/سوننەت/
خەڵكینە! عومرە بە پارەی ڕێبا ناكرێت
: 4
2026-06-28
خەڵكینە! عومرە بە پارەی ڕێبا ناكرێت
یەكێك لەو پرسیارانەی بۆ ساڵێك دەچێت زۆرترین جار ئاراستەم كراوە لە لایەن: خوشكان وبرایان لە شارەكانی كوردستان و كوردانی هەندەران و چەندین لە خاوەن كۆمپانیاكانی حەج وعومرەو بەڵكو هەندێ جار لەوانەی فیعلەن بەو شێوە سەفەریان كردووە ولەكاتی بەجێگەیاندنی مەناسیكی عومرەكەیان پەیوەندییان پێوەكردووم ، بریتی بووە لەم پرسیارە :
ئایا درووستە سوود لەو 3000 دۆلارە (ئێستا بووە بە 2000 دۆلار) وەربگرین كە حكومەتی عێراق بە نرخی فەرمی بۆ عومرە كردن وبۆ گەشتی تر دەیدات، منیش لەدوای وردبوونەوە و بەدواداچوونی شەرعی هەموو جارێك لە وەڵامدا پێم وتوون نەخێر درووست نییە و بەیەقین حەرامە وڕیبایە و هەموو مەرجەكانی ڕیبای تێدا كۆبووەتەوە.
هۆكاری حەرامی ئەو مامەڵە پێش هەموو شتێك ئەوەیە دوای ڕادەست كردنی بڕی دینارەكە، بڕە دۆلارەكە وەناگیرێت، ئەوەش مەرجێكی بنچینەییە كە پێی ەوترێت (تقابض) و دەبێت لەهەمان كات و جێگەدا بێت، تەنانەت لە فەرمووەكە دەفەرموێت پێویستە تۆ بڵێیت ها بگرە ئەوە دینارەكە ئەویش بڵێت ها بگرە ئەوە دۆلارەكە! هەر دواخستنێك ئەگەر سعاتێكیش بێت دەیكات بە ڕیبا، مەگەر ئەوەندەی تاكو پارەكە دەژمێردرێت وهەندێ ڕێوشوێنی ئیداری لەوكاتەدا ئەنجام بدرێت!
ئەو وەسڵەش كە لایەنی ڕیباخۆرەكە(بانكەكە) بە عومرەكاری داماوی دەدات هیچ لە مەسەلەی حەرامی مامەڵەكە ناگۆڕێت، چونكە وەرەقەیەكە و هیچ ئیعتیبارێكی نییە.
جگە لەوەی مەرجی تقابض ی تێدا نییە وبەبەڵگەی چەندین فەرموودەی صحیح دەبێت بە ڕیبا، بۆ نموونە وەكو لە صحیح البخاري هاتووە: (الذَّهَبُ بالذَّهَبِ رِبًا إلَّا هاءَ وهاءَ، والبُرُّ بالبُرِّ رِبًا إلَّا هاءَ وهاءَ، والتَّمرُ بالتَّمرِ رِبًا إلَّا هاءَ وهاءَ، والشَّعيرُ بالشَّعيرِ رِبًا إلَّا هاءَ وهاءَ) .چەند جۆرێكی تری لە حەرام لەخۆ گرتووە كە ئێرە جێگای شیكردنەوەی نییە، چونكە لێرەدا تەنها مەبەستمە موسوڵمانان ئاگەدار بكەمەوە كە ئەوەی پێتان وتراوە جائیزە بازرگانییەكی ڕیبەوییە و كۆمپانیا و بانك و كەسانی ڕیباخۆری لەپشتەوەیە وئێوە هەرچەند قازانجێكی كەم ئەكەن بەڵام ئێوە قوربانین زیانێكی قیامەتی لە دینەكەتانا دەكەن و دەبن بە ئامرازی جێبەجێكردنی ئەو بازرگانییە ڕیبەوییە گەورەیە.
لە حەرامەكانی تری ئەو مامەڵەیە ئەویە ، تۆ بەو پارەی لەو بانكە ئیداعی ئەكەیت و پێی دەچیت بۆ عومرە، یارمەتیدەری ئەوانی بۆ ئەنجامدانی مامەڵە حەرام و ناشەرعییەكانیان. هەروەها ئەو مامەڵەیە مەرج ومامەڵەی تری تێدەكەوێت بەوەی گۆڕینەوەكە مەرجدارە بە سەفەركردن وئەوەش مەرجێكی تری باتڵە.
من لێرەدا مەبەستم نییە ڕووە حەرامەكانی ئەو مامەڵەیە باس بكەم چونكە هەر ئەوەی كە مامەڵەكە (تقابض)ی تێدا نییە و پارەكەی تۆ لەلایەن بانكێكی ڕیبەوییەوە مامەڵەی سووی پێدەكرێت، لە كاتێكا الله تعالی فەرموویەتی: {وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَى وَلا تَعَاوَنُوا عَلَى الإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ وَاتَّقُوا اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ شَدِيدُ الْعِقَاب}ِ ئەوە بەسە بۆ ئەوەی موسوڵمان توخنی ئەو مامەڵە نەكەوێت، باقی ڕووە حەرامەكانیشی با بوەستێت.
