باوەڕم وایە هەبوونی كتیبخانە لە هەر ماڵێكدا -بەمەرجێك تەنها بەناو كتێبخانە نەبێت و كەم تا زۆر لێی بخوێنرێتەوە - نەك تەنها سەرچاوەیەكە بۆ زانست و مەعریفە وئاماژەیە بۆ ئاست و ڕۆشنبیری خاوەنەكەی ، بەڵكو هۆكار و سەرچاوەیەكیشە بۆ بڵاو كردنەوەی خۆشی و ئاسوودەیی بۆ دەروونیش.
وەكو خۆم هەمیشە بە بینینی - چجای خوێندنەوەی كتێبەكانم - هەستم بە خۆشی و ئاسوودەیەكی تایبەت كردووە و هەمیشە وەكو كۆمەڵێك هاوڕێ و مامۆستا و خەڵكی دڵسۆز و دانا تەماشایان دەكەم، هەندێ جاریش چۆن بیر لە داهاتوو و حاڵی مناڵەكانم لە دوای خۆم ئەكەمەوە، بەو شێوەش بیر لە چارەنووسی كتێبەكانم لە دوای خۆم دەكەمەوە و حەز دەكەم وەكو ئێستا هەروا بەڕێز پاك و بایەخ پێدراوی بمێننەوە.
وا هەست دەكەم ئەگەر باسی گەشتی خۆم لەگەڵ خوێندنەوە و كتێب و كتێبخانەكەمدا بە تێروتەسەل بكەم، پێویستم بە نووسینی كتێبێك هەیە بۆ ئەو مەبەستە، كە وا دەزانم كتێبێك دەبێت خۆی لە بەشێك لە یادەوەری و ژیاننامەی خۆمدا دەبینێتەوە، بەڵام هەم بۆ نووسینی كتێبێكی وا و بۆ زۆر پرۆژەی نووسینی تریش ئەگەر الله تەمەنمان بدات كە لە مێشكدا جارێك وەكو خولیا و جارێك وەكو هیوا ئاوات دێت دەڕوا ، حەز دەكەم بە زمانی شیرین و تۆكمەی عەرەبی بیاننوسم كە زمان نییە لەسەر زەویدا شان لە شانی بدات و بڵێت من زمان عەرەبیم.
ئەمڕۆ خەریكی خوێندنەوەی كتێبێكی بەسوود و دڵڕەفێن بوووم كە
یەكێك لە نووسەرو كەسە هیممەت بەرزەكانی ئەم سەردەمە نووسیوێتی و لەسەرەتای كتێبەكەیدا دەڵێت:
كتێبخانەكەم زۆر گەورەیە و لە سێ ژووری گەورەدا جێگام كردووەتەوە، خەمی ئەوە دایگرتووم لە دوای مردنم حاڵی بەچی دەگات وچارەنووسی چۆن دەبێت؟ بەتایبەتی كە میراتگرێكی وام نییە دڵی پێ خۆش بكەم ببێتە خاوەنی كتێبەكان و مافیان بدات و بیانپارێزێت، دەلێت خۆ من دەزانم زوو بێت یان درەنگ دەبێت ئەم ژیانە و كتێبخانەكەشم بەجێ بهێڵم.
لە دوای تاوتوێكردنی ئەم خەم و خەفەتە لەگەڵ خۆیدا و لێوردبوونەوە و تێڕامان بەوە گەیشت كە كتێبخانەكەی بكات بەسێ بەشەوە:
یەكەم: دەڵێت: بڕیارمدا بەشێكی كتێبخانەكەم كە كەمترینی سێ بەشەكەیە جیا بكەمەوەو دیاری بكەم بۆ خوێندنەوە و بە ئیزنی الله دەشبێت هەر بیانخوێنمەوە.
دووەم: بە شیكی تری كە بریتین لە سەرچاوە و كتێبی پێكهاتوو لە جڵد و بەرگی زۆر، وەكو كتێبەكانی تەفسیر و فەرموودە و فیقهو زمان، ئەوانە بۆ ئەوە نین هەمووی لەسەرەتا تا كۆتایی بخوێنرێنەوە بەڵكو لە كاتی پێویستدت بۆیان دەگەرێمەوە،
سێیەم: بەشی سێیەمیش لە كتێبخانەكەی دەڵێت بڕیارمدا بەسەر هەر هەموو كتێبەكانیدا تێپەڕم و گوزەرێك بەناو لاپەڕەكانیان و پێشەك و كۆتایی و سەرەباسەكانیاندا بكەم وبزانم باسی چی دەكەن و شارەزاییەكی پوختیان لەسەر بەدەست بهێنم و هەندێكی كە بزانم سوودی تایبەتیان هەیە و پێویستم پێیان ئەبێت ج بە مەبەستی خوێندنەوە یایان بكەمەوە.
دەلێت لەم پۆلێن كردنەی كتێبەكانم سوودمەند بووم و لە ڕووی دەروونیشەوە هەستم بە خۆشی و بە ئاسوودەیی كرد، چونكە هەموو جارێك كە دەچوومە ناو كتێبخانەكەمەوە تووشی ئازار و ناخۆشییەك دەبووم. سەبارەت بەوەش كە میراتگرێكی شاییستە و شیاوی بۆ خاوەندارێتی ئەو كتێبە زۆرانە نییە دەلێت ئومێدەوام الله عزوجل ئەو كێشەشمە بۆ چارەسەر بكات و میراتگرێكی ئەو كتێبخانەیەم پێ ببەخشێت.
من وا دەزانم خۆشویستنی كتێب و بەسەر بردنی بەشێك لە تەمەنی مرۆڤ لە هاوڕێتییاندا زۆر جار دەكرێت وەكو نیعمەتێك تەماشا بكرێت، بەتایبەتی ئەگەر كتێبەكان بۆ خوێندنەوەو كارپێكردن و بەرچاوڕوونی بن، زێدەڕەویش نییە بڵێم:
من وەكو خۆم كتێبەكانم كەلێنی زۆریان لەم ژیانەدا بۆ پڕ كردوومەتەوە، هەر دەمێك هەستی غەریبی و تەنهایی لەم ژیانەدا بەسەرمدا زاڵ بووبێت، یان كەمی هاوڕێ و هاوبیر ودڵسۆزان ئازاری دابێتم، لە دوای دڵخۆشی بە قورئان و كتێبەكانی فەرمودە، قەرەبووی ئەو ئازار و ناخۆشییانەم لە كۆی كتێبخانەكەمدا بینیوە و لەگەڵ پەرتووكەكانمدا دانیشتووم هەر وەكو چۆن لەگەڵ میوان و خەڵكی زانا و دانا و بەتوانادا دادەنیشم و دڵم بەدیاریان شاد دەبێت.
هیوادارم هەركێ كتێبخانەی نییە، بە زووترین كات ئەگەر بەكەمترین كتێبیش بووە دەست بە پێكەوەنانی كتێبخانەكەی بكات، هاوشێوەی باخێك كە پێویستە باخەوانەكەی لە ناشتی نەمامی بچووك و چاندنی گوڵ و داری بەرهەمدار دەست پی بكات تاكو دەگاتە ئەو سوود و دەرەنجامەی كە لێی چاوەروان دەكرێت .
إحسان برهان الدین
21 ربيع الآخر 1445
2023-11-5