. 20- هیچ كاتیك لە پاش تەواوكردنی التشهد واتە تەحیات، سەلام مەدەرەوە بەبێ ئەوەی یەكێك لەو نزایانە بكەیت كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم دەیكرد. 21-لەسەلامدانەوەی نوێژ پەلە مەكە، بە هێمنی و بە جوانی بە هەردولادا سەلام بدەرەوە و یەكسەر شوێنی نوێژەكەت چۆڵ مەكە، بەڵكو هیچ نەبێت ئەو چوند وێردە سوننەتە لە دوای نوێژەكان بخوێنیت با تەاو بێت و ئینجا هەڵسە. 22- هەرگیز لەبیرت نەچیت نوێژ لە هەموو عیبادەتێك گرنگتر وگەوەترە و لە ڕۆژی قیامەتدا یەكەم جار لەسەر نوێژەكانت لێپرسینەوەت لەگەلدا دەكرێت، بۆیە تا پێت دەكرێت با جوان و شەرعی و ڕێك و پێك بێت. بۆ هەموو بەشێكیشی وابەستەی سوننەت بە و لەبیدعە بەدور بە. 23- لەوەش دڵنیابە نوێژت هەرچەند ڕێك و پێك و جوان ودوورودرێژ بێت، بەڵكو هەموو ژیانت عیبادەت و تەقوا بێت و بەردەوام سەرت لە سەجدەدا بێت، ئەگەر ماڵ و سامانی زۆر ببەخشیت و زمانت بە زیكرو بە قورئان خوێندن هەمیشە تەڕ بێت، ئەگەر لەسەر بنەمای تەوحید وعەقیدەی قورئان وسوننەت نەبێت، ئەگەر لەگەڵ ئەو نوێژو عیبادەتەدا هەر لادانێكی عەقیدەو بیروباوەڕت هەبێت، بە پێچەاونەی ئەوەی كە ساڵانێكە پێت دەوترێت! سوودی نییە و لێت وەرناگیرێت. تێبینی: ئەم خالانەی سەرەوە بەنیاز بووم هەر دانەیەكی پۆستێكی سەربەخۆ بێت و وانەیەكی دەنگیشی لەگەڵ هەموو پۆستیكاد هاوپێچ بكەم، بەڵام بەر ئەوەی زنجیرەیەكی ترم بە شیكراوەیی لەسەر نوێژ هەیە و پێشتر پۆستم كردووە و لەبەر مەترسی ئەوەی لەم كاتەدا نەتوانم بەو شێوەی كە ویستم ئەنجامی بدەم، بۆیە بەم شێوە بەیەك پۆستی پێشكەشی بەرێزتان كرد. إحسان برهان الدین 27 شوال 1443 2022-5-28