ئەم موعامەلە ئەگەر سەد لەسەدیش حەرام نەبوایە و تەنها جێگای شوبهەو گومان بوایە هەر دەبوو موسوڵمانان وەكو موشتەبیهاتێك و لە ڕووی وەرەعەوە لێی دووربكەنەوە وئەوەندە دینەكەیان بەشل نەگرن! چونكە گومان وشوبهەكە پەیوندەی بە لایەنێكی زۆر ترسناكی سنوورەكانی الله وە هەیە كە ڕیبایە، والله تعالی لەدژی ئەوانەی مامەڵە بەڕیباوە دەكەن فەرموویەتی: ﴿فَإِن لَّمْ تَفْعَلُوا فَأْذَنُوا بِحَرْبٍ مِّنَ اللَّهِ وَرَسُولِهِ﴾ ، چجای مامەڵەكە بەیەقین حەرامە و ڕیبایە.
هەركێیش فەتوای حەڵاڵی ئەو مامەڵەی داوە بەبێ هیچ گومانێك پەلەی كردووە و هەڵەی كردووە و نەیپێكاوە، یان لە شێوازی مامەڵەكە تێنەگەیشتووە، چونكە بە حەڵاڵ دانانی ئەو مامەڵە حي علی الصلاة ! حەرامێكی ڕوون و ئاشكرایان بۆ خەڵكی حەڵاڵ كردووە و خۆیان تاوانبار كردووە وبەڕاستی زۆر سەرم سوڕماوە بەڵكو واقم وڕماوە لەو بوێرییە .
عومرە كردن عیبادەتێكی مەزنە و نابێت بە داهاتی سوو، یان بەلای كەمەوە بە قازانجێكی گوماناوی كە گومانەكەش ڕیبا بێت ئەنجامی بدەیت، جا چ گومانێكیش؟ گومانی ڕیبا كەو ەكو وتمان الله عزوجل جەنگی لە دژی ئەنجامدەرانی ڕاگەیاندووە و مامۆستایانی ئایینی و خەتیبەكانیش هەموو جارێك لەسەر مینبەرەكانەوە كاتێك باسی ڕیبا ومەترسییەكانی دەكەن ئەو فەرموودە بەناوبانگە دەهێننەوە كە ئەگەر كەسێك بڕێكی زۆر كەم لە ڕیبا بخوات وەكو ئەوە وایە سی وشەش جار فاحیشەی لەگەڵ.... كە من ڕای خۆمم لەسەر ئەو بابەتە بە پۆستێكی تایبەت دەربڕیوە..
ئەی براو خوشكی ئازیز، ئەی عومرەكاری قەدرگران، ئەڵبەتە بۆ هەر موسوڵمانێكیش كە ئەو پارە بۆ هەر سەفەرێكی تر بەكار دەهێنێت و بەحەڵاڵ دەزانێت یان بۆی حەڵاڵ كراوە پێتان دەڵێم:
كەمێك بیر بكەنەوە، عومرە عیبادەتێكی زۆر مەزنە، تەواف و سەعی و ئیحرام كردنی تێدایە،دوعاو فرمێسك ڕشتنی لە دەرگای الله وماڵەكەی تێدایە، ۆت عومرەكار هیوات هەڵچنیوە لەسەر ئەوەی الله بە بەخشندەیی خۆی لە تاوان و گوناهەكانت خۆش ببێت، ئایا دەتەوێت لە رێگەی مامەڵەی سوخواردنەوە - یان بەلای كەم گومانی سووخواردنەوە- ئەو كارە بكەیت وبەو پلە بگەیت؟! ئەگەر وا بیرت كردووەتەوە زۆر هەڵەیت.
ئەو فەرقی پارەی كە وەریدەگریت و دڵت خۆشە عومرەی پێ دەكەیت، مەگەر خۆت بخەڵەتێنیت، ئەگینا پارەیەكی حەرامەو وەكو وتم مەرجەكانی ڕیبای بەتەواوی تێدا درووست بووە، بەڵكو زیادیشەوە مەرجەكانی تێدایە، خۆ ڕیبا هەر ئەوەیە كە ئێوە دەیكەن، بڕێكی پارە بە كەسێك بەلایەنێك بەبانكێك دەدەیت و دوای ماوەیەك بە زیاتر بۆت دەگێڕێتەوە!
ئەو پسوڵەیەش كە وەریدەگرن وبووە بە هۆكاری فریوخواردنتان وقەناعەت كردنتان ولێتان كراوە بەحەڵاڵكەری ئەو ڕیبایە، بە یەقین وا نییە، ئەوە پیلانێكە ڕیباخۆرەكان دەیكەن و كڵاوێكە لایەنە ڕیبەوییەكان و هاوكارانیان دەیكەنەسەرتان... جا ئەگەر باسی ئەوەی بكەین كاتێك كۆمپانیایەك ئەو كارەت بۆ دەكات ئەوە حەرامی زیاتریشی تیدەكەوێت.
عومرە كردن بەو پارە پیسە، وەكو ئەوەیە كەسێك دەستنوێژ بە ئاوی زێراب بگرێت! الله تعالی پاكە و بەپاكیش نەبێت ڕازی نابێت، بۆیە هەركێ بەنەزانی ئەو مامەڵەی كردووە ئۆباڵی بەگەردەنی ئەو كەسەی ڕیباكەی بۆ حەڵاڵ كردووە، بەڵام لەمەولا تەوبەیەك بكات و ئەگەر بۆ هەموو عومرەیەك بەو شێوە دەفتەرێك دۆلاریان پێیدا با بڵێت حاشا لە پارەی حەرام وئەگەر لە ژیانمدا هەر عومرەم نەكردبێت بەو شێوە نایكەم.
اللهم هل بلغت... اللهم فاشهد.
2024-05-28
2024-05-28
2023-11-